عەبدولکەریم قاسم هەنگاوێک بۆ پێش و دوو هەنگاو بەرەودوا – بەشی2

سەیران ڕەوەندی

 

بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە بخوێنەوە

 

بە هەموو ئەو هۆکارانەی باس کرا و بە ناڕەوا عەبدولکەریم قاسم بڕیاڕدەدا تاقە دەرفەتی دێموکڕاتیزە بوونی عێڕاق بخاتە ژێر پێ و ڕێککەوتنی سیاسیی خۆی لەگەڵ بارزانی و ڕێبەرایەتیی کورد تێک دەدا و وەکی دواتر مەسعوود بارزانی هەر لەو کتێبەدا باس دەکا، کەسێکی وەک پارێزگاری سلێمانی دەنێرێ لەگەڵ سەرۆک خێلەکان دابنیشێ و تەنانەت گوێ بۆ کەسێکی وەک عەلی عەسکەری کە داخوازییە سیاسییەکانی پارتیی پێ بووە هەر ڕاناگرێ. واتە دەوڵەتی قاسم بە بەرنامە و ئەنقەست شۆڕش  و ڕێبەرانی سیاسیی کورد پشتگوێ دەخا و بە کردەوش تێکچوونی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی لەگەڵ کورد بوویەتی، نیشان دەدا. هەر بەو مەبەستە لە ناوچەی بارزان دەست دەکا بە بۆمبارانی هەموو ئەو شوێنانەی کە شۆڕشگێڕانی کورد و پێشمەرگەی لێ بووە. بەم شێوەیەش سەرەتای بەربەرەکانی و خۆپاراستن و بەرگریکردنی کورد لە خۆی، لە خولیکی تازەی مێژووییدا دەست پێدەکاتەوە.

تێگەیشتنی هەڵەی عەبدولکەریم قاسم لەوەدایە کە پۆشتەبوونی سوپای عێراق بە فڕۆکە و تەقەمەنی و چەکوچۆڵ وای لێ دەکا، پێی وا بێ لە ماوەیەکی کورتدا دەتوانێ نسکۆیەکی گەورە بە سەر شۆڕشی کورددا بێنێ. ئەو ڕاستییە لەو نامانەوە کە بۆ مەلا مستەفای بارزانییان دەنووسێ و داوای ئەوەی لێ دەکات کە خۆ بە دەستەوە بدا و وەک تاوانبارێک لەگەڵ مەلا مستەفا قسە دەکا دەردەکەوێ. ئەو نامانە نیشان دەدەن عەبدولکەریم قاسم وەک ڕێبەری عێڕاق، واقیعیەتی سیاسیی شۆڕشی کورد و ڕاستییەکانی ئەو شۆڕشەی لە لا شێوێنراوە.  

پاش بڕیاڕی هەڵەی عەبدولکەریم قاسم وردبینی و پشوودرێژیی ڕێبەرانی سیاسیی کورد دەبینین. هەڵوێستی سەرەتاییی ئەو ڕێبەرایەتییە نیشانی ئەوەیە کە لە کاتە دژوارەکانیشدا، بڕیاری دروستی ڕێبەرانی شۆڕش تەنانەت لە سەردەمی شەڕیشدا دەبینرێ.  نە مەلا مستەفا بارزانی و نە شێخ ئەحمەدی بارزان و نە باقیی هێزە سیاسییەکان کە لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی لە پەیوەندیدا بوون، بۆ وێنە کەسانی وەک جەلال تاڵەبانی و عەلی عەسکەری کە پەیوەندی بە بارزانییەوە دەکەن، هیج کامیان پێشدەستی ناکەن بۆ شەڕ و تەنانەت پێشوازی لە هیچ ئاڵۆزییەک ناکەن. هەم بارزانییەکان و هەم ئەوانەی سەر بە مەکتەبی سیاسیی پارتین و لەو نێوەدا لە بەینی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەگەڵ بارزانی لە هاتوچۆدان، لەسەر ئەوە ساغ دەبنەوە کە بە هیچ چەشنێک لە ئاڵۆزکردنی دۆخی کوردستان و بەرەو شەڕ بردنی دۆخەکە پێشهەنگاو نەبن؛ بەڵکوو تەنیا بەرگری لە خۆیان بکەن.

 ئەو تایبەتمەندیی بەرگری لە خۆکردنە لە هەموو شۆڕشەکانی کوردیدا و بە تایبەت لەو شۆڕشانەی کە لە دەیەی شەستی زایینی بەولاوە لە کوردستان چ لە باشوور و چ لە ڕۆژهەڵات ڕوویان داوە، تایبەتمەندییەکی یەکجار بەرچاوە. واتە نیشان دەدا کورد چەکی بۆیە هەڵنەگرتووە کە هەڵبکوتێتە سەر هیچ نەتەوەیەک. بەڵکوو تەنانەت لەو سەردەمەیدا کە کەسێکی وەک عەبدولکریم قاسم بە پێی بڕیارەکانی خۆی قەرار بوو هاوبەشیی کورد و عەرەب ڕابگەیەنی و پێی پابەند بێ، بەڵام کاتێک لێشی پاشگەز بووەوە و هێرشی کردە سەر کوردستان، لە سەرەتادا ڕێبەرانی شۆڕش پێیان وایە ڕەنگە بە شێوەیەک بتوانن دەلاقەیەک بۆ وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی بکەنەوە و ئەو شەڕ و ناخۆشی و ئاژاوانە بەرەو کەنارێکی ئارام بەرن کە بە داخەوە لەو سەردەمەدا دیارە نە حکوومەتی عێراق و نە شەخسی عەبدولکەریم قاسم پێبەند بەو ئەسڵە نابن و بۆمباران و شەڕ لە هەموو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە درێژە پێ دەدەن. لە چەند نامەیەکدا کە هەڕەشەئامێزن و بۆ ڕێبەرانی شۆڕش و بە تایبەت مەلا مستەفا بارزانی دەچن، دەردەکەوێ کە حکوومەتی ناوەندیی عێراق بە هیچ شێوەیەک حازر بە پاشەکشە و  دانوستان نییە. لەسەر ئەو ئەساسەیە کە شۆڕشی ئەیلوولی هەزار و نۆسەد و شەست و یەک، بۆ پاراستنی کیان و شەرەفی ئینسانی کورد، لە لایەن بارزانی و شەشسەد کەس لە ئەندامانی پێشمەرگەی خێڵی بارزان و پێنجسەد کەس لە ئەندامانی خێڵەکانی دیکە، کە بوونەتە پێشمەرگەی بارزانی دادەگیرسێتەوە.

لە لێدوانێکدا کە بارزانی ڕوو بە پێشمەرگەکانی خۆی هەم ٦٠٠پێشمەرگەی سەر بە خێڵی بارزان و هەم ئەو ٥٠٠ چەکدارەی کە لە خێڵەکانی دیکەن و وێڕای ئەو بوونەتە پێشمەرگە ڕادەگەیەنێ: شۆڕشی ئێمە شۆڕشێکە لەسەر ئەساسی داوای مافە ڕەواکانی گەلی کورد بنیات نراوە. واتە ئەگەر ئێوەی پێشمەرگە دەتانهەوێ و پابەند بەو فیکر و عەقیدەیەن کە بەبێ هیچ چاوەڕوانی و بەرژەوەندیەک بەرگری لە شەڕەف و کیانی نیشتمانتان بکەن، دەتوانن درێژە بە شۆڕش بدەن و لەگەڵ من بێن، دەنا کەسانێک کە بە شوێن بەرژەوەندییەوەن یا کەسانێک کە پێیان وایە لە دۆخی سەختدا ناتوانن بژین، دەتوانن ڕیزەکانی شۆڕش بەجێ بێڵن و بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.

بەشێک لە وتەکانی مەلا مستەفا بارزانی وەک ڕێبەرانی ئەو شۆڕشە کە لە بیستی تشرینی ساڵی هەزار و نۆسەد و شەست و یەکدا بۆ هێزەکانی خۆی کردووە و  هەندێک ڕاستیی شۆڕشی کورد لە باشوور و بگرە لەهەموو شوێنەکانی کوردستان  دەردەخەن. وتەکانی بارزانی بەو شێوەیەن:

 براینە! نازانم پاشەڕۆژ چی بۆ حەشار داوم. تا ئەوپەڕی توانای خۆم بەربەرەکانی دەکەم و تا بتوانم کوردستان بەجێ ناهێڵم. ئەگەر هیچ هەوڵ و تەقەلایەکیشم لە دەسەڵاتدا نەما و وام لێهات نەتوانم لەوە زیاتر بەردەوام بم، دەچم بۆ سووریا. ئەوەتا ئێوە دەبینن من بە ئارەزووی خۆم مەرگم بۆ خۆم هەڵبژاردووە. جا ئەو کەسەی مەرگ بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ با لەگەڵم بمێنێ. من بەو ڕێگەیەی خۆمدا هەر دەڕۆم بۆ پێشەوە و لەوە بەولاوە کە لەگەڵ خۆمم هەڵگرتووە لە چەک و فیشەک و پارەیەکی کەم هیچی ترم پێ نییە. ئەوە هەموو ئەوەیە کە من هەمە. ئەوانەی لە مەرگ و برسێتی و سەرما ناترسن، با لەگەڵم بمێننەوە. ئەوانەش کە چاوەڕێی هیچم لێ ناکەن با بمێننەوە. چونکە منیش وەک ئێوەم. نە پارەم هەیە و نە چەک. بەڵام ئەوانەی کە وزەی لە ئەستۆگرتنی ئەم ناڕەحەتییانەیان نییە کە بۆم باس کردن، با بڕۆن بەڕێی خۆیانەوە. خوا پاداشتی خۆیان بداتەوە. چونکە تا ئێستا زۆریان لە ئەستۆ گرتووە و لەم ڕێگەیەدا ماندوو بوون. دەمەوێت سەرەڕای ئەم قسانە ئەوەش بڵێم کەوا ئێمە نەتەوەیەکی موسوڵمانی کوردی ستەم دیدەین. پێویستە لە سەرمان داکۆکی لە ماف و شەرەفی خۆمان بکەین. مایەی شکۆ و شانازی و شەرەفیشمان دەبێ کە گیانی خۆمان بکەین بە قوربانیی ئازادیی میللەتەکەمان."

 ئەم قسانەی ڕێبەرێکی کورد لە ناسکترین دەرفەتەکانی مێژووی شۆڕشێکدا کە نە پارە نە چەک و نە ئیمکاناتێک بۆ بەربەرەکانی هەیە، نیشان دەدا شۆڕشی کورد لە سەر بنەمای داکۆکی لە ماف و شەرەفی ئینسانی کورد و بۆ بەدەستهێنانی مافە ئینسانی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەڵگیرساوە. بۆیە تەنانەت لەو هەلەدا، کەسانی پیر و بە ساڵاچووی وەک "حوسێن جەرجیس" کە حەفتا ساڵیشی تەمەن بووە، لە لایەن بارزانییەوە ڕادەسپێردرێن کە دابنیشن وەدرێژە بە شۆڕش نەدەن، بەڵام حوسێن جەرجیس و ئەو هەزار و سەت کەسەی دیکە کە لەگەڵ بارزانین، درێژە بە شۆڕش دەدەن و لەو دەرفەتەوە واتە لە بیستی تشرینی یەکەمی هەزار و نۆ سەد و شەست و یەکەوە، شۆڕشێکی دیکە بۆ وەدەست هێنانی مافەکانی نەتەوەی کورد دەست پێ دەکات. وەردە وردە جوغڕافیای ئەو شۆرشە لە ناوچەی بارزانەوە دەست پێ دەکا وبەرەبەرە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە و لە ماوەیەکی کەمدا، هەزاران کەس ڕەگەڵ ئەو شۆرشە دەکەون و جارێکی دیکەش ئەو ١١٠٠ پێشمەرگەیە دەبنەوە هەزارن پێشمەرگە و لە هەموو کوردستاندا بانگی ڕەوای گەلی خۆیان بڵاو دەکەنەوە.

KURDŞOP
468 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!