“عەتا کەل” یاغییەک دژی فۆڕماسیۆنی کۆمەڵایەتی – بەشی2

“عەتا کەل” یاغییەک دژی فۆڕماسیۆنی کۆمەڵایەتی و ڕابەری ڕاپەڕینێک دژی دەسەڵاتی پاشایەتی

 

دیاکۆ شاسواری

 

بەشی یەکەمی ئەم بابەتە لێرە بخوێنەوە

 

راپەڕینی چەکدارانەی عەتا کەل و ململانێ لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی:

عەتا کەل بە پێی مێژوویەک کە باسمان کرد واتە دەوروبەری ساڵی هەزار و سێسەدوشازدە بۆ حەڤدە، (1937-38ی زایینی) لە سەردەمی دەسەڵاتی "ڕەزا خانی پەهلەوی"دا ژیاوە و ڕاپەڕیوە. ڕەزا خان لەو سەردەمەدا خەریکی پلان داڕشتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی تۆکمەی لە شێوازی دەوڵەت-نەتەوە یان (Nation- state) بووە. هەر بەو ڕێگایەدا دەڕوا کە "مستەفا کەماڵ پاشا" یا "ئاتاتورک" لە تورکیا پێیدا ڕۆیشتبوو. ڕەزاشا یەکێ لە بەرنامەکانی ئەوە بوو کە بە شێوەیەکی بەربڵاو سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن لە سەرتاسەری ئێران بەڕێوەبەرێ. ئەو سیاسەتەی لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتانەدا کە پێیان دەڵێن چاکسازییەکانی ڕەزاخانی جێ کردەوە. بەشێک لە چاکسازییەکانی ڕەزاخانی کە ئاسیمیلاسیۆنی فەرهەنگی دەگرێتەوە نیشتەجێکردنی عێلات و هەوارچییەکان، هاوڕەنگ کردنی جلوبەرگی کۆی نەتەوەکانی ئێران و حەول دان بۆ داسەپاندنی زمانی فارسی و سڕینەوەی هەموو زمانی نەتەوەکانی ئێرانە کە بۆ بەکردەیی کردنی هەر کام لەو سیاسەتانە، ڕەزا خان بە دەیان و سەدان کەسی لە نەتەوەکانی ئێران کوشت و زیندانی کرد.

یەکێک لەو نەتەوانەی لە ئاسیمیلاسیۆن یان لە بەرنامەی یەکڕەنگ کردن و یەک دەست کردنی جلوبەرگ و یەک ڕەنگکردنی زمانی ئێرانییەکان زیاترین خەساری وێ کەوت نەتەوەی کورد بوو. بۆیە نەتەوەی کورد جودا لەوەی لە ئاستی خوارەوەدا سیستەمی ئەرباب و ڕەعیەتی زیاترین خەساری بە خەڵکی چینە ژێردەستەکانی دەگەیاند، لە لایەکی دیکەوە حکوومەتی ناوەندییش لە ڕێگای ڕاسپێڕاوانی خۆیەوە گوشارێکی زیاتری دەخستە سەر ئەو خەڵکە بۆ پەیڕەوکردن و دابەزاندنی سیاسەتە کەلتووری و زمانییەکانی خۆی. هەر ئەو خەڵکەی کە پێبەندی نەریتێکی هەزاران ساڵە لە داب و ڕەسمە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی خۆیان بوون، جارێک لە باری ئابوورییەوە لە لایەن خانی ناوچەوە دەچەوسێندرانەوە و لە لایەن لە لایەنی فەرهەنگیشەوەلە چواچیوەی سیاسەتی حکوومەتی ناوەندیدا هێرشیان دەکرایە سەر و لە باری سیاسییشەوە ئەو خەڵکە هیچ ڕۆڵێکیان لە سیاسەتی ئێراندا نەبووە.

کۆی ئەوانە یانی بە کۆیلەکردنی خەڵکێک کە لە ژێر ئەو دەسەڵاتەدا دەژین. هەر بۆیە لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەسانێک بوون کە بەردەوام بیری ئەوەیان لە زەیندا بوو دژ بە سیستمی ئاغا و ڕەعیەتی کە سیستمێکی کۆمەڵایەتی-ئابوورییە و دژ بە سیستەمی پاشایەتی کە سیستمی پاشایەتی موتڵەقەی ڕەزاخان بوو ڕاپەڕن.

 عەتا کەل (چەکداری لای چەپ) و هاورێیەکی

 

هەر دوو ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەش بە مەبەستی خستنە ڕووی دەرووی تازە بە ڕووی مرۆڤی کورددا بوو.  کەسانی ڕێبەری ئەو بزووتنەوانە دەیانویست لانی کەم حاکمییەت لە ویستەکانی خۆیان تێبگەیەنن. “عەتا کەل” یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە پازگای سێوەرەی مەریوانەوە شۆڕشێکی چەکدارانەی بە دژی حاکمییەتی پەهلەوی دەست پێ کرد. بەڵام شۆڕشەکەی ئەو شۆڕشێک نەبوو لەسەر بناغەی تێگەیشتنێکی ناسیۆنالیستی یان نەتەوەخوازانە. چون کۆی گێڕانەوە زارەکییەکان لەسەر ئەو بابەتە چڕ دەبنەوە کە ئەو ڕاپەڕینە زیاتر دژ بە زۆرداری لە بواری کۆمەڵایەتی-ئابووریی بووە. دیارە دواتر پەل و پۆ دەهاوێژێتە ناو چینەکانی کۆمەڵگاوە و تا ڕادەیەکیش بەربڵاو دەبێتەوە. شۆڕشی ئەو شۆڕشێک بوو بە تێگەیشتن لە چەوسانەوەی ئەو ئینسانانەی کە سیستمێک خەریک بوو مافی دەخواردن. بۆیە لە کۆی ئەو جووڵانەی کە کردوویەتی و ئەو وارەی کە “عەتا کەل” شۆڕشی تێدا کردووە ئێمە کەمترین دیاردەکانی ناسیۆنالیزم دەبینین. بەڵام ئەو دیاردانەش دەبینین کە وردە وردە هەموو ئەو کەسانەی کە لە ناوچەی چالاکیەکانی “عەتا کەل” دژایەتی سیستمیان دەکرد ڕەگەڵ هێزەکانی ئەو دەکەوتن. واتە بەرە بەرە بناخەی بیرێک بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ سیتەم دەڵەمە دەبێ.

وەکی "دکتۆر باقر پیری" لە وتارێکدا نووسیویە هەموو ئەو کەسانەی کە لە ناوچەکانی مەریوان تا دیواندەرە دژ بە ئەو سیستمە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بوون و ناو و ناوبانگێکیان هەبوو ڕەگەڵ عەتا کەل کەوتن. دەتوانین لەو نێوە کەسانی وەک "باوە تاهیر" و "مام پیاو" و "حەمە لۆقە" و "حەمەی ئەوڵا" و "ئەوول فەتاح" و "حەمەومین پیرۆز" و "سەید عەباس کەوڵە" و "عەلی باڵباڵ" و "مەجی بچکۆڵ" و "شا محەممەد چۆخەڕەشی" و "حەمەی موراد" و "خانخان کرماشانی" و "موحەمەد موراد ئەفراسیاوی" و "بلە خەزان" و "مەجی عومبەر" و "حەمە موراد عومبەر" و زۆر کەسی دیکە نێوبەرین کە ڕەگەڵ ڕاپەڕینی چەکدارانەی “عەتا کەل” بە دژی دوو سیستەمی ئابووری-کۆمەڵایەتی ئاغا و ڕەعیەتی و سیستمی سیاسیی ڕەزاخان کەوتن.

وەکی "کتێبی مێژووی سیاسیی هاوچەرخی کورد" لە نووسینی "دکتۆر کەماڵی ڕوحانی" باس دەکا ساڵی هەزار و سێسەدوپازدە (1936ی زایینی) عەتا کەل و شەستوشەش کەس لە چەکدارەکانی، لە تێکهەڵچوونێکی دژوار و نابەرابەردا لە شاخی "شاجۆی" "باینجۆپ" توانیان سەدان کەس لە سوارە و پیادەی ڕەژیمی پەهلەوی تێک بشکێنن و پاش ئەوە ئەو کێوە بە ناوی "سەنگەری سەید عەتا" ناسرا.

 کاریگەرییەکانی ڕاپەڕینی سەید عەتا لەسەر بیر و متمانەبەخۆییی خەڵکی ناوچەکە بوو بە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەو ناوچەیە تەنانەت کاروباری کۆمەڵایەتی و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بە جێی ئەوەی بە سیستمی نادادپەروەرانەی قەزایی حاکمییەت جێبەجێ بکەن لە ڕێگای هاتوچۆکردن لەگەڵ سەید عەتا ئەو کارانەیان جێبەجێ دەکرد. هەروەکی پێشتر گوتمان لە ناوچەکانی دیکەش هەندێک ڕاپەڕینی دیکە لەسەر کەڵەوەکێشییەکانی ڕەزا خانی پەهلەوی هاتبوونە ئارا. بۆ وێنە لە ناوچەی بانە ڕاپەڕینی حەمە تاڵ"ی بانە لە ئارا دابوو.  بە داخەوە زۆر جار ئەو ڕاپەڕینانە دژ بە حکوومەتی ناوەندی دەکران بە هۆی ئەوەی کە هەم لە بواری ئایدیای سیاسی و ئایدیای کۆمەڵایەتییەوە یەکتریان نەدەگرتەوە و لێک تێنەدەگەیشتن لەیەکتر جوودا دەبوون و یەکگرتووییەک لە نێوانیاندا ساز نەدەبوو ئەگەرچی دوژمنی هاوبەشیشیان هەبوو. بە گژ یەکدا دەچوون و هێزی یەکتریان لاواز دەکرد.

حەمەتاڵی بانە

 

دوو هێزی “عەتا کەل” و "حەمەتاڵ" کە هەردوو لایان بە دژی سیستەمی پەهلەوی کاریان دەکرد، لە ئاوایی "هەنجیران" تێک هەڵدەنگوێن. تووشی کێشە دەبن و کێشەی ئەوان دەبێتە هۆی ئەوەی حەمە تاڵ و دوازدە کەس لە چەکدارەکانی بە دەستی “عەتا کەل” بکوژرێن. دیارە کوژرانی ئەوانە بە دەستی عەتاکەل ڕەوتی ڕووداوەکان لە کۆی ناوچەکانی بانە بۆ مەریوان تا سەوڵاوا و سنە و دواتر تا دیواندەرە، یانی هەموو کۆی ئەو ناوچەیە دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. هێزەکانی هەردوو لا ئەوجار ئەگەر لە لایەک لەگەڵ سیستمی حاکمییەت خەریکن تێک هەڵدەچن و بەشەڕ دێن، لە لایەکشەوە بەشێک لە توانای خۆیان بە شەڕی ناوخۆیی لە بەین دەچێ. بەو شێوەیە بە داخەوە ئەو دوو هێزە جارێکی دیکە تێک هەڵدەنگوێن و شەڕ دەکەنەوە و ئەو جار میراتگرانی ڕێبازی حەمەتاڵ لە ساڵی هەزاروسێسەد وحەڤدەی هەتاوی (1938ی زایینی)دا شۆڕشگێڕی ناوچەی قەڵاتە ڕەشە لە تەمەنی چل ساڵیدا لە کێوی قشڵاغی ناوچەی شلێر لە باشووری کوردستان دەکوژن. واتە "سەعید بەگ" ئامۆزای حەمەتاڵ “عەتا کەل” دەکوژێ. لە حاڵێکدا هەم “عەتا کەل” و هەم حەمەتاڵ و هەم "سەعید بەگ" هەموویان دژ بە زۆرداری و نابەرابەرییەکانی حکوومەت شەڕیان دەکرد. بە هۆی ناو و ناوبانگێک کە عەتاکەل لە سەردەمی خەباتەکەی بە دژی حاکمییەتی ناوەندی هەیبوو، بە یارمەتیی بنەماڵەی "شێخ مەحموودی حەفید" دەگوێزرێتەوە بۆ شاری سلێمانی و بە ڕێزەوە لە گۆڕستانی "گردی سەیوان"ی ئەو شارە بە خاک دەسپێردرێ.

KURDŞOP
755 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!