مودێڕنیزاسیۆنی ڕەزاخانی پەهلەوی و کاردانەوەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان - بەشی 1

 

دوکتور ئازاد موکری

 

پاش ئەوەی "ڕەزا خانی پەهلەوی" لە سەرەتاکانی ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی، کاروباری ئێرانی بە دەستەوە گرت، بە لاسایی لە "مستەفا کەماڵ پاشا" ناسراو بە ئەتاتورک، ویستی پرۆژەیەک بەڕێوە بەرێ کە بە پلانەکانی چاکسازیی ڕەزا خانی لە مێژوودا ناسراون. پلانەکانی چاکسازیی ڕەزا خانی کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیان لەسەر کۆی کۆمەڵگای ئێران بەجێ هێشت. یەک لەوان پلانێک بوو بە نێوی هاولێباس کردن و داماڵینی هەموو چەشنە جلوبەرگێکی خۆماڵی و ناوچەیی و نەتەوەیی لەبەر خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی ئێران و داماڵینی ڕووپۆش و سەربەندە لەسەر ژنانی هەموو ئێران و  پێملکردنی هەموو خەڵکی ئێران بە لەبەرکردنی جۆرێک جلکی هاوڕەنگ یا هاوشێوە لە سەراسەری ئێراندا. دیارە ڕەزاشا ئەو پلانەی بە مەبەستی پێشکەوتی خەڵکی ئێران و بە قەولی خۆی بە لاسایی ئەتاتورک بۆ بەرەو مۆدێرنە بردن و نوێبوونەوەی وڵات دەکار کرد.  بابەتێکی دیکە کە لەسەر دەوڵەتی ڕەزاخان لەو سەردەمەدا لە ئێران دەکرێ ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە؛  ڕەزاخان بە شێوەیەک دەیویست بەرنامەی نوێکردنەوە و چاکسازی ڕوو لە  لاواز کردنی سیستەم یان نەهادی مەلایەتی و ڕووحانیەت بێ. ئەو لە لایەکەوە بە خڕکردنەوەی دەسەڵات لە دەست دەوڵەتدا، بەشێک لە دەسەڵاتی نەریتیی مەلاکانی کەم کردبووەوە، لە لایەکشەوە بە دەربڕینی هاوشکڵ کردنی لیباس و جلوبەرگی خەڵکی و لابردنی حیجاب کارتێکەریی ئەو چینەی لە بواری عەقیدەتیدا کەم کردبوو کە ئەو بوارە پانتای کاری مەلاکان بووە. بەو شێوەیە هەم لە لایەنی دەسەڵات و هەم لە لایەنی هێزی مەعنەوییەوە، ئەو کارەی ئەو مەلاکان بە و تایبەت مەلا شیعەکانی کە دەسەڵاتیان بە دەست بوو و  زۆر سەرچاوەی دارایی و ماددیان لە پاواندا بوو، بەرەو پەراوێز دەبرد و ئەوەش کاردانەوەی لێ کەوتەوە.

ڕەزاخان - پێش و پاش گەیشتن بە دەسەڵات

 

 بە پێی ئەو پلانە، هەموو پیاوانی ئێرانی مەجبوور بوون کڵاوی  شاپۆ یان کلاوی پەهلەوی لەسەر بکەن و هەموو خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی ئێران بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە کەلتووری و مێژووییەکانیان، دەبوو وەک یەک بکەن و بپۆشن و بدوێن. بۆیە  خەڵکی کوردستان دەبوو لە پۆشینی جلوبەرگی کوردی خۆ بپارێزن.  کۆت و شاڵوار لەبەر بکەن و پێچ و کڵاو و مێزەری کوردی وەلابنێن و کڵاوی شاپۆ لەسەر بنێن. لەو سەردەمەدا کە یەکێک لە سازدەر و هۆکارەکانی شوناسی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران پۆشینی جلوبەرگ بووە، زۆربەی نەتەوەکانی ئێران لە بەرامبەر ئەو فەرمان و دەستوورەدا ناڕەزایەتیان نواندووە. لە لایەکی دیکەوە لابردنی حیجاب بە زۆری بە ئەمری ڕەزاخان لە لایەن بەشی مەزهەبی و دینداری ئێرانەوە کاردانەوەی توندی لێ کەوتەوە. هەم مەلا شیعەکان و هەم مەلا سوننەکان، زیاتر بە دژی ئەو لایەنە لە چاکسازییەکانی ڕەزاخانییەوە، ڕاپەڕین کە دەیهەوێ سەربەند و ڕووبەند لەسەر ژنان لابدات.

 

بەڵام ڕاوەستان لە بەرانبەر چاکسازییەکانی ڕەزاخانی لە کوردستان چەند زەمینەی دیکەی بوو؛

یەکەم خەڵکی کوردستان هەر ئەو سەردەمە پێشینەیەکی بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ سیاسەتی چەکداری و نیزامیی ڕەزاشا هەبوو و ڕەزاشا بە کردەوە شۆڕشە کوردییەکانی سەرکوت کردبوو و بە هاودەستی لەگەڵ کەسانی سیخوڕی وەک "خاڵۆ قوربان" ویستبووی شۆڕشی "سمایل ئاغای سمکۆ" سەرکوت بکا. بۆیە خەڵکی کوردستان سیاسەتی داگیرکارانەی ڕەزاخانیان دەناسی. لە لایەکی دیکەوە خەڵکی کورد جودا لەوەی لابردنی حیجابیان لە سەر ژنان بە زۆری بە جۆرێک دژایەتی لەگەڵ مەزهەبی خۆیان و  دین دەزانی، لایەنێکی گرنگتریش کە خەڵکی کورد لێی دژ بوون ئەوە بوو کە؛ پیاوانی کوردیش داماڵینی جلوبەرگی کوردییان لەبەر خۆیان بە سووکایەتی نەتەوەیی دێنا ئەژمار، بۆیە هەم ژنان و هەم پیاوانی کورد لە بەرابەر ئەو فەرمانەی ڕەزا خان واتە داماڵینی جلوبەرگی کوردی لەبەر خۆیاندا ڕاوەستان. هەر ئەو دیاردەیە لە شیعر و نووسینی زۆرێک لە شاعیران و نووسەرانی کوردی ئەو سەردەمەدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ وێنە شاعیری گەورەی کورد "مەلا مارف کۆکەیی" هەرچەند لە چەند شیعریدا ستایشی ڕەزا خانی کردووە، بەڵام لە شیعرێکیدا گاڵتەی بە ئەو بژاردانە کردووە کە بە چاکسازیی ڕەزاخانی نێو دەبرێن و یەکێک لەوان داماڵینی جلوبەرگی نەتەوەییە لەبەر خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی ئێران و کوردستان.

مەلا مارف لە شێعری "نەفسی حیز"دا ئاوا ئەو سیاسەتانەی ڕەزاخان دەداتە بەر تیری تابە:

 

دەچمە سەر چۆم و خەیابان یەک نەفەس ئاسوودە بم

شارەبانی حازرە و داوای کڵاوم لێ دەکا

سەیری خۆشتر، من کە «مەعڕووف»م لە نێو ئەم شارەدا

تازە ئیحسائییە داوای ئیسم و ناوم لێ دەکا

 

دوای تەشەنەساندنی ناڕەزایەتییەکان بە دژی داماڵینی جلوبەرگی نەتەوەیی لەبەر نەتەوەکانی ئێران و لابردنی حیجابی ئیسلامی لە سەر ژنان،  بەشێکی زۆر لە مەلایانی شیعە ناڕەزایەتییان دەربڕی. بەڵام ئەو ناڕەزایەتییانە لە ناڕەزایەتیی خیابانی تێنەپەڕین.

کەچی لە کوردستان و لەنێو زۆربەی چین و توێژەکاندا، ناڕەزایەتیی گەورەی بەدوادا داهات. بە تایبەت لە موکریان و لە شارەکانی وەک مهاباد، بۆکان، سەردەشت و شنۆ، خەڵکی دژ بەو فەرمانە ڕاوەستان و پڕانی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، سەرەڕای زەبر و زەنگی هێزەکانی سەرکوتکەری ڕەزاخانی، ملیان بۆ ڕانەکێشا و لە گۆڕینی جلوبەرگ و کڵاو خۆیان پاراست. خەڵکی کوردی ناوچەی موکریان کە مێژینەیەکی دەوڵەمەندی کەلتوورییان هەبوو، حازر نەبوون بە سانایی دەست لەو شتانە هەڵبگرن کە بەشێک لە شوناسی ئەوانی پێکهێنابوو.

ڕاگواستنی زۆرەملێی خێڵەکان لە لایەن حکوومەتی ڕەزاخانەوە

 

وەکی کوترا مەبەستی سەرەکیی بیرۆکەی نۆێخوازیی ڕەزا خان ئەوە بوو کە ڕواڵەتی نۆێکردنەوەی بنکە و نەهادە کۆمەڵایەتییەکان وەک ڕۆژئاوا لێبکا. بۆ ئەو ڕواڵەت سازییە لە مۆدێرنیزم، ڕەزا خان حەولی دا هەندێک نەهاد و دامەزراوەی مۆدێڕن وەک زانکۆ و پەرەپێدانی هێڵی ئاسن و ڕێگاوبان و ئەو شتانەی نیشاندەری ڕواڵەتیی پێشکەوتی وڵاتێکن لە ئێران دامەزرێنێ و بەو شێوەیە هەم بە ڕۆژئاواو و هەم بە خەڵکی ئێرانی نیشان بدا کە ڕەوتێکی ڕوو لە پێشکەوتن لە ئێران دەستی پێ کردووە. بەڵام وێڕای ئەو سیاسەتە لە بواری مۆدێڕنیزاسیۆنەوە، لە بەشی کلتورییشدا ڕەزا خان هێندێک سیاسەتی کەلتووریی ڕەچاو کرد کە ئەو سیاسەتە کەلتوورییانەش لە بەرنامەی چاکسازیی ئەودا هاتبوون. وەک گرنگترینی ئەو شێواز و ئاراستەیە دەتوانین ئاماژە بە گۆڕینی شێوازی جلوبەرگ و هێندێک لە داب و ڕەسمە کۆمەڵایەتییەکان بکەین کە لەو سەردەمدا لە ئێران باو بوون. لە کتێبی "دەوڵەتەکانی سەردەمی مەشڕووتە"دا لە نووسینی "زەرغامی بڕوجێنی" لەو بارەوە ئاوا هاتووە کە؛ ڕەزاخان کاتی وتاردان بۆ توجاڕ و بازرگانە ئێرانییەکان کوتوویە: ئەو هاوڕەنگ کردن و یەکێتی بەخشین بە جلوبەرگی خەڵکییە، داخوازی سەردەمە و هەروەها ئەوەش دەخوازێ کە خەڵک لە باری بیر و باوەڕ و بۆچوونیشەوە وەکوو یەک بن. ئەو شێوە هاوڕەنگ کردنە ئاکامی باشی بۆ پێشکەوتنی کاروباری ئێمە لە مەملەکەتداری لە ئێراندا هەیە. هەر بۆیە من دڵخۆشم لەوەی کە هەیئەتی توجاڕی ئێرانی لەوە گەیشتوون کە دەبێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێ. واتە کێشەی جۆراوجۆر بوونی جلوبەرگی خەڵکی دەبێ چارەسەر بکرێ. ئەو هەروەها باسی ئەوە دەکا کە جیاوازیی زمانی و جلوبەرگ لە نێو نەتەوەی ئێراندا ساڵیانی ساڵ هەبووە و بۆ ئەوەی خەڵکی یەکگرتوو بن، پێویستە پۆشاک و زمانیشیان وەکوو یەک بێ تا نەتەوەیەکیان لێ ساز بێ. هەر بۆیە هەموو خەڵکی ئێران بە تایبەت عێلات و عەشیرەکان دەبێت لیباسی هاوشێوە و هاوشکەڵ لەبەر بکەن و ئەو یەکڕەنگی جلوبەرگە ڕۆحی بوێری و گەورەیی لەواندا زۆر دەکا.

درێژەی هەیە ....

KURDŞOP
546 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!