کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان – بەشی هەشتەم

زەینەلعابدین زنار

 

لێرە بەشی حەوتەمی ئەم وتارە بخوێننەوە

 

چەندین کۆمەڵکوژیی جیاواز لە ناوچەی زیلان

تا ئێستا دەگوترا "کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان"، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە ڕاستیی کۆمەڵکوژییەکە بەو شێوەیە نییە. سەربازانی کۆماری تورکیا لە زۆر ناوچەی دۆڵی زیلان کوردیان کوشتووە. وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، لە ١٠ شوێنی جیاواز کوشتنی بەکۆمەڵیان ئەنجام داوە، بەڵام لە شەش شوێندا ڕێژەکەی زۆر بەرزتر بووە، ئەو شەش شوێنە بریتین لە:

١- ئادا خەیبێ.

٢- دەڤەرا ملکێ.

٣- نەوالا فەدێ.

٤- نەوالا بەبۆ.

٥- نەوالا خونێ (نەوالا کوشتیان).

٦- گەلیێ ئەشیران.

بەهۆی غەزەبی جینۆسایدەوە کە ئەوەندە خوێنی کوردی بێتاوان بەسەر خاکی ئەو ناوچانەدا ڕژاوە، ئەوە بۆ ٩٠ ساڵ دەچێت، هێشتاش ئالیک و ڕووەک لە شوێنی خوێنی کوردەکان ناڕوێت و شین نابێت.

١- کۆمەڵکوژی لە "ئادا خەیبێ"

دوای ئەوەی گوندنشینانی ٥٠ گوند لەلایەن سەربازانی دەوڵەتەوە کۆ کرانەوە، هەر گرووپێک دەبرێنە شوێنێک و لەوێ گولـلەباران دەکرێن. یەکێک لەو شوێنانە ناوی "ئادا خەیبێ" بووە.

ئادا خەیبێ/ گراڤا خەیبێ، دەکەوێتە نێوان دوو لقی ڕووباری زیلان. ئادا خەیبێ بە "نەوالا کوشتیان"یش ناسراوە. لە کوردستان دەیان نەوال هەن کە بە نەوالی کوشتیان ناسراون.

"دەڤەرا مەلکێ" دەکەوێتە بەردەم ڕووباری دۆڵی خانیان. "نەوالا فەدێ"ش نزیک گوندی "کۆمر"ە. دۆڵی خانییان و دۆڵی حەجیدێریان لە نزیک گوندی کوندووک هەڵکەوتوون. دۆڵی ئەشیران لە نزیک گوندی حەسەن ئەڤدالە.

بە هەزاران گوندنشینی ناوچەکە، ژن و منداڵ، پیر و گەنج، ژن و پیاو، لەلایەن سەربازانی تورکیاوە لەو ناوچەیەدا کۆ کرانەوە. سەربازە ئاساییەکان بە چەکێک بە ناوی "ئاخماکینەیان"، ئەوانیان گۆمارۆ دا.

ئەفسەری سوپای دەوڵەت هەندێک دوور لە ناوچەی "ئادا خەیبێ"ەوە سەرکەوتە سەر گردێکی بەرز و سەیری دەوروبەری خۆی کرد. لەو کاتەدا "نووری کەیا"ی گوندی حەسەن ئەڤدال چووە لای ئەفسەرەکە و گوتی:

"تۆ خۆ گوتت گوندنشینەکان دەبەن بۆ ئەردیش، بەڵام هێناونەتە ئێرە و یەک کاتژمێرە یەک وشەتان لێ نەبیستراوە. خەڵکی گوندەکە خەریکە مەراق دەکەن کە ئێوە چییان پێ دەڵێن؟"

ئەفسەرەکە بە "نووری"ی گوت: زوو لەلای من بچۆ. ئیدی خێرتان نییە."

نووری گەڕایەوە لای گوندییەکان و پێیانی گوت: "وەڵا هەموومان دەکوژن."

نووریی کوێخای گوند، مامەی "محێ" بووە. "محێ"ش ئەو بابەتەی وەها گێڕاوەتەوە بۆ ئەحمەدی زاوای:

""دوای ئەوەی نووری ئەو قسەیەی بە خەڵکی گوندەکە گوت، ئیدی زانیمان کە هەموومان دەکوژرێین. ئەو شوێنەی کە ئێمەیان کۆ کردبووەوە کەمێک قووڵ بوو. سەربازەکان گەمارۆیان داین. ئەو شوێنەی سەربازەکانی تێدا جێگیر کرابوون، بەرز بوو و هەر کەسێکی ئێمەش گەر هەڵاتبا، ڕزگاری نەدەبوو. دوای کەمێک ئەفسەرەکە فیکەی کرد و سەربازەکان چەکەکانیان بەرامبەر ئێمە گرت و دەستیان کرد بە تەقەکردن. لە کاتی گولـلەبارانکردنەکەدا بە چاوی خۆم بینیم کە مێشکی زۆر کەس چەند مەتر دەچووە هەواوە. بوو بە قیڕە و هاواری خەڵک و هەڵدەهاتن. چارەی ئێمە ئیتر لەسەر زەوی نەمابوو، تەنیا لەلای خودا بوو لە ئاسماندا... دوای چوار- پێنج خولەک، دەنگی تەقە ڕاوەستا. ئیدی لەسەر ئەو باوەڕە بووین کە هەموومان گولـلەباران دەکەن. زۆرێک لە ئێمە کوژران، بەڵام لەنێو ئێمەدا هێشتا کەسی ساخ و برینداری زۆر هەبوو. هەندێک لە کەسانی ساخ دەستیان کرد بە ڕاکردن.

سەربازەکان ئەوانیشیان گولـلەباران کرد، بینیم زۆرێکیان پێکران و دوور لە ئێمە کەوتن. من نەپێکرابووم، بەڵام نەمدەتوانی دەستبەرداری کەسوکارم بم و ڕابکەم. بینیم ژنێکی بریندار پاڵی پێوە نام و گوتی: کوڕم هەڵێ. تۆ لە بنەماڵەیەکی مێرخاسی، هەڵێ... من بە قسەی ئەو ژنەم کرد و هەڵاتم. سەربازەکان تەقەیان لە منیش کرد. گولـلەیەک بەر قۆڵم کەوت و یەکێکیش بەر پێم کەوت، بەڵام نەکەوتم، چونکە گولـلەکان بەر ئێسکم نەکەوتن، هەڵاتم و چوومە نێو دارستانێکەوە.

لە نزیک "ئادا خەیبێ"، دارستانێکی گەورە هەبوو و دارەکانی پڕ بوون لە مێش (مازی). بینیم کە ئەڤدیی کوڕی نووریی مامم لەوێیە. گوتی: تۆش ڕزگارت بوو؟

پێم گوت: ئەرێ؛ منیش هاتم، بەڵام بە دوو گولـلە بریندار کراوم.

بینیمان ئەفسەرەکە جارێکی تر فیکەی کرد و سەربازەکان جارێکی تر تەقەیان لە خەڵکەکە کرد. ئێمەش لەنێو دارەکاندا سەیری خەڵک و سەربازەکانمان دەکرد. سەربازەکان تەقەیان دەکرد و تەقەیان دەکرد... قیڕە و هاوارەکانی خەڵک بەقەد دەنگی چەکەکان بەرز بوو. من دەگریام و سەیری خەڵک و سەربازەکانم دەکرد. ئەو دڕندەییەمان بینی، بەڵام خوا نەکات کارەساتی وا بەسەر کەسدا بێت...

پاشان بینیمان دەنگی چەکەکان ڕاوەستا، ئیتر هیچ دەنگێکیش لە خەڵکەوە نەما. ئەمجارەیان لەسەر فەرمانی ئەفسەرەکە، سەربازەکان لە بەرزاییەکەوە چوونە خوارەوە و یەک بە یەک چوونە سەر تەرمەکان. تەنانەت تەقەیان لە بریندارانیش کرد و ئەوانیشیان کوشت. دوای ئەوەی سەربازەکان کاری دەوڵەتەکەیان تەواو کرد، کەس لەو ناوچەیەدا ساخ نەمابوو. ئەفسەرەکە جارێکی تر فیکەی کرد، سەربازەکان لەنێو کوژراوەکان هاتنە دەرەوە و گەڕانەوە شوێنی خۆیان.

بەڵام لەنێو کوژراوەکانیشدا هێشتا کەسانێک هەبوون کە نەمردبوون. هەندێکیان کە توانییان هەستنەوە، هەڵاتن و هەندێکیان بە سینەخێش بەسەر زەوی خۆیان گەیاندە لێواری ڕووباری دۆڵی زیلان و دەکەوتنە نێو ئاوەکەوە.

"ڕەشید محەممەد عەجەم"ی ئامۆزایشمان بە دوو گولـلە بریندار ببوو، بەڵام نەمرد و هەستا و هەڵاتە نێو ئەو دارانەی کە ئێمەی تێدا بوو.

کات، کاتی درەنگانی عەسر بوو، خۆر خەریک بوو ئاوا بێت. سەیری دەوروبەرمان کرد، سەرباز لەو ناوچانە دیار نەبوون. لە درەختەکان دابەزین و چووین بزانین کەسێک لە ژیاندا ماوە یان نا، بەو مەبەستەی ئەگەر کەسانی بریندار هەبن، دەیانهێنینە نێو دارەکانەوە، ڕەنگە دەرفەتێک هەبێت لە مردن ڕزگاریان بکەین. بینیمان کە سێ سەربازی سوارە لەوێوە دەهاتن، گەڕاینەوە دواوە و چووینەوە نێو دارەکان، سەیرمان کرد بزانین ئەوان چی دەکەن..."".

بەشێک لە کتێبی "دەهـ کۆمکوژیێن ل سێ گەلیێن زیلانێ"، زەینەلعابدین زنار، کوردیی کورمانجی، وەشانگەی فەرهەنگی کوردی، سوید/ ستۆکهۆڵم، ٢٠٢٣

ئەم وتارە درێژەی هەیە...

 

KURDŞOP
539 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!