حەمەڕەشیدخانی بانە لە چەکدارێکی یاخییەوە تا ژێنڕاڵێکی بەشکۆ – بەشی 2

 

لەیلا زەمانی

 

بەشی یەکی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

هەر لە سەردەمی ئەو وتوێژانەی نوێنەرانی کورد بە سەرۆکایەتیی حەمە ڕەشیدخانی بانە لەگەڵ ئەفسەرانی ئینگلیزدا، دۆخی ناوچەکانی بانە و سەقز و مەریوان لە بەرژەوەندیی حەمەڕەشیدخان و ئەو خانە کوردانەی  هاوڕێی بوون دەگۆڕدرا. بە هۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندی، هێزەکانی چەکداری حکوومەت پادگانەکانیان چۆڵ کرد و شارەکانی بانە و مەریوانیان جێهێشت و بەجێی ئەوان هێزەکانی ڕووس چوونە نێو پارێزگای کوردستان(سنە)ەوە. ئەو هێزانە لە سەقزەوە بەرەو بانە جووڵەیان پێ کرا. بەڵام پێش ئەوەی ڕووسەکان بچنە نێو بانەوە لە لایەن بەشێک لە خەڵکی ئەو شارەوە پێشوازییان لێ کرا. هەرچەندە بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان و خەڵکی بانە بە هۆی ئەوەی کە لە هێزە دەرەکییەکان و لە دەست هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ناوەندی خەسارێکی زۆریان پێگەیشتبوو، تووشی دڵەڕاوکێ ببوون. بەڵام دوای ئەوەی چاردە کامیۆن سەرباز و ئەفسەر و فەرماندەری هێزەکانی ڕووس چوونە نێو شاری بانەوە و لە لای بەڕۆژەکۆنەوە خۆیان خزاندە شارەوە، خەڵکی مەجبوور بوون لەگەڵ دۆخی تازە خۆیان ڕابێنن.

لەڕاستەوە....
شێخ عەبدولی خونیانە،ئەنوەربەگی حەمەڕەشید خانی بانە،‌مەجید خانی حەمەڕەشیدخانی بانە،حەمە ساڵح بەگ...!

 

هێزەکانی ڕووس بێ ئەوەی پەلاماری خەڵکی بدەن بە شێوەیەکی زۆر پارێزگارانە چوونە نێو شارەوە. لە لایەن کەمینەی جوولەکەی بانەوە پێشوازییان لێ کرا و قوربانییان بۆ کرا. یەکەم کارێک ڕووسەکان کردیان ئەوە بوو کە فەرماندەرانی نیزامیی پادگانەکانی بانەیان چەک کرد. بەشێکی زۆر لە چەکدارەکانی ئەوێیان بە کامیۆن ڕەوانەی شاری ورمێ کرد. ئەوە بەو واتایە بوو کە سەربازخانەکانی شاری بانە و شارەکانی دەوروبەر لە هێزی چەکداری حکوومەتی ناوەندی بەتاڵ کراون. هێزە چەکدارەکانیش کە لە پادگان دەرکران بە زووترین کات خۆیان ئامادە کرد کە هەرکام بگەڕێنەوە بەرەو شاری خۆیان وناوچەکانی کوردستانیان بە جێ هێشت. بەو پێیە تەنیا هێزێکی چەکدار و تەیار کە لە نێو شاری بانە و شارەکانی دەوروبەر ماوە، هێزەکانی پارێزەری سنووری یا ژاندەرمەری بوون کە هەم تاقمیان کەم بوو هەم چەک و چۆڵ و هێزی بەرگرییان لە ڕادەیەکی زۆر کەم دا هەبوو.

 حەمە ڕەشید خان لەو سەروبەندەدا کە دەیدی هەم هێزی ناوەندی لە شاری بانە لە لاوازبووندایە و هەم بزووتنەوەی کوردایەتی و خواستی سەربەخۆییی کوردستان و داواکارییە رەواکانی خەڵکی کورد پەرەی ستاندووە، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە شاری مووسڵ لە ژێر چاودێریدابوو، ئەو هەلە دەقۆزێتەوە و دێتەوە ناو ناوچەی خۆی. ئەو وێڕای براکەی واتە "محەممەد ئەمیر خان" دەچنە ئاوایی "بۆیێنی خواروو" و لەگەڵ بەگزادەکانی بانە بۆ وێنە "عەبدوڵڵا خانی سەیران" و "محەممەد ڕەشید بەیگ" و "قادرخانی ئارمردە پەیوەندی ساز دەکا بۆ ئەوەی بتوانن بۆ جارێکی دیکە هێزێکی تۆکمە و چەکدار ساز بکەن و لەگەڵ هێزەکانی ناوەندی ڕووبەڕوو ببنەوە.

ژێنراڵ حەمەڕەشید خانی بانە و حەمەساڵح بەگی برای بە دوورخراوەیی لە شاری "ڕومادیە" ساڵی۱۹٤٦

 

دوای ئەوەی حەمە ڕەشیدخان لەگەڵ کەسانی بڕوا پێکراو و خانە ناودارەکانی ئەو ناوچەیە یەک دەبنیێ، لە ئاوایی "تەرخاناوا"وە پەیامێک بۆ سەرۆکی پادگان و ژاندەرمەریی بانە دەنێرێ. وێڕای ئەو پەیامە گوللـەیەکیان بە دیاری بۆ دەنێرێ بە نیشانەی ئەوەی ئەوان خۆیان تەسلیم کەن و ئەگەر هێزەکان بە شێوەیەکی ئارام خۆیان تەحویل بدەن پێکەوە دەسازێن و ئەگەر نا تووشی کێشە دەبن. لە بەرانبەر ئەوەدا فەرماندەی پادگان و سەرۆکی دایرەکانی ئەو شارە وڵامی داخوازییەکانی حەمە ڕەشیدخان نادەدەنەوە و سووکایەتیی پێ دەکەن و نامەیەکی بۆ دەنێرن. وێڕای نامەکە بە نیشانەی سووکایەتی لەچکەیەکی ژنانی بۆ دەنێرن. بۆیە حەمە ڕەشیدخان بڕیار دەدا لە بەرابەر ئەو بێحورمەتییەدا بێدەنگ نەبێ. هەر بۆیە ئەو و خانەکانی دەوروبەری بانە لە هاوینی ساڵی هەزار و سێ سەد وبیست، هێرش دەکەنە سەر شاری بانە.

حەمەرەشید خان هەر بەو هێرشە شاری بانە داگیر دەکا و دوای ئەوە شارەکانی سەقز و سەردەشتیش دەکەونەدەست هێزەکانی حەمە ڕەشیدخانی بانەوە. حەمە ڕەشیدخانی بانە دوای ئەوەی بەشێکی زۆر لەو ناوچانە بە دەستەوە دەگرێت، کەسانی باوەڕپێکراوی خۆی دیاری دەکات بۆ ئەوەی بەسەر ئەو ناوچانە ڕابگەن و هەروەها هێزەکانی خۆشی بەرەو شارەکانی سەقز و بۆکان و باشووری کوردستان ڕەوانە دەکا.  لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە لەشکری خۆی بۆ ئازادکردنی شاری مەریوان دەنێری . ئەو هێزانە لەگەڵ بەرەنگاریی ئەرتەشی ئێران بەرەو ڕوو دەبن و پاشەکشە دەکەن.  ئەو شەڕ و پێکدادانانە درێژەی دەبێت تا ساڵی هەزار و سێسەد و بیست و چواری هەتاوی. لەو ساڵە دا لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان و بۆ وێنە ناوچەی موکریان و ورمێ و هەوشار، جووڵەی سیاسیی نوێ دەست پێدەکا. رێبەرایەتیی ئەو بزووتنەوەیە لە ئەستۆی پێشەوا قازی موحەممەد بووە. ناوچەی موکریان بە ڕێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەمەد بزووتنەوەیەکی دەست پێ کرد کە لە مێژووی کورد دا بێ هاوتا بوو. ئەو رێبەرە مەزنە کۆماری کوردستانی راگەیاند کە تا ئێستاش گەورەترین دەستکەوتی سیاسیی کورد بووە.

لە ڕاستەوە: حەمەڕەشید خانی بانە - حاجی بابەشێخ سیادەت (سەرۆکوەزیرانی کۆماری کوردستان)

پێشەوا حەولی دا ئاڵۆزییەکانی کوردستان بەرەو ئارامی بەرێ. هێزە پرش و بڵاوەکانی کوردستان لە ژێر ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا کۆ بکاتەوە. سازمان بدا بە کار و باری سیاسی و چەکداری و هەر بەو مەبەستە دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان ئەو هێز و تواناییەی کە حەمە ڕەشیدخان لە ماوەی ڕاپەڕینی خۆی لە ناوچەکانی مەریوان و بانە و سەقز وەدەستی هێنابوو بە هەموو هێزی خۆیەوە دەینێتە خزمەت کۆماری کوردستان و لە لایەن پێشەوا قازی محەممەدەوە دەرەجەی ژێنڕاڵی پێ دەدرێ و پارێزگاری لە ناوچەکانی مابەینی بۆکان و سەقز دەکا. لە دەوامەی یازدە مانگەی تەمەنی کۆماری کوردستاندا، حەمە ڕەشید خانی بانە خزمەتێکی شایان بە کۆماری کوردستان دەکا و یەکێک لە ژێنڕاڵە ناودارەکانی ئەو کۆمارە دەبێ.

ژێنراڵ حەمەڕەشیدخانی بانە و ژێنراڵ محەمەدحسێن خانی سەیفی قازی  لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگەی کۆماری کوردستان

 

KURDŞOP
2618 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!