قەڵای نەبی حووری

زارا عەلی

 

قەڵای نەبی حووری یەکێکە لە نیشانە و هێماکانی مێژوو و شارستانییەتی گەلی کورد. قەڵای نەبی حووری لە ٤٥ کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری عەفرین هەڵکەوتووە. نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر لە ناوچەی "بلبل" و ٢ کیلۆمەتر لە سنووری "تریا" دوورە. لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا ناوی جیاواز لەسەر ئەم قەڵایە نراوە؛ یەکێک لەو ناوانە "نەبی حووری"یە.

ناوی نەبی حووری لە "ئووریا" کوڕی "حەنان"ەوە هاتووە کە یەکێک بووە لە هاوڕێیانی پێغەمبەر داوود. هەزار ساڵ پێش زایین ئووریا حەنان لە شەڕێکدا لەو ناوچەیەدا کوژرا، دواتر لەوێ بە خاک ئەسپێردرا، هەر لەو دەمەوە ئەو ناوەی لێ نرا. ناوێکی تری بە حووری ناسراوە. حوورییەکان یەکێک لەو خەڵکە کۆنانانە بوون کە لە چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆسان ژیاون. وەک لە مێژوودا هاتووە، حوورییەکان پێش زایین، ٣ هەزار ساڵ لەسەر ئەم خاکە ژیاون و دەگوترێت ئەو گەلەی کە ئێستا بە کورد ناسراون، دەگەڕێنەوە بۆ حوورییەکان. شایانی باسە کە لە شاخی "کورمێنج"، زۆرێک ئەشکەوت و شوێنەواری هەڵگری ناوی حووری دۆزراونەتەوە.

بۆچوونێکی گرینگی دیکە ئەوەیە کە حووری لە ناوی خوداوەند "ئاهوورا مەزدا"وە وەرگیراوە. هەروەها گوتەی پێغەمبەریش لە وشەی خوداوەندی دوو ڕووبارەوە (نەبوو) هاتووە. به‌پێی ئه‌م ناوه بەم شێوەیەیە؛ بەم شێوەیە تێدەگەین کە خودا (ئاهوورا مەزدا) لە سەردەمی شار لە حورییەکانەوە هاتووە. بەڵام شارە تازە دروستکراوەکە ناوی "سیرۆس"ە، ناوەکەی لە "سەلۆقس نیکاتور"ەوە وەرگرتووە کە یەکێک بووە لە فەرماندەکانی یۆنان و دامەزرێنەری دەوڵەتی سەلۆقییە لە ڕۆژهەڵات لە ساڵانی ٣١٢-٢٨٠ پێش زایین.

لە شوێنەوارە دێرینەکانی شاری سیرۆس، شوێنی شانۆیەک هەیە کە پانییەکەی ١١٢ مەترە و لە ٢٤ ڕیزی پلیکان پێک هاتووە. ستەیجی شانۆکەش ٤٨ مەترە. مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٢-١٣ی زایینی. لە شارەکەدا گۆڕەپانێکی سەرەکی، حەمام و بینایەک هەن کە لە پێشکەوتووترین و داهێنەرترین ئاستدا دروست کراون. لە بنی گۆڕەپانەکەدا گۆڕی فەرماندە یۆنانییەکە دەبینرێت و بینایەکی بەرز لە شێوەی قوبەیەکی شەشگۆشە لەسەر گۆڕەکە دروست کراوە. شارەکە بە دیوارێک دەورە دراوە.

ئێستاش لە حەوشەی قوبەکە مزگەوتێک هەیە، لە بەردەم مزگەوتەکەدا کانییەکی ئاو هەیە، لە دیوی شانۆگەکە بۆ خوارەوە و لەسەر زەوییەکی قوڵ، چەند ڕیزێک کانی و درەخت هەن. بە ئاوی ئەم کانییانە دەگوترێت ئاوی "گەرمک". وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت ئاوی ئەو کانییانە لە هاوین و زستاندا گەرمە. بە یەکگرتنی ئاوی ئەو کانییانە، چەمێک دروست دەبێت و ئەم ئاوە دەچێتە نێو ڕووباری "سابوون". ڕووباری سابوون لە باکووری کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، بە کەنارەکانی نەبی حووریدا تێدەپەڕێت و دەچێتە نێو ڕووباری عەفرین و لەنێو شاری عەفرینەوە تێدەپەڕێت. لە دیوی شاری سیرۆس یان نەبی حووری لەلای ڕۆژهەڵاتەوە، پردێکی کۆن لەسەر ڕووباری سابووندا هەیە کە پێی دەگوترێت پردی "ڕۆما". ئێستاش ئەم ناوچانە وەک ئاسەوارە مێژووییەکان وان. ئەم شوێنە بەهۆی دیمەنە سەرنجڕاکێشەکەیەوە گەشتیارێکی زۆری بیانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. هاوینیش خەڵکی ناوچەکە بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەر بەرن، سەردانی ئەم شوێنە دەکەن.

کاتێک بەلای ئەم قەڵایەدا تێدەپەڕیت، دیمەنێکی جوان و ڕەنگاوڕەنگ دەبینیت کە بە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکەی خەڵک لە هەموو وڵاتەوە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. بەداخەوە ئەمڕۆ ئەم شوێنە جوانە لەژێر دەستی داگیرکەراندایە، هەڵبەر نەک هەر ئەم شوێنە، بەڵکوو دەیان شوێنی تری سەرنجڕاکێشی تریش لە هەمان دۆخدان.

سەرچاوە:

گۆڤاری "پێنووسا زمان"، مێژووی شاری عەفرین، ژمارە ٢

KURDŞOP
466 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!