مودێڕنیزاسیۆنی ڕەزاخانی پەهلەوی و کاردانەوەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان- بەشی 2

 

دوکتور ئازاد موکری

 

بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە بخوێنەوە

 

 ئەو قسانەی کە باس کرا، قسەکانی ڕەزاخان بوون لە سەردەمێکدا کە خەریکی بەڕێوەبردنی بەرنامەی هاولیباسکردنی هەموو خەڵکی ئێرانە کە لە کۆبوونەوەی توجاڕ و بازرگانانی ئێراندا گوتوویەتی و لە کتێبی "دەوڵەتەکانی عەسری مەشرووتە"ی زەرغامی بروجێنیدا هاتووە. ئەوەی لە شیکاریی مێژوویی و سیاسیی ئەو وتانە دەردەکەوێ ئەوەیە کە ڕەزا خان بە ڕوونی ویستوویەتی خەڵکی غەیرە فارسی ئێران و بە نموونە خەڵکی کورد، تووشی ئاسیمیلاسیۆنی کەلتووری و زمانی بکا. لە بواری سیاسییەوە هەموو هێزی سیاسی لە ناوەند و لە ناو سیاسییەکانی ناوەندخواز کۆوە ببوو و هەڵبەت کۆی ئەوانیش لە خزمەت ویستە سەرەڕۆکانی ڕەزاخان دابوون. بەڵام ئەو لە باری کەلتوورییشەوە بە تەمای سازکردنی خەڵکێکی وەک یەک بوو. لەباری زمانییشەوە حەولی تواندنەوەی زمانەکانی دیکەی غەیرە فارسی و یەک لەوان زمانی کوردیی داوە. هەر بۆیە کۆی ئەو سیاسەتانە لەگەڵ دژایەتیی هەموو عێلات و نەتەوە و زمانە جیاوازەکانی ئێرانی بەرەوڕوو بۆوە و زنجیرە ناڕەزایەتییەک لە خووزستان و لە نێو عەڕەبەکانەوە تا دەگاتە لوڕ و کورد و تورکەکان دەستی پێ کرد و بە گوڕترین دژایەتیی ئەو سیاسەتە کەلتوورییەش ڕاپەڕینی مەلا خەلیل بووە لە موکریان.

پلانی خەڵکی موکریان بۆ دژایەتیی سیاسەتی ڕەزاخانی بۆ گۆڕینی جلو بەرگ: (شۆڕشی مەلا خەلیل)

ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو ناوچەیە، بۆوەی بە زۆرەملی جلیان پێ نەگۆڕدرێ لە چەند شێوازدا دەرکەوتووە. خەڵک یان خۆیان لە هاموشۆ بۆ شارەکان دەپاراست بۆوەی نەکەونە داوی بەرپرسان و مەئموورەکانی ڕێژیمەوە؛ یان بە دانی بەرتیل و کڕینەوەی مەئموورەکانی دەوڵەت بۆ ماوەیەکی کاتییش بووبێ خۆیان لە دەست زەبر و زەنگ و جلی داسەپاو دەرباز دەکرد و یان ئەوەی لەسەر پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەییی خۆیان دەگیران و دەخرانە بەند و جەریمەی ماددی دەکران. تەنیا تاقمێکی زۆر کەم لە خەڵک پێملی ئەو زوڵمە ببوون. ئەوانەش بەشێکی زۆریان یان لە دامودەزگاکانی ڕێژیمدا وەک کارمەند و مامۆستا کاریان کردووە، یان لە ناوەندی شارەکان بوون و مەجالی خۆشاردنەوەیان نەبووە.

وەکی لە نامەیەکدا دەردەکەوێ سەرۆک ئەرکانی ئێران دەنووسێ؛ لە موکریان شکور کەسایەتییەکی گرینگی وەک "ئەحمەدی تورجانیزادە" بە ویستی خۆی جلی تازەی لەبەر کردووە و ئەوەش بۆیە گرینگە کە ئەو پیاوە زانایەکی ئایینییە و کاریگەریی لەسەر خەڵک هەیە. ئەو بابەتە نیشان دەدا کە دەوڵەتی ناوەندی چەندە دەستەوەستان و تەنیا بووە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پلانە سەراسەرییە و لە کوردستان لەگەڵ گرفتێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕووبەڕوو بۆتەوە.

ئەو کات زۆربەی ناوچەکانی ئێران و کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی عێلات و عەشیرەکاندا بوون. هەر بۆیە بزواندنی هێزی عێل و عەشیرە یەکێک لە ڕێگاکانی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی بووە. بۆ ئەو بابەتە هەستیارەش عێل و عەشیرەکانی ناوچەی موکریان  و شاری سابڵاغ و دەوروبەری تا دەگاتە ناوچەی میراوێی سەردەشت، دەستیان بە ناڕەزایەتی کرد.

یەکێک لە ڕێبەرانی دینیی ئەو ناوچەیە بە نێوی "مەلا خەلیلی گۆڕەمەری"یا مەلا خەلیلی میراوێ، فتوای جەهادی بە دژی ئەو بڕیارەی ڕەزا خان داوە. بەو شێوەیە ڕێبەرانی عەشیرەی مەنگوڕ  بۆ بەربەرەکانیکردن لەگەڵ بەڕێوەچوونی داماڵینی جلوبەرگی نەتەوەیی لەبەر خەڵکی کورد،  بە دژی لەسەرکردنی کڵاوی پەهلەوی و لابردنی حیجابی ئیسلامی خەڵکیان یەکگرتوو کرد و ڕاپەڕین.

مەلا خەلیل

 

 زۆرێک لە سەرچاوەکانی مێژووی ئەو سەردەم وەک "ئێران لە مابەینی دوو شۆڕش دا"ی "یارواند ئابراهامیان" باس لە کاریگەریەتیی ئەو شۆڕشە دەکەن. هەر ئەو سەردەمە، ڕاسپێردراوان و فەرماندەی هێزی نیزامیی ڕەزاشا لە ناوچەدا و حاکمی ئازەربایجان، هەمووان لەسەر  ڕاپەڕینی مەلا خەلیل شتیان نووسیوە و ڕاوێژی نووسینەکان دەربڕی ئەوەیە کە خودی ڕاسپێردراوانی دەوڵەتیش، لە بەڕێوەبردنی ئەو سیاسەتەدا دڵسارد بوون و پێیان وا بوو کە بەڕێوەنەچوونی ئەو سیاسەتە لە ناوچەی کوردستان لە بەرژەوەندیی دەوڵەتدا نییە. چون دەیانزانی خەڵکی بە شێوەیەکی یەکپارچە لەگەڵ ئەو بەند و بڕگەیە لە چاکسازییەکانی ڕەزاخان دژایەتییان کردووە.  هەروەک ئەو سەردەمە فەرماندەی لەشکری ئێران بۆ ڕەزا خان دەنووسێت: "خەڵکی ئەو ناوچەیە بە سەرۆکایەتیی مەلا خەلیل کە  سەرۆکی مانگوڕەکانە، بەربەرەکانێی هێزەکانی دەوڵەت دەکەن و پێیان وایە ئەو بڕیارە بە دژی نەتەوەکەیانە و شایانی باسە کە ئەوەش وەبیر بێنینەوە ئەو بەربەرەکانێ و دژایەتییە تەنیا بەربەرەکانێ و دژایەتیی مەنگوڕەکان و تەنانەت مامۆستایانی ئایینی نییە، بەڵکوو ئەوەی ئێمە دەبینین ئەوەیە ئەو بەربەرەکانێ و دژایەتییە هەموو ناوچە کوردنشینەکان دەتەنێتەوە.

بەو پێیەی ڕەزا خان حەول دەدا سەرەتا لە ڕێی دانوستانەوە مەلا خەلیل پێمل بکا. بەڵام مەلا خەلیل پێمل نابێ و هێزەکانی ڕەزاخان بە توندی هێرش دەکەنە سەر لەشکری مەلا خەلیل و بە هۆی ئەوەی لەشکری مەلا خەلیل چەکوچۆڵی یەکجار کەمیان پێ بووە و لەبواری چەکدارییەوە کەرەسەکانیان سەرەتایی بووە، لە بەرانبەر ئەرتەش و فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکانی ڕەژیم خۆ ناگرن و لە سنوور دەپەڕنەوە. هەر ئەو چیرۆکە لە کتێبی "چێشتی مجێور"ی "مامۆستا هەژار"دا باسی کراوە. وەکی دەنووسێ سەردەمی منداڵی بوو کە دەنگی تەقینەوە و شتی زۆر گوێ لێ بووە. لە باوکی بیستووە کە  هێزەکانی مەلا خەلیلن کە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی بە شەڕ دێن و هیوادارە دەرەقەتی حکوومەتی ناوەندی بێن و لە بەرانبەر ئەو حکوومەتە دڕندە و داپڵۆسێنەرەدا شکست نەخۆن.

دوای ئەو هێرشەی سوپای ئێران بۆ سەر ڕاپەڕیوانی شۆڕشی مەلا خەلیل، مەلا خەلیل و هێزەکانی لە سنوور دەپەڕنەوە باشووری کوردستان. بەڵام ڕەزا خان تێدەگا کە ئەو شۆڕشە دەوامەی دەبێ، چون ئەو بە شێوەیەک لە بەرانبەر دوو ویستی خەڵکی کورددا ڕاوەستابوو. یەکەم؛ بەشێک لە خەڵکی کورد کە خەڵکێکی پایبەند بە بنەماکانی مەزهەبین بەردەوام دژایەتییان دەکرد. دوو؛ بەشێکی زیاتری خەڵکی کورد کە خەڵکێکی نەتەوەیی بوون و چەندین شۆڕشی گەورەی نەتەوەییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دیبوو و تێیدا بەشدار ببوون. ئەوانیش دیسان بە توندی لەگەڵ هێزەکانی ڕەزاخانی لە دژایەتیدا بوون و ڕەزاخان دەیزانی جارێکی دیکە ناڕەزایەتیی نەتەوەیی بە دژی داگیرکارییەکانی سەر هەڵدەداتەوە. بۆیە هەر ئەو کاتەی مەلا خەلیلیش لەگەڵ هێزەکانی لە باشووری کوردستان بووە، دیسان حەول دەدا پەیوەندیی لەگەڵ ساز بکا و بەو شێوەیە هێزەکانی مەلا خەلیل و هێزەکانی ڕێژیم پێک  نەگەن و تێک هەڵنەچنەوە و بە پێی ڕێککەوتننامەیەک بگەڕێنەوە ئێران. لەو ڕێککەوتننامەیەدا دوو لایەن لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ڕەزاخان و دەوڵەتی ناوەندی پێمل بووە سەرۆک عەشیرە مەنگوڕەکان کە گیراون بەر بدا. هەندێک لە خەڵکیش کە گیراون ئازاد بکا. تا ڕادەیەکی زۆر ئازادیی پۆشینی جلوبەرگ هەبێ و مەلا خەلیل و هێزەکانیشی لە گەڕانەوەدا پارێزراو بن و کەس دەستدرێژییان نەکاتە سەر.

بەو شێوەیە مەلا خەلیل دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و  تا تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵی هەر لە ئێراندا دەژی و لە کوردستانیش کۆتایی بە تەمەنی دێ.

ئەگەرچی لەو بڕگەیە لە تەمەنیدا و لەو بەشە لە مێژووی کورددا، مەلا خەلیل گۆڕەمەری کەسایەتییەکی ڕەشید و دلێر و چەونەترس بووە و لەسەر داواکانی نەتەوەکەی ڕاپەڕیوە، بەڵام بەداخەوە لە سەردەمی حەمەڕەزا شای پەهلەوی دا، فریو دەخوا و دژایەتیی ویست و ئاواتەکانی نەتەوەی کورد و  "پێشەوا قازی محەممەد" دەکا و تەنانەت نامەی لە دژی پێشەواش واژۆ کردووە. بەڵام تاوتوێ کردنی ئەو باسە بابەتێکی ترە و لێرەدا ناگونجێ.

KURDŞOP
461 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!