سمکۆی شکاک; داخوازیی سەربەخۆیی و ڕەتکردنەوەی کارگێڕیی ناوچەیی  بەشی 1

 

دیاکۆ شاسواری

 

 

دیداری سەید تەهای نەهری و سمکۆی شکاک لەگەڵ ئێدمۆندزی ئینگلیسی

 

وەکی سەرچاوە نووسراوەکانی سەردەمی ڕاپەڕینی “سمایل ئاغای سمکۆ” (سمکۆی شکاک) دەری دەخەن و (یەک لەوان کتێبی "کوردەکان تورکەکان و عەرەبەکان" لە نووسینی "سیسێل جی ئیدمۆندز" )باسی دەکەن “سمکۆی شکاک” پاش ئەوەی شۆڕش و ڕاپەڕینێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێ دەکا، لە کۆتاییەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٢٣ی زایینی ڕوو دەکاتە باشووری کوردستان و لە ئاوایی "دەیرە" لە باکووری شاری "هەولێر" دادەمەزرێ. ئیدمۆندز کە بۆ خۆی ئینگلیزی و پیاوێکی سیاسیکار بووە “سمایل ئاغای سمکۆ” بە کەسێکی ترسێنەر و سەرۆکی هۆزی شکاک نێو دەبا. هەروەها باسی ئەوە دەکات کە ئەو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی "کۆتول" یا "قوتور"ەوە دەسەڵاتی بووە هەتا سنووری شاری" بانە".

 ئیدمۆندز لە کتێبەکەیدا باسی دیدارێک دەکا لەگەڵ "سەید تەها نەهری" و هەروەها باسی چاوپێکەوتنی خۆی لەگەڵ “سمکۆ” دەکا. ڕوانینی ئیدمۆندز لەو کتێبەدا هەم بۆ سەید تەها و هەم بۆ “سمایل ئاغای سمکۆ” ڕوانینێکی سەرنجڕاکێش و وردبینانە و تەنانەت دەتوانین بڵێین وەکی  ئۆریەنتالیستەکان پێی دەڵێن ڕوانینێکی کلۆنیالیستانەیە. ئەو بە چاوێکی کڕيار دەر و ژوور و ڕواڵەت و بیری ئەوانی وەسف کردووە و بۆ خوێنەری خستوەتە ڕوو.

 

دیداری سەید تەها و ئێدمۆندز

ئەو وەسفەی ئێدمۆنز لە قەد و بەژن و باڵای سەید تەهای دەکا، لە پیاوێکی سیاسەتمەدار ناوەشێتەوە. بە شێوەیەک باسی ڕواڵەتی سەید تەها دەکا وەکی ئەوەی زۆر بیر و بۆچوونی سیاسیی ئەوی بە لاوە گرنگ نەبێ و زیاتر گرینگی بە قەد و باڵای بدا. هەر بۆیە دەنووسێ: "سەید تەها پیاوێکی بەخۆوەی قەڵەوی چوار شانە بوو. سەد و بیست کیلۆیەک دەبوو. جلکی کوردیی باکووری کوردستانی لەبەردا بوو؛ بە شاڵوارێکەوە کە نێفەکەکەی شۆڕ ببۆوە. شاڵوارێکی ڕێ ڕێ. پەستەکێکی لە شاندا بوو. کڵاوێکی لەسەر نابوو کە زیاتر لە کڵاوخوود دەچوو. لە کۆتایی کڵاوەکەشیەوە ڕیشۆی بە شێوەی ئاسیاییەکان بەردابۆوە. سەید تەها پیاوێکی بە هۆش و گۆش و قەڵەو بوو. ماندوویینەناس بوو. وەک تیرەندازێکی بە تواناش ناسرابوو."

سەید تەها نەهری

 

 ئەوەی ئیدمۆندز لە بارەی سەید تەهاوە باسی دەکا بۆ خوێنەر ڕەنگە زۆر گرنگ نەبێ، بەڵکوو بە لای خوێنەرەوە گرنگ ئەوەیە کە ویست و داخوازی ئینگلیزییەکان لە کورد چ بووە و لە بەرابەردا سەید تەها وەک ڕێبەرێکی سیاسی چ داخوازێکی هەبوو.بە پێی نووسینەکەی ئێدمۆنز دەردەکەوێ ئینگلیزییەکان لە دەست "شێخ مەحموود" ناڕازین. چون شێخ مەحموود هاوکاریی "کەماڵیست"ەکانی کردووە. بەڵام سەید تەها دڵخۆشیی ئینگلیزییەکان دەداتەوە و پێی وایە دەرکردنی تورکەکان لە باشووری کوردستان کارێکی ئاسانە، چون ژماری هەموو ئەو تورکانەی لە ناوچەکانی "ڕانیە" و "ڕواندز" و "زێبار" دامەزراون لە دووسەد و پەنجا کەس تێناپەڕێ. ئەو پێی وایە بە هێزی خۆی و بە یارمەتیی هۆزی "هەرکی" دەتوانن هێزە تورکەکان لە باشووری کوردستان وەدەرنێن و ڕەزامەندیی ئینگلیز بە دەست بێنن.

جی. ئێدمۆندز

 

ئەوەی ئەدمۆنز باسی دەکا نیشاندەری ئەوەیە کە سەید تەها لە بەرابەر ئەو پێشنیارەی بە ئینگلیزییەکانی داوە، داوای مافی کورد یا سەربەخۆییی کوردستانی نەکردووە، بەڵکوو بەرپرسیارێتیی شار و شارۆچکەکانی وەک "ڕواندز" و "ئاکرێ" و "ئامێدی"ی لێ ویستوون و پێی وابوو وەک چۆن سلێمانی لە ژێر دەسەڵاتی شێخ مەحموود دایە، دەبێ ئەو قەزا و ناحییانەی وەک ڕەواندز و ئاکرێ و ئامێدییش بەو پسپێردرێن. ئەوە ئەو شتەیە کە ئیدمۆندز لە دیداری شێخ تەها ڕایگواستووەتە نێو کتێبەکەیەوە و ئەوەی کە چەندی ڕاستە و چەندی لە ڕاستی بە دوورە، بە هۆی نەبوونی سەرچاوەی دی لەو دیدارە ناتوانین لەسەری بدوێین. بەڵام بە گریمانەی ئەوەی ئیدمۆندز خۆی سەر بە دەسەڵاتداران بووە و دواتر بابەتی دژ بەو بابەتەشی خستووەتە ڕوو و خواستی گەورەتر و جوداتر لە ویستەکانی سەید تەهای لە ڕێبەرانی دیکەی کورد گێڕاوەتەوە، شیمانەی ئەوە دەکەین کە ئەو، کۆی دیدارەکەی بە دروستی گێڕاوەتەوە و سەید تەها خوازیاری دەسەڵاتی بەڕێوەبەری لە ناوچەیەکی بەرتەسک لە باشووری کوردستان بووە.

 

دیداری سمکۆی شکاک و ئێدمۆندز

بەڵام هاوکات لەگەڵ بوونی سەید تەها لە باشوور، وەکی باس کرا لە ساڵی ١٩٢٣ی زایینیدا “سمکۆی شکاک”یش چووەتە باشووری کوردستان و بە هۆی بوونی ئینگلیزییەکان لە هەولێر، ڕووی لە هەولێر نەکردووە. چون سمکۆ چ متمانەی بەوان نەبووە. لەوە ترساوە جاسووس و سیخوڕی دوژمنانی بە تایبەت لە ئێرانەوە دەرفەتی لێ بێنن. بۆیە زۆر وریایانە هەڵسوکەوتی کردووە و نەچووەتە هەولێر. بەڵکوو لە "بەحرکە" کە هی هۆزی "گەردی"یە دەمێنێتەوە. هەر بەو شێوەیەی کە ئیدمۆندز باسی شێخ تەها دەکا، لە پێشدا لە ڕواڵەتی “سمایل ئاغای سمکۆ”وە دەست پێ دەکا و باسی ڕواڵەت و شێوەی پۆشتەبوون و شێوەی داب و ڕەفتاری “سمکۆ”و هاوڕێیانی دەکا.

 ئیدمۆندز دەڵێ “سمکۆ” و "ئەحمەدئاغا"ی برای و چەند کەسێکی بە ساڵا چوو لەگەڵ سەد و بیست کەس لە چەکدارانی لایەنگری خۆی لەو شوێنە بوون. باسی ئەوە دەکات کە جلوبەرگی ئاغاکان لەگەڵ سەربازە ئاساییەکان جیاوازیی بووە. ئاغاکان جلوبەرگی هاوشێوەی یەکیان لەبەردابووە. جسنی جلەکانیان لە پارچەی فاسۆنیای ئینگلیسی بووە. ڕەنگی جلەکانیان خاکی بووە و چەکمەی درێژیان لە پێدابووە و کلاویان لە لەسەر ناوە و مێزەریان بەستووە و پشتێندیشان لە پشت هاڵاندووە.

هەر ئەو شێوە وەسفە لەسەر هەموو وردەکارییەکانی ڕواڵەتیان لە بلوز و دوگمە و شاڵوارەکانیانەوە تا هەموو وردەکارییەکانی قەڵافەتی سمکۆ و چەکدارەکانی دەکار دەکا. بەڵام زۆر قەدوباڵای سمکۆی پێ سەرنجڕاکێش دەبێ. بۆیە باسی ئەوە دەکات و دەڵێ: "پیاوێکی باریکەڵەی، دەستەی ژیکەڵە بوو. زۆر لە ئەورووپاییەکان دەچوو. سمێڵێکی بۆری بوو کە دەیتوانی ڕوخساری هەر ئەفسەرێکی ئینگلیزی بڕازێنێتەوە. بزەیەکی دڵبزوێنی بوو. پیاوێکی شەرمێون بوو. لە ژێر بزەکەیدا ددانە وردەکانی وەدەر دەکەوتن و شێوەی هەڵسوکەوتیشی تا ڕادەیەک وەک سەید تەها دەچوو. بە پێی ئەو وەسفەی ئیدمۆندنز دەردەکەوێ ئەو تیپەی پێ سەرنجڕاکێش بووە و نەزم و ڕێکوپێکیی قەلافەتی سمایل ئاغا و سوارە و پیادەی هاوڕێی ئەوی بە گرینگ زانیوە. واتە لە وەسفی ڕواڵەتدا گرینگیی زیاتر بە سمایل ئاغا دەدا تا سەید تەها. با بزانین ئەو گرینگییە لە گێرانەوەی دیدارەکەشدا خۆ نیشان دەدا؟ واتە ئایا ئەو دوو بابەتی ڕواڵەت و بیرە، کاریگەرییەکیان لەسەر جۆری گێڕانەوەی ئیدمۆندزی سیاسیکار و نووسەر هەبووە.

ئەوەی کە ئێدمۆنز لە باسی دیداری سمکۆ دەیگێڕێتەوە جیاوازیەکی بەرچاوی جۆری تێگەیشتنی سمایل ئاغا و سەید تەهامان نیشان دەدا.  سمکۆ سەرەتا دەیهەوێ بە ئینگلیسییەکان بسەلمێنێ کە ئەو لێقەوماو نییە. واتە وەک کەسیکی بێ دەرەتان لەگەڵیان نادوێ. بۆیە لە پێشدا باسی دۆخی خۆی و پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی پەهلەوی دەکا. باسی ئەوە دەکا کە ئەگەر مەبەست کێشە لەگەڵ حکوومەتی پەهلەوی بێ، من کێشەیەکی ئەوتۆم لەگەڵیان نییە، چون ئەوەندەی ئەوان زەربەیان لە کورد داوە، منیش ئەوەندەم زەربە لێداون. بۆیە ئەگەر پێویست بێت دیسانیش لە بەرانبەریاندا دەست دەکەمەوە و بوونیشم لێرە واتە لە باشووری کوردستان بە مانای ئاوارەیی و بێ پەنا و داڵدەیی نییە. من وەدووی ویستی نەتەوەکەم کەوتووم و دەمهەوێ ویستی نەتەوەکەم لە ڕێی هاریکاریی حکوومەتە بەتواناکان و یەک لەوان ئینگلیزەوە وەدەست بێنم. هەروەها باسی ناڕەزایەتیی خۆی لە هەڵسوکەوتی ئینگلیزییەکان دەکا.

 

درێژەی هەیە .....

KURDŞOP
593 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!