شیکاریی ناوەرۆکی ژمارەی یەکەمی گۆڤاری نیشتمان، زمانحاڵی کۆمەڵەی ژێکاف – بەشی2

 

دوکتور ئازاد موکری

 

بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

وتاری چوارەمی ژمارە یەکی گۆڤاری نیشتمان، بابەتێکە بە نێوی "سەرکەوتن بە زۆر و کەمی نییە". ئەو وتارە کە هی نووسەرێکە بە نێوی "بیژەن"، شیکاریی ئایەتێکی قورئانە بەڵام واتایەکی ئاسمانیی بۆ مەبەستێکی زەوینی بە کار هێناوە. واتە سێکۆلاریزەکردنی بابەتێکی موقەددەسە. ئایەتەکە ئەوەیە "كَمْ مِنْ فِئَةٍ قَلِيلَةٍ غَلَبَتْ فِئَةً كَثِيرَةً بِإِذْنِ اللَّهِ" واتە زۆر دەستەی بە ژمارە کەم هەن، کە زاڵ دەبن بە سەر دەستەی بە ژمارە زۆردا. هەمیشە وا نییە کە زۆرینە بە سەر کەمینەدا زاڵ بێ، بەڵکوو دەکرێ بە پێی بەرنامە، بنەمای حەقیقەت، ڕاستخوازی و مرۆڤخوازی، کۆمەڵێکی بچووک بە سەر کۆمەڵێکی گەورەدا یان کەمینەیەک بە سەر زۆرینەیەکدا سەربکەون. نووسەر لەوێدا جەخت دەکات کە ئێمە ئەو کەمە مرۆڤانەین کە دەمانهەوێ بە سەر زۆرینەی نەیارانماندا زاڵ بین. تا بتوانین بە تێگەیشتن و بە بڕوای دروست و مرۆڤانەوە زاڵەتیی خۆمان بپارێزین.

وتارێکی دیکەی ئەو ژمارەیە وتارێکە بە نێوی "کورد و عوسبەتولئومەم" یا کۆمەڵی نێودەوڵەتی. ئەو وتارە باسی ئەوە دەکا لە دوای شەڕەکانی هەزار و نۆسەد و چاردە تا هەزار و نۆسەد و هەژدە، "شەریف پاشا" چۆن بۆ مافی کورد بانگ کراوە و لە ڕێکەوتننامەی "سێڤەر"دا بەشداریی کردووە. باسی ئەو کۆمسیۆنانەیە کە بۆ چارەسەری کێشەی کورد پێک هاتوون. باسی بەندەکانی پەیماننامەی سێڤر دەکا و ئەوەی کە لەو نێوەدا کورد چۆن تەنانەت بەشێکی زۆر لە مافەکانی لە یەکێک لە پەیماننامە گرینگە نێودەوڵەتییەکاندا دانی پێدا نرابوو. بەڵام دواتر زلهێزەکان بە گوشاری هێزە ناوچەییەکان پەشیمان دەبنەوە. واتە ئەوان وەکی بۆخۆیان باس دەکەن "سەنەدی سەربەخۆیی کوردستانیان" بۆ بەردەنگەکانی خۆیان گێڕاوەتەوە. نووسەرانی گۆڤاری نیشتمان بە هێنانی ئەو بابەتە ئەوە بە بەردەنگی خۆیان ڕادەگەیەنن کە مافی ڕەوای نەتەوەکەیان زەوت کراوە و ژیانی ئێستای میللەتی کورد بە زەلالەت و بە ناخۆشی دەزانن. واتە ئەو وتارەش بە شێوەیەک ڕوونکردنەوەیەکە بۆ بەردەنگ کە چۆن تەنانەت لە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتیی "کۆمەڵەی نەتەوەکان"یشدا جارێک  دان بە مافی کورددا نراوە و دواتر زلهێزەکان لێی پەشیمان بوونەتەوە و هێزە ناوچەییەکان گوشاریان بۆ هێناون و نەیانهێشتووە  کورد بەو مافە ڕەوایەی بگا.

دوایین بابەتی نووسراوە لەو ژمارەیەی گۆڤاری نیشتماندا کە پەیوەندی بە کوردەوە بێ، بابەتێکە بە نێوی "کوردستان ماڵی کوردە" لە نووسینی "ع. ساسان". ئەو بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی کۆن. واتە لە بیست و حەوت سەدە لەوە پێشەوە باسی چیا و شاخ و کێوەکانی کوردستان دەکا، کە هەر لە سەردەمانی زۆر کۆنەوە کوردیان تێدا نیشتەجێ بوون. ئەو وڵاتە وڵاتی کوردە. ڕەسەنایەتیی کەلتووریی ئەم وڵاتە هەمووی هی کوردە و بە پێی توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسەکان باسەکانی پێشکەش کردووە. ئاماژە بە سەرچاوەی مێژوویی و نووسینی ڕۆژهەڵاتناسان دەکا. نووسەرانی ئەو گۆڤارە بە هێنانەوەی ئەو وتارە دەیانهەوێ بیسەلمێنن کە ئەو جوگرافیایەی ئێستا بە سەر چەند وڵاتدا دابەش کراوە، یەکپارچە بووە و ناوی کوردستان بووە. کوردیشی لێ نیشتەجێ بووە.

لە نێو کۆی ئەو بابەتانەی کە باس کران، تەنیا دوو بابەت هەن کە پەیوەندییان بە نەتەوەی کوردەوە نییە. یەکیان بابەتێکە بەنێوی "پەلامارەکەی ئەو ساڵی ئەڵمان بۆ ڕووسیا" لە نووسینی "م. فەڕۆخ". ئەو بابەتە باسی شەڕی جیهانییە. دیارە وەک زانیاریی گشتی و هەواڵ و شیکاریی هەواڵێک، باسی پێکدادانی ڕووسیا و ئەڵمان کراوە. بابەتێکیش بە نێوی "جگەرە چۆن دەکێشرێ". تێیدا باسی زیانەکانی جگەرە و شێوەی کەڵک وەرگرتن لە جگەرە کراوە. جگە لەو دوو بابەتە کۆی بابەتەکانی دیکەی، پەیوەندییان لەگەڵ ڕۆشنکردنەوەی زەینی مرۆڤی کورد و دەروونی ئینسانی کوردەوە هەیە. باسی خۆناسین، ئەوی تر ناسین، دابڕان لە خورافات، دژایەتیی سەرۆک عێل و و سەرۆک عەشیرە و دەسەڵات و تێگەیشتنی نەریتی و نوێی سیاسەتە.

بەشێکی دیکەی ژمارە یەکی گۆڤاری نیشتمان، بەشی ئەدەبییە. لە چەند شیعر پێکهاتووە. لەو شێعرانە شێعرێکیان شێعری "م.م. هوشەنگ" ئەندامی ژمارە شازدەی کۆمەڵەی ژێکافە. ئەو شیعرە نەتەوەیییە. لەو دەستە لە ئەدەبیات جێ دەگرێ کە بۆ خۆناسین و بۆ ناساندنی دنیای تازە بە نەتەوەکان هاتوونەتە بەرهەم. ئەدەبی هەموو میللەتان ئەو شێوە لە دەقی هەیە کە بە ئەدەبیاتی ڕۆشنگەرانە و وەخەبەرهێنانی نەتەوە ناسراوە. لەو چەشنە دەقانەدا ئەرک دەخرێتە سەر شانی شیعر. ئەرکێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی وفەلسەفی.  ئەو دەقانە هەم دژایەتی لەگەڵ سیستەمی نالەباری فیکری دەکا و هەم دژ بە سیستەمی نالەباری کۆمەڵایەتی دەوەستێ. بەو شێوەیە شیعر دەبێتە ئامرازێک بۆ ڕۆشنکردنەوەی تاک بە تاکی نەتەوەیەک، بۆ ئەوەی بتوانن لە بەرانبەر ناڕاستی و چەوتییەکاندا ڕابوەستن. شیعرێکی دیکەی کە هەر لە بەشی ئەدەبیدایە شیعرێکی یەکجار گرینگی شاعیرێکە کە نێوەکەی نەنووسراوە. لە گۆڤارەکەدا نووسراوە "نێوی بوێژەکەیمان بۆ نەناسراوە". بەڵام ئەو شیعرە هی "مەلا مارفی کۆکەیی"ە. یەکێک لە شیعرە هەرەگرنگەکانی ڕۆشنگەرانەی سەدەی بیستەمی نەتەوەی کوردە کە بە بەیتی

"ئەی میللەتی مەزلووم و فەقیر و دەسەوەستان

 بێ عیلم و مەعاریف وەکوو ئەتفالی دەبستان".

 دەست پێ دەکا. چەند بڕگەیەکی گرینگی شێعرەکە ئەوانەن:

هەر بۆمەیە خوێنی جگەر و میحنەت و تاڵی

بۆ ئەجنەبییە نیعمەتی شەهد و شەکەرستان

 بۆ ئاتییە فکرێکی بکەن فرسەتە ئەوڕۆ

تاکەی دەبنە چاولەبەر و ئالەتی دەستان

 ئەو شیعرە بە پێی ناوەرۆکیکی ڕۆشنگەرانە و خەسار ناسانەوە شیعرێکی یەکجار گرینگە. ئەرکی ڕۆشنگەرانەی ئەدیب و نووسەر نیشان دەدا. نووسەر لێرەدا جودا لە پلانیکی جوانیناسانە، ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرانەی وەستووە گرتووە. بەردەنگی شاعیر لەو شێعرەدا نەتەوەکەیەتی. هەر بۆیە پێیان دەڵێ: تا ئێوە ئەو خەسارانەتان ببێ واتە دەستەوەستانی، فەقیری، بێ عیلمی، بێ مەعریفەتی، مەحرووم و دواکەوتوو دەمێننەوە. باسی ئەوە دەکا نەتەوەیەک کە جەهالەت و خورافات تێیدا پەرەی سەندبێ ناتوانێ بە مەبەست بگا، بەڵکوو پێویستە میللەتێکی بوێر بێ، بخوێنێتەوە. دووبەرەکایەتی و چەند بەرەکایەتی تێدا لەناو بچێ. "ئیقدام و قیامێک بکەن" لە سەردەمی تازەدا، چون لە بەیتێکدا باسی چالاک بوونی کۆمەڵگای مەدەنی دەکا و دەڵێ:

ئیقدام و قیامێکی بکەن مەوقیعی کارە

 هەر بۆمەیە تەنها کە بەهار بۆتە زەمستان

 واتە باس لە پێویستی گۆڕانکارییەک لە کۆی سیستەمی فکری و کۆمەڵایەتیدا دەکا. ئەوەش بە هۆی "فەنن و هونەر و عیلم و سەنایع" وەدەست دێ.

بڕوانە بە نووری هونەر و شەمعی مەعارف

تاریکەشەوی ڕەوشەنە بۆتە قەمەرسان

 شاعیر وەرە قوربانی قەریحە و قەڵەمەت بم

 بینووسە لە بۆ ئاکرە و ئامێد و لوڕستان

 باوەندی و سەنجابی و ئافاقی جنووبی

بۆ کوردی پەراکەندە لە گەرمێن و لە کوێستان

 بۆ میللەتی بێچارەیی بێ ساحەب و سەردار

بەخسووس تەبەقەی کوردی عێراق و عەجەمستان

شاعیر لە شیعرەکەیدا نەخشەیەکی کوردستانی گەورەش دەکێشێتەوە. جوگرافیایەک بۆ بەرەنگاری دیاری دەکا. ئەو جوگرافیایە لە باکووری کوردستانەوە دەست پێ دەکا تا باشوور دەگرێتەوە. لە ئاکرێ و ئامێد و لوڕستان و باوەندی و سەنجابیەوە تا باشووری کوردستان. بە واتایەکی دیکە وەکی بۆ خۆی دەڵێ کوردی پەڕاکەندە لە گەرمین و لە کوێستان دەبێ ئیقدام بکەن، قیام بکەن، فەن و هونەر و عیلم و سەنعەت و کۆی ئەو دیاردە مۆدێرنانەی کە لە دوای ڕۆشنگەرییەوە هاتوون وەدەست بێنن. چون ئەوە نووری هونەر و شەمعی مەعاریفە کە هەم تاریکەشەوی ژیان و هەم تاریکستانی فیکر دەکاتە قەمەرستان و ڕووناکی دەکاتەوە. جودا لەوانە تەنیا دوو شیعری تێدایە کە پەیوەندییان بە کێشەی کوردەوە نییە. شێعرێک کە وەرگێڕاوی شێعرێکی مەولەویی کوردە کە پیرەمێرد لە هەورامییەوە کردوویەتی بە سۆرانی. شیعر و باسێکی کورتیش لەسەر وەفایییە.

کۆی ئەو بابەتانەی باس کران، لە ژمارەی یەکی گۆڤاری نیشتمان، بڵاوکەرەوەی بیری “کۆمەڵەی ژێکاف”دا گونجاون. وەکی دەردەکەوێ زیاتر لە نەوەد و پێنج لەسەدی بابەتەکانی ئەو گۆڤارە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی و واتاییان لەگەڵ یەک هەیە. لە گوتارێکەوە هەڵقوڵاون و تەنانەت ئەو شێوە پتەوی و هاوگوتاربوونە لە هیچ کام لە گۆڤارەکانی ئەوڕۆی کورددا بەدی ناکەین. بەڵکوو گۆڤارەکانی ئەوڕۆی کوردستان بوونەتە کەشکۆڵێک کە لە هەموو جوورە شتێکیان تێدا دەبینینەوە. بەڵام هەشتا ساڵ لەوە پێش گۆڤاری نیشتمان خاوەن گوتاری تایبەت بووە و هەموو نووسەرەکان بە دەوری ئەو واتا و داتا و چەمکە کەڵە و قەبانەدا خولاونەوە و  بابەتیان بەرهەم هێناوە.

KURDŞOP
560 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!