حەمەڕەشیدخانی بانە لە چەکدارێکی یاخییەوە تا ژێنڕاڵێکی بەشکۆ – بەشی 1

 

لەیلا زەمانی

 

هەر وەک دەزانین شەڕی جیهانیی دووەم لە ساڵی هەزار و سێسەد و هەژدەی هەتاوی (1939ی زایینی) دەستی پێ کردوو تا ساڵی هەزار و سێسەد و بیست و چواری هەتاوی (1945ی زایینی)ی خایاند. ئەو شەڕە بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزەکانی سۆڤیەت و ئینگلیزەوە داگیر بکرێت. هەر لەو سەردەمەدایە کە "ڕەزا شا" دەستی لە دەسەڵاتداری کێشایەوە و ئینگلیزییەکان ناچاریان کرد ئێران بەجێ بێڵێ و لە ئێرانیان دوو خستەوە و بە جێی ئەو کوڕەکەی واتە "حەمە ڕەزاشا"یان لەسەر تەختی پاشایەتیی ئێران دانا.

وێنە: حەمە ڕەشیدخانی بانە

 لە سەردەمی دەستاودەستبوون و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ئێراندا، لە ڕەزاشاوە بۆ حەمە ڕەزاشا، لە هەموو ناوچەکانی ئێران ئەو بۆشاییی دەسەڵاتە هەستی پێ کرا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرۆک عەشیرە و سەرۆک عێلەکان پێش هەموو کەس هەستیان بەوە کردووە کە بە هۆی لەناوچوون یا لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندی، دەتوانن بەشێک لە داواکارییەکانی خۆیان بخەنە ڕوو و ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیان فراوانتر بکەنەوە و هێزی خۆیان زیاتر بکەن. لە سەردەمی رەزا شادا بەشێکی زۆر لەو سەرۆک عەشیرە و سەرۆک عێلانەی کوردستان، خرابوونە بەندیخانەوە. بە تایبەت ئەو کەسانەی هەست و ئینتمایەکی نەتەوەییان بوو. بەشێک لەوانە بۆ وێنە "حەمە ڕەشید خان"ی قادرخان زادە، "مەحموودخانی دزڵی" "مەحموودخانی کانی سانانی" لەو کەسانە بوون کە خرابوونە بەندیخانەوە.

وێنە: حەمەڕەشید خان لە دیداری عەبدولکەریم قاسم

 لە دوای ئەوەی ڕەزا شا لە ئێران دوور دەخرێتەوە و کوڕەکەی دێتە سەرکار،  پشێوییەک لە کۆی ناوچەکانی ئێراندا دێتە ئاراوە. ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەڕتەشی شای ئێران تووشی ئاڵۆزی و لاوازی بێ. بەشێکی زۆر لە سەرۆکی ئەرکان و پادگان و بنکە نیزامی و چەکدارەکانی ئێران کە بە هۆی نەبوونی فەرمانێکی ناوەندییەوە تووشی سەر لێشێوان ببوون، ئەو دۆخە وای کردبوو خەڵکی ئاسایی لە ناوچەکانی وەک کوردستان و لوڕستان و خۆراسان و زۆر ناوچەی دیکەی ئێران هێرش بکەنە سەر پادگانەکان و چەکدارانی دەوڵەتی شاهەنشایی چەک بکەن. هۆکاری سەرەکی ئەوە بوو کە دەوڵەتی ڕەزا شا، لە ناوچە غەیرە ناوەندییەکان و لە ناوچە غەیرە فارسەکاندا، توندوتیژییەکی یەکجار زۆری نواندبوو.. بۆیە لە ناوچەکانی وەک خۆراسان و ئەهواز و کوردستان و ئەو ناوچە سنوورییانە، خەڵکی دڵیان لە حکوومەتی ناوەندی پڕ بوو، بە تایبەت ڕێبەرانی خەڵکی و سەرۆک عەشیرەکەکان کە هەستێکی نەتەوەییشیان هەبوو، لە ڕێژیمێک کە خۆی تەیار کردبوو بۆ ئەوەی هەموو ماکە شوناس سازەکانی ئەو نەتەوانە بسڕێتەوە و کەسایەتییە کاریگەرەکانیان بخاتە بەندیخانەوە داخدار بوون. بەو هۆیەوە دوای لە سەرکار لابرانی ڕەزاخان، ئەوانە هێندێک جموجوڵیان دەست پێ کرد.

حەمەڕەشید خان و کۆمەڵێک لە چەکدارەکانی لە شاری سەقز

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەوەی خەڵک و سەرۆک عەشیرەکان هەستیان بە لاوازیی حکوومەتی ناوەندی کرد، بە هەموو شێوەیەک یەکییەتی و یەک دەنگییەک لە نێوان عەشیرە و هۆزەکان شکڵی گرت. سەرۆک عەشیرەکانی ناوچەکانی بانە و مەریوان و هەورامان یەکتریان دیت و لەسەر داواکاریی خۆیان و خەڵکی کورد دانوستانیان کرد. خەڵکی خۆیان و کەسانی خۆیان چەکدار کرد. بە تایبەت سەرۆک عەشیرەکانی مەریوان و هەورامان لەژێر فەرماندەریی ڕێبەرایەتیی "حەمەڕەزا خانی مەریوانی" و مەحمودخانی کانی سانان"ی و "مەحمودخانی دزڵی" دا خۆیان رێک خست. ئەوانە خۆیان تەیار کرد و ناوچەکانی دەوروبەری شار و ئاواییەکانیان بە دەستەوە گرت و تەنانەت هێزیان پۆشتە کرد بۆ ئەوەی بچنە نێو شاری سنەوە و ئەو شارە گەورەیەش ئازاد بکەن.

 

وێنەی حەمەڕەشید خانی بانە لەگەڵ کۆمەڵێک کەس دا لە گوندی شیوە گوێزانی چەمی شلێری سەربە شاری پێنجوێن ساڵی۱۹٥۹..!

 

لە لایەکی دیکەوە لە ناوچەکانی سەرووی سنە و هەورامان و مەریوان، واتە لە ناوچەی بانە، حەمە ڕەشید خان و باقی خان و دەسەڵاتدارانی ناوچەی مەریوان و هەورامان کە هەستێکی نەتەوەییان هەبوو، جیا لەوەی دەیانهەویست ناوچەکانی خۆیان بە دەستەوە بێ، ویستێکی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیشیان هێنا ئاراوە. ئەوانە خوازیاری ئەوە بوون کە کوردستانێکی سەربەخۆ پێک بێنن. دیارە هەم حەمە ڕەشید خان و هەم ئەو خانانەی دیکەی لەگەڵ ئەو هاوپەیمان بوون، پێکەوە بڕیاریان دابوو کوردستان و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەربەخۆ بکەن. ئەوان ئەوەندەش لە کار و باری نیودەوڵەتی و سیاسی تێدەگەیشتن کە دەبێ پشتیوانێکی نێونەتەوەیی بۆخۆیان بدۆزنەوە و دەیانزانی بە بێ پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حکوومەتە دەسەڵاتدارەکان ناتوانن پڕۆژەی خۆیان جێبەجێ بکەن.

حەمە ڕەشید خان و مەلامستەفا بارزانی

بەو مەبەستە حەمە ڕەشیدخان و باقی خانەکانی مەریوان و هەورامان، داوایان لە وڵاتی بەریتانیا کرد لەگەڵیان دابنیشێ. نوێنەرانی ئەو وڵاتە و بە تایبەت ئەفسەر و پلەدارەکانیان کە لە شاری سنە نشتەجێ بوون پێمل بوون لەگەڵ ئەو کەسانە وەک نوێنەرانی کورد دابنیشن و داخوازییەکانیان ببیستن. وتووێژی حەمە ڕەشیدخان و وەفدی هاوڕێی لەگەڵ ئەفسەرانی ئینگلیزی لە شاری سنە دە ڕۆژی خایاند. سەرەنجام دوای ئەوەی لەو دە ڕۆژ دانیشتنانەدا حەمە ڕەشیدخان و لایەنگرانی ئەو خواستەکانەی خۆیان وەک خواستی نەتەوەی کورد بۆ بە فەرمی ناسینی وڵاتێکی سەربەخۆ بە نێوی کوردستان بە ئەفسەرانی ئینگلیزی ڕاگەیاند، بەرپرسانی ئینگلیزی، بێ ئەوەی وڵامی ڕاستەوخۆ بە داخوازییەکانی و حەمە ڕەشید خان و وەفدی یاوەری بدەنەوە، ئەو بابەتەیان هەڵگرت بۆ ئەوەی پێشتر لەگەڵ فەرماندەرە باڵاکانی ئەڕتەشی ئینگلیز کە لە بەغدا نیشتەجێ بوون بیخەنە بەر باس.

درێژەی هەیە ...

KURDŞOP
840 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!