پشتێنەی عەرەبی و بەرخۆدانی "جمۆی ئەل حەمک"

دیار حەمی

 

"جمۆی ئەل حەمک" بەبێ وچان لەهەمبەر پشتێنەی عەرەبیدا بەرخۆدانی کرد و بە دروستکردنی ئاستەنگی بۆ سیستەمی سۆسیالیستی جیهانی تاوانبار کرا و زۆرجاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ئەشکەنجە درا.

"جمۆی ئەل حەمک" خەڵکی گوندی "ئاخبێش"ە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری کۆبانی. ناوبراو کەسایەتییەکی کوردە کە ئامادە نەبوو دەستبەرداری زەویەکەی بێت. ئەو خاوەنی ٤٠٠ شمل زەوی بوو و ڕێژیمی سووریا دەیویست بەسەر عەرەبەکاندا دابەشی بکات و لێرەدا چیرۆکی بەرخۆدانی "جمۆ" لە دژی ستەم، جینۆساید و لەنێوبردنی کوردان دەستی پێ کرد.

ساڵی ١٩٦٣ ڕێژیمی سووریا بڕیاری دا هەموو زەوی و زارەکانی کوردیان لێ وەربگرێت و بەسەر عەرەبەکاندا دابەش بکرێت، ئەویش لەژێر ناوی "شۆڕشی هەشتەمی ئازار"دا و لەنێو پڕۆژەی پشتێنەی عەرەبیدا کە کوردەکانی لە ناوچەکانی خۆیان دەر دەکرد و دەست بەسەر زەوی و کێڵگەکانیاندا دەگیرا.

"جمۆ" بڕیاری دەستبەرداربوون لە زەوییەکەی قەبووڵ نەکرد و دژی ڕێژیمی سووریا و هێزە ئەمنییەکانی وەستایەوە و بۆ ماوەی چوار ساڵ ڕێگەی نەدا عەرەبە هاوردەکان تەنانەت لە پارچەیەک لە زەوییەکەی کشتوکاڵ بکەن. ئەو ئاگری تێ بەردەدان و ئەوەی دەیانچاند لێیانی خەراپ دەکرد، شەوانە دەنگی تۆقێنەری دەردەهێنا و سەگی تێ بەردەدان. هێزە ئەمنییەکان چارەسەریان نەدۆزییەوە، بۆیە داوای هاوکارییان لە سوپا کرد. هێزێکی سەربازیی تایبەتیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاکی جمۆ نارد. چونکە گوندی جمۆ لەسەر سنووری تورکیایە، ئەویش بەرەو ئەودیوی سنوور هەڵات کە خێزانەکەی و کەسوکارەکەی لێ بوون. لەو دیوەوە بە گولـلە لەوانی دەدا، بەڵام سەربازانی سووریا نەیاندەتوانی گولـلە بۆ ئەوبەری سنوور بهاوێژن. هەروەها جمۆ مایینی لەسەر زەوییەکەی دەهێنا و دەبرد و لەنێو زەویی خۆیدا دەیلەڕەواندن، لەبەر ئەوەی عەرەبە نیشتەجێکراوەکان هیچ نەچێنن.

جمۆ هەمیشە لە هەڵهاتن لە دەستی هێزەکانی ڕێژیم سەرکەوتوو نەدەبوو، زۆرجاران دەسبەسەر دەکرا و جارێکیان لە پشت ئۆتۆمبێلێکی سەربازییەوە ڕایانکێشابوو، لە زیندانی دێرەزۆر ئەشکەنجە درا و بۆ ماوەی هەفتەیەک بێهۆش بوو، پاشان لە دادگا لە بەردەم دادوەری سەربازیدا (ترسناکترین دادوەر لە سووریا) گوتی: "هەتا من ساغ بم، خاکەکەم بەجێ ناهێڵم و تۆش دەتوانیت لە دارم بدەیت". لەو کاتەدا بە تاوانی ئاستەنگ دروستکردن بۆ سیستەمی سۆسیالیستی جیهانی سزای بەسەردا سەپێندرا. ماوەیەک لە زیندان بوو و کاتێک ئازاد کرا، ئەو گەنمەی کە عەرەبە نیشتەجێکراوەکان لەسەر زەوییەکەی چاندبوویان، سووتاندی.

هەندێک لە ئامۆزاکانی جمۆ، ناوی جمۆیان لەسەر خۆیان نابوو کە زۆرجاران لەبەر ئەو و بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانیکردنەکەی، خۆیان ڕادەستی دەوڵەت دەکرد، بۆ ئەوەی جمۆ پلانەکانی داگیرکەر بۆ دەستبەسەرداگرتن و داگیرکردنی زەوییەکانیان، پووچەڵ بکاتەوە.

لە کۆتاییدا ئەو عەرەبە هاوردانە هەڵاتن و تەنانەت بۆ ماوەی ساڵێکیش نەیانتوانی لە زەوییەکانی جمۆ قازانج بەدەست بهێنن و نەیانتوانی خێزانەکانیان لەوێ نیشتەجێ بکەن. جمۆ دواتر لە ڕێگەی پارێزەرێکی شاری عەفرینەوە بە ناوی "شەوکەت نەعسان" توانی هەموو زەوییەکانی بگەڕێنێتەوە و لەسەر ناوی خۆی، منداڵەکانی و هاوسەرەکەی تۆماری کردن.

جمۆ توانی بە زۆر درێژکردنەوەی پشتێنەی عەرەبی بەرەو کۆبانی ڕابگرێت و پڕۆژەی جینۆساید لە سنووری خاکەکانیدا ببڕێت.

چیرۆکی جمۆ چیرۆکی هەر کوردێکە کە کاتێک چاوی بەڕووی جیهاندا کردووەتەوە، شاهیدی دڕندەیی و ستەم و دەستبەسەرداگرتنی ئازادی و قەدەغەکردنی قسەکردن و فێربوون بە زمانی دایکی بووە. داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە ویستوویانە کوردان لەنێو ببەن و نەهێڵن دەستیان بە زانیاری و زانست ڕابگات. بۆ ئەوەی کوردان مافی خۆیان نەناسن، بە هەموو شێوەیەک دڕندەییان نواندووە. بەڵام کوردان دەبێ وەک جمۆ لە بەرامبەر داگیرکاری خۆڕاگری نیشان بدەن بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

"جمۆی ئەل حەمک" لە کۆبانی زۆر بەناوبانگە و هەمووان چیرۆکی خۆڕاگری و ئازایەتیی ئەو دەزانن. سەرچاوەی ئەم بابەتەشم دیدار لەگەڵ جمۆیە.

 

KURDŞOP
123 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!