شیکاریی ناوەرۆکی ژمارەی یەکەمی گۆڤاری نیشتمان، زمانحاڵی کۆمەڵەی ژێکاف – بەشی1

 

دوکتور ئازاد موکری

 

بەشی پێشەکیی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

لە بەشی پێشوودا باسی ئەوەمان کرد کە “کۆمەڵەی ژێکاف” دەستپێکی ڕۆشنگەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. دیارە لە ئاستی کاری سیاسی و ڕێکخراوەییدا. سازبوونی حیزب و لادان لە نۆرمە نەریتییەکانی کۆمەڵگا وەک عەشیرە و ئەو پەیوەندییە سوننەتیانە یا ئەو فۆڕماسیۆنە نەریتییەی لە کۆمەڵگادایە، بۆ خۆی تازەگەری و ئاراستەیەکی نوێ بوو لە کۆمەڵگای کوردەواریدا. بەڵام ئێمە جەختمان لەسەر چالاکیی کەلتووری و ڕۆشنبیری و ئەرکی ڕۆشنگەرانەی کۆمەڵەی ژێکاف کرد. چون ئەو لایەنانەی وەک لایەنی نەرم لە ئەندێشەی “کۆمەڵەی ژێکاف”دا باسی لەسەر دەکرێ، یەکیان بریتییە لە پرۆژەی "گۆڤاری نیشتمان".

 بە شیکاریی نووسینەکانی ئەو گۆڤارە بۆمان دەردەکەوێ کە تا چەندە گۆڤارێک کە هەشتا ساڵ لەوە پێش دەرچووە، لەو خواست و بیرانە نزیکە کە لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا لە ئەورووپا هاتوونەتە ئاراوە. یەکێک لەو ئاڵوگۆڕانەی لەو سەردەمەدا لە ئەورووپا ساز بوو، ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و شێوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە کە بەردی بناخەی گۆڕنکاریی کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکانە. تا پێش ئەو ڕووداوە شێوەی بەڕێوەچوونی کۆمەڵگا لەسەر دەستی نیزامی ئەرباب و ڕەعیەتی بووە. نیزامی فیۆدالیزم هەموو جومگەکانی کۆمەڵگای ئەورووپای داگرتبوو. سەردەمێک کە کۆمەڵەی ژێکاف دەست بە چالاکی دەکا، هاوشێوەی سەردەمی پێش ڕۆشنگەری دەسەڵاتی فێۆدالەکان لەوپەڕی خۆیدایە. واتە کۆمەڵگا بە دوو چینی سەردەستی ئاغا و چینی ژێردەستی ڕەعیەت دابەش دەبێت. یەکەم کارێک کە لە ئەورووپا کرا بە هۆی ئەو ڕووداوانەی ڕووییان دا، سیستەمی ئەرباب و ڕەعیەتی ئاڵوگۆڕی بە سەرداهات. واتە نیزامی فیۆدالیزم لە پێشدا سست کرا. ئەو کارەش لە لایەن ڕۆشنبیران، نووسەران و تەنانەت هێندێک وردە شازادە کە دەیانویست بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاڵوگۆڕێک لە نیزامی کۆمەڵایەتیدا ساز بێ بەڕێوەچوو. ئەویش بەو مەبەستەی بەڵکوو ئەوان بتوانن دەوڵەت نەتەوەکانی خۆیان ساز بکەن. واتە یەکێکی دیکە لە دەرکەوتەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری، گۆڕینی فۆرماسیۆنی سیاسی لە پاشایەتی و سیستەمی دەسەڵاتی دینییەوە بۆ سیستەمێکی سێکۆلاری دەوڵەت-نەتەوە بوو. ئێستا با بزانین لە ژمارەی یەکەمی "گۆڤاری نیشتمان"دا بابەتەکان بەچ ئاراستەیەکدا پۆلێنبەندی کراون.

هەم سازکردنی دەوڵەت-نەتەوە یەکێک لە ئاکامەکانی پێکهێنانی سیستەمە سێکولارەکانی دوای ڕۆشنگەری بوو، هەمیش بەربەرەکانی لەگەڵ شێوەی بەرهەمهێنانی ئەرباب و ڕەعیەتی لە کۆمەڵگادا. لە سەروتاری یەکەم ژمارەی نیشتماندا هەردووک بابەت بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو دەبینرێن. دووەم بابەتی گۆاری نیشتمان دمەتەقەیەکی دوو کەسییە. لەو دەمەتەقەیەدا کە بە دەمەتەقەکانی "بایز و باپیر" ناسراون و دواتر ئاسەواریان لە کتێبی "بۆ کوردستان"ی "مامۆستا هەژار"دا دەبیننەوە (دیارە هەرچەند نووسراوەکە ناوی بە سەرەوە نییە بەڵام دەزانین بە قەڵەمی هەژار نووسراوە) دوو کەسی ناو دەمە تەقەکە واتە بایز و باپیر کەسانێکن لە چینی ژێردەستی کۆمەڵگای ڕەعیەت. پێکەوە دەدوێن و باسی ئەوە دەکەن کە لە نیزامی فێئودالیدا ئەو کەسانەی بەرهەمهێنن کەمتر بەروبووم وەدەست دێنن لەو کەسانەی کە خاوەن زەوین. واتە ڕەعیەت لە بەرابەر ئەربابدا هیچی دەست ناکەوێ و لە ئاکامدا ئەو دەمەتەقەیە بەوە کۆتایی دێ کە ئەگەر ئەرباب یا ئاغا تەنانەت شتێکیشی نەبێ، خۆ ڕەعیەت هەیەتی و ماڵی ڕەعیەتیش هی ئاغایە. واتە دەردەکەوێ کە لێرەدا بە شێوەیەکی تەنزاوی باسی ئەوە کراوە کە ڕەعیەت لە ماڵەکەی خۆشیدا خاوەنی هیچ شتێک نییە. تەنانەت ئەو گەنمەی بەرهەمیشی هێناوە هی ئاغایە، چون هەر کاتێک ئاغا پێی خۆش بێ دەتوانێ ئەوەی کە "جووتیاری چارەڕەش بە دەستی هێناوە لێی بستێنێ". واتە لە دووەمین بابەتیشدا دیسان جەخت لەسەر ئەو پێکهاتە ناعادڵانە و نابەرابەرەیە کە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا هەیە.

سێهەم بابەتی ژمارەی یەکی گۆڤاری نیشتمان، بابەتێکە بە نێوی "ڕێک کەون تا سەرکەون" لە نووسینی "ع. بیژەن" (ئەمە نازناوی عەبدوڕەحمان زەبیحی بووە). ئەو بابەتەش کورتە چیرۆکێکە کە بە شێوەیەکی تاکبێژی یان مۆنۆلۆگ بگێڕەوە باسی ئەوە دەکات کە "شەوێک لە شەوانی حەڤدە و هەژدەی مانگ، چۆن چاوی لە ئاسمان بڕیوە و ئاسمانی پڕ ئەستێرە و مانگی دیوە. خۆی وەک وەک باڵندەیەک هاتوەتە بەرچاو کە لە ئاسمانی کوردستاندا دەسووڕێتەوە. بە سەر دانە دانەی دیاردە بەرچاو و جوانەکانی کوردستاندا دەفڕێ.  لە "گۆمی وان"ەوە تا "چیاکانی زاگرۆس" و "گۆلی ورمێ" و "موکریان" و "ئەردەڵان" و "کرماشان" و "لوڕستان". واتە لەو چیرۆک و ڕێوایەتەدا ڕاوی سەفەرێکی خەیاڵی بە ئاسمانی کوردستاندا دەکا و هەر کۆێیەک دەڕوانێ دیمەن و سیمای مرۆڤی بێگانە دەبینێ. لێرەدا بگێڕەوە خۆی لە بەرابەر دوو بژاردەدا دەبینێ؛ بژاردەیەک کە خۆشبینانەیە ئەوەیە کە ئایا ئەو کەسانەی من دەیانبینم، ئەو سیما نامۆیانەی وەبەرچاوم دێن، میوانی ئەو وڵاتەی منن؟ خۆشە وڵاتێک ئەوەندەی میوان بێ کە لێی کۆوە بن و ئاوەدانی کەنەوە. بەڵام دواتر و لە بژاردەی ڕەشبینانە و واقیعبینانەدا هەر بۆ خۆی وڵام دەداتەوە: نەخێر ئەو سیما نادیارانە کەسانی نەیار و داگیرکەری کوردستانن کە بە هۆی چەند بەرەکایەتیی خەڵکی کوردەوە ناوچەکانی کوردستانیان داگیر کردووە و لە بەروبوومی ئەو وڵاتە دەخۆن. لە دواییدا کەسێک یان دەنگێک پێی دەڵێ: "ئەگەر پێت ناخۆشە بڕۆ بە نەتەوەکەی خۆت بڵێ سەرکەوتن لە ڕێککەوتندایە، ڕێک کەون تا سەر کەون". ئەو بابەتەش بە شێوەیەک وەبیرهێنەرەوەی ئەو دژایەتییەیە کە کۆمەڵگا لەگەڵ داگیرکەرانی دەکا یان دەبێ بیکا. یەکێک لەو دیاردانەی دەبینین دژایەتیی زوڵم و زۆرە و هەموو فەیلەسووفانی سەردەمی ڕۆشنگەری باسی ئەوە دەکەن کە چۆن دەبێ کۆمەڵگا لە بەرابەر نالەبارییەکاندا و بەتایبەت لە بەرابەر داگیرکاریدا ڕاوەستن. چۆن دەبێ ئەو کەسانەی ئیرادەی مرۆڤەکان و کۆمەڵگا دەخەسێنن بوەستێنن.

سێیەمین وتار وتارێکە لە "میجەرسۆن" کە ڕۆژئاواییەک بوووە و ماوەیەک لە کوردستان ژیاوە. ئەو میجرسۆنە لە دیوانی "تاهیر بەگی جاف"دا باسی کراوە. لە ماڵی جافەکان ماوەیەک ماوەتەوە. ئینگلیزی بووە. لە دیوانی تاهیر بەگدا ئاماژە بەوە کراوە کە چۆن بە دزییەوە بۆ ئەوەی لە کاروباری کوردستان ڕابێ و ئاگاداری هەڵسوکەوت و شێوەی ژیانی کۆمەڵگای کوردستان بێ، وەک بەردەست لە ماڵی وان ژیاوە و تەنانەت زمان و تێگەیشتنی وان بە باشی فێر بووە. دواتر میجەرسۆن نووسینێکی لەسەر کوردستان نووسیوە بە نێوی "میزۆپۆتامیا و کوردستان" کە ساڵی هەزار و نۆسەد و سێزدە لە لەندەن بڵاوی کردووەتەوە. لەو وتارەدا دەردەکەوێ میجەرسۆن دەرهەق بە کورد چی دەڵێ. واتە دیسان نووسینەکە پەیوەندیدارە بە بابەتەکانی پێشوو. ئەوجار کورد لە ڕوانگەی ڕۆژهەڵات ناسانەوە باسی سیمای خۆی نیشان دەدرێتەوە. کەسێکی وەک میجەرسۆن زۆربەی ناوچەکانی کوردستان گەڕاوە و تێیاندا ژیاوە بۆ وێنە ناوچەکانی ئورفا، مووسڵ و هەڵەبجە. دواتر لەو نووسینەیدا باسی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەکا. باسی ئەوە دەکا کە کوردستان وڵاتێکی لە گیران نەهاتووە. تەنانەت باسی شکانی ئوردووی نەتەوەکانی وەک یۆنانی، پارت، ئەشکانی و ڕۆم لە کێوەکانی کوردستان دەکا. نووسەرانی گۆڤاری نیشتمانیش ئەو شێوە بینین و ڕوانینەی میجرسۆن کە بە شکۆوە باسی کوردستان دەکا وەبیر خەڵکی خۆیان دێننەوە. وەبیریان دێننەوە کە چۆن دەبێ ئاگایان لە میرات و پێشینە و خاکی خۆیان بێ. تەنانەت میجەرسۆن باسی ئەوە دەکا کە کورد فەرمانی کەس قەبووڵ ناکا. ناشکێنرێ. لە ناو نابردرێ. حەزی لە شارستانییەت و پێشکەوتنە. نیشتمانەکەی بە کەس نادا. حەز لە چارەی ئەو نەتەوانە ناکا دەیانەوێ حوکمی بە سەردا بکەن. دەیەوێ لە شاخ و دۆڵەکانی خۆیدا ڕەگەز و زمانی خۆی بپارێزێت. دیسانیش لەو نووسینەی میجرسۆن کە ڕاگوزراوەتە نێو ئەو گۆڤارە، جەخت لەسەر نیشتمان، نەتەوە و ماکە شوناس سازەکانی نەتەوەی کورد کراوە. باسی ئەوان بۆ بیرهێنانەوەی نەتەوەی کورد و زیادکردنی ڕادەی متمانە بەخۆیی ئەو نەتەوەیەیە. وەکی ئاماژەی پێ کرا، ئەو بابەتە پەیوەندیدارە بە بابەتەکانی دیکەوە. نووسینێکە لەسەر گەنجینەی ڕۆشنگەرییەکانی دیکە بۆ خوێنەر و بەردەنگی خۆیان.

 

درێژەی هەیە ....

KURDŞOP
557 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!