عەشیرەت و عێلەکانی ویلایەتی موکریان- “عێلی فەیزوڵڵابەگی” – بەشی2

 

بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

لەیلا زەمانی

 

سەرچاوەکانیش هەر باسی ئەوە دەکەن کە بەر لە هاتنی تایەفەی فەیزوڵلابەگی و هەروەها هاتنی سەردار عەزیز خانی موکری بۆ ناوچەی بۆکان، لەسەردەمی موحەممەد شای قاجار، تایەفەی وەرمزیار لەو ناوچەیە نیشتەجێ بوون.

ئەو عێلە هەر پێشتریش لە لایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە لە زۆر جێی ئێران پرش و بڵاو کرابوونەوە. هەر بۆیە تا ئێستاس لە پارێزگا جوداکانی وەک ورمێ و تەورێز و سنە دەژین و بەشیکی کەمیان لە ناوچەی بۆکان و دیواندەرە و بەشیکیان لە شارەکانی وەک هەشتەرۆ و مەراغە و جوڵفا و ماکۆ دەژین و بە زمانەکانی کوردی و تورکی دەدوێن. بەڵام وەکی کەسانی سەر بەو تایەفەیە لە ناوچەکانی دەرەوەی کوردستانیش دەڵێن ئەوان بە ڕەچەڵەک کوردن و ئەوانەی دانیشتووی کوردستانن هەر زمان و کولتووریشیان کوردییە.

 دیارە دوای هاتنی فەیزوڵلابەگییەکان بۆ دەوروبەری بۆکان ئەو دوو تایەفەیە واتە هەم تورکانی هەوشار و هەم وەرمزیارەکان، ئەو ناوچەیە بە جێ دێڵن. هەرچەند تا ئێستاش بەشێک لە دانیشتوانی وەرمەزیار و هەوشاری لە ناوچەدا هەر ماونەتەوە.

عەبدلڕەحمان بەگ دامەزرێنەری ئەم عەشیرەتە، دوای ئەوەی دەستی بە سەر هەموو دەشت و مەزرا بە پیتەکانی ناوچەکەدا گرت، بە هۆی پەیوەندیەک کە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی محەمەد شای قاجار سازی دەکا، کارێک دەکات کە پاشاکانی قاجار سەرنجێکی زیاتر بدەنە ئەو مەڵبەندە.

پاش عەبدولڕەحمان بەیگ، کوڕەکەی فەیزوڵلابەگ لە دەوروبەری ساڵەکانی هەزار و دوو سەد و پەنجا(1871ی زایینی) و هەزار و دوو سەد و شەست و دووی کۆچیی هەتاوی (1883ی زایینی)، دەبێتە سەرۆکی ئەو تایەفەیە. فەیزوڵلا بەگ لەدایک بووی ساڵی ۱۱۸۵ ی هەتاوی (1806ی زایینی) لە گوندی قاجری بۆکان بووه.

فەیزووڵڵا بەگ موکری بابامیری باپیرەگەورەی تایفەی فەیزووڵڵابەگی

 

وەکی ئاماژەی پێ کرا ئاوڕەحمان بەگی باوکی بە هۆی گوشاری  عەشیرەتی مەنگوڕ مڵک و ماڵەکەی لە ناوچەی مەنگوڕایەتیی ئێستای یاڵتەمر بەجێ دێڵێ و بەرەو ناوچەی بۆکان کۆچ دەکات و وردە وردە دەست بە کڕینەوەی مڵک و دێهات دەکاتەوە و پاش کوژرانی عەباس ئاغای دێبۆکری، دەچێتە دەرباری شای قاجار و بە دیتنی سەرۆک وەزیران و دواتر شای ئێران و کوژانەوەی بەشێک لە بڵێسەی ئاوری شەڕی بەگزادە و دێبۆکری، لەلایەن قاجارەوە خەڵات دەکرێ . فەیزوڵڵا بەگ کە پێدەگات، کەسێکی بوێر و نەترسی سەردەمی خۆی دەبێ و وێڕای کوڕان و کەسانی نزیکی خۆی زۆربەی گوندەکانی ناوچەی بۆکان و سەقز دەکڕێتەوه و ناوچەکە لە دەستدرێژیی تایفەکانی هەوشار و چاردۆڵی دەپارێزێت.

پێش شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری چەندین جار لەلایەن حاکمی وەختی سابڵاغ کە تورکی قاجاری بووە دەستبەسەر دەکرێ و بێحورمەتیی پێ دەکرێ و بە زۆری پووڵ و پارەی لێ دەسێندرێ هەر بەو هۆیەش فەیزوڵڵا بەگ وێڕای کوڕ و خزمەکانی لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای شەمزینی دژی پاشایەتیی قاجاری بەشداریی هەبووە و هاوکات گوندی تیکانتەپە کە ناوەندی دانیشتن و دەسەڵاتی فەیزوڵڵا بەگ بووە دەکەوێتە بەر پەلاماری هێرشی چەکدارەکانی دەوڵەتی و هەوشار و گوندەکە تاڵان دەکرێ و فەیزوڵڵابەگ و جەماعەتەکەی ناچار بە هەڵاتن و بەجێ هێشتنی گوندەکان دەبن کە دواتر بە هاوکاری وەرگرتن لە بەگزادەکانی موکریی میاندواو کە بە باریک دەناسرێن، توانیان چەکدارەکان ڕاوبنێن و بگەڕێنەوە سەر مڵک و ماڵی خویان. ماوەیەک دواتر فەیزوڵڵا بەگ بەهۆی نێوان ناخۆشییەک کە لەگەڵ هەمزە ئاغای مەنگوڕ لێی دێتە پێش ، کۆتایی بە هاوکاریی خۆی لەگەڵ هێزەکانی شێخ دێنێ و دەگەڕێتەوه ناوچەی خۆیان.

ناوبراو چەند مانگ پاش ئەو شۆڕشە لە ساڵی ۱۲۶۰ ی هەتاوی لە گوندی تیکانتەپەی بۆکان کۆچی دوایی دەکات.

شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری

 

پاش ئەو ڕووداوانە و بە مەبەستی پاراستنی ناوچەکەی، بە پەیوەندی سازکردن لەگەڵ سەردار عەزیزخانی موکری کە وەزیری شەڕی "ناسرەددین شا"ی قاجار و سەرداری هەموو سوپای ئێران بووە، دەسەڵاتێکی زۆر وە دەست دێنێ و ئەو دەسەڵاتەی وەدەستی هێناوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە هێرشی عەشایری عێلەکانی دژ و دەروبەریان بپارێزێ.

عەزیز خانی سەرداری موکری

 

لە دوای قاجارەکانەوە فەیزوڵڵابەگەییەکان بە تێکەڵ بوونی بنەماڵەیی لەگەڵ قازییەکانی مهاباد  جارێکی دیکەش جێ پێیان لە مهاباد کردەوە و لە داگیرساندنی شوڕشی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕۆڵی کارایان گێڕا. ئاغایانی فەیزوڵڵابەگی تێکەڵ شۆرشی کوردستان بوون و لە سەرکەوتنی کۆماری کوردستاندا یاریدەدەری پێشەوا قازی محەممەد بوون و پاش ڕووخانی کۆماریش چەند کەس لە فەرەماندە دلێرەکانیان کە فەرماندەی هێزی کوردستان بوون لە شارەکانی بۆکان و سەقز لە لایەن ڕێژیمی پاشایەتییەوە و داوی بنەماڵەی قازییەکان لە سێدارە دران.

شەهیدانی گەورەی فەیزوڵڵابەگی لە پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان بەشێکیان بریتین لە:

 عەلی بەگی شیرزاد: لەو شەهیدانە عەلی بەگی شێرزاد کە ئاغایەکی دەستڕۆیشتوو و خاوەن مڵک و دارایی زۆر بووە کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەرکەوتنی پێشمەرگەی کوردستان بووە. هەر بۆیە پاش کۆماری کوردستان پێش هەموو ئاغایانی فەیزووڵڵابەگی لە نزیک حەوزە گەورەی بۆکان لە سێدارە دەدرێ. عەلی بەگ فەرماندەی یەکێک لە هێزەکانی ناوەندی هێزی دێموکڕاتی کوردستان سەر بە عەشیرەتی فەیزووڵلابەگی و لە بەرەبابی ئاغا شیربەگ بووە. لە کاتی لە سێدارەدرانیدا ئەو شیعرەی بە دەنگی بەرز خوێندوەتەوە:

خوشا ڕوزی کە خود ڕا بر سر دار فنا بینم

سرم گردد بلند و عالمی ڕا زیر پا بینم

هەروەها موحەمەد ئەمین بەگی موڕتەزایی (کوڕی موڕتەزابەگی موکری کوڕی عەلی بەگی موکری وێرای خوشکەزاکەی موحەمەد خانی ئاڵەکڵوو کوڕی خەلیل خانی داساڵووجە شەهید کران). موحەممەدخانی فەیزوڵلابەیگی، ئەحمەد فارووق، ئەحمەدخانی شەجیعی(لە بەرەبابی ڕەشید خانی شەجیعوسەڵتەنەی فەیزوڵلابەیگی، کە بەرەبەیانی چوارشەمبە ١٦ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ لە سەقز لەگەڵ ١٠ تیکۆسەری دیکە لەسێدارە درا.) ، حەسەن فەیزوڵلابەگی، حەمەدئاغای شقۆیف، حوسین خانی کانی نیاز، عەلی ئاغای تەمۆتە، مەحموودخانی تورکمان کەندی، ئاغا سەدیقی یازیبلاغی لەو کەسایەتییانەی فەیزوڵڵابەگین کە لە پاش کۆماری کوردستان لە سێدارە دران.

KURDŞOP
566 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!