عەبدولکەریم قاسم هەنگاوێک بۆ پێش و دوو هەنگاو بەرەودوا - بەشی 1

سەیران ڕەوەندی

 

 لەو شۆڕشانەی کورد کە لە سەدەی بیستەمدا ڕوویان داوە، بە پێی گێڕانەوەی هەموو ئەو مێژوونووس و توێژەرە سیاسییانەی لەسەر ڕووداوە سیاسییەکانی کوردستان نووسیویانە، (جا چ مێژوونووسی کورد و چ مێژوونووس و شێکاری سیاسیی بیانی) دەردەکەوێ هیچ کام لە شۆڕشەکانی کوردی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تاکەکەسی و خولیای نامرۆڤانە و نادادپەروەرانە دانەمەزراون و بە پێچەوانەوە سەرەڕای هەموو کەم و کووڕی و تەنانەت ئەو خەسارانەی هەشیانبووە، لە یەک خاڵی گرینگدا هاوبەشبوون و ئەویش وەدەستهێنانی مافە ئینسانییەکانی مرۆڤی کورد لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ و بە پێی ئەسڵ و یاسای پێکەوە ژیانی نەتەوە دراوسێ و هاوبەشەکان. وەکی لە ویست و کردە و بڕیاری هەموو ڕێبەرانی کورد لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا ئێستا دەردەکەوێ و بە بەیاننامە و پێڕەو و پڕۆگڕامی حیزبی و سیاسیی خۆیان ڕایانگەیاندووە، خەباتی کورد خەباتێکی چوارچێوەدار و ڕوون بووە بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد و ژیانێکی تەبا لەگەڵ ئەو نەتەوانەی کە لە جیرانەتیی کورددا دەژین، یا لەگەڵ کورد لە جوگرافیایەکی سیاسیدا بەستراونەتەوە. گێڕانەوەی "مەسعوود بارزانی" لە بەشی یەکەمی بەرگی سێهەمی کتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد"دا کە باسی بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلوولی هەزار و نۆ سەد و شەست و یەک دەکا، بەشێک لەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخا.

"مەسعوود بارزانی" بەر لە هەموو شتێک بابەتێکی ئەخلاقی لە سیاسەتدا دێنێتە ئاراوە و وەک خۆزگەیەک باسی ئەو شتە ئەخلاقییە دەکا کە نیشاندەری شێوازی سیاسی و جۆری سیاسەتکردنی شۆڕشگێڕانی کورد لە سەدەی بیستەمدا بووە. واتە ئەوەندی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی حاکم بە سەر کوردستاندا، سیاسەتیان لەسەر بنەمای فرت و فێڵ و بەلاڕێدابردن و چەوساندنەوە و درۆ دامەزراندووە، گێڕانەوەی بارزانی نیشان دەدا ئەوان قەدرزانی تەنانەت ئەو کەمترین چاکانەن کە سیاسییە غەیری کوردەکان دەرهەق کورد کردوویانە. بۆیە بارزانی لەو گێڕانەوەیەدا سەرەتا وەک خۆزگە دەڵێت: "خۆزگە شۆڕشی ئەیلوول لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا ڕووی نەدابا، بەڵکوو ئەو شۆڕشە یا پێش عەبدولکەریم قاسم یا دوای عەبدولکەریم قاسم ڕووی دابا".  بۆچی؟ چۆن عەبدولکەریم قاسم لە سەرەتای هاتنەسەر کاریدا، وەک پیاوێکی سیاسیی کراوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی و لەگەڵ خێڵی بارزان لەسەر بنەمایەکی سیاسیی دروست دادەمەزرێنێت. ئەو تەنگ و چەڵەمانەی بە سەر ڕێبەرانی سیاسیی بارزانیدا سەپێنرابوون لادەبا. بۆ وێنە بەندکرانی "شێخ ئەحمەدی بارزان" و باقی ڕێبەرانی سیاسی هەڵدەوەشێنێتەوە. مەلا مستەفای بارزانی پاش ساڵیانێکی زۆر دوورخراوەیی لە یەکییەتیی سۆڤیەتەوە دەگەڕێتەوە عێڕاق و وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی و سیاسییەکی گەورە، بە شکۆوە لە لایەن قاسمەوە پێشوازیی لێ دەکرێ.  واتە عەبدولکەریم قاسم لە سەرەتای هاتنەسەرکاریدا، کرانەوەیەک لە کەش و هەوای سیاسی عێراقی ئەوسەردەمدا ساز دەکا. هەر ئەو کرانەوە و فەزا سیاسییە تازەیە دڵخۆشییەک بۆ هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق بە تایبەت بۆ کورد کە بە دەیان ساڵ بوو خەریکی قوربانیدان بوو دەستەبەر دەکا.  وەک ئەو کتێبەی مەسعوود بارزانی و باقی مێژووە سیاسییەکانی ئەو سەردەمە باسی دەکەن، بۆ یەکەم جار کورد لە عێڕاق و بە گشتی لە ئاستی هەموو پارچەکانی کوردستاندا لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە دان بە مافی دادەندرێ و  بە شەریکی سیاسی ناوی دەبردرێ.

ئاواتێک کە مەسعوود بارزانی لەو کتێبەدا خواستوویەتی و دەکرێ لەنگەری لەسەر بگیرێ ئەوە دەگەیەنێ کە  کورد نە تەنیا تەمای درێژەدان بە شەڕ و تێکهەڵچوون و پشێویی نەبووە، بەڵکوو ئەگەر لە ماوەیەکی زۆر کورتیشدا دەرفەتێک ڕەخسابێ و حکوومەتە ناوەندییەکان بە شەریکی سیاسیی خۆیانیان زانیبێ، ئەوان ئەوپەڕی حەولی خۆیان داوە کە ئەو هاوسەنگییە ڕابگیرێ و بنەمایەک بۆ یەکێتیی نێوان نەتەوەی کورد و نەتەوەی حاکم بە سەر وڵاتدا ساز ببێ.

لەو گێڕانەوەیەدا حەولی مەلا مستەفا بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزان بۆ ڕاگرتنی ئەو دۆخە ئاشتییانە و شارۆمەندانەیە کە عەبدولکەریم قاسم بە بڕیارێک پێکی هێناوە، بە زەقی دەبینرێ. بەڵام عەبدولکەریم قاسمیش وەک هەموو ڕێبەرانی سیاسیی دیکەی نەتەوە باڵا دەستەکان بە سەر نەتەوەی کورددا، بۆ ماوەیەکی کەم لەسەر ئەو بڕیارە سیاسییە دروستەی خۆی دەمێنێتەوە و پاش ماوەیەکی کورت و دیتنی شکۆ و ڕێزی ڕێبەرانی سیاسیی کورد و پێشوازیی جەماوەری کوردستان لە ڕێبەرانی خۆیان و بە زۆر هۆکاری دیکە، پاشگەز دەبێتەوە.  لادانی عەبدولکەریم قاسم لە بڕیارەکانی خۆی بەرانبەر بە کورد و بەرانبەر بەو بڕیارانەی باسی شەراکەت و هاوبەشیی کورد و عەڕەبیان لە جوگرافیای عێراقدا دەکرد، دەتوانێ هەم هۆکاری دەروونناسانەی هەبێت و هەم هۆکاری سیاسی. هۆکارە سیاسییەکانیشی هەم کاریگەریی دەوڵەتانی دراوسێی بە سەرەوەیە و هەم کەشێک کە لە کۆی عێراقدا بە هۆی پێشوازییەک کە لە بارزانی کراوە، کاری کردوەتە سەر بڕیاری پەشیمان بوونەوەی عەبدولکەریم قاسم.

دیارە کاتێک عەبدولکەریم قاسم دێتە سەر کار، وەک هەموو ڕێبەرانی سیاسیی دیکەی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، ئاگای لە پێشینەی خەباتی کورد لە عێراقدا هەیە. هێز و تواناییی ئەو بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە دەناسێ. هێزێک کە ئەو سەردەم پارتی بوویەتی و نفووزێک کە بارزانی لە نێو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان دابوویەتی بە هەند وەردەگرێ و بۆ ماوەیەک کە هێشتا بنەماکانی حکوومەتی خۆی پتەو نەکردووە، پێی وایە بوون لە پەنا شۆڕشگێڕێکی ناسراوی وەک بارزانی، دەتوانێ لە بەشێکی زۆر لە عێراق کە دەبێتە باشووری کوردستان، متمانە و ئیعتیبارێکی سیاسی بۆ ئەو بەدەست بێنێ. بەڵام پاش ئەوەی لە لایەن هێزە سیاسییەکانی دیکەی عێراقەوە دەور دەدرێ، بەرەو ئاقارێک دەڕوا کە وەک هەموو ڕێبەرانی سیاسیی نەتەوە سەردەستەکانی کوردستان، تووشی حاڵەتێکی دەروونی دەبێ کە بێمنەت بێ لە شۆڕشی کورد و لە ئەو پارچەیە لە خاکی عێراق کە بە کوردستان دەناسرێ و پێی وایە دەتوانێ لە ڕێی چەکداری و هێرشی لەشکەرییەوە بێ ئەوەی مافێکی بە کورد دابێ، ئەو ناوچانە بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. هەر بە پێی ئەو تێگەیشتنە لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە دنەدانی حکوومەتە دراوسێکانی کە کوردیان لێ نیشتەجێیە، وەک ئێران و تورکیا، بڕیار دەدات لە هەموو بەڵێنەکانی خۆی بەرانبەر بارزانی و شۆڕشی کوردەوە پاشگەز بێتەوە. حکوومەتە دراوسێکان و بەتایبەت حکوومەتی پاشایەتیی پەهلەوی بە درێژایی تەمەنی خۆی ڕێگای لەوە گرتووە کە کوردی باشوور بتوانن لە گەڵ حکوومەتی ناوەندی بە لێک تێگەیشتن بگەن و لە بەشەکانی دواتر دا زیاتر لەسەر ئەو بابەتە دەڕۆین هەر بۆیە بێگومان لەو دەرفەتە مێژووییەشدا ناکرێ دەستوەردانی نەکردبێ و بەش بە حاڵی خۆی ڕۆڵی لە تێکدانی یەکیەتی و تێکگەیشتنی کورد و عەڕەب نەگێڕابێ.

 

KURDŞOP
418 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!