کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان – بەشی شەشەم

زەینەلعابدین زنار

 

لێرە بەشی پێنجەمی ئەم وتارە بخوێننەوە

 

هەرێمی دۆڵی زیلان

هەرێمی دۆڵی زیلان، ناوەندی دە کۆمەڵکوژی بووە کە دژی کوردان بەڕێوە چووە.

کاک ئەحمەد لە گوندی حەسەن ئەڤداڵ، وڵامی پرسیارەکانی ئێمەی سەبارەت بە ناساندنی دۆڵی زیلان دایەوە. هەندێکجار بە گریانێکی کورت و هەندێکجار بە ڕژاندنی فرمێسک لە چاوەکانیدا، بەردەوام بوو.

پاشان قسەی دەکرد و دەیگوت:

دۆڵی زیلان سەر بە ناوچەی ئەردیشی وانە. نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر لە ئەردیشەوە دوورە. لەوێ دۆڵەکە بەسەر سێ لقدا دابەش بووە. واتە سێ دۆڵ هەیە و بە هەرسێکەیان دەگوترێت دۆڵی زیلان.

دۆڵەکە هاوتەریب و هاوتەریب دەڕوات هەتا دەگاتە نزیک تەندوورەک و دەگاتە ناوچەی دیادین کە سەر بە ئاگرییە. یەکێکیان دەگەیەتە خاموور لە ناوچەی ئاگری، ئەوی دیکەشیان دەگەیەتە پاتنۆس لە ناوچەی ئاگری. ڕەنگ و ڕووی سروشتی ئەو دۆڵە زۆر جوانە؛ پڕە لە هەوار، مێرگ و کانیاو. هاژەی ئاوی ڕووباری نێو دۆڵەکەش، چێژێکی زیاتر بە خەڵک دەبەخشێت... هەوارەکانی دۆڵی زیلان بۆ خەڵکی ناوچەکە وەک بەهەشتێک وایە. ئەو سێ لقەی دۆڵی زیلان کە لە باکوورەوە دێن، لە خوارەوە یەک دەگرنەوە. لە هەر سێ لقی دۆڵەکە ڕووبارەکان هەن، لە کەنارەکانیاندا چەندین کانیاو هەن کە ئاوی ڕوونیان لێ هەڵدەقوڵێت و دەڕژێنە نێو  ڕووبارەکان و بەگوڕتریان دەکەن...

ناوی ڕووبارێکی ڕووباری حەسەن ئەڤدالە.

ناوی ڕووبارێکی ڕووباری دۆڵی خانییانە.

ناوی ڕووبارێکی دیکەشی، ڕووباری عەشیرانە.

ئەم سێ ڕووبارەش پێیان دەگوترێت "ڕووبارەکانی دۆڵی زیلان". بەڵام ئەو ڕووبارەی زۆرترین ئاوی هەیە، ڕووباری حەسەن ئەڤدالە. ئاوی ئەو سێ ڕووبارە لە خوارەوە یەک دەگرنەوە و دەڕژێنە نێو بەحری وان.

هەرچەندە ئەم "دەریا/ بەحرە"ە گۆلیشە، بەڵام کەس لە ناوچەکە ناوی نانێت گۆلی وان. هەروەها دەوڵەت بەنداوێکی لەوێ دروست کردووە. بەنداوەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبایە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا هەندێک ئاوەدانیی تێدا دروست کراوە و کاری جووتیاریشی تێدا دەکرێت. تورکیا بەر لە کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان زۆر شوێنی دۆڵی زیلانی چۆڵ کرد و گەمارۆی دا و کوردی لەو ناوچانەدا دەر کرد. بەپێی هەندێک سەرچاوە، لە دۆڵی زیلان ٤٩ گوند هەبووە. هەموو ئەو گوندانە هی کوردن. بەڵام سەرۆکی "جونتا"ی ١٢ی حوزەیرانی ١٩٨٠، خەڵکێکی زۆری لە قرقیزستان و ئەفغانستانەوە هێنا و لەوێ جێگیریانی کرد.

گوندێکی زۆر گەورەیان بۆ ئەو کەسانە دروست کرد، لەژێر ماڵەکانیاندا تەویلە و ئاخوڕیان بۆ دروست کردن، بە هەر ماڵێک چەند مانگا و مەڕ و بزنیان دا، بە هەر سێ چوار خانوویەک تراکتۆرێکیان دا. بەنرخترین زەوی و کێڵگەی کوردانیان پێ درا. بەشێک لەو کەسانە لە هەندێک گوندی کوردیی دۆڵی زیلان نیشتەجێ کران. دوای ئەوەی ئەو هاوردەکراوانە لە دۆڵی زیلان نیشتەجێ کران، هیچ تێکەڵییەکیان لەگەڵ کورداندا نەبوو. بەم هۆکارە، تەنانەت فێری زمانی کوردیش نەبوون.

بەشێک لە کتێبی "دەهـ کۆمکوژیێن ل سێ گەلیێن زیلانێ"، زەینەلعابدین زنار، کوردیی کورمانجی، وەشانگەی فەرهەنگی کوردی، سوید/ ستۆکهۆڵم، ٢٠٢٣

ئەم وتارە درێژەی هەیە...

 

KURDŞOP
249 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!