سمکۆی شکاک؛ داخوازیی سەربەخۆیی و ڕەتکردنەوەی کارگێڕیی ناوچەیی  بەشی 2

 

دیاکۆ شاسواری

 

بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

"چەند نامەی سمایل ئاغا و شیخ مەحموود بۆ یەکتر"

سمکۆی شکاک، لەو دانیشتنە لەگەڵ ئیدمۆندزدا باسی ئەوە دەکا کە چۆن ئینگلیزییەکان خەیانەتیان بە شێخ مەحموود کردووە. باسی هۆکاری ئەوە دەکات بۆچی شێخ مەحموود بەرەو تورکە کەمالیستییەکان وەرچەرخاوە. چون ئەو پێی وایە شێخ مەحموود لە ڕاستگۆییی ئینگلیزییەکان دڵنیان نییە. ئێدمۆنز دەڵێ پێشنیاری هاریکاری و پارەمان بە "سمکۆ" دا بەڵام "سمکۆ" ڕەتی کردەوە و گوتی من نەتەنیا پارەی ئێوەم ناوێ بەڵکوو نیازیشم پێی نییە چون بە تازەیی لە لایەن شێخ مەحموودەوە پێنجسەد لیرەم وەرگرتووە و پێویستم بە پارە نییە. لێرەدا سمکۆی شکاک دەیهەوێ پێیان بڵێ من پشتیوانی حکوومەتی کوردیی شێخ مەحموودم و ئەویش پشتی منە. هەر بۆیە دەڵێ ئەوەی من پێویستم پێیەتی پشتیوانیی ئێوەیە بۆ سازکردنی حکوومەتێکی کوردیی سەربەخۆ.

لێرەدا شتێکی زۆر سەیرتر دێتە ڕوو کە زیرەکیی سیاسیی سمکۆ دەردەخا. ئەویش ئەوەیە دوای ئەوەی ئێدمۆندز یا وەفدی ئینگلیزی لە پێشنیاری یارمەتیی ماددی بە "سمکۆ" بێهیوا دەبن و دەزانن دەستیان ڕەت دەکاتەوە، لە ڕێگایەکی دیکەوە لەگەڵی دەدوێن؛ ئەویش ئەوەیە کە پێشنیاری ئەوەی پێ دەکەن سەید تەها بکەنە حاکمی ڕەواندز و هەریر و ئەحمەداغای برای “سمایل ئاغای سمکۆ”ش بکەنە حاکمی بادینان و لەو بارەیەوە ڕای ئەو وەردەگرن. ئەوان دەیانهەوێ وەک بەرتیلێک  ئەو پێشنیارە بکەن کە براکەی دەکەنە حاکمی ناوچەیەکی بەرینی وەک بادینان. بەڵام ئێدمۆندز دەڵێ "سمکۆ" زۆر بە توندی لێمان هەڵگەڕاوە و کوتی نە من و نە سەید تەها مافی ئەوەمان نییە حکوومەت بە سەر ئەو ناوچانەدا بکەین. ئێمە کۆچەرین و ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن بە جێی پێشنیاری سپاردنی شارێک و دوو شار بە ئێمە، دەبوو پێشنیاری ئەوە بکەن من وەک نوێنەر بنێرنە لای شێخ مەحموود تا خواستەکانی ئێوەی لەگەڵ باس بکەم و داواکارییەکانی ئەوتان بۆ بێنمەوە. چاوەڕاونی ئەوە بووم ئێوە پلانێکتان بۆ سازکردن و پێکهێنانی دامەزراوەی سیاسی و بە ڕەسمی ناسینی سەربەخۆییی کوردستان هەبێ. لە کۆتاییدا نوێنەری ئینگلیز وڵام دەداتەوە کە ئێمە نە دەتوانین داخوازەکان ڕەت بکەینەوە و نە دەتوانین وەڵامی ئەرێیان پێ بدەینەوە.

ئەوە نیشان دەدا کە “سمایل ئاغای سمکۆ” بە مەبەستی بەرژەوەندیی تاکەکەسی و بەرژەوەندیی بنەماڵەیی و تەنانەت بەرژەوەندیی هۆزەکەی خۆشی، دەستی نەکردووە بە شۆڕش. هەندێک نامەش هەر لەو سەردەمەدا لە نێوان شێخ مەحموود و سمکۆدا ئاڵوێر کراون کە لە "هەفتەنامەی ڕۆژی کوردستان"دا بڵاو بوونەتەوە . ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە نامەکەی “سمایل ئاغای سمکۆ” بە زاراوەی شکاکی نووسراوە و زمانێکی ڕەوانیشی هەیە و وەک حاکمێکی بە توانا و میری وڵاتیک لەگەڵ شێخ مەحموود دواوە.

 

پەیامی سمکۆ بۆ شێخ مەحموودی مەلیکی کوردستان:

بۆ حەزرەتی حوکمداری ئەعزەمی کوردستان جەنابی شێخ مەحموود؛ ئەمڕۆ هەمی نیشان و تواناییە کوردستانی دە دەستی حوکمدارییە تەدایە. بۆ چ تشتی ئەم بێ ئەمری تە ناکەین. هەر تشتێکی بفەرمووی بەرژەوەندیی میللەتی کورد تێدا بێت ئەم حازری دیکەین. ئەز ژ دەڤەرا خۆشناو ژ گوندێ بێتواتەم. م داوا دە کەم کە بێمە شاری سلێمانی هەندێک خەبەری کوردستانی ئێران بۆ جەنابی تە بێژم. وە حوکم کرانا  ئیشی کوردستانی پێویست بە برادەری و دۆستی ئینگلیزە

بزۆری:

موخلیس ئیسماعیل شکاک

بیست و هەشتی یەکی هەزار و نۆسەد و بیست و سێ

پەیامی شێخ مەحموود بۆ سمایل ئاغای سمکۆ:

قارەمانی کوردستان حەزرەتی “سمایل ئاغای سمکۆ” هەڵبەت دان بەوەدا دەنێن کە بە تەنیایی لە ڕێی وەدەستهێنانی ئازادیی نەتەوەی کورد پێش هەموو کەس و بە چ ئازارێک فیداکاریم کردووە. هەر بە هەمان ئەندازەش کۆێرەوەریم دیوە. ئەوڕۆش هاوڕێی قارەمانێکی وڵاتپەرست و کەسێکی نیشتمان پەروەری وەک ئێوە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەوپەڕی داواکانمان درێژە بە خەبات دەدەین. پێویست بە ڕوونکردنەوە نییە هەموو شتێک بە ویژدانی ئێوەی بەرز و بەڕێز دەسپێرم.  بەڵام ئایا بۆ داواکاریی ماف بە بێ دەسەڵات، بێ پەنا، بێ هاریکار، بێ داخوازی خۆمان بخەینە نێو جەرگەی شەڕ و کێشەوە. بۆ ستاندنی مافی کورد ئەو نەتەوەیە قوربانی بکەین. ئەوڕۆ بە فەرمی مافێک بە نەتەوەی کورد نەدراوە کە ئێمە ببینە هۆی جموجۆڵ و دژکردەوەی دوژمنە دەرەکییەکان. هەرچەند ئێمە داوای مافیشمان کردبێ ئەوان وەعدەیان داوە و بەهانەیان هێناوەتەوە و سستیییان کردووە. سێ مانگ پێش حکوومەتی بەریتانیا لەو یارمەتییەی کە وادەی دابوو لە سەد دانە یەکیانی بەجێ نەهێنا. من چۆن نەتەوەی کورد بۆ پێشوازییان بنێرم. بۆ ئەستاندنی ماف شەڕ و تێکهەڵچوونم پێ خۆشە، بەڵام بە ناهەق پێم خۆش نییە تووشی شەڕ بم. خوێنی موسڵمانی کورد نامهەوێ بڕژێ. ئەگەر لوتفیان کرد و مافیان داینێ حازرم بۆ هەر جورە گیانبازییەک. حازر بە هەر چەشنە گیانبازییەکم و هێرشکەرانیش وەلا دەنێم. بەڵام ئەگەر تەنیا بۆ ملکەچی موتڵەق لە بەرابەر حکوومەتی بریتانیادا بێ، بێشک قەول دەدەم کە بێتەرەف و ڕاستگۆیانە لە بەرابەر دەوڵەتی بریتانیادا بمێنمەوە. ئەگەر لەوە زیاتر پێویست بە وتووێژ لە بەینی ئێمەدا هەیە، تکاو ڕەجا دەکەم تەشریف بێنن.

لە نامەیەکی دیکەدا سمکۆ ئاوا بۆ شێخ مەحموود دەنووسێ:

 بۆ بارەگای مەلیکی گەورە موڵکی کوردستان

جگە لە حکوومەتی ئینگلیز کەسی تر نییە کە مافی ئێمە بدا. لە بەرابەر ئەو لوتفەی کە بە ئێمەی دەکا چاوەڕوانی خزمەتیشی لە ئێمە هەیە. ئێمە ئەو مافە بێ هیچ شک و دوو دڵییەک دەتوانین وەدەست بێنین. ئەگەر جەنابی حوکمدارتان دەستوور و ئەمری دەرکردنی ئەوان بفەرموون، بە یارمەتیی خودا بێ ئەوەی خوێن لە لووتی موسڵمانێک بێ دەریان دەکەین و مافمان بە هەر چەشنێک بێ دەستێنین، من وام پێ مەسڵەحەتە کە بە یارمەتیی یەکتری دوژمنان لە خۆمان دوور کەینەوە و مافمان لە بریتانیا و عەرەب وەربگرین.

 

پەیامی شێخ مەحموود بۆ سمکۆ:

 قارەمانی کوردستان حەزرەتی “سمایل ئاغای سمکۆ” بە ڕاستی بۆ هەر نیعمەتێکی ئیختیاری و هەر زەحمەتێک کە لە لوتفەوە سەرچاوەی گرتبێ سوپاسگوزاری پێویستە، بەڵام بۆ لوتفێک کە ڕەوا نەبێ نۆکەری کردن و کوڵفەتی هیچ قازانجێکی نییە بۆ نەتەوە. تەواوی نەتەوەی کورد بێگومان ئامادەی وەدەرنانی دوژمنە بە شەرتێک کە حکوومەتێکی وەک بریتانیا وادە بدا و وادەکەشی بەجێ بێنێ دان بە میللەتبوون و نەتەوەبوونماندا بنێ و مافەکانمان بسەلمێنێ. بەڵام ئێستا من نازانم کێ هەقمان دەدا. لەبەر چی ئێمە دەبێ شەڕ بکەین. بۆ بەرژەوەندیی چ کەسێک دەبێ خوێن بڕێژین. ئەگەر بەو حاڵەی ئێستا ڕازی بین ئەوە هیچ یارمەتییەکی داهاتووی کوردەکان نادا. چون ئەگەر لێمان بپرسن بۆ چ مافێک شەڕتان کرد و خوێنتان ڕەشتووە وەڵامێکمان نییە پێیان بدەینەوە. ئیتر بە جێی دوژمنێکی نافەرمی و ئیتاعەکردنی حکوومەت، بێ تەرەفانەبوون لە ماڵی خۆمان دادەنیشین و ئەوەم پێ باشترە لەوەی کە لەسەر هیچ شەڕ بکەین.

KURDŞOP
632 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!