کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان – بەشی پێنجەم

- زەینەلعابدین زنار

لێرە بەشی چوارەمی ئەم وتارە بخوێننەوە

 

ڕۆژی ٢١ی نیسانی ٢٠١٦ لە ناوچەی "قەرەمورسەلی ئیزمیت"، لە گوندی "حەسەن ئەڤدال"، چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ کاک "ئەحمەد تاشتان" سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان ئەنجام دا. پاشان بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لە ناوچەی دۆڵی زیلان پەیوەندیم بە چەند کەسێکەوە کرد. "ئەحمەد تاشتان" شایەتحاڵی دووەمی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلانە کە دەیان جار لە خەزووریەوە لەبارەی ئەو کۆمەڵکوژییە بیستوویەتی. خەزووری، حاجی محێ کوڕی میرۆ و برازای قولیخان ئاغا بووە.

حاجی محێ

ئەحمەد تاشتان، شایەتحاڵی دووەمی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان، بەم شێوەیە خۆی ناساند: "من ئەحمەد تاشتانم، خەڵکی هەرێمی دۆڵی زیلانی ناوچەی ئەردیشی وان، گوندی حەسەن ئەڤدال. ساڵی ١٩٥٣، سێ مانگ دوای مردنی باوکم، لە حەسەن ئەڤدال لەدایک بووم. سێ برا و خوشکێکین. هەروەها دایکمان ساڵی ١٩٩٩ کۆچی دواییی کرد. باوکم شوکری کوڕی مەلا یووسڤە، مەلا یووسڤ کوڕی برۆیە، برۆ کوڕی بارۆیە، بارۆ کوڕی حوسێنە، حوسێن کوڕی مەلا عوبێدی کوڕی هەمانە. دایکم لە ئەسڵدا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە عەشیرەتی جەلالییە، لە بنەماڵەی 'خالید ئاغا' بووە. باوکمان لە جزیر دەستی بە مەلایەتی کردووە، لەبەر ئەمە پێمان دەگوترێت 'مالا مەلە'. جگە لەوەش بە خێزانەکەمان 'ماڵباتی قولیخانی حەسۆ'یش دەگوترێت."

ئەحمەد تاشتان

"هۆکاری هاتنی ماڵباتەکەمان لە جزیرەوە ئەمەیە: ناکۆکی لەنێوان ماڵباتەکەمان و میرەکانی بۆتان دروست بوو، ماڵباتەکەشمان لە جزیرەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوون. بەڵام پاش ماوەیەکی کەم دەسەڵاتی ئێران وای لێ کردن کۆچ بکەن بۆ دۆڵی زیلان و لە گوندی حەسەن ئەڤدال نیشتەجێ بوون. منداڵیم لە گوندی حەسەن ئەڤدال بەسەر بردووە و هەتا تەمەنی ٣٢-٣٣ ساڵان هەمیشە لەوێ بووم. دەوڵەت هەتا ساڵی ١٩٥٣ کوردەکانی لە چوون بۆ ناوچەی دۆڵی زیلان قەدەغە کردبوو و کەس نەیدەتوانی بچێتە ئەو ناوچەیە و لەو ناوچەیەدا بگەڕێت. بەڵام دوای هەڵگرتنی قەدەغەکردنەکە، لەو ساڵەدا حکوومەت قوتابخانەیەکیشی لە گوندەکەمان دروست کرد. هەروەها لە قوتابخانەی تورکی دەستم بە خوێندن کرد، هەتا ساڵی ١٩٦٠. چونکە باپیرم پیاوێکی ئایینی بوو، قورئانیشی فێر کردم و منیش قورئان‌خوێندنم لە قوتابخانەی تورکی تەواو کرد. لە هەرێمەکەمان هەموو کەس سەرەتا منداڵەکانیان فێری قورئان‌خوێندن دەکەن و قورئانیان پێ خەتم دەکەن. هەروەها مەدرەسەیەکی کوردیش لە حەسەن ئەڤدال هەبوو، مامۆستاکەمان مەلا کەرەم، پیاوێکی زانا و زیرەک بوو، وانەی بە فەقێکان دەگوتەوە و زۆربەی منداڵانی گوندەکە لەژێر دەستی ئەو دەیانخوێند. بەڵام بەداخەوە خوێندنم تەواو نەکرد، نە مەدرەسە و نە خوێندنی تورکی. هۆکاری یەکەم پاڵپشتیی دارایی بوو. ساڵی ١٩٩٩ کاتێک بوومەلەرزەیەکی گەورە لە ناوچەی 'مەرمەر' ڕوویدا، ناوچەکە تەختی زەوی بوو. ئێمەیش حەسەن ئەڤدالمان بەجێ هێشت و لە ناوچەی کارامورسەل نیشتەجێ بووین."

کاک ئەحمەد، پێزانی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان، باوکی ٨ منداڵ و باپیری ١٧ نەوەیە. هیوای تەمەندرێژی و تەندروستی و سەلامەتی بۆ خۆی و منداڵەکانی و نەوەکانی دەخوازین.

بەشێک لە کتێبی "دەهـ کۆمکوژیێن ل سێ گەلیێن زیلانێ"، زەینەلعابدین زنار، کوردیی کورمانجی، وەشانگەی فەرهەنگی کوردی، سوید/ ستۆکهۆڵم، ٢٠٢٣

ئەم وتارە درێژەی هەیە...

 

KURDŞOP
300 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!