کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان – بەشی دووەم

- زەینەلعابدین زنار

 

لێرە بەشی یەکەمی ئەم گوتارە بخوێننەوە

 

شۆڕشی ئاگری، پاڵەوانی یەکەمی سەرهەڵدان

لای کوردانی باکووری کوردستان، خواستی ئازادی بە شەڕ و جەنگ، بە ورووژاندن و دیلان و بە هیوای ڕۆژانی ئازاد، بەردەوام بوو. هەروەها بە داخوازیی وڵاتێکی سەربەخۆ، خەبات دژی کۆیلەداران و بە هەستی نیشتمانپەروەرانە، لە ناوچەی ئاگری بە سەرکردایەتیی پاڵەوانی کورد "برۆیێ حەسکێ تێلی" (١٨٨٥-١٩٣١) دەستی پێ کرد.

برۆیێ حەسکێ تێلی

 

کات، ڕۆژ و ساڵانی ڕابردوو لە بواری مێژوودا جێگەی خۆیان گرتووە. ساڵی ١٩٢٦ سەرەتای سەردەمێکی نوێ بوو بۆ کورد. شۆڕشی ئاگری زیاتر و زیاتر پەرەی دەسەند. کورد دڵخۆش، بەختەوەر و سەربەرز بوو. لە ئامەد، لە وان، لە زاخۆ، لە ورمێ، لە قامیشلۆ و لە زۆر ناوچەی دیکەی کوردستانەوە، شەڕڤانان و پیاوە ئازاکانی کورد سواری ئەسپەکانیان بوون و بەرەو چیای ئاگری بەڕێ کەوتن.

کەسانی وەک "ئیحسان نووری پاشا"، "فەرزەندە بەگی حەسەنی"، "سلۆیێ ڕەشۆ"، "خالس بەگ" و "کۆر حوسێن پاشا"، بە چەکی جۆراوجۆر خۆیان تەیار کرد و کەوتبوونە ڕێ بۆ یارمەتیدانی برۆیێ حەسکێ تێلی.

 

کۆر حوسێن پاشا

هەتا ئەو ڕۆژە ئاگری نە پیاوی ئازای وەک ئەو جەنگاوەرانەی بینیبوو، نە ڕۆژانی ئازادی وا خۆشی بینیبوو. کۆمارێک بە ناوی "کۆماری کوردیی ئاگری" لەوێ دامەزرا. ئاڵای سەوز و سوور و زەردی کۆمار بە شەپۆلی با، ئازادیی هێنایە مەیدان. ئازادیخوازان یەک بە یەک ناوچە و گوندەکانی کوردستانیان لە بندەستی ڕزگار دەکرد.

 

ئاڵای کوردستان

 

لە چیای ئاگری ئاگرێک هێندە گەشاوە و جوان داگیرسابوو کە کوژاندنەوەی ئاسان نەبوو. گەرموگوڕییەک دەستی پێ کردبوو کە دڵی نیشتمانپەروەرە کوردەکانی شاد دەکرد. بە هەمان شێوە دڵی نەیارانیشی دەسووتاند. بەو جۆرە ئەو زنجیرە کۆیلایەتییەی کە لە ملی نەتەوەی کورددا بوو، پسا.

کۆماری تورکیا چونکە سەرلێشێواو و دەستەوەستان مابوو، شەو و ڕۆژ خەریکی تاوتوێکردنی چۆنیەتیی لەنێوبردنی ئەو شۆڕشە بوو. نەوستا و بەدوای چارەسەردا دەگەڕا، بەڵام نەیدەزانی چۆن چارەسەر بدۆزێتەوە.

ڕاگرتنی کورد بە شەڕ، شتێکی ئاسایی نەدەهاتە بەرچاو، تەنیا شتێک کە مابووەوە فریودانی کورد بوو! پلانی دەوڵەت دیسان وەک پێشتر بوو و کورد فریو دەدرا. کورد هەمیشە دەیگوت، یەکڕیزی، ئازادی و دیسانەوە یەکڕیزی...

چونکە کورد زۆر باش دەیزانی ئەگەر یەکڕیز نەبێت، هەموویان پێکەوە لەنێو دەچن و یەکگرتووییش دروست بوو. بەهۆی پلانی دووەمی دەوڵەت، کەلێنێک هەبوو.

 

حکوومەتی تورکیا بۆ پلانی سێیەم کۆبوونەوەکانی دەستی پێ کردەوە. لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەدا ئەم بڕیارانە درا:

- ئێران و یەکیەتیی سۆڤییەت سنوورەکانیان بەڕووی کورداندا دابخەن، بۆ ئەوەی هیچ ڕێگەیەک نەمێنێت تاکوو ئاگری بەجێ بهێڵن.

- پێویستمان بە یارمەتیی بەریتانیایە. ئێمە پێویستمان بە فڕۆکەی شەڕکەرە، دەبێ شاری موسڵ بۆ ئەوان بهێڵین.

- دەبێ هەڕەشە لە عەشیرەت و گوندنشینانی کورد بکرێت، بۆ ئەوەی پشتیوانی لە سەرهەڵدانی ئاگری نەکەن.

کاتێک حکوومەتی تورکیا ئەو بڕیارانەی دا، کوردەکانیش کۆبوونەوەیان ئەنجام دا و بڕیاری جیاوازیان دا. بەڵام کورد زۆر باش دەیزانی کە سنووری نێوان ئێران و یەکیەتیی سۆڤییەت بەڕوویاندا دادەخرێت. هێشتا دەیانزانی شۆڕش کۆتایی دێت. هەروەها دەیانزانی کاتێک گەمارۆ دەدرێن کۆمەڵکوژیی گەورە بەسەر کوردانی ناوچەکەدا دێت. بەداخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخەکە خراپتر دەبوو. ئەگەر کورد لە ناوچەکانی دیکە دەستی بە شەڕ نەکردایەت، هەموو هێزەکانی دەوڵەت لە ئاگری کۆ دەبوونەوە. ئەرکی فەرزندە بەگ و هاوڕێکانی ئەوە بوو کە بچنە شارەکانی تر بۆ ئاگادارکردنەوەی کوردان.

عەشیرەی حەیدەران، یا کالکان، یا بەکران و ئادەمان، ئاگرێکی نوێیان لە زیلان کردەوە. ئەو ئاگرە ڕۆژ بە ڕۆژ تینی دەستاند. هێزە کوردییەکان لە دۆڵی زیلان دەستیان بە هێرشەکانیان کردبوو. بەڵام ئیحسان نووری پاشا ئاگاداری ئەو هێرشانەی بەرەی زیلان نەبوو و هیچ پەیوەندییەکی ڕێکوپێک لەنێوان ئاگری و زیلاندا نەبوو.

هێرشی کوردان لە دۆڵی زیلان، کۆماری تورکیای ترساند و هێدی هێدی هێزەکانیان لە ناوچەکە کشاندەوە. بەڵام کشانەوەی ئەوان ئەوەندە زۆری نەخایاند. دوای ماوەیەک گەڕانەوە بۆ ناوچەکە. هەم بە تانک و هەم بە تۆپ، هەم بە بۆمب و فڕۆکە... وەک گورگ چوونە نێو دۆڵی زیلان. ٨٠ فڕۆکەی بەریتانیا بۆمبیان خستە سەر ٢٠٠ گوندی کوردان. دوای ماوەیەکی کەم ناوچەی زیلانیان وێران کرد و هەموو شتێکیان سووتاند.

ئەمجارەیان پلانی کۆماری تورکیا سەرکەوتبوو و کوردانی بێتاوانیان سەربڕی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. قڕکردن تێری نەدەکردن و هێشتا یارمەتییان لە ئێران دەویست. بە ئێرانیان دەگوت: "سنوورەکان دابخەن، دەرگاکانتان دابخەن، بۆ ئەوەی لە وڵاتی ئێوەدا نەگەن بە هاوزمانانی خۆیان."

ئێرانیش دوای کۆماری تورکیا کەوت و "ئووسبی ئەڤداڵ"ی دەستبەسەر کرد. ئەرکی ئووسب دامەزراندنی پەیوەندی بوو لەنێوان باکوور و ڕۆژهەڵات. کاتێک کورد تووشی کێشە بوو، لە ڕێگای ئووسبەوە دەربازی کوردستانی ئێران دەبوون. بەڵام ئێستا ئوسبیش گیرا و کەس نەبوو ئەو کارە بکات. دۆخەکە خراپ بوو. کۆمەڵکوژی لە ئارادا بوو، کوشتنی کورد بەردەوام بوو. دۆڵی زیلان پڕ بوو لە تەرمی کوردان.

لە ١٣ی تەمموزی ساڵی ١٩٣٠، ڕۆژنامەیەکی تورکی نووسی: "دەوڵەتەکەمان لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ڕاپەڕیوانی کوردی سەرکوت کرد. دۆڵی زیلان ڕپ و ڕاست بوو. هێزەکانمان ئەو یاخییانەی کوشت کە چووبوونە شاخەکان و هەموو تەرمەکانیان لە زیلان چاڵ کران." بەڵێ وشەی "چاڵ" لە کەلتووری موسڵماناندا بوونی هەیە و بۆ ئاژەڵ بەکار دێت.

ناوچەی نێوان دۆڵی زیلان و چیای سیپان بەبێ وەستان بۆردومان دەکرا. کوردەکانی ناوچەکە یەکسەر خۆیان گەیاندە چیای ئاگری. نەک هەر شەڕڤانان، بەڵکوو بنەماڵەکانیش لە ئاگری کۆ بوونەوە. ژمارەی دانیشتووان لە زیادبووندا بوو و لەبەر ئەوەی هەموو ڕێگاکان گیرابوون، بژێویی ژیانیان بەشی نەدەکرد. هەرچەند کۆماری تورکیا بەبێ جووڵە مابووەوە، بەڵام هێشتا شاخەکانی ناوچەی سەرهەڵدانی گەمارۆ دابوو. تەنیا یەک چارەسەر بۆ کورد مابوو، ئەویش چوون بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. بەداخەوە ئەو ڕێگایە لەلایەن ئێرانەوە گیرا. هێزە کوردییەکان بە ناچاری لەگەڵ سەربازە ئێرانییەکان کەوتنە شەڕەوە و ڕێگایان بۆ خۆیان خۆش کرد و گەیشتنە گوندە کوردییەکان. دوای نیشتەجێبوونیان لە گوندەکان، ئەمجارە ئێران هێرشی کردە سەر گوند و ناوچە کوردییەکان. شۆڕشگێڕان هیچ چارەیەکی تریان نەبوو جگە لەوەی ڕۆژهەڵات بەجێ بهێڵن و گەڕانەوە بۆ باکوور و لە گوندەکانی ناوچەی وان نیشتەجێ بوون. بەڵام ئیحسان نووری پاشا و ئەیووب ئاغا برای برۆیێ حەسکێ تێلی و چەند کەسی دیکە خۆیان ڕادەستی ئێران کرد.

کاتێک زۆربەی فەرماندەکانی شۆڕشی ئاگری چوونە دەرەوە، برۆیێ حەسکێ تێلی نەچووە دەرەوە و تا مردن درێژەی بە خەباتی خۆی دا. جگە لە ئەو، کەسانی وەک ڕەشۆی سلۆ، شێخ زاهر، سەییدخان و عەلیجان بەگیش نزیکەی دوو ساڵ بەرخۆدانیان کرد، بەڵام لە ئەنجامدا ئەوانیش دەستبەسەر کران و بەشێکیان کوژران. ساڵی ١٩٣٢ شەڕ کۆتایی هات و حکوومەتی تورکیا یاسای دوورخستنەوەی دەرکرد. لە ڕاستیدا کەمالیزم پێویستی بە یاسا نەبوو، بەڵام هەر ناوی ئەو فەرمانە وەک یاسا دەرچوو. بەهۆی ئەو فەرمانەوە زۆرێک لە بنەماڵە بەناوبانگەکانی کورد بۆ شارەکانی تری تورکیا دوور خرانەوە.

ئەم گوتارە بەردەوامە...

KURDŞOP
558 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!