کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان – بەشی نۆهەم

زەینەلعابدین زنار

 

لێرە بەشی هەشتەمی ئەم وتارە بخوێننەوە

 

کوشتنی منداڵانی شیرەخۆرە؛ ئەشکەوتی برینداران

 

محێ، شایەتحاڵی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان، بە زاواکەی (ئەحمەد هەسەن ئەڤدالی) وەهای گوتووە:

"ئێمە سەیری تەرمی مردووەکانمان دەکرد، هەمیش سەیری ئەو سێ سەربازە سوارەیەمان دەکرد. بینیمان منداڵێکی بچووک هەستا و لەنێو مردووەکاندا دەگەڕا، ئەو منداڵە چووە سەر لاشەی دایکی خۆی. بینیمان کراسی سەر مەمکی دایکی کردەوە و دەمی خستە مەمکی و دەیمژی. هیوامان خواست سەربازەکان ئەو منداڵە نەدۆزنەوە و گوتمان دواتر دەچین ڕزگاری دەکەین. بەڵام بینیمان سەربازێک ڕاستەوخۆ چووە لای تەرمی دایکی ئەو منداڵە. لە دڵی خۆماندا گوتمان: ماڵی خودا ئاوەدان بێت! ئەو سەربازە دێت ئەو منداڵە دەبات و خەلاسی دەکات. بەڵام بینیمان سەربازە بێ باوکەکەش بە قۆنداغی چەکەکەی لە منداڵەکەی دا و جارێک دووجار بە قۆنداغەکەی بەرزی کردەوە و بە عەرزیدا دا و خستیە سەر سنگی دایکی. پاشان سەربازەکە سواری ئەسپەکەی بووەوە و لەگەڵ دوو کەسەکەی تردا ڕۆیشت".

ئەحمەد وەها درێژەی بە قسەکانی خەزووری دا:

"دوای ڕۆشتنی ئەو سێ سەربازە سوارە، ئێمەش دارەکانمان بەجێ هێشت و چووینە نێو تەرمەکان. سێ چوار کەسمان دۆزییەوە کە هێشتا لە ژیاندا مابوون و بردیانمان و چووینە ژوورووی گوندی حەسەن ئەڤدال و لەوێ ماینەوە".

ئەشکەوتی برینداران

محێ، شایەتحاڵی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان، بە ئەحمەدی زاوای گوتووە:

"تا درەنگانی شەو لەوێ ماینەوە، ئیدی ئێمە کەسانی ڕیشسپیمان ئاگادار نەکردەوە. لە بەرزایییەک لە نزیک ڕووباری دۆڵی زیلان، ئەشکەوتێک هەیە بە ناوی 'ساری تاش'. لە بەردەمی کەمێک شیلان هەیە و بەردەمی گرتبوو. هەر حەوتمان چووینە نێو ئەو ئەشکەوتە و هیوامان پێی بوو. بەڵام نە نان و نە ئاو و هیچ شتێکمان نەبوو بیخۆین. تەنیا لە گیرفانی هاوڕێمان "یووسڤ مامۆ"دا، تۆزێک بەردی خوێ مابوو. ئەو بەردە خوێیەیان لە زمانی مەڕەکەیان دەدا تا شوێنیان بکەون، ئێمەش بەهۆی برسێتییەوە بە زمانمان لەو بەردە دەدا تاکوو نەمرین. لەو ئەشکەوتەدا بە دەرمانی گیایی، برینی هاوڕێ بریندارەکانمان چارەسەر دەکرد. ئێمە هەفتەیەک لەوێ ماینەوە. دەمانزانی کە بەبێ نان و ئاو ناژین. دوو هاوڕێمان چوونە گوندی حەسەن ئەڤدال بۆ ئەوەی هەندێک خواردنمان بۆ بهێنن. بەڵام کاتێک هاوڕێکانمان گەیشتنە گوندەکە، بینییان کە هەموو ماڵەکانی گوندەکە سووتێنراون. دوای ئەوەی هەموو گوندنشینەکان کوژران، سەربازەکان گەڕانەوە گوندەکان و هەموو گوندەکانی ناوچەکەیان سووتاند.

هاوڕێکانمان کە بە نێو گوندەکەدا دەگەڕان، بینییان 'کیلەر'ی ماڵی 'ئەحمەد عوبەید' نەسووتێنراوە. بە سەیرکردنی نێو 'کیلەر'ەکە، پەنیری سوێریان دۆزییەوە. ئەم جۆرە پەنیرە بۆ ئەوەی خەراپ نەبێت، زۆر سوێر دروست دەکرێت. هەندێک پەنیریان دەرهێنا و هێنایان. بەڵام زۆر سوێر بوو و نەدەخورا. شەوانە هەتا بەیانی بەشێکمان دەخستە نێو ئاوی ڕووبارەکەوە، دواتر دەمانهێنا و دابەشمان دەکرد، هەریەکەمان کەمێکمان دەخوارد. بریندارەکانمان خەریک بوو چاک دەبوونەوە. پاشان ئەشکەوتەکەمان بەجێ هێشت و هەریەکەمان چووینە لایەک."

چاوپێکەوتنی برینداران

دوای کۆمەڵکوژییەکان لە دۆڵی زیلان کە لەلایەن سەربازانی دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دران، کۆمەڵێک بریندار کە هەڵهاتبوون و چووبوونە ناوچە شاخاوییەکان و لە ئەشکەوت و دارستان و کێڵگەکاندا خۆیان حەشار دابوون، دوای ماوەیەک بەرەبەرە دەرکەوتنەوە و هەمووان چوونە لای کەسانی خۆیان.

هەرچەند بریندارەکان یەکتریان ناسیبوو و ببوونە هاوڕێی یەکتر، بەڵام هەریەکەیان بەرەو زێدی خۆیان چوونەوە.

بە گوتەی شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکە، "بەکر بەگ"ی کوڕی قولیخان ئاغا، "شوکری ئاغا" و "ڕەشکێ مستۆ" و حەوت کەسی دیکە کە لە یەک بنەماڵە بوون، ناوچەی دۆڵی زیلانیان بەجێ نەهێشت، بەڵکوو وەک "مەحکوومەکانی دەوڵەت" هەتا سێ ساڵ لە گوندی قولیخان ئاغا مانەوە و شەوانە بە ناوچەکەدا گەڕاون.

بەڵام دوای سێ ساڵ، ئەو دە کوردە گوندی قولیخان ئاغایان بەجێ هێشت و چوونە گوندێکی خامۆری ئاگری. بەڵام دوای ماوەیەک هەندێک کەس گلەیییان لێیان دەکرد و ڕۆژێک بینییان سەربازەکان گەمارۆیان دا. تەنانەت بۆ بەرەنگاربوونەوەش چەکیان پێ نەبوو و خۆیان ڕادەستی سەربازەکان کرد و بە پێ بردیانیان بۆ زیندانی ئەدەنە...

بەشێک لە کتێبی "دەهـ کۆمکوژیێن ل سێ گەلیێن زیلانێ"، زەینەلعابدین زنار، کوردیی کورمانجی، وەشانگەی فەرهەنگی کوردی، سوید/ ستۆکهۆڵم، ٢٠٢٣

ئەم وتارە درێژەی هەیە...

 

KURDŞOP
137 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!