سوارە ئیلخانیزادە و پڕۆژەیەکی نوێ بۆ نوێکردنەوەی شێعر

سوارە وەک داهێنەرێک کە خەیاڵی دەستپێکردنی کایەیەکی نوێ لە پانتای زمانی کوردیدا دنەی دەدا ڕوو بکاتە چەشنێکی تایبەتی نووسین، دیارە دەبێ لە سەرچەشنێکی جیاواز لە ئەدەبی ناوخۆیی و دراوسێ و جیهانیدا بگەڕێ. ئاوڕێک لە "تاپۆ و بوومەڵێڵ" کە نیشاندەری ئاستی زانین و رۆشنبیریی سوارەیە، نیشان دەدا بە وردی ئاگای لە ئەدەبی جیهانی و ئەدەبی گەلانی دراوسێ و بە تایبەت فارس بووە.

ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم له هەموو بوارەکانی ڕۆشنبیری؛ چ ڕۆشنبیری سیاسی و چ ئەدەبی، لە ئێران قۆناغیکی زێڕینه و به ئەزموونێکی درەوشاوەی مێژووی ئەم وڵاتە دێته ئەژمار. هەر لەو سەردەمەدایه شاعیرانی وەک "مێهدی ئەخەوان سالیس"، "ئەحمەد شاملوو"، "فرووغی فەڕوخزاد"،"سوهراب سپێهری" و... خەریکی پتەو کردنی ئەزموونی نوێخوازانەی شیعری فارسین و باشترین و بەهێزترین کارەکانیان لەو مەودا زەمانییەدا بڵاو دەبێتەوه.

"سوارە ئیلخانیزادە" و پۆلێک خوێندکار و چالاکی ئەدەبیی کوردیش، ئەو سەردەمە و لەم قۆناغه هەستیارەدا، له ناوەندەکانی ڕۆشنبیریی فارس نزیک دەبنەوە، هەر بۆیه ئەزموونی فیکری و فۆڕمی نووسینی فارسی کاریگەریی لەسەر بیر و نووسینی ئەوانە دادەنێ. ئەوانە سەرنجیان دەچێتە سەر جیاوازییەکی بەرچاو له نێوان شێوە ئەدەبیاتێک که له کوردەواریدا باوه و ئەو ڕەوتەی لەوێ برەوی هەیه. دیارە شێوازی تازەی نووسین و دەربڕینی شاعیرانی فارس زمان، کاریان دەکاتە سەر و دەست دەدەنه نووسین و سەرقاڵی بەرهەمهێنانی دەقی ئەدەبی به زمانی فارسی دەبن. له نێو ئەو پۆله خوێندکارەدا "هاوار" و "چاوه" و "سواره" زێدەتر دەچنه دنیای ئەدەبیاتەوە.

 کاریگەریی شیعری فارسی ئەو سەردەم لەسەر دەقی شیعری ئەو لاوە داهێنەرانە لە چەند ئاستدا شیاوی لێ وردبوونەوەیە.

 یەکەم: شێوزای "سەمبۆلیسمی کۆمەڵایەتی" کە بەشێک لەو شاعیرانە و یەک لەوان "نیما" و دواتر "شاملوو" تێیدا شارەزا و چازان بوون.

دووهەم: گوتاری کەوناراخوازی لە ئاستی زمان، گەڕانەوە بۆ ئوستوورە کۆنەکانی مێژووی ئێران، ئاوڕدانەوە لە سەردەمی مێژوویی و پێش مێژووی ئێران دەبێتە هەواری بیرکردنەوەیان بۆ نووسین، کە نموونەیەکی دەتوانین لە بەرهەمەکانی "ئەخەوانی سالیس" و "حەمید موسەدیق"دا دەستنیشان بکەین.

سێهەم: گوتار یان بیرێکی ڕەخنەگرانەی فمینیستی بە ڕواێژێکی نەرم و نیان و جودا لە هەموو ڕەوتەکانی پێشوو کە نوێنەرەکەی "فرووغی فەڕوخزاد"ە.

هەر کام لە شاعیرانی ئەو کاتی ئێران لە گەڵ یەکێک لەو ڕەوت و ڕێبازانە کەوتوون؛ ئەگەرچی ڕچەی دیکە و شاعیری دیش هەبوون کە لە دەرەوەی ئەو چەند ڕەوتەدا خەریکی ئافراندن بوون. بۆ وێنە دەتوانین کەسانی وەک "یەدوڵلا ڕوئیایی" و "بیژەن جەلالی"، "ئەحمەدرەزا ئەحمەدی" و ... ناودێر بکەین کە هەر کام لە فەزایەکی دیکەدا شیعریان بەرهەمهێناوە. بەڵام فەزای گشتی تا ڕادەیەک لەو چوارچێوەیەدا دەگونجا.

 

 

سوارە ئیلخانیزادە وەک شاعیرێکی داهێنەر کە بڕیاری داوە بە زمانێکی جودا لەوان بەرهەم بئافرێنێ، دەبوو لە سەر کام بنەما خەریکی بەرهەمهێنانی دەق بێ؟

وڵامیکی کە ڕەنگە زۆر کەس ئارەزووی بکەن ئەوەیە؛ بریا سوارە خۆی دەستپێکەری ڕەوتێک بووبایە نەک دواکەوتووی شێوە و چەشنێک لە ئەدەبی گەلانی دراوسێ یان ئەدەبی جیهانی. ئەو ئارەزوویەش دەتوانێ زۆر هۆکاری ئەدەبی و نائەدەبیی هەبێ. بەردەستترینیان گوێ نەدانە بازنەی فەرهەنگی گەلان و کارتێکەریی ڕەوتی ئەدەبیی کولتوورە لێک نزیکەکان لە سەر یەکه. لە لایەکی دیکەشەوە هۆکارێکی دی گوێ نەدانە سەرچاوە هاوبەشەکانی مێژوویی و تەنانەت ڕۆشنبیری و لە ئاکامدا هاوچارەنووس بوون بە هۆی ئەزمونکردنی سیاسەتێکی گشتیی حاکم بە سەر وڵاتدایە و دەبوو جێگای سەرنج بێ، کەچی لەو ئارەزووە ئەدەبییەی گۆریندا پشتگوێ خراوە. چون ئەو سەرچاوە هاوبەشانە هەم نسێ دەخەنە سەر سیاسەتی کولتووری گشتی و هەمیش لەسەر ژیان و بیر و بەرهەمە فکرییەکانی کۆمەڵگا شوێن دادەنێن. هەر ئەو باسەش ڕەنگە ئەو هەڵەیە بێنێتە ئاراوە کە پێشەنگ بوون بە درەوشانەوەی دەقی کەسێک لە بازنەی ئەدەبی نەتەوەیی، بە بێ ئاوڕدانەوە لە سەرچاوە مەعریفی و ئەدەبییە بیانییەکان مەزەندە بکرێ. ئەوەش نێشاندەری ناشارەزایی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخە ئەدەبی و سنوورە کولتوورییەکانی نەتەوەیەک بۆ داهێنانه.

سوارە وەک داهێنەرێک کە خەیاڵی دەستپێکردنی کایەیەکی نوێ لە پانتای زمانی کوردیدا دنەی دەدا ڕوو بکاتە چەشنێکی تایبەتی نووسین، دیارە دەبێ لە سەرچەشنێکی جیاواز لە ئەدەبی ناوخۆیی و دراوسێ و جیهانیدا بگەڕێ. ئاوڕێک لە "تاپۆ و بوومەڵێڵ" کە نیشاندەری ئاستی زانین و ڕۆشنبیریی سوارەیە، نیشان دەدا بە وردی ئاگای لە ئەدەبی جیهانی و ئەدەبی گەلانی دراوسێ و بە تایبەت فارس بووە. بۆ نموونە دەتوانین لە وردبوونەیەک بە ناوی شاعیرانی وەک "ییتس"،"ویلیام بلیک"،" شکسپیەر "،"جان کەیتس" و ... لە شاعیرانی ڕۆژائاوایی و کەسانی وەک ئەخەوان و شاملوو و نیما و فرووغ لە ئەدەبی فارسیدا، ئاگاداریی ئەومان بە سەر ئەدەبی جیهانیدا بۆ دەرکەوێ. لە لایەکی دیکەوە تاوتوێ کردنی شیعری شاعیرانی کورد و لەوانە کەسانی وەک "عەتری گڵۆڵانی" و "گۆران" و "شیرکۆ بێکەس" و ... ئەو ڕاستییە دەردەخا کە هەموو ڕەوت و ڕێبازە شیعرییە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانیشی پشکنیوە و توانایی و دەرفەتە نوێیەکانی هەر کام لەو ئەدەبانەی نە تەنیا دیوە، بەڵکو باسی کردوون و شی کردوونەتەوە.

واتە سوارە لە سێ ئەزموونی ئەدەبی ڕۆژائاوا و ئەدەبی فارسی و ئەدەبی نوێی کوردی ئاگادار بووە و بە ناسیاوی لە هەموو ئەو ڕەوتانە، لە نووسینی کوردی و فارسیدا دەستی کردووە بە داهێنانی ئەدەبی.

 

 

شار

 

گوڵم!

دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ

ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت

ئەڵێم بەجامێ ئاوی کانیاوی دێیەکەم

عیلاجی کەم کوڵی دڵی پڕم،

لە دەردی ئینتیزارەکەت

وەڕەز بوو گیانی من لە شار و هاڕەهاڕی ئەو

لە ڕۆژی چڵکن و نەخۆش و تاو و یاوی شەو

ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت

لە شاری چاو لەبەر چرای نیئۆن شەوارەکەت

بڕۆمە دێ کە مانگەشەو بزێتە ناو بزەم

چلۆن بژیم لە شارەکەت

کە پڕبەدڵ دژی گزەم؟!

لە شارەکەت، کە ڕەمزی ئاسن و منارەیە

مەلی ئەوین غەوارەیە

ئەڵێی لە دەوری دەست و پێم

ئەوەی کە تێل و تان و ڕایەڵە، کەلەپچەیە

ئەوەی کە پەیکەرە میسالی داوەڵە

ئەوەی کە دارە تێلە، مەزهەری قەنارەیە

لە شارەکەت کەمەندی دووکەڵە

 

کە دێتە دەر لە ماڵی دەوڵەمەند

وە تیشکی بێ گوناهی خۆرەتاو ئەخاتە بەند

لەهەر شەقام و کووچەیەک شەپۆڕی شینە

دێ بەرەو دڵم

دەستی گەرمی ئاشنا نییە کە ئەیگوشم

دەستی چێوییە

لە شارەکەت زەلیلە شێر،

باوی ڕێوییە

بە هەر نیگایەک و پەتایەکە

ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت

گوڵم، هەرێمی زۆنگ و زەل

چلۆن ئەبێتە جاڕەگوڵ

لە شاری تۆ، لە بانی عەرەشە قۆندەرەی دراو

شارەکەت

ئاسکە جوانەکەم!

تەسکەبۆ ئەوین و بۆ خەفەت هەراو

کێ لە شاری تۆ، لە شاری قاتڵی هەژار

گوێ ئەداتە ئایەتی پەڕاوی دڵ؟

منێ کە گۆچی تاوی گەرمی بەردەوارەکەی عەشیرەتم

بەدارە تەرمی کووچەکانی شارەکەت

ڕانەهاتووە لەشم

بناری پڕ بەهاری دێ

ڕەنگی سوور و شین ئەدا

لە شیعر و عاتیفەی گەشم

ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت گوڵم

 

1970

KURDŞOP
1387 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!