"کۆمەڵەی ژێکاف" و دەسپێکی رێنێسانس و ڕۆشنگەری لە کۆمەڵگای کوردستان

 

دوکتور ئازاد موکری

 

ڕۆشنگەری لە ڕۆژئاوا

بە پێداچوونەوە بە مێژووی گەلانی پێشکەوتووی دنیا و بە تایبەت ئەو بەشەی کە بە دنیای ڕۆژئاوا ناسراوە، هەموو توێژینەوە کۆمەڵناسی و سیاسی و فەلسەفییەکان خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی ڕۆژئاوادا دەستنیشان دەکەن کە لە چوار سەدە لەوە پێشەوە دەستی پێ کردووە. واتە لە سەرەتای سەردەمی ڕێنیسانس یا "دیسان لە دایکبوونەوە"ی ئەورووپاوە بە سەردەتایەکی تازە دەزانرێ. کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی بەر لەو چوار سەدەیە لە سەردەمێکدا دەژیا کە لە مێژوودا بە "سەدە تاریکەکان" ناودێری دەکەن و هۆی ئەو ناودێرکردنەش پێکهاتەی سیاسیی زاڵ بە سەر ئەورووپادا بوو. ئەو پێکهاتە سیاسییە؛ ئاوێتەیەک لە حکوومەتی ئایینی و پاشایەتی بوو کە دژایەتیی هەر چەشنە بیر و داهێنانێکی نوێی لە بواری زانستی، فیکری و فەلسەفیدا دەکرد. هەموو ئاراستەکانی کۆمەڵگا ڕووەو ناوەندێک دەبوو ڕێکوپێک بکرێن کە ئەو ناوەندە ڕووی لە کلیسا یا لە کۆشک بوو. واتا ئەوەی دواتر لە دینی مەسیحیشدا پێی دەڵێن هاوسەنگی ڕاگرتن لە نێوان دەسەڵاتی کلیسا و دەسەڵاتی کۆشکدا هەمان ئەو باسەیە کە فیلسووفانی رۆشنگەری دەستیان لەسەردانابوو. هەردووک ئەو لایەنانە بە هۆی هەبوونی دەسەڵاتی ڕەها لە ئاستی کۆمەڵگادا، بە توندی دژایەتیی هەر چەشنە بیر و داهێنانێکی نوێیان لە بواری فەلسەفە، هونەر، ئەدەبیات و تەنانەت داب و ڕەسمە کۆمەڵایەتییەکان دەکرد.

لە چوار سەدە لەوە پێشەوە بە پێشەنگایەتیی فەیلەسووف و کۆمەڵناس و بیرمەندانی ڕچەشکێنی ئەورووپا، حەول درا بەشێک لەو فەزا زاڵەی هەموو ئەورووپای داگیر کردبوو تێک بشکێنن، بەڵام بەر لە هەموو شتێک پێویست بوو ئەو کەشە کۆمەڵایەتی یا ئەو جیهانە کۆمەڵایەتییەی شوێنی لەسەر بیری تاکەکانی کۆمەڵگادا دانابوو، بەرەو ئاراستەیەکی باشتر و تازەتر بەرن. بۆیە ئەو فەیلەسووفانە پێش ئەوەی دژایەتیی دوو دەسەڵاتی دین و دەوڵەت بکەن، حەولیان دا پڕۆسەیەک بەرنەپێش کە بە پڕۆسەی ڕۆشنگەری ناسراوە. پرۆسەی ڕۆشنگەری ڕەوتێک بوو لە پەروەردە و فەلسەفە و هونەر و ئەدەبیات دا دەستی پێ کرد و ئاستی تێگەیشتنی مرۆڤی ئەورووپایی بە نیسبەت هەموو دیاردەکان گۆڕی.

لەو ڕەوتەدا بەر لە هەموو شتێک کۆمەڵگا لەمەڕ ڕەهابوونی دەسەڵات، ، فیکر و ئایین ڕۆشن کرایەوە. واتە فەیلەسووف و بیرمەندانی پێشەنگی ڕۆژئاوایی کە بە فەیلەسووفانی ڕۆشنگەری ناسراون، بەر لە هەموو شتێک دژایەتیی ئەو نۆڕم و نەریتە سەپاوانەیان کرد کە لە بنەمادا کۆمەڵگەیان بە لاڕێدا دەبرد و ڕێگایەکی دیکەیان پێشان کۆمەڵگا دا، کە ئەو ڕێگایە مرۆڤی ئۆگری ژیانێکی "ئەم جەهانی" دەکرد. واتە لەو بیرە نوێیەدا ژیان لە بەرابەر دوو بژاردەدا پێناسە دەکرێ. بژاردەیەک ژیانی "ئەو جەهانی" یا ژیانێکی ڕوو لە قیامەتە، کە دەسەڵاتی ڕەهای مەسیحییەت بڕەوی پێ دەدا و بانگەشەی بۆ دەکرد و بژاردەیەک ژیانی "ئەم جەهانی"یە، کە داکۆکی لە هەموو ئەو شتانە دەکا کە بەختەوەری و بەرژەوەندیی مرۆڤ یا ئەو شتەی کە پێی دەڵێن هیومانیزم دەستەبەر دەکا. بە درێژاییی مێژووی ڕۆژئاوا و تا سەردەمی ئێستاش، هەموو گۆڕانکارییە گەورەکان لە هەموو ئاستەکانی ئەورووپادا سەمەرەی ئەو چالاکیە بوو کە ڕۆشنگەرانی ئەورووپا لە دوای سەدە ناوەڕاستەکانەوە بە دەستپێکردنی سەردەمی ڕۆشنگەری کردیان. هەر ئەو سەرچەشن و ئۆلگوویە لە زۆر یەک لە وڵاتان دووپات کراوە.

دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف و دەستپێکردنی ڕۆشنگەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 لە کوردستان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٤٣ و چەند ساڵ پێش ئەویش، شێوەیەک بیری سیاسی و کۆمەڵایەتی گوورا و خۆی گرت، کە ئەو بیر و ئەندێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بە سەرەتایەک لە ڕۆشنگەریی کوردی دادەنرێ.

دامەزرانی "کۆمەڵەی ژێ کاف" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارادایم شیفتێک بوو لە ئەندێشەی مرۆڤی کورددا و وەرچەرخان بوو لە نۆڕم و نەریتە باوە کۆمەڵایەتییەکان کە بناخەیان لەسەر عەشیرە و سوننەتە کۆمەڵایەتییە پێشووەکان دامەزرابوو. بەڵام "کۆمەڵەی ژێ کاف" بە هۆی پێشەنگ بوونی تاقمێک لە ڕۆشنبیران و خوێندەوارانی ئەو سەردەمی کورد، ڕێگایەکی تازەی بۆ بیرکردنەوە و چالاکبوونی کۆمەڵگا و دامەزراندنی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان پێشنیار کرد، کە ئەو ڕێگایە رێگریی دەکرد لە دابەشکارییە نەریتییەکان کە بناخەیان لەسەر عەشیرە، تایفە عێل و هەموو ئەو پێکهاتە نەریتییانە بوو، کە کۆمەڵگای پەرەنگ پەرەنگ دەکرد و لێکی دادەبڕین. دیارە لە مێژووی سیاسیدا دەستکەوتەکانی "کۆمەڵەی ژێکاف" زۆری باس لێ کراوە. بەڵام لە مێژووی کلتووری و فەرهەنگیی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتدا، کەمتر باسی کردە و دەستکەوتە کلتووری و فەرهەنگییەکان یا بە واتایەکی دیکە باسی پرۆسەی ڕۆشنگەری یا پرۆسەی گۆڕینی فیکر لە "کۆمەڵەی ژێ کاف"دا کراوە. ئێمە ئەگەر بە نموونە سەرەتای ئەو پڕۆسەی ڕۆشنگەرییەی کۆمەڵەی "ژێ کاف" بمانهەوێ شی بکەینەوە، دەتوانین بە دەستنیشانکردنی یەکێک لە ژمارەکانی "گۆڤاری نیشتمان" کە زمان حاڵی ڕۆشنبیرانەی "کۆمەڵەی ژێ کاف"ە، ئەو ڕاستییە باشتر تاوتوێ بکەین و لەسەری بدوێین.

ژمارەی یەکەمی "گۆڤاری نیشتمان" لە پوشپەڕی ساڵی ١٣٢٢ی هەتاوی و جوولای ساڵی ١٩٤٣ی زایینیدا بڵاو کراوەتەوە. سەروتاری ئەو ژمارەیە بە ڕوونی باسی ئەو گۆڕانی پارادایمە دەکا کە پێویستە لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەدی بێ. نووسەرانی ئەو سەروتارە داکۆکی لەوە دەکەن کە ئەوان خەریکن ئاراستەیەکی نوێ لە بیرکردنەوە هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ کۆمەڵگای کوردی پێشنیار دەکەن. بۆیە ئەو سەروتارە لە شێوەی بانگەوازێکی بە کۆمەڵ داڕێژراوە. سەروتاری ژمارە یەکی "گۆڤاری نیشتمان" بەردەنگی خۆی نەکردووەتە تایفە و عێل و تاقمێک، بەڵکوو بەردەنگی ئەو بانگەوازە خەڵکی هەموو کوردستانە. لەو سەروەتارەدا باسی ئەوە کراوە:

"کۆمەڵەی ژێکاف بە پێچەوانەی هەموو بەرهەڵست و قۆرت و چەڵەمەیەکی وەکوو دوژمنایەتیی خۆبەخۆ، دووبەرەکی و خۆخۆری، پووڵپەرستی و بێگانە دۆستی کە لە ڕێگای پێشکەوتن و سەرکەوتنی کورددا هەیە، بە هەموو هێز و توانای خۆی تێدەکۆشێت تا زنجیر و چەڵەمەی دیلی و ژێردەستی لە ئەستۆی نەتەوەی کورد داماڵێ و لەم کوردستانە لەت وکوتەی ئێستا، کوردستانێکی گەورە و ڕێکوپێک بینێتە بەرهەم کە هەموو کوردێک بە سەربەستی تیا بژیت. زۆر کەس وا لێکدەدەنەوە کە ئەبێ نەتەوەی کورد بە زۆر و نیرووی چەک لە دیلی ڕزگار بکرێت، بەڵام ئەوانە هەموو بە هەڵە چوون و ڕێگای ڕاستیان لێ ون بووە. چونکوو چەک و تفاقی شەڕ کە لە چنگ کورددایە لە بەرامبەر چەک و تفاقی شەڕی ئەمانەی بوونە بەر هەڵەستی سەربەستی ئێمە کار ناکات. ئەبێ کورد بزانێت ئیمڕۆ تفەنگ لە چاو گوللـە پژێن و تۆپ و تانگ و فڕۆکە و تا دوایی، تۆقتۆقەیەک زیاتر نییە. تەنیا ڕێگایەکی دەبێ کورد بەرەو سەربەستی پێیدا بڕوا شەقامی شارستانییەتە. ئەم ڕێگایە ڕاست و ڕەوان دەچێتە ناو مێرگی ئازادی و سەربەستی."

گرنگیی ئەو سەروتارەی گۆواری نیشتمان لەوە دایە؛ هێزێکی تازە دامەزراوی کورد کە یەکەم هێزی ڕێکخراو و یەکەم ڕێکخراوەی سیاسیی کوردە کە پۆلێک ڕۆشنبیر و نووسەر و بژاردەی کۆمەڵگا دایان ڕشتووە و کاریان بۆ کردووە، خەریکن بە پێچەوانەی هەموو بزووتنەوەکانی پێشوو ڕێگایەکی تازە بە کۆمەڵگا و لە پێش هەموو ئەوانەدا خەریکن "ئەوی تر"ی خۆیان بە شێوەیەکی دروست بە خەڵکی نەتەوەی خۆیان دەناسێنن. تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە دوای "کۆمەڵەی ژێ کاف" و "کۆماری کوردستان"ەوە، یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی مرۆڤی کورد نەناسینی "ئەوی تر"ی خۆیەتی. واتە هەموو هێزە کوردییەکان لە هەموو پارچەکانی کوردستان خاوەن کۆمەڵێک توانایی و دەرفەت و تێگەیشتنن. خاوەن ئەو هەست و پرۆژەیەش هەن کە حەول بدەن بۆ ڕزگاریی گەلی خۆیان. بەڵام بە شێوەیەکی دروست "ئەوی تر"ی خۆیان نەناسیوە تا بتوانن لە بەرابەر ئەودا هەموو ئەو میکانیسمە پێویستانەی کە دنیای ئەوڕۆ دەیخوازێ وە دەست بێنن و بە پێی ئەوانە حەول بدەن.

 ئەندامانی "گۆڤاری نیشتمان" زمانحاڵی “کۆمەڵەی ژێکاف” بە دروستی ئەوەیان دەرک کردووە کە بەربەرەکانی لە بەرابەر ئەو هێزە داگیرکەرانەی لە لایەن دەسەڵاتەکانی دنیاوە پڕچەک کراون، ڕەنگە لە بواری چەکداریدا بە تەنیا ئێمە نەگەیەنێتە ئامانج، بەڵکوو لە پاڵ ئەوەوە پێویستە کورد ڕێگایەکی دیکە بگرێتە بەر کە ئەو ڕێگایە دەمانگەیێنێتە ئامانجی کۆتایی. ئەو ئامانجە کۆتایییەی “کۆمەڵەی ژێکاف” بانگەشەی بۆ دەکا "ئازادی" و "سەربەستی"ی مرۆڤە. واتە هەمان ئەو دروشمانەی لە دوای سەردەمی ڕۆشنگەری لە ئەورووپا دەستیان پێ کرد و یەکێ لە دیارترین دیاردەکانی شۆڕشی مەزنی فەڕەنسا بوو، چون شۆڕشی مەزنی فەڕەنسا کە بە شێوەی لۆژیکی بەرهەمی ڕەوتی سێکۆلاریسم و هیومانیسم بوو، یەکێک لە گرنگترین دروشمەکانی ئازادیی مرۆڤە. بڕیاردەرانی “کۆمەڵەی ژێکاف” کە دواتر نێوی زۆربەیان ئاشکرا بوو لەو ڕۆشنبیر و تێگەیشتووانەی کورد بوون کە هەشتا ساڵ لەمەوبەر ئەو زەروورەتەیان زانیوە و بانگەشەیان بۆ کردووە و بە کردەوە چالاکییان بۆ نواندووە.

هەر ئەو ئەندامانەی کە دواتر بوون بە بناخەی بەشێک لە کلتوور و فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی لە سەدەی بیستەمدا. ناوی هەندێک لەو نووسەرە رۆشنگەرانە بریتین لە مامۆستا هەژار، مامۆستا هێمن، ڕەحمانی موهتەدی، مەنافی کەریمی، مەلا قادری مودەرسی، دڵشادی ڕەسووڵی، محەممەدی شا پەسەندی، عەبدولقادری دەباغی، خاڵەمینی بەرزەنجی، عەبدوڕەحمانی زەبیحی، پێشەوا قازی موحەممەد و زۆر کەسی دیکەش.

لە بەشی داهاتوودا شیکاریی ناوەرۆکی یەکێک لە ژمارەکانی گۆڤاری نیشتمان بە پێی ئەو باسە دەکەین.

 

KURDŞOP
748 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!