نەورۆزی کوردەواری و پرۆسەیەک بۆ نەتەوەسازی – بەشی کۆتایی

کەیهان محەممەدی‌نژاد

بۆ خویندنەوەی بەشی سێیەمی ئەم گوتارە لێرە کرتە بکەن

 

لە بەشی پێشووی ئەم گوتارەدا باسم لە سەرهەڵدان و مێژووی نەورۆزی کوردەواری، نەورۆز و ئایینی میترا و بەسەرهاتی زوحاک و کاوەی ئاسنگەر کرد و چاوپێکەوتنیشم لەگەڵ توێژەران کرد سەبارەت بە چیرۆکی بێ بنەمای زوحاک و کاوەی ئاسنگەر و شانامەی فێردەوسی و چەواشەکاریی مێژوو لەلایەن داگیرکەرانەوە؛ لە درێژەی ئەم نووسینەدا باس لە "نەورۆزی سەردەمی کۆن و سەردەمی نوێ و پەیوەندیی نێوان نەورۆز و چوارشەممەسووری و کاریگەریی نەورۆز لەسەر گەشەسەندنی ئابووریی کوردستان" دەکەین.

 

نەورۆزی سەردەمی کۆن و سەردەمی نوێ

نەورۆزی سەردەمی کۆن و سەردەمی نوێ تا ڕادەیەک گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و مرۆڤ دەتوانێت بڵێت گەلی کورد بە خۆشحاڵییەوە ئەم نەریتە دێرین و کۆنەی پاراستووە و نەیهێشتووە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا بێت؛ هەروەها گەشەسەندنی تەکنەلۆجیا، نەیتوانیوە کاریگەرییەکی نەرێنیی وەهای لەسەر ئەو بۆنەیە هەبێت و بە پێچەوانەوە، زۆر کاریگەر بووە لە ناساندنی ئەم بۆنە کوردییە بە ڕای گشتی.

نەورۆز چەندە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە؟

ڕێکەوتی نەورۆز نەگۆڕدراوە و هەمان ئەو ڕۆژەیە کە چەند هەزار ساڵ لەمەوبەر بوونی هەبووە. ئەو ئاگرەی لە نەورۆز هەبووە، هەمیشە هەیە و ئێستاش بەردەوامە. شادی دەربڕینی ڕۆژی نەورۆز هەیە و هەر وەک خۆی ماوەتەوە. بە ڕای هەندێک لە لێکۆڵەران، هەندێک گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، وەک ناوی نەورۆز کە لە سەردەمی سۆمەرییەکان "زەگمەک" بووە، بەڵام چەندین ناوی تری بۆ دانراوە. بۆ نموونە زەگمەک لە سەردەمی ساسانییەکاندا گۆڕدرا و ناوی لێ نرا "نووکرۆژ" کە بە واتای ڕۆژی نوێ دێت؛ لەبەر ئەوەی جوگرافیای نەورۆز فراوانتر بووە و لە سنووری کوردستان تێپەڕیوە بۆ وڵاتانی وەک چین، میسر و هیندستان و هتد، هەرکام لەو وڵاتانە ناوێکیان بە نەورۆز داوە. بەڵام ئێستا نەورۆز بۆ کورد بووەتە هێمایەکی نەتەوەیی. کورد لە هەموو جیهاندا بۆ ئاگری نەورۆز قوربانیی داوە. کورد بە خوێنی خۆی نەورۆزی پاراست و بە ئەمڕۆی گەیاندووە.

 

پەیوەندیی نێوان نەورۆز و چوارشەممەسووری:

چوارشەممەسووری لە ئایینی ئێزدیدا لە مانگی گوڵاندا بەڕێوە دەچێت. ئەم مانگە بۆ ئەوان پیرۆزە و ژن و ژنخوازی ناکەن، سروشت تێک نادەن و دەڵێن جوانترین بووکی ساڵە و سروشت جارێکی تر دەبووژێتەوە. بەڵام جیاوازییەکی گەورە لەنێوان چوارشەممەسووریی ئێزدی و چوارشەممەسووریی لای کوردانی ڕۆژهەڵات لە کۆتایی زستاندا هەیە.

بۆچوونی مێژووناس "هادی عزیزی" لەسەر ئەم بابەتە بەم شێوەیەیە: "من هی ئایینی ئێزدیم پێ باشترە، چونکە ئایینی ئێزدی وەک بەشێک لە مێژووی کورد، ئایینێکە کە شرۆڤەی سروشت و ماتریاڵی کوردستان دەکات، وەک یارسان، وەک ڕیشەی ئایینی میترایی، جگە لەوەی کە ئایینەکەیان لەنێو نەچووە، بەڵکوو گاردێکی بەرگریشیان دروست کردووە. لە ناوەڕۆکی ئایینەکەیاندا کۆمەڵێک خاڵ و میتۆدیان پاراستووە کە پەیوەندییان بە خاکی دێرینی کوردستانەوە هەیە. بەم شێوەیە ئەگەر کاتژمێرێکیش لەنێوان ئەو دوو بۆنەیەدا هەبێت، ئەمە تەنیا ڕێکەوتێکی مێژووییە و هیچ پەیوەندییەک لەنێوانیاندا نییە."

هەروەها "زەینەلعابدین زنار" لەمبارەوە وەها دەڵێت: "جێژنی چوارشەممەسووری لەنێو کورداندا بە هەڵە ناسێنراوە، ئەمڕۆ ئەگەر لە هەر کوردێک لەسەر ئەم بابەتە بپرسیت، دەڵێت جێژنی چوارشەممەسووری هی کوردانی ئێزدییە. نەخێر، وا نییە. ئەمە جێژنێکی نەتەوەییە، هی نەتەوەی کوردە. هەروەها زۆربەی کوردانی ئێزدی لەسەر ڕیشەی خۆیان ماونەتەوە و له دابونەریته‌کانیان بەردەوامن و بەداخەوە کوردانی تر له جێژنی چوارشەممەسووری نزیک نابنه‌وه و ده‌ڵێن هی ئێزدییه. لە ڕاستیدا نەورۆز و چوارشەممەسووری هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نییە."

وێنە: جێژنی چوارشەممەسووریی ئێزدییەکان

 

کوردان پێویستە چۆن لەگەڵ نەورۆزدا ڕەفتار بکەن؟

لە ڕاستیدا پێویستە نەورۆزی کوردەواری بە جیهانەوە ببەسترێتەوە و بە هەموو شێوازێک سوودی لێ وەربگرێت. چونکە نەورۆز جێژنێکی چەندڕەهەندییە.

بۆ نموونە ئەگەر لە کوردستان ناوەند یان ڕێکخراوێکی نەورۆزی هەبێت و ئەرکی بەڕێوەبردنی نەورۆز لەئەستۆ بگرێت و لە چەند شوێنێکی مێژووییدا فێستیڤاڵی نەورۆز ڕێک بخات و ساڵانە چەند وڵاتێک یان گرووپێکی ڕۆشنبیری جیهان بانگهێشتی کوردستان بکات بۆ جێژنی نەورۆز، ئەوا دەرگایەکی بەهێز بۆ ئابووریی کوردستان دەکرێتەوە و ئەو ناوەندە دەتوانێت کوردستان بکاتە شوێنێکی دێرینی گەشتیاری و تەنانەت دەتوانێت چالاکیی ئەدەبی، هونەری، ڕۆشنبیری، وەرزشی و سینەمایی لە نەورۆزدا ڕێک بخات.

ئەگەر کار بۆ ئەمە بکرێت، نەورۆزی کوردەواری زیاتر و زیاتر دەچێتە نێو وڵاتان و کۆمەڵگەکانەوە. بە ڕاستی گەلی کورد زۆر کەمتەرخەمە و تاکی کورد تەنیا لە ڕۆژی نەورۆزدا سروودی نەتەوەیی دەڵێنەوە و جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکەن و تەنانەت ئەوانیش پەیڕەوی لە نەریتە کۆنەکانی نەورۆز ناکەن. نەورۆز هی کورد و کوردستانە و پێویستە ئاگاداری ئەو مێژوو و کەلتوور و بنەچەیە بین و خاوەنداریەتیی لێ بکەین و ڕابردوومان لەبیر نەکەین.

KURDŞOP
634 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!