عەشیرەت و عێلەکانی ویلایەتی موکریان- “عێلی فەیزوڵڵابەگی” - بەشی1

لەیلا زمانی

 

وەک لە بەشی پێشووی ئەو نووسینەدا ئاماژەمان پێکرد،  ناوچەی موکریان شوێنی نیشتەجێبوونی چەند عێلی گەورە بووە، لەم بەشە لە نووسینەکەدا یەکێ لە عێلە مەزنەکانی نیشتەجێی موکریان، شێوەی هاتنیان بۆ ئەم ناوچەیە، بڵاوبوونەوەیان لەو ناوچەیەدا و ئەو کاریگەرییەی لەسەر ڕەوتی بەشێک لە ڕووداوەکانی کوردستان بوویانە دەخەینە بەر باس. فەیزوڵڵابەگییەکان یەکێ لە عێلە گەورەکانی موکریانن کە لەمابەینی دوو پارێزگای “کوردستانی ئەردەڵان” و “ورمێ”دا هەڵکەوتوون. بەشێکیان لە شارەکانی بۆکان و سەقز و ڕەبەت و سەردەشت و بانە نیشتەجێن. بەڵام زۆربەی فەیزوڵڵابەگییەکان لە مەودای نێوان شارەکانی بۆکان، سەقز و دیواندەرە داسەکناون.

ئێستا ئەو بەشە لە موکریان کە بەناوچەی فەیزوڵڵابەگی ناسراوە بە چەند هۆ شیاوی لێوردبوونەوە و سەرنجە.

یەکەم: لەباری مێژووییەوە ئەو عێلە لێک گرێدراوییان لەگەڵ بابانەکانی دامەزرێنەری ئیماڕەتی بابان و بنیاتنەرانی شاری سڵێمانی هەیە و هەر کام لقی بەرەبابێکن کە لە درێژەدا باسی دەکەین. دووەم: ناوچەی نیشتەجێبوونی ئەو عێلە دەکەوێتە بەر گەشتی دوور و درێژی ڕووباری بە لرفە و هەمیشە پڕ ئاوی جەغەتوو و دەشت و مەزراکانی کە بە پیت و بەرەکەتترین دەشت و مەزراکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و خاوەن سەرچاوەی ئاوی هەمیشەییە کە بناخە و سەرێنچاوەکەی دەگەڕێتەوە ئاوی کوێستانە سازگارەکانی “چل چەمە”.

سێیەم: بنیاتنەری نوێی ئەو عێلە واتە باوکی فەیزوڵڵابەگ  جیا لە بواری کاری عەشیرەیی و ڕاپەڕاندنی ئەرک و کاری دێهاتی بەردەستی خۆی، وەکی لە درێژەدا ئاماژەی پێ دەکرێ، کەسێکی دیپڵۆمات بووە و توانیویە بۆ چارەسەرکردنی کێشە گرینگەکانی عەشیرەیی لەگەڵ سەرۆک وەزیر و شایانی ئێران  پەیوەندی ببەستێ و لەو پەیوەندییانە بە مەبەستی بەرژەوەندیی ناوچە و عێلی خۆی کەڵک وەربگرێ.

وێنەی تایفەی فەیزوڵڵابەگی سەردەمی قاجارەکان 

دانیشتوان لە ڕاستەوە:

۱_ ئاغا مۆئمن بەگی یەکشەوە کوڕی ئاغا شێربەگ کوڕی ئاغا فەیزوڵا بەگی موکری بابا میری   

۲_ ئاغا خەلیل خانی داشاغڵووجە کوڕی ئاغا شێربەگ کوڕی ئەغا فەیزوڵا بەگی موکری بابامیری 

٣-خەلیل خان باوکی سێ شەهیدی نەمری کۆماری کوردستان ، شەهیدان ئەحمەد خانی فاڕووقی قەیلەسوون ناسراو بە (سالار)، موحەممەد خانی دانشوەر ، و عەبدوڵا خانی مەتین ـه.

 

چوارەم: ئەو عەشیرەیە خاوەن زۆر کەسایەتیی شوێندانەری هونەری لە بوارەکانی مۆسیقا و ئەدەبیات و نیگارکێشی بووە و  خاوەن نەریتێکی دەوڵەمەندی هونەرین.

 پێنجەم: لە شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و لەسەردەمی کۆماری کوردستانەوە شان بە شانی خەڵکی ناوچەی موکریان بەشداری شۆڕش  بوون و یارمەتیدەری کۆمار و سەرۆک کۆماری کوردستان قازی محەممەد بوون و لەو ڕێیەدا شەهیدی گەورەیان پێشکەشی سەربەرزیی نیشتمان کردووە.

 فەیزوڵڵابەگییەکان کە لە ناوچەیەکی بەربڵاوی پێکهاتوو لەسەدان ئاوایی دەژین زۆر بنەماڵەی ناوداریشیان لێ کەوتۆتەوە. لە گرینگترین  بنەماڵەکانی فەیزوڵڵابەگی دەتوانین ئاماژە بە بنەماڵەکانی وەک بابامیری، سەلیمی، شەجیعی، دادخا،  فاڕووقی ،شێربەگی ، کەیخوسرەوی  و …. بکەین. هەموو ئەو بنەماڵانە بەهۆی ئەوەی لە عەشیرەی فەیزوڵڵابەگین لە ناوچەکانی دەوروبەری بۆکان نیشتەجێن.

 دوو بنەماڵەی هەرە نێوبەدەرەوەی "بەگزادە"کان و "دێبوکری"یەکان لە جیرانەتیی یەک ژیاون. هەرکام لەوانەش بە پێی ئەوەی لە سەرچاوەکان مێژووییەکاندا باس کراوە،  یەکی سەد ئاواییان لەژێر بە سەڵاتدابووە. دێبوکرییەکان سەرەتا لە ئاوایی “بورهان” لە مابەینی شارەکانی "بۆکان" و "مهاباد" نیشتەجێ بوون. ئەوان دواتر لە ناوچەکەدا  بڵاو دەبنەوە و تا نزیک بۆکان دێن و دەست بەسەر ئاواییەکاندا دەگرن.

دێبوکرییەکان وەکی "هێنری ڕاولینسۆن" دەڵێ لە تیرەکانی عێلی موکرین. هەروەها "بازیل نیکیتین"یش دەڵی دێبوکرییەکان لە دانیشتووانی یەکەمی ناوچەی موکریانن و دواتر تێکەڵی موکرییەکان بوون. نیکیتین پێی وایە ناوی ئەوانە لە ئەسڵدا دەبێ "دێ موکری" بووبێ. بە پێی هیندێک لە گێڕانەوەکان ئەو عێلە لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی "نادر شای هەوشار"دا لە "دیاربەکر"ەوە بەرەوە ئەو ناوچەیە کۆچیان کردووە و هاتوونەتە ناو موکریانەوە و ناوی دێبوکرییش هەر ڕەگ و ڕیشەی لە دیاربەکرەوە وەرگیراوە کە لە بەشی تایبەت بە دێبوکرییەکان لەسەری دەدوێین.

وێنەی تایفەی فەیزوڵڵابەگی سەردەمی پەهلەوی 

دانیشتوو خوالێخۆشبوو عبداللە خانی یەگی کەند کوڕی بەهرام خان کوڕی حاجی موحەمەد ساڵح بەگ کوڕی ئاغا فەیزوڵڵابەگی موکری بابامیری وێڕای سێ کەس لە کوێخاکانی.

 

بەڵام هاتنیان بۆ بەشی ڕۆژئاوای شاری بۆکان و سەر "چۆمی جەغەتوو" پێشینەیەکی دیکەی هەیە کە سەرچاوەکان باسیان لێ کردووە و لە درێژەدا ئاماژەی پێ دەکرێ.

 بنەو بنەچەی عێلی فەیزوڵڵابەگی دەگەڕێتەوە بۆ “فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە” کە لە کەسایەتییە نێوبەدەرەوەکانی باشووری کوردستان بووە و بنەماڵەی بابانەکانیش هەر دەگەڕێینەوە سەر ڕەچەڵەکی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە. دوو بۆچوون لە بارەی ڕەچەڵەکی فەیزوڵڵابەگییەکانەوە هەیە کە یەکیان سەرچاوە مێژووییەکان بەشێکیان تەنیا وەک ڕەچەڵەکناسییەک کە نەسەلمێندراوە باسی دەکەن. واتا مێژووی ئەو عێلە دەگەڕێننەوە بۆ مێژوویەکی زۆر لەمەوبەر و پێیان وایە فەیزوڵڵابەگ کوری عەبدولڕەحمان بەگی موکری، کۆڕی مستەفا بەگی دووەم، کۆڕی مستەفا بەگی یەکەم، (ناسراو بە مستەفا بەگی پێ بازی) کۆڕی ئەحمەد خان، کۆڕی محەمەد خان بەیگ، کۆڕی سەیفەدین، کۆڕی پاشا، کۆڕی بابە عومەر، کۆڕی فەقێ ئەحمەدی دارشمانەیە.

 ئەو ڕەچەڵەکە دوور و درێژە بەشێک لە مێژوو نوسان دەڵێن  بە دروستی نەسەلماوە و وەک ئەفسانەیەک زار بەزار هاتووە و بەڵگەی دەقیقی مێژوویی بۆی لەبەردەست نییە. واتە سەنەد و بەڵگەیەکی نووسراو نییە ئەو ڕەچەڵەکە دوور و درێژە بگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەی زایینی. چون دوامین کەس لەو تیرەیە کە باس دەکرێ و مێژووی دەقیقی پێوەندییەکانی دیارە، عەبدولڕەحمان بەگە. لەوەوە تا دەگاتە فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە دەبێ چەند سەدە بگەڕێینەوە دواوە واتە مێژووی ئەو ڕەچەڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی “هەزار و شەشسەد و دە” تا “هەزار و شەش سەد و شەست”ی زایینی.

فەیزووڵڵا بەگ موکری بابامیری باپیرەگەورەی تایفەی فەیزووڵڵابەگی

 

بەڵام ئەوەی وەک مێژوو باسی دەکرێ، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئاخروئۆخری سەردەمی دەسەڵاتی زنجیرە پاشایەتیی "قاجار"ەکان. ئەوەی کە وەک مێژوو دەکرێ حیسابی لەسەر بکرێ ئەوەیە کە  عەبدوڵڕەحمان بەگ، باوکی فەیزوڵا بەگ سێ کوڕی بووە بە نێوەکانی فەیزوڵڵا و کەریم و سوڵتان.

 لەنێو ئەوانەدا فەیزوڵابەگ کەسایەتییەکی لێهاتووتر بوو و ئەو دێهاتەی کە دەکەوتنە دەستی یان دەستی بە سەرداگرتوون بە باشی ئاوەدانی کردوونەتەوە و ژێرخانی باشی سڵامەتی و ئاوەدانی وەک حەمام و ئاش و مزگەوت و ...ی بۆ دابین کردوون. لە سەرچاوەکاندا و بۆ وێنە "مێژووی عێلی گەورک"لە نوسینی "موحسینی ڕەشیدیی گەورک" و  هەروەها کتێبی "مێژووی و فەرهەنگ وئەدەبی موکریان" لە نووسینی ئیبڕاهیمی ئەفخەمی"دا باس لە کەسایەتیی عەبدولڕەحمان بەگی باوکی فەیزوڵڵابەگ کراوە.

 ئەو سەرچاوانە باسی ئەوە دەکەن پێشتر ئەم عێلە و سەرۆکەکەیان عەبدوڵڕەحمان بەگ نیشتەجێی دەوروبەری شاری مهاباد بوون. بەڵام دوای ئەوەی کێشەی قووڵیان لەگەڵ عێلی مەنگوڕ بۆ دێتە پێش، ناچار دەبێ عەشیرەکەی بەرەو لای بۆکان بجوڵێنێ.  لە شەڕ و کێشەیەکیشدا کە لە نێوان ئەو عەشیرەتانەدا دێتە ئاراوە، هەباساغای سەرۆکی عێلی دێبوکری دەکوژرێ. دوای ئەو کوشتنە  و لە ترسی کێشەی زیاتر و پەرەگرتنی ناکۆکییەکان لە بەینی عێلەکانی نیشتەجێی دەروبەری مهاباد، عەبدوڵڕەحمان بەگ لە شێوازێکی دیپۆماتیک کەڵک وەردەگرێ و بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەوڵ دەدا لەڕێی پەیوەندی سازکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرانی سیاسیی ئێرانەوە پێش بە خوێنڕێژی و شەڕێکی گەورەی عەشیرەتی لە ناوچە بگرێ. هەر بەو مەبەستە سەفەری "تاران"ی پایتەخت دەکا و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئێران "حاجی میرزا ئاغاسی" لەو بارەیەوە دانیشتنی دەبێ و بە وردی کێشەکانی ناوچە و مەترسییەکانی شەڕي عەشیرەیی بۆ شی دەکاتەوە. مەترسیەکانی ئەوەی کە بە هۆی پێکدادانی عێلەکان بەشێکی زۆر لە خەڵکی دەکوژرێن و سامانی خەڵکی لەناو دەچێ. دواتر دەرفەتێک لەو ڕێیەوە دەڕەخسێ و لەگەڵ شای ئێران یەکتر دەبینن و بەم شێوەیە بە دەستێوەردانی هێزەکانی ناوەند پێش بەو ڕووداوانە و کێشەیەکی گەورەی عەشیرەیی دەگیرێ. پاش ئەو ڕووداوانە عەشیرەی فەیزووڵلابەگی زیاتر بەرەو دەوروبەری بۆکان دەبزوێن و ئەو دەوروبەرەش ئەوکات لە ژیر دەسەڵاتی چەند عێلی دەرەکیدا بووە. مڵک و دێهاتی دەوروبەری بۆکان لە کۆتاییەکانی سەردەمی قاجار بە دەست تورکەکانی هەوشارەوە بووە. هەروەها بەشێک لەو دێهات و ناوچانەش بە دەست تایەفەیەکەوە بووە کە بە تایەفەی وەرمەزیار ناسراون.

نموونەی وێنەی مێژوویی له ناوچەی موکریان بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی نزیک سەدساڵی پێشوو له تایفەی فەیزوڵڵابەگی، دانیشتوو حاجی شەهاب (فەرەیدوون بەگی ترکاشە) ئەمیری کوڕی میرەبەگ کوڕی حاجی موحەمەد حەسەن بەگ کوڕی ئاغا فەیزووڵڵا بەگی موکری لەگەڵ کوڕەکان و کاربەدەستانی.

KURDŞOP
659 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!