کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان – بەشی یەکەم

- زەینەلعابدین زنار

 

هەرچەندە باسی کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان دەبیسترا، بەڵام زۆرێک لە کوردانی باکوور لەبارەی کۆمەڵکوژییەکە ئاگادار نەبوون. تەنیا چەند گۆرانییەکی لەسەر گوتراوە و دەق و بەڵگەنامە و زانیاریی لەسەر دەست نەدەکەوتن. بەڵام دوای ساڵی ٢٠٠٠، هەندێک گوتار بە زمانی تورکی سەبارەت بە کۆمەڵکوژی بڵاو کرانەوە.

لە دوای ساڵی ٢٠١٠، زۆر گوتار و هەندێک فیلم لەسەر کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان لە ئینتەرنێتدا بڵاو کرانەوە؛ بەداخەوە زۆربەیان بە زمانی تورکی بوون.

من لە کۆتاییی ساڵی ١٩٥٨-٥٩، ئاگاداری کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان بووم. چونکە باوکم لە دەڤەری سەرحەد دەرسی دەگوتەوە و ئەو فەقێیانەی لەلای ئەو دەیانخوێند، خەڵکی زۆر ناوچەی جیاواز بوون و هەمیشە باسی ئەو کۆمەڵکوژییانەیان دەکرد کە بەسەر کورددا هاتوون.

هەرچەندە من تەنیا لەسەر زمان و کەلتووری کوردی کار دەکەم، بەڵام هەندێکجار لە لێکۆڵینەوەکانمدا تووشی شتگەلێکی سەرنجڕاکێشیش دەبم. بۆیە، بەبێ دوودڵی، لەسەر هەندێکیان ڕادەوەستم، دەنووسم و بۆ مێژوو دەیانکەم بە بەڵگە. یەکێک لەوانە کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلانە.

ڕۆژی ٢١ی نیسانی ٢٠١٦، من لە ناوچەی قەرەمورسەلای سەر بە شاری ئیزمیت، لەگەڵ ئەحمەد تاشتان، خەڵکی گوندی حەسەنەڤداڵ (لە عەشیرەتی جەلالیان) ئاشنا بووم. سەرەتا چەند وشەیەکی کوردیم لێ پرسی کە لە دەڤەری سەرحەددا بەکار دێت. ئەو لەنێو قسەکانیدا باسی لە "کۆمەڵکوژیی دۆڵی زیلان"یش کرد. چونکە بە دەیان جار لە زاری خەزوورەیەوە "مهێ" بیستبووی، زانیاریی ئەو زیاتر لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە بوو. "مهێ" بە برینداری لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاری ببوو، پاشان گواسترایەوە بۆ زیندانی ئەدەنە و دوای زیندان بۆ "سرگوون" دوور خرابووەوە.

کاتێک ئەحمەد گوتی کە کۆمەڵکوژی لە زۆر شوێن ڕوویداوە، زیاتر سەرنجی ڕاکێشام. ئیتر گفتوگۆکەمان چووە سەر کۆمەڵکوژی و چەند جارێک چاوپێکەوتنم لەگەڵدا کرد.

ڕێزدار ئەحمەد بە درێژی و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باسی کۆمەڵکوژییەکانی دەکرد، منیش دەنگی ئەوم تۆمار کرد و چەندین جار قسەم لەگەڵ کرد. بەپێی ئەوەیکە خۆیشی لە کۆمەڵکوژییەکەدا بووە، بە هەیەجان و بە ڕێکوپێکی بۆمی شی دەکردەوە.

پاشان بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەیوەندیم بە چەند کەسێکەوە کرد لە ناوچەی دۆڵی زیلان. پاشان چوومە نێو گووگڵ و سەدان گوتار و وێنە و بەرهەمی تر، وەبەرچاوم کەوتن. بەگشتی ٢٤٩ گوتار، فیلم و کتێب لەبەرچاوم دەرباز بوون.

هەروەها زۆرێک لە یاداشتەکانی ڕۆژانەی سەربازانی تورکیا لە کۆمەڵکوژییەکەدا کەوتنە بەردەستم. هەروەها سوودم لە قسەی میلیشیا دەوڵەتییەکان و ڕۆژنامەنووسانی دژ بە کورد و سەربازەکان وەرگرت.

زانیاریی زیاتر و سەرنجڕاکێش لەو کەسانەوە هاتە دەستم کە خواردنیان بۆ ئەو سەربازانە دەبرد کە کۆمەڵکوژییەکەیان دەکرد.

تورکیا ساڵی ١٩٣٠ هەتا ١٩٥٣، ناوچەی دۆڵی زیلانی لە کوردان قەدەغە کردبوو. بەڵام ئەو کەسانەی لە ئەفغانستانەوە هێنرابوون و لەوێ نیشتەجێیانیان کردبوو، هەروەها زەوی و زاری کوردیان پێ درابوون، ئازادانە لەو ناوچەیەدا کاریان دەکرد.

هەروەها کۆماری تورکیا کەمپێکی گەورەی لەو ناوچەیە دروست کردبوو و هەتا ئێستاش ئەو کەمپە هەیە و کارمەندەکانیشی لەو شوێنانەدا دەژین کە بۆیان دروست کرابوو.

بەکورتی دانیشتووانی ٢٠٠ گوند لە زۆر شوێنی جیاوازدا، بە دەستی سەربازانی تورکیا کوژران. پاشان ئەو ٢٠٠ گوندە بە ٨٠ فڕۆکەی جەنگی سووتێنران. لە دوای کۆمەڵکوژیی کوردان، سەربازەکان بە کوێستان و شاخەکاندا دەگەڕان و کەسانێکی وەک شوان، گاوان و ڕێبواریان دەدیتەوە و یەکسەر لەوێ دەیانکوشتن.

سەربازێک باسی لەوە کرد کە لە بیابان و شاخ هەزار کوردیان کوشتووە. بەڵام بۆ ئەوەی مەڕوماڵاتی کوردەکان لەلای خۆیان ڕابگرن کە دەستیان بەسەردا گرتبوون، هەندێک شوان و گاوانیان نەکوشتبوو، تاکوو ئاگایان لە مەڕوماڵاتەکان بێت.

ئەم نووسینەی من لەسەر کۆمەڵکوژییەکان، بەشی یەکەمە.

ئەم بابەتە وەک زنجیرەیەک وەک ژمارە ٢، ٣، ٤ و هتد هەتا کۆتایی دەنووسم. بەو هیوایەی ئەم بابەتانە گوشار بخەنە سەر ویژدانی مرۆڤایەتی و دەرگای کۆمەڵکوژی لەسەر نەتەوەی کورد دابخەن.

 

KURDŞOP
625 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!