ئاران هەورامان
بەشی دووی ئەم بابەتە لێرە بخوێننەوە
بە گشتی ئەم کارەی محەممەدئەمین زەکی بەگ دەکرێت وەک یەکەم بەرهەمی مێژووی تەواو کوردستانتەوەر تەماشا بکرێت کە پێشتر و لە ساڵی ١٩٢٥دا حوزنی لە شاری حەلەب و بە نووسینی غونچەی بەهارستان دەستی پیێ کرد و گەرچی دواتر و بە شێوازێک ئیدامەی دا، بەڵام ئەمە محەممەدئەمین زەکی بەگ بوو کە لە ساڵی ١٩٣١دا، نووسینی یەکەم مێژووی کوردستانتەوەری بە نووسینی خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان لە ڕواڵەتی کتێبێکی تەواو میژوویی جێبەجێ کرد.
بە گشتی کتێبی خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان، هەلگری چەندین تایبەتمەندییە کە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەکەین.
یەکەم: دوورەپەرێزی لە ئەویترسازی و ئەویتر دژی. محەممەدئەمین زەکی بەگ گەرچی ئاگادارە مێژوونووسی بەستێنی نەتەوەسازییە و نەتەوەسازی پێویستی بە ئەویترسازییە، قەت خۆی لە قەرەی ئەم بۆچوونە نادات. ئەگەر ئاوڕێک لە ڕەوتی مێژوونووسیی نەتەوەییی ئەو سەردەمەی تورک و فارس و تەنانەت عەرەب بدرێتەوە لێوانلێوە لە ئەویترسازی و دژایەتیی ئەویتر و بە دوژمنکردن و باسکردنی ئەویتر وەک هۆکاری دواکەوتوویی؛ بۆ نموونە بەرهەمەکانی میرزائاقاخانی کرمانی لە گوتاری فارسی، لێوانلێوە لە ئەویترسازیی تورک و عەرەب و دژایەتیی عەرەب و پیناسەکردنی عەرەب وەک هۆکاری دواکەوتوویی و لە تورکیشدا هەر ئەم سوننەتە دەبینرێت و ئیستەش لە گوتاری مێژوونوووسیی نەتەوەییی تورک و عەرەب وەک نەریتی لێ هاتووە؛ بەڵام لە لای محەممەدئەمین زەکی بەگ، شتێک بە نێوی ئەویترسازی و دژایەتیی ئەویتر و بە دوژمنکردن و پێناسەی ئەویتر وەک هۆکاری دواکەوتوویی نییە و ئەمە دەتوانێت سێ هۆکاری هەبێت:
ئەلف؛ بوونی کەسی محەممەدئەمین زەکی بەگ لە گوتاری عەرەبی وتورکی.
ب: هەست بە خۆکەمزانین سەرڕای بە کوردیکردنی یەکەمین حکوومەتەکانی میزوپۆتامیا لە کتێبەکەیدا
ج؛ نیگای ئینسانی و زانستیی زەکی بەگ کە بڕوای بە پێکەوەژیان یان بە شێوازێک خەزمتکردن بە باڵا دەست هەبووە.
« لە ئەدواری قەدیمەوە تا ئیمرۆ، قەومی کورد لە خدمەت و یارمەتیی حاکمانی باش و بە ئینسافی خۆی قسووری نەکردووە. هەر میللەتیکی حاکمییە کە ڕێعایەتی حقووقی کردبێ و بە عادڵی و ئینسانییەت لەگەڵی هاتبێتە پێشەوە، دائیمەن خێری لێ دیوە و لە قابیلییەت و جەسارەتی ئیستیفادەیەکی زۆری کردووە و هەر قەومێکی حاکم کە ویستبێتی زوڵمی بکا و لە حقووق و شەرەفی بکا، بیلعەکسەوە زەرەرێکی زۆری لێ دیوە»(ئەمین زەکی،١٣٩٧ :١٩٢)
دووهەم: شوێنکەوتنی بۆچوونی ڕۆژهەڵاتناسانە، دیارە هەر وەک خۆی ئاماژەی پێ دا. نیگای ڕۆژهەڵاتناسانی وەک مینۆرسکی هاندەری سەرەکی بوون بۆ نووسینی ئەم کتێبە و لێرەوە کە تەنیا سەرچاوەی ئەو سەردەمەی جیهانی پێش ئیسلامی کورد، سەرچاوە ڕۆژهەڵاتناسییەکان بوو و هەروەها بەکارهێنان و نووسینەوەی ئەو سەرچاوانە لەو سەردەمەدا باو بوو، محەممەدئەمین زەکی بەگیش وەک زۆربەی مێژوونوووسانی ئەو سەردەمە، سەرچاوە ڕۆژهەڵاتناسییەکان، سەرچاوەی سەرەکیی بوون بۆ بابەتی مێژووی پێش ئیسلامی کورد و هەروەها سەرچاوی ڕەگەزی کورد و هەڵبەت هەندێ جاریش ڕاوبۆچوونی خۆی لە پاڵ ئەواندا بە ڕاشکاوی دەنووسێت.
سیهەم: کوردستانتەوەری: هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا مێژوونووسیی کوردستانتەوەر وەک دەسپێک شەرەفخان بە بەرجەستەکردنی هەندێ لایەنی مێژوونووسیی کوردساتنتەوەر وەک باسکردن لە کورد و دەروونناسی و کۆمەڵناسیی کورد دەستی پێ کرد و دواترێش حوزنی موکریانی بە بڵاوکردنەوەی «غونچەی بەهارستان» لە ساڵی (١٩٢٥) هەنگاوی سەرکیی هەڵگرت؛ بەڵام تەواوی نەکرد و ئەمە ئەمین زەکی بەگ بوو کە بە بڵاو کردنەوەی «خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان» لە دوو بەرگدا لە ساڵی (١٩٣١) خۆی وەک یەکەم مێژوونووسی کوردستانتەوەر ناساند.
چوارەم: دەرچوون لە سوننەتی پێشووی گێڕانەوە و ڕووکردن لە تەحلیل و بە واتایەک لە ڕووداونووسی بۆ مێژوونووسی مەیل دەکات. ئەمین زەکی بەگ ئیتر وەک پێشوو تەنیا بیر لە گێڕانەوە ناکاتەوە، بەڵکوو بیر لە هۆکاری ڕووداوەکان دەکاتەوە و هەنگاو دەنێتە سوننەتێکی نوێی مێژوونووسییەوە. بۆ نموونە کاتی باسکردن لە سەفەوییە دەنووسێت: «سیاسەتی کوردستانیی شاە ئیسماعیلیش وەکوو حکوومەتەکانی پێشووی، عیبارەت بوو لە لەناوبردنی حکوومات و ئیماراتی کورد و لە جێگەی ئەوە دامەزراندنی نفووز و قووەتی والیانی قزڵباش. ئەم موعامەلەش بە تەواوی عەکسی ئەو سیاسەتی عوسمانییە بوو کە بە واسیتەی فازڵی مەشهوور، ئیدریسی بتلیسی بە سەر کوردستاندا تەتبیق کرا و هەدەفیشی عیبارەت لە بڕێ ئیجاد و تەعمیم کردنی ئوسوولێکی باش بوو و حکوومەتی عوسمانی بە واسیتەی دامەزراندنی بەعزێ حکووماتی مەحللییەوە قەومی کوردی بە تەواوی لە خۆی ڕازی کرد »(ئەمین زەکی،١٣٩٧ :٢٤٤ ) یان کاتی باسکردن لە بزاڤە کوردییەکان پێی واییە «ئەم قیامانەی کە باسمان کرد لە گەڵ حەرەکەتی جان پۆڵاد و ئەمیر خانی برادۆستی و... هیچیان سەری نەگرت و بێجگە لەمەش زەرەرێکی زۆری بۆ ماڵ و ڕۆحی کورد هەبوو. ئەگەر تۆزێک باس لەم قیامانە و لە دەوری دەوام و کوژانەوەیان تێیبفکرین، ئەبینین کە ئەسبابی موەفەق نەبوونیان لە خارجی زیاتر لە داخڵی خۆیاندا بووە و هێشتا بۆ ئەم تەرحە، ئیشانی پینگەیشتووین و لە وەزعییەتی سیاسییەی دەور و پشتمان ئەوندە ئاگاهدار نەبووین» (ئەمین زەکی،١٣٩٧ :١٩٠) و هەروەها بۆ پرسی ئەرمەن و کورد بە جوانی دەنووسێت: «ئەرمەنی و کورد لە حاڵی خۆیدا خراپ نەبوو و ئەوەڵ و ئاخێر ئەم هاووڵاتییانە لەگەڵ یەکدا باشیان ڕائەبوارد و ئەگەر هان دانی مەئموورین و کاربەدەستانی حکوومەتی، وازی بهێنایە ئەم تێکەڵی و ئاشتییە دەوامی ئەکرد، بەڵام چونکە عونسووری حاکم هەردووکیانی بە غەیرە حیساب ئەکرد، ئەیویست دوشمنایەتییەکان بخاتە ناوەوە و بیانکا بە گژ یەکا تا هەر دوو لا بێ هێز بن و لە ترسی یەکتری نەتوانن ببزوونەوە و بە کەیفی خۆی بە سەریانا زاڵ بێ» (ئەمین زەکی،١٣٩٧ :١٩٥)
پێنجەم: گرنگیدان بە مێژووی ئەندێشە، ڕەنگە بکرێت مێژووی «خولاسەیەک لە تاریخی کورد و کوردستان» وەک دەسپێکی لاکردنەوە و گرنگی و بایەخدان بە بواری مێژووی ئەندێشە تەماشا بکرێت. ئەمین زەکی بەگ لەم کتێبەیدا باس لە دامەزرانی یەکەم ئەنجومەنە کوردییەکانی کورد لە ئەستەموڵ وەک بەشێک لە مێژووی کورد دەکات (ئەمین زەکی،١٣٩٧ :٢٤١) و ئەم کارە واتە بەشداریی ئەندێشە و ڕووداوی بواری ئەندێشە لە مێژووی کوردا، یەکەمجار ئەمین زەکی بەگ ئاوڕی لێ داوەتەوە و لێرەوە جێگەی ڕامان و باسکردن و بیرکردنەوەیە.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوەش فەرامۆش نەکرێت کە دەکرێت ئاماژە بە هەندێ خاڵی ئیجابیی دیکە بکرێت بەڵام لەبەر درێژبوونی پێشەکییەکە باشترە هەر بەو چەند خاڵە بەسەندە بکرێت. خاڵی دیکە ئەوەیە ئەم کتێبەش وەک زۆربەی بەرهەمەکانی دیکە، خاڵی لاواز و تەنانەت هەڵەی تێدایە کە بەرێز زەنگەنە ئاماژەی بە هەندێکیان داوە و ڕاستی کردوونەتەوە؛ بەڵام بە گشتی "خۆلاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان" لە ڕەوتی مێژوونووسیی کوردیدا دیاردەیەکی تا ڕادەیەک جیاواز و دەگمەن و شیاوی ڕێز و پێزانینە و گرنگتر لە هەمووی، شیاوی باسکردن و توێژینەوە و تەفسیرکردنە کە بەداخەوە لەم بوارەدا پەڕاوێز خراوە.