کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان – بەشی حەوتەم

زەینەلعابدین زنار

 

لێرە بەشی شەشەمی ئەم وتارە بخوێننەوە

 

دەستپێکی کۆمەڵکوژی لە سێ دۆڵەکەدا

بەپێی زانیارییەکانی "ئەحمەد حەسەن ئەڤدالی"، کۆمەڵکوژیی کوردەکانی ناوچەی دۆڵی زیلان بەم شێوەیە دەستی پێ کرد:

""هەرچەندە من نەوەی جینۆساید نیم، بەڵام زۆر کەس کە لەنێو ئەو جینۆسایدەدا تێپەڕیون و هەندێکیان لە کوشتن ڕزگاریان بووە، هەمیشە وەک چیرۆکێک ئەزموونی خۆیانیان بۆ باس کردووم. هەر بۆیە ئەو کۆمەڵکوژییە بۆ بەرەی ئێمە بووەتە ژیانێکی ڕۆژانە. بە گوتەی شارەزایان، ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی کۆمەڵکوژی لە دۆڵی زیلان، بەهۆی ئەو کۆبوونەوەیە بوو کە لە ساڵی ١٩٢٤ لە ماڵی "کۆر حوسێن پاشای حەیدەری" بەڕێوە چوو.

حوسێن پاشا باوکی ١٦ کوڕ بوو. (بەڵام بە گوتەی کەماڵ بەگ، ٩ کوڕی هەبووە). سەربازانی دەوڵەت هێرشیان کردە سەر حوسێن پاشا و ١٤ کوڕی و زۆرێک لە ئامۆزاکەی ئەویان کوشت. بەڵام "نادر بەگ و مەمێ بەگ"ی کوڕی لە کوشتن ڕزگاریان بوو.

حوسێن پاشا حەیدەری

پاشان ئەو دوو برایە چوونە چیای "ئاگری" و پەیوەندییان لەگەڵ کورداندا گرت و خۆیان بۆ شەڕ دژی کۆماری تورکیا ئامادە کرد. نادر بەگ و مەمێ بەگ بە هاوکاریی "سەید ڕەسووڵ" چوونە دۆڵی زیلان و تێکەڵی خەڵک بوون و ئەوانیان ڕێک خست. لە هەرێمی دۆڵی زیلان، نادر بەگ و مەمێ بەگ، هەریەکەیان لەگەڵ جەنگاوەرەکانیان بوون بە دوو دەستە. هەریەکەیان لە لایەکەوە هێرشیان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی دەوڵەت.

بەرەی شەڕڤانان بە سەرۆکایەتیی نادر بەگ، هێرشیان کردە سەر بارەگای جەندرمەی "چاگربە کاراکۆلو" و چەندین جەندرمەیان کوشت. هەروەها کاتێک کۆمەڵێک سەرباز هاتنە هانای جەندرمەکانەوە، ئەو کۆمەڵە سەربازەش بە تەواوی بەدیل گیران. دوای ئەوە دیلەکانیان بەسەر ماڵی گوندنشینەکاندا دابەش کرد و نیشتەجێیان کردن، بەڵام هیچ زیانێکیان بەو سەربازانە نەگەیاند. پاشان هێرشیان کردە سەر شاری ئەردیش (ئەردەشێر) و شەڕێکی قورسیان لەگەڵ دەوڵەت کرد.

بەڵام حکوومەت لەو ڕۆژەوە کە نادر بەگ و مەمێ بەگ چوونە چیا، خۆی بۆ شەڕێکی قورس لەگەڵ کوردان ئامادە کرد. تەنانەت کاتێک هێرشیان کردە سەر ئەردیش، ئیدی دەوڵەت کەوتە نێو هەوڵدانێکی گەورەوە و خۆی بۆ شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ کوردان ئامادە کرد.

ئەوکات لە کوردستان کەمێک لە کوردان زمانی تورکییان دەزانی. هاوین بوو و ١٥ی تەمووز بوو. سەربازێکی زۆر چوونە ناوچەی دۆڵی زیلان. چەند کەسێکی تورکیزان کە لە شارەوە لەگەڵ سەربازەکان بوون، چوونە گوندەکانی دۆڵی زیلان و بە خەڵکی گوندەکەیان گوت:

"با هەمووان ماڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و دەرگاکانیان بە کراوەیی بهێڵنەوە. دەوڵەت هیچ کارێکی بە ئێوە نییە، سەربازەکان تەنیا بەدوای ئەوانەدا دەگەڕێن کە دژی دەوڵەت شەڕ دەکەن. سەربازەکان دەتانبەن بۆ ئەردیش، دواتر دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵتان."

هێرش و دەستدرێژیی هێزی تورکان بۆ سەر خەڵک

دوای ئەوەی خەڵکی گوندەکان ماڵەکانیان بەجێ هێشت و دەرگای ماڵەکانیان بە کراوەیی هێشتەوە، سەربازەکان ئەوانیان برد و لەگەڵ خەڵکی چەند گوندێک لە ناوچەی دۆڵێکی زیلان کۆیانیان کردەوە. کەسێک بە ناوی "نووری"، کوێخای ناوچەی زیلان بوو و زمانی تورکیی دەزانی. سەربازەکان هەمیشە بە "نووری"یان گوتووە کە بە خەڵکی گوندەکە بڵێن "مەترسن، هیچ زیانێک بە کەس ناگەیەندرێت" و خەڵکی گوندەکەش بە بێدەنگی و بێ ترس چاوەڕێی "خەبەرێکی خێر" بوون و سەربازەکان هەرچییان گوتووە خەڵکی گوندەکە بەو پێیە جووڵاونەتەوە. لەو ڕۆژەدا سەربازانی دەوڵەت خەڵکی زۆر گوندیان کۆ کردەوە، وەک گوندەکانی "سۆرکبر، حەسەن ئەڤدال، دووانس، سۆربۆزان، یەکمال، ئەخس، زۆراڤا و تەندورەک و..."، خەڵکی گوندەکانیان بردە ئەو ناوچەیەی کە پێی دەگوترێت "ئادا خەیبێ". ئەو ناوچەیە لە نزیک ڕووباری دۆڵی زیلان، نزیک گوندی حەسەن ئەڤدالە (ئادا خەیبێ، شوێنێکی ڕاستاییە لە کەناری ڕووبارەکە). لەوێ هەموو خەڵکی گوندەکانیان گولـلەباران کرد.

باوکی ژنەکەم (خەزوورم) لەنێو ئەو کاروانەدا بوو. هەموو کەسوکارەکانی کوژران، تەنیا خۆی و خوشکەکەی لە کوشتن ڕزگاریان بوو.""

سەرچاوە:

بەشێک لە کتێبی "دەهـ کۆمکوژیێن ل سێ گەلیێن زیلانێ"، زەینەلعابدین زنار، کوردیی کورمانجی، وەشانگەی فەرهەنگی کوردی، سوید/ ستۆکهۆڵم، ٢٠٢٣

ئەم وتارە درێژەی هەیە...

 

KURDŞOP
240 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!