نەورۆزی کوردەواری و پرۆسەیەک بۆ نەتەوەسازی – بەشی دووەم

کەیهان محەممەدی‌نژاد

 

لێرە کرتە بکە و بەشی یەکەمی ئەم گوتارە بخوێنەوە

 

لە گوتاری پێشوودا باسم لە سەرهەڵدان و مێژووی نەورۆزی کوردەواری، نەورۆز و ئایینی میترا و بەسەرهاتی زوحاک و کاوەی ئاسنگەر کرد؛ هەروەها چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ توێژەران لەسەر چیرۆکی بێ بنەمای زوحاک و کاوەی ئاسنگەر هەبوو کە ئێستا درێژەی دەدەینەوە و دەپەرژێینە سەر شانامەی فێردەوسی و چەواشەکردنی مێژوو لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە.

مامۆستا پڕۆفیسۆر "مەولوود ئیبراهیم حەسەن"یش سەبارەت بە چیرۆکی زوحاک و کاوەی ئاسنگەر دەڵێت: "ڕێکەوتی چیرۆکی زوحاک و کاوەی ئاسنگەر دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠٠ یان ٧٠٠ ساڵ پێش زایین، بەڵام مێژووی نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ ١٢ هەزار ساڵ پێش ئێستا. بەڵام نەورۆز توانای ئەوەی هەبووە بچێتە نێو هەموو بۆنە گەورەکانەوە و لە ڕابردووشدا هەر بۆنەیەک هەبووایەت، لە ڕۆژی نەورۆزدا جێژنەکەی ڕێک دەخرا. لەم ڕۆژەدا جێژنی بۆنەکەی خۆیان دەگێڕا و زوحاک و کاوەی ئاسنگەر هیچ پەیوەندییەکیان بە نەورۆزەوە نییە."

ڕای "هادی عزیزی"ش هەمان ڕای توێژەرانی دیکە بوو، ئەو گوتی: "لە مێژووی کۆنی کوردستاندا، کاوە پێک هاتووە لە هێزی خەڵک کە شەڕی دەسەڵاتی ئاشوورییان کردووە لەهەمبەر 'ئازا دهاک' کە ئەو ناوە لە چەندین ناوی دیکە وەک 'دهاک ، دەهیوو، دەهیاکۆ و دوهۆک'ەوە دێت کە هەم بە مانای فەرمانرەوایی و هەم بە واتای دەسەڵات دێت. ڕاستە کورد بە دژی دەسەڵاتی ئاشووری بوو و سەرکەوتنی بەدەست هێنا و ئەمەش لەلایەن فارسەکانەوە بە شێوەیەکی چەواشەکارانە نووسراوە و هیچ پەیوەندییەکیان بە نەورۆزەوە نییە."

فێردەوسی و شانامە

فێردەوسی، شاعیری فارس کە لە ساڵی ٩٩٤دا شانامەی تەواو کردووە، چیرۆکی زوحاک و کاوەی ئاسنگەری گێڕاوەتەوە و زوحاکی بە کەسێکی دڕندە و توندڕەو ناساندووە کە دوو ماری لەسەر شاندا بووە و خواردنی ئەو مارانە مێشکی لاوەکان بووە و کاوەی ئاسنگەر زوحاکی کوشتووە و ئەو سەرکەوتنە لە یەکەم ڕۆژی بەهاردا ڕوویداوە و بەهۆی سەرکەوتن بەسەر دەسەڵاتی زوحاکدا جێژنی نەورۆزیان ڕێک خستووە.

دەبێ بگوترێت کە جێگای داخە کە هزر و ڕوانگەی زۆرینەی گەلی کورد لەسەر نەورۆز و کاوەی ئاسنگەر دەگەڕێتەوە بۆ شانامەکەی فێردەوسی. بەڵام پێویستە بزانین کە ئایا شانامە و دەقەکانی کە دواتر وەک شیعر تێیدا هاتوون، بنەماکەیان بە میرات وەرگیراون یان دزراون؟ جاری وایە مرۆڤ لە مێژوودا، تەوەرێک، چوارچێوەیەک یان هاوشێوەیەک بە میرات وەردەگرێت، بەڵام وەرگرتنی کۆمەڵێک چیرۆک یان بەسەرهات لە بوارگەلێکی جیاوازدا کە جوگرافیای فارسەکان نەبووە و وەرگیراون، دواتر وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی و ڕێک لە چوارچێوەی شانامەدا نیشان دراون.

 

وێنە: شانامەی فێردەوسی

هەروەک مێژووناس، هادی عەزیزی دەڵێت: بۆ مێژووی شانامە و ئەو چیرۆکانەی لە شانامەدا هاتوون، ئێمە دەبێ هەندێک ڕوانگەی تایبەتمان هەبێت؛ هەرچەندە ئێمە بڵێین فێردەوسی شارەزایە یان نا، هەندێک هەڵە سەبارەت بە جوگرافیایەک دەکات کە جوگرافیای ئەو نییە. بۆ نموونە، باسی دیجلە دەکات. دیجلە لە خاکی کوردستاندایە. یان باسی زوحاک دەکات و دەڵێت ٨٠٠ ساڵ ژیاوە! درۆیە و هیچ شتێکی لەو جۆرە نییە. بەڕای من ٨٠٠ ساڵ ئاماژەیە بۆ نەمانی دەسەڵاتی ئاشوورییەکان بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە زیاتر لە هەزار ساڵ تەمەنی بووە. ئەوەی بۆ ئێمە دیارە ئەوەیە کە تەنانەت دوای فێردەوسیش، ئەو چیرۆکانە لەنێو خاکی کوردستاندا بە شێوەیەکی ڕاست گێڕدراونەتەوە. کە بەو شێوەیەیە چیرۆک یان بەسەرهاتی کوردان لە کوردستانەوە گواسترایەوە بۆ ناوچەی ئاریا یان هاریا کە ئێستا بە خوراسان ناسراوە. پرسێکی تر سەبارەت بە زوحاک: وشەی مار لەنێو کورداندا وشەیەکی پیرۆزە، وەک خشووک، چیرۆکی شاماران؛ مار لە ئایینی کۆنی کوردیدا، لە مەتۆلۆجیی کەشتیی "ح. نووح" کە تا ئێستاش لە ئایینی ئێزدیدا بوونی هەیە، ئاگادار دەکاتەوە کە کەشتیی "ح. نووح" لەسەر چیای شنگال کون دەبێت و مارێکی ڕەش خۆی بەو کونەدا دەکات بۆ ئەوەی کەشتییەکە نوقم نەبێت و بگاتە چیای جۆدی و ئەمەش بەشێکە لەو ئەفسانانەی نێو چیرۆکە کوردییەکان. هەروەها گرینگترین وشەی مار لە زمانی کوردیدا و ئەتۆمۆلۆژجیی زمانی کوردی و ئەو مێژووەی کە باس کراوە، لە مۆری سەردەمی سۆمەرییە کۆنەکانەوە تا کۆتایی سەردەمی میلۆلۆیی و میتانی و دەوڵەتی مانایی و مەدی، بۆمان دەردەکەوێت کە مار هێمای هێز و دەسەڵاتە، و کەسێک کە ماری نەبێت و بێ مار بێت، نەخۆشە و هیچ دەسەڵاتێکی نییە. وەک "دەمار یان تیمار" و تەنانەت مارەکەش گواستراوەتەوە بۆ بەشی پزیشکی، وەک لۆگۆی زانستی پزیشکی کە تا ئێستاش بەکار دێت، چونکە لە تیمارکردن پێک هاتووە. ئێستا ئەو بۆ ئەوەیکە ڕوومەتی مار ناحەز بکات، دێت و دەڵێت زوحاکێک هەبووە دوو ماری لەسەر شاندا بووە و خواردنەکانیان مێشکی لاوەکان بووە. ئەمانە هەمووی تەنیا خەیاڵن و دەیانەوێت مێژووی میللەتێک کە دەسەڵاتی نییە، بە شێوەی چەواشەکارانە بنووسن.

 

وێنە لە شانامەی فێردەوسی وەرگیراوە کە تێیدا زوحاک دوو ماری لەسەر شاندایە

گوتەیەکی پێشینییان هەیە کە دەڵێت: "ئەگەر مەڕێک لە بیاباندا بەجێ بهێڵرێت، گورگ دەیخوات." واتە بەبێ خاوەن و شوان، دەبێتە خۆراکی گورگ. ئەم پەندە پێمان دەڵێت، کاتێک کورد خاوەندارێتی لە نەورۆز نەکات، خەڵکی تر دەبنە خاوەنی.

بەپێی بۆچوونی "زەینەلعابدین"، فارس قەومێکی کۆچەرییە کە خۆی بەسەر ئێراندا سەپاندووە، فارسەکان لە هیندستانەوە هاتوون و گرووپێکی هەژار و شپرز بوون و هاتنە نێو کوردان و پارسیان کردووە و کوردانیش بەوانیان گوتووە پارسەک (لە ئەدەبیاتی کوردیی کورمانجیدا، بە کەسێک کە هەژارە و لە کۆڵاناندا دەگەڕێت و داوای پارە یان شتێک لە خەڵک دەکات، پێیان دەگوترێت پارسەک) و دواتر ناویان بووە بە پارس (فارس) و ئیمپراتۆرییەتێکیان دروست کردووە و دەستیان بەسەر مێژوو و خاکی دێرینی کورداندا گرتووە، کوردانێک کە یەکەم نەتەوەی ئاشتیخوازن لە زاگرۆس و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەم گوتارە بەردەوامە و لە بەشی داهاتوودا تیشک دەخاتە سەر گرینگیی نەورۆز لە فۆلکلۆری کوردیدا و کاریگەریی نەورۆز لەسەر پرۆسەی نەتەوەسازی...

KURDŞOP
691 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!