“عەتا کەل” یاغییەک دژی فۆڕماسیۆنی کۆمەڵایەتی – بەشی1

“عەتا کەل” یاغییەک دژی فۆڕماسیۆنی کۆمەڵایەتی و ڕابەری ڕاپەڕینێک دژی دەسەڵاتی پاشایەتی



 

دیاکۆ شاسواری

 

عەتا کەل و سەردەمی کێشەی و ئاغا و ڕەعییەتی:

 “عەتا کەل” یان "سەید عەتا کەل" یەکێ لە نێوە درەوشاوەکان لە مێژووی زارەکی کوردە. ئەو کەسایەتییە ١٢٧٦ی کۆچی هەتاوی (1897ی زایینی) لە ئاواییی "قەڵاتە ڕەشگە" سەر بە شاری "سنە" لە دایک بووە. ساڵی ١٣١٦-١٣١٧ی هەتاوی (1937ی زایینی) کوژراوە و لە "گردی سەیوانی" شاری "سلێمانی" بە خاک سپێردراوە. سەید عەتا کەل کوڕی "سەید سەعدەدین" لە سەیدەکانی ئاوایی قەڵاتە ڕەشکەن. ئەو ئاواییە لە شەست کیلۆمێتریی شاری سنە هەڵکەوتووە. چۆنە لەو ناوچەیە و لەو سەردەمە مێژووییەدا کەسایەتییەک وەک عەتا کەل هەڵدەکەوێ کە نێوبانگی سنوورەکانی دێ و شار و ناوچەی خۆی تێدەپەڕێنێ. ئەوە پرسیارێکی بە جێیە و پێویستە وڵام بدرێتەوە.

 دیارە وەک هەموو بزووتنەوەکانی ئەو سەردەم، بزووتنەوە یا ڕاپەڕینی “عەتا کەل” بزووتنەوەیەکە لە لایەن کەسانی ژێردەستەوە بە دژی کەسانی سەردەست. چۆن سەرەتا ڕاپەڕینی سەید عەتا ڕوخسارێکی سیاسیی نەبووە و وەکی لە درێژەدا باسی دەکەین دەتوانین بڵێین بە هۆی سیستەم و پێکهاتەی کۆمەڵگای ئەو کات و ئەو فۆڕماسیۆنە کۆمەڵایەتییەی لە کوردستان و لە سەراسەری ئێراندا حاکم بووە، سەردەمێک کە “عەتا کەل” تێیدا ژیاوە، سەردەمێک بووە کە سیستەمی "ئاغا و ڕەعیەتی" لە کوردستان باو بووە. لەو سیستەمەشدا کۆمەڵگە بە دوو بەشی سەردەست و بندەست دابەش دەکرێ. سەردەستەکان واتە ئاغا و خان و دەرەبەگەکان، کەسانی خاوەن زەوین و بندەستەکان ئەو وەرزێڕ و کرێکار و جووتیارانەن کە لەسەر زەویی خان کار دەکەن. لە کۆتاییدا ئەوە کەسی سەردەست یا خان و ئاغا و بەگلەری ناوچەیە کە دیاری دەکا لە بەرهەمێک کە وەرزێڕ و کرێکار بەرهەمی هێناوە، چەندی بەش بدرێ. هەموو مێژووە ناوچەییەکان کە باسی ئەو سەردەمە دەکەن و بە تایبەت تازەترین کتێبی "دکتۆر ئەمیری حەسەن پوور" مامۆستای زانکۆی "ئۆتاوای کانادا" کە لەسەر "ڕاپەڕینی وەرزێڕانی ناوچەی چۆمی مەجیدخان" و هەر بەو ناوە نووسیویەتی، ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە تا چ ڕادەیەک مڵکداران یا ئاغاکان زوڵمیان لەو کەسانە دەکرد کە لەسەر زەوییەکانیان کاریان دەکرد.

 عەتا کەل (چەکداری لای چەپ) و هاورێیەکی

 

خاوەن موڵک جودا لەوەی هێندێک سیستەمی داسەپاوی سوننەتیی ئابوورییان بە سەر خەڵکدا دەسەپاند، بۆ وێنە سیستەمی دە و دوو واتە لە هەر شتێک کە وەرزێڕ بەرهەمی هێنابوو لە دە بەش هەشت بەشی هی ئاغا بوو دوو بەشی هی وەرزێڕ بوو. سیستەمی دیکە کە پاشگری "انە"یان پێوە بوو بەڕێوە دەبردران. ئەوەش هەموو بەشەکانی ژیانی دەگرتەوە. بۆ وێنە "فڕووجانە"، "تەپاڵانە"، و ... یانی لە هەموو ئەو شتانەی کە خەڵکی بەرهەمیان دێنا پشکێکی بەر ئاغا دەکەوت بێ ئەوەی کە ئاغا هیچ بەش یا سەرمایەکی لە داهێنانی ئەو شتانەدا کردبێت. بەو پێیە “عەتا کەل” لە ئاوایییەکەی خۆیان لە چوارچێوەی ئەو سیستەمی ئاغا و ڕەعیەتییەدا، وەک هەموو وەرزێڕەکانی دیکە خەریکی بەرهەمهێنانە و کار دەکا. بەڵام ئەو موڵکەی خەریکە کاری لەسەر دەکا، ئاغای ناوچە بە نێوی "خوسرەوخان" دەیهەوێ لێی داگیر بکا. عەتا کەل بە هۆی ئەوەی باوکی خۆی هەر لە منداڵیدا لە دەست دابوو و سەرپەرستی بنەماڵە بوو و دەبوو موخاریجی بنەماڵە دابین بکات لە بەرانبەر ئەو ویستەی خوسرەوخان ڕادەوەستێ و مل نادا.

لە بەرامبەردا خوسرەوخان وەک هەموو ئاغاکانی دیکە کە خۆیان بە خاوەنی مڵک و ماڵ و دارایی هەموو وەرزێڕەکان دەزانی، ئەو توانایە لە خۆیدا دەبینێ کە نە تەنیا مڵکەکەی بەڵکوو هەموو داراییی “عەتا کەل” وەک کەسێک کە ڕەعیەتە داگیر بکات. دوای ئەوەی دەست بە سەر موڵکی “عەتا کەل”دا دەگرێ، سەرەتا “عەتا کەل” وەک دژکردەوە لە بەرابەر کردەی سەردەستێک، لە ئاواییەکەی خۆیان هێرش دەکاتە سەر ماڵی خوسرەوخان و و ئەسپ و بەشێک لە داراییی خوسرەوخان داگیر دەکات. ئەو جار بۆوەی لە دژکردەوەی خان دەرباز بێ، پەنا دەباتە بەر "حاجی موعتەمەد" لە ئاغا بە دەسەڵاتەکانی سنە، بەڵام دیارە لەو سیستەمەدا چینی خان یا ئاغا لە دابەشکاری یان (قشربندی)ی کۆمەڵایەتی ئەو کاتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە شێوەیەک پشتیوانی یەکن. چونکە ئەوان بە شێوەی شەبەکەیی پێکەوە کار دەکەن. ئەوان وەک تۆڕێکی دەسەڵات لە سەراسەری کوردستاندا پشتیوانی لە یەک دەکەن. هەر بۆیە زوو تێدەگا کە پەنابردن بۆ خانێکی گەورەتر کە پەیوەندیی لەگەڵ خانی پێشوو هەیە یەکێکی دیکە لە خەسارەکانی کۆمەڵگای ئەو سەردەمی کوردەوارییە و دەستکەوتێکی نابێ. ئەو جار ناچار دەبێ ڕوو بکاتە شاری مەریوان و پەنا بەرێ بۆ "مەحموودخانی کانی سانان" کە پیاوێکی بە دەسەڵات و یەکێک لەو ئەفسەرانەیە کە بە شێوەی شانازی دەرەجەی ئەفسەریی پێ دراوە و لە ناوچەدا دەستی دەڕوا.

مەحموودخانی کانی سانان

 

 لە لایەن مەحموودخانی کانی سانانییەوە عەتا کەل هەم بۆوەی لە دەست تۆڵەی خوسرەوخان و دەست و پێوەندەکانی پارێزراو بێ و هەم بۆ ئەوەی دەستیشی گیر بێ بە سیستەمێکەوە کە بتوانێ ژیانی ڕۆژانی خۆی بەڕێوەبەرێ، کارێکی نوێی پێ پێشنیار دەکرێ. بە هۆی ئەوەی مەحموودخان تێدەگا  کە عەتا کەل کەسایەتییەکی لێوەشاوە و چەکدارێکی بەتوانایە، ڕادەسپێرێ بیکەنە ڕەئیسی پاسگای ئاوایی "سێوەر" کە هاتوچۆ و جموجۆڵی خەڵکی لە ناوچەدا کۆنترۆڵ دەکا. بەڵام دوای ماوەیەک ئەو تۆڕی دەسەڵاتەی فۆرماسیۆنی ئاغا و ڕەعیەتی وەکاری خستبوو، شوێن پێی عەتا کەل هەڵدەگرێ و وەدووی کار و کردەوەکانی دەکەوێ.

خوسرەوخان لە ڕێگای حاجی موعتەمدەوە کە لەوە پێش عەتا کەل پەنای بۆ بردبوو، چەند کەس ڕادەسپێرێ بۆ لای مەحموودخانی کانی سانانی کە پەنا و توانای بە عەتا کەل بەخشیبوو. لە وتووێژێک و دیمانەیەک کە لەگەڵ مەحموودخانی کانی سانانی دەیانبێ، قسەیان لێک هەڵدەبەزێتەوە و سووکایەتی بەو کەسایەتییە دەکەن .“عەتا کەل” وەک سەرۆک پاسگا ئەو سووکایەتییانە دەبینێ و لە بەرابەر ئەو سووکایەتییانەدا بێدەنگ نابێ. چون وەک کەسێک کە مەحموودخانی کانی سانانی پەنای داوە و پشتیوانیی لێ کردووە چاکەی ئەوی لە چاودایە و لە بەرابەر ئەو سووکایەتییانە بێدەنگ نابێ و هێرش دەکاتە سەر ڕاسپاردەی حاجی موعتەمەد و ئەفسەرێکی حکوومەتی کە لەگەڵی دەبێ و هەردووکیان دەکوژێ. بەو شێوەیە سەرەتای خولێکی تازە لە ژیانی “عەتا کەل” دەست پێ دەکا. واتە ئەگەر تا ئەو کاتە “عەتا کەل”ی لاو بە دژی سیستەمی ئەرباب و ڕەعیەتی و خانی ناوچەی خۆیان ڕاپەڕیبوو، دوای ئەوە لەو سیستەمە دێتە دەرێ و خەریکە ئەرکێکی دیکە کە چەکداری و کارمەندی پاسگایە بەڕێوە دەبا. ئێستا خۆی لە بەرابەر یاسای حکوومەتی ناوەندیدا دەبینێتەوە کە ئەو جار لە دەست ئەو یاسایە  کە ئەویش هەر لە بەرژەوەندیی دەوڵەمەند و خان و بەگزادەکاندایە، ڕادەپەڕێ و ڕاپەڕینی چەکدارانەی خۆی دەست پێدەکا.

 

KURDŞOP
566 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!