نەورۆزی کوردەواری و پڕۆسەیەک بۆ نەتەوەسازی - بەشی یەکەم

کەیهان محەممەدی‌نژاد

لەم وتارەدا هەوڵم داوە چەندین بابەتی گرینگ سەبارەت بە نەورۆزی کوردەواری ڕوون بکەمەوە، چونکە لە ڕاستیدا لەبارەی نەورۆزی کوردەواری چەندین بابەت و کتێبی چەواشەکارانە و بێ بنەما لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە نووسراون. بەڵام ڕاستیی نەورۆزی کوردەواری شتێکی ترە. بۆ نموونە لەم وتارەدا مێژووی نەورۆز و سۆمەری، ئایینی میترا و نەورۆز، چیرۆکی بێ بنەمای کاوەی ئاسنگەر و زوحاک، گرینگیی نەورۆز لە فۆلکلۆری کوردیدا و کاریگەریی نەورۆز لەسەر پرۆسەی نەتەوەسازی و هتد، باس دەکرێت.

نەورۆز کۆنترین، گەورەترین و گرینگترین جێژنی هەموو مرۆڤایەتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەم جێژنە هەر لە سەرەتاوە لە کوردستان بەڕێوە چووە و لە هەموو جیهاندا بڵاو بووەتەوە. بۆنەیەکە کە بۆ گەلی کورد زۆر گرینگە و هەموو ساڵێک لە وەرزی بەهاردا کە بەفر دەتوێتەوە و گوڵەکان دەردەکەون و هیوا لە دڵی خەڵکدا گەشە دەکەن، پیرۆز دەکرێت و بە یەکێک لە گرینگترین بۆنە مێژووییەکان دادەنرێت. ئەم بۆنەیە جێژنی نەورۆزە. نەورۆز هاوواتای "ڤەژین" و ڕۆژێکی نوێیە و گەلی کورد هەموو ساڵێک لە ١ی مانگی کوردیدا، واتە یەکەم ڕۆژی بەهار، وەک نوێبوونی سروشت، جێژنی نەورۆز بەڕێوە دەبەن.

زانراوە کە لە ڕابردوودا نەورۆز کەلتوورێکی گەورەی هەبووە و هەموو بۆنەیەکی گرینگ لە ڕۆژی نەورۆزدا بەڕێوە دەچوو. بەڵام ئەم بۆنەیە بۆ گەلی کورد زۆر گرینگە، چونکە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و زۆرێک لە مێژوونووسان دەڵێن، دەسەڵاتداریی ماد و گەلی کورد زۆر پێش زایین و لە یەکەم ڕۆژی مانگی یەکەمدا خاکی کوردستانیان لە دەستی ئاشوورییەکان ڕزگار کرد (ساڵی ٦١٢ی پێش زایین) و جێژنیان گرت و ناویان لێ نا ڕۆژی نوێ یان ڕۆژێکی نوێ. هەندێک لە مێژوونووسان و توێژەران مێژووی ئەم بۆنەیە دەگەڕێننەوە بۆ ٤ هەزار ساڵ لەمەوبەر.

هه‌ندێک له مێژوونووسانی دیکه‌ش ده‌ڵێن، نه‌ورۆز ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نوێبوونه‌وه‌ی سروشت و بنه‌ماکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئایینه‌کانی وه‌ک میترا، ئێزدی و یارسان.

من لەسەر ئەم پرسە گرینگە و مێژووی ئەم بۆنە دێرینەی گەلی کورد لەگەڵ پڕۆفیسۆر "مەولوود ئیبراهیم حەسەن"، مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر، چاوپێکەوتنێکم ئەنجام دا و بۆچوونی ئەوم سەبارەت بە مێژووی نەورۆز پرسی و ئەویش گوتی: لە ڕاستیدا نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ سەری ساڵی نوێی "سۆمەری"، یان ڕۆژی زیندووبوونەوەی خوداوەندی سۆمەری، "دەمۆزی". بەگوێرەی ئایینی سۆمەرییەکان، خوداوەندەکەیان (دەمۆزی) لە یەکەم ڕۆژی بەهاردا دەردەکەوێت، کە هەمان ڕۆژ دەکاتە یەکەم ڕۆژی ساڵی کوردی و دەبێتە یەکەم ڕۆژی مانگی نەورۆز؛ بەڵام کات و ڕێکەوتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەمە، دوای ئەوەی خوداوەندی سۆمەری (دەمۆزی) لە یەکەم مانگی حەوتەمدا دەچێتە ژێر زەوی و لە یەکی مانگی یەکەمی ساڵی نوێدا زیندوو دەبێتەوە، ئەو زیندووبوونەوە دەبێتە جێژنێکی گەورە و ئەو جێژنە جێژنێکی سروشتی، ئایینی، فەلەکی، کشتوکاڵی و کەلتووری بووە و جێژنی گەورەی سۆمرییەکان بووە. ئەم بۆنەیەش لە سەردەمی سەرهەڵدانی کشتوکاڵیشدا بووە. هەموو توێژەران مێژووی جێژنی نەورۆز دەگەڕێننەوە بۆ ١٠ هەزار ساڵ پێش زایین، واتە ١٢ هەزار ساڵ پێش ئێستا.

نەورۆز و ئایینی میترا

زۆرێک لە مێژوونووسانیش لەسەر ئەو باوەڕەن کە نەورۆز لە ئایینی میتراوە بۆ گەلی کورد ماوەتەوە. بەڵام هەندێک لە لێکۆڵەران لەو باوەڕەدان کە ئەم بۆنەیە هیچ پەیوەندییەکی بە ئایینی میتراوە نییە و تەنیا لە نوێبوونەوەی سروشتەوە سەرچاوە دەگرێت و هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ ئایینێکەوە نییە.

هەروەک چۆن زۆربەی بۆنەکان وەک چلەی هاوین، چلەی زستان، جێژنی خەرمان، جێژنی چاندن و دروێنە کە کۆنترین بۆنەی کوردین، نەورۆزیش وەک ئەو جێژنانە زۆر کۆنە و دەکرێت بڵێین ئەم جێژنەش هاوشێوەی بۆنە کۆنەکانی دیکەی کوردی، لە سەردەمی میترادا گرینگیی پێ درابێت.

 

زوحاک و کاوەی ئاسنگەر و نەورۆز

مێژووی گەلی کورد بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتێکی سەربەخۆ یان سووتاندن و دزینی هەموو بەڵگەنامە مێژووییە کۆنەکانی کوردان لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بە هەڵە نووسراوە و یەکێک لەوانە چیرۆک یان بەسەرهاتی زوحاک و کاوەی ئاسنگەرە. ئەم چیرۆکە لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بە شێوەی چەواشەکارانە نووسراوە و بە جێژنی نەورۆز شوبهێنراوە، بەڵام نووسەران و مێژوونووسانی کورد دەڵێن، هەردووکیان هیچ پەیوەندییەکیان بە نەورۆزەوە نییە.

ئەمەش لەلای من مژارێکی گرینگ بوو و ویستم بە باشی بپەرژێمە سەر ئەم مژارە و لەگەڵ سێ توێژەر بە ناوەکانی "زەینەلعابدین زنار، پڕۆفیسۆر مەولوود ئیبراهیم حەسەن و هادی عزیزی چاوپێکەوتنم کرد؛ من لێم پرسین، ئایا چیرۆک یان بەسەرهاتی "زوحاک و کاوەی ئاسنگەر" پەیوەندیی بە نەورۆزەوە هەیە؟

لە سەرەتادا زەینەلعابدین زنار گوتی: لە مێژووی کورددا زۆر شت چەواشەکارانە نووسراون و بەسەر کوردیاندا سەپاندووە، یەکێک لەوانە چیرۆکی زوحاک و کاوەی ئاسنگەرە. دەگوترێت زوحاک پادشای عەرەبەکان بووە؛ با لە سەرەتاوە ئەمە بڵێم، لە ڕاستیدا عەرەب بۆ خۆیان کۆچەرین و لە ئەفریقاوە هاتوون بۆ ئەم خاکەی کە ئێمە پێی دەڵێین عەرەبستان و لە گوند و شارەکاندا بڵاو بوونەتەوە و هیچ دەسەڵاتێکیان نەبووە تاکوو پادشایان هەبووبێت. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کەسێک بە ناوی زوحاک لەو ناوچەیە دەرکەوتبێت و ببێتە ستەمکار و کەسێک بە ناوی کاوە دەرکەوتبێت و بیکوژێت و ئەمەش کارێکی زۆر ئاساییە. بەڵام نەورۆز پەیوەندیی بە زوحاک و کاوەوە نییە. بەسەرهاتی زوحاک بەم شێوەیەیە و دەڵێن کەسێکی دڕندە بووە و دوو ماری لەسەر شاندا بووە و خواردنی ئەو مارانە مێشکی لاوانی کورد بووە و دواتر ئەم لاوانەی سەریان نەبڕدراوە، ڕەوانەی شاخ کراون و دواتر زۆر بوون و وەک کورد و نەتەوە دەرکەوتوون! ئەمە نادادپەروەرییەکی گەورەیە بەرامبەر کورد کراوە و هەڵەیەکی گەورەیە کە دژی کورد گوتراوە و کوردان بچووک بکەینەوە و وەک نەتەوەیەکی بێ بنەما دەریبخەین. چەندین چیرۆکی لەم جۆرە لە دژی کورد نووسراون. لە ڕاستیدا لە ئیمپراتۆریەتیی "مەدان"دا بە "والی" یان پارێزگار دەگوترا "کاوە". کاوە و زوحاک و نەورۆز هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نییە.

ئەم بابەتە بەردەوامە و لە بەشی داهاتوودا توێژەران وڵامی چیرۆکی کاوە و زوحاک و پرسەکانی تر دەدەنەوە...

 

KURDŞOP
683 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!