دوکتور ئازاد موکری
لە بەشی یەکەمدا لە ڕوانگەی کولتوورییەوە باسی کتێبەکەی نەسرین قاسملوومان کرد.
بەشی دووهەمی ئەو نووسینەدا لەسەر شێوەی سیاسەتناسی و کاری سیاسیی ئەورووپاییەک لە خاکی کوردستاندا زانیاریی سەرنجڕاکێش بە دەستەوە دەدا. وەکی دەزانین تا چەند دەیە لەمەوبەر، زیاتری ناسیاریی ئەورووپاییەکان لەگەڵ کورد لە دوو ڕێگاوە بووە. یەکەم لە ڕێگای ئەو نووسینانەوە کە ڕۆژهەڵاتناسەکان دەیاننووسین و ئەزموونی ناتەواو و چەند ڕۆژەی سەفەری خۆیان بۆ کوردستان دەکردە بەردی بناخەی ناسینی کورد و زیاتریش بایەخیان بە هەندێک داب و ڕەسمی لاوەکی دەدا و کۆی ناسیاریی خۆیان بەوەندەوە دەبەستەوە. دیارە ئەو چەشنە ناسینە ناسینێکی ناتەواوە. نموونەی وا دەتوانین لە نووسینەکانی دێمۆرگانی فەڕانسەویدا ببینینەوە کە لەسەر کورد نووسیونی. بۆ وێنە لە باسی سەردەشتدا دەنووسێ خەڵکێکن لە ئەشکەوتدا دەژین و کا ڕایەخیانە و ... ڕەنگە کاتێک کە دێمۆرگان بە لای سەردەشتدا تێپەڕیبێ، لە ئەشکەوتێکدا بنەماڵەیەکی وا ژیابن بەڵام ئەوە وێنەیەکی ناڕاستە لە بەشێک لە کوردستان بە قەڵەمی ئەورووپاییەک. ئەوە لە حاڵێکدایە هەر ئەو دێمۆرگانە تەواوی وێنەکانی بە کامێرای عەزیز خانی سەردار گرتووە و لە ژێرییەوە نووسیوێتی بە کامێرای حەزرەتی نەجیبزادە عەزیز خانی سەرداری بۆکان و نەیزانیوە هەر ئەو نەجیبزادەیە بە ئەسڵ سەردەشتییە.
لەو کتێبەی بەرباسدا ئەورووپاییەک سیاسەت لە کوردستان دەبێتە بەشێک لە ژیانی. ئەویش سیاسەت هاوڕێ و هاوشان لەگەڵ یەکێک لە دەگمەن ڕێبەرانی کورد کە ناوبانگێکی جیهانیی هەیە.
نەسرینی قاسملوو هەر لە سەرەتای هاتنیەوە بۆ ئێران خەریکە بنەماکانی سیاسەت لە ئێران دەناسێ. گێڕانەوەی ئەو نیشاندەری هەبوونی دوو هێڵی گشتیی سیاسییە لە ئێراندا. یەکیان سیاسەتێکە کە دەوڵەتی پاشایەتی و دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی دەیبەنە پێش و یەکیش سیاسەت و کردەی سیاسیی لایەنە نەیار و ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیزامی پاشایەتییە.
لە هەنگاوی یەکەمدا نەسرین قاسملوو باسی جووڵەی سیاسیی کوردە سیاسەتمەدارەکان لە تاران، دەکا. واتە باس لە بوونی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دەکا کە لە تاران چالاکە و خەریکی هاوکاری و هاوبیری لەگەڵ هێزە چەپ و بەرابەیخوازەکانی دیکەی ئێرانە. جووڵە و کار و کردەکانی دکتۆر قاسملوو لەو کاتەدا دەگێڕێتەوە و بۆ خۆشی دەبێتە یەکێک لەو کەسانەی کە لەو تۆڕە نهێنییەدا بەش بە حاڵی خۆی ئەرکە پێسپێردراوەکانی ڕادەپەڕێنێ.
ئەوەی لەو بەشەدا گرینگە ئەوەیە کە نووسەری ئەورووپایی ئەو کتێبە باسی هاوکاری و هاتوچۆ و سات و سەودای هێزە جیاوازە نهێنیکارەکان دەکا. بۆ وێنە باسی کاری نهێنیی کیانووری، ڕێبەری حیزبی توودە و دکتۆر قاسملوو دەکا و ئەو خاڵەش باس دەکا کە ڕەنگە زۆر لەگەڵ یەک کۆکیش نەبووبن. باسی ئامادەییی سمایل قاسملوو و غەنی بلووریان و زۆر کەسایەتیی دیکەی کورد دەکا کە ڕۆڵیان گێڕاوە. باسی سیستەمی داپڵۆسێنەری ساواک دەکا کە چۆن چالاکانی سیاسیی کورد دەخاتە ژێر گوشار و چاوەدێرییەوە و ئەوان مەجبوورن جار لەگەڵ جار شوێنگۆڕکێ بکەن و درێژە بە کاری تەشکیلاتی بدەن.
ئەوەی نەسرین قاسملوو وەک ئەزموونی تاکەکەسیی خۆی و کاری تەشکیلاتی لە تاران دەیگێڕيتەوە شیاوی لێ وردبوونەوەیە. سەرەڕای ئەو هەمووە گوشارەی دەزگا سیخوڕییەکان، بە هۆی پتەویی کار و کارامەییی چالاکانی سیاسیی حیزبی دێموکڕات بە ڕێبەرایەتیی دکتۆر قاسملوو لەوسەردەمەدا، کەمترین خەسار وە پێکهاتەی تەشکیلاتەکەیان دەکەوێ. نەسرین قاسملوو دەگێڕێتەوە کە نهێنیپارێزی لە ڕادەیەکی یەکجار بەرزدا هەمێتی دەدرایە و تەنانەت ئەو پاراستنی نهێنییە سیاسی و حیزبییانە، دەگاتە ئاستێک کە هەر کەس تەنیا ئەو ئەرک و زانیارییە دەزانێ کە تایبەت بە خۆیەتی بۆوەی تەنانەت ئەگەر گیراش هیچ کەسی دیکە بە بۆنەی ئەوەوە نەگیرێ. هەر بۆیە دەڵێ زۆر پرسیاری من لە دکتۆر لەمەڕ بەرنامەی داهاتووی تەشکیلاتەوە بێ وڵام دەمایەوە.
بەشی دیکەی کاری سیاسیی نەسرین قاسملوو دەگەڕێتەوە ئەو سەردەمەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەو سەردەمەوە و بوونی هێزی پێشمەرگە و ڕێبەران و کادرەکانی حیزبی لە ناو کوردستان بە جوانی دەگێڕێتەوە و لێرەشدا بە پێچەوانەی ئەو پڕۆپاگەندایەی ڕاگەیەنەی دوژمن و نەیارانی کورد دەیکەن، لە زمان نەسرینی ئەورووپاییەوە ئەو ڕاستییە دەردەکەوێ کە پەیوەندیی خەڵک و شۆڕشی مافخوازنەی کورد چ پێوەندییەکی سەرسوڕهێنەر و ئەویندارانە و یارمەتیدەرانە بووە.
جودا لەوە، سیستەمی ملیتاریزمی پاشایەتی لە کوردستان وەسف دەکا و هەموو ئەو ئاستەنگ و تەگەرە و خەتەرانە دێنێتە گۆڕێ کە لە سەر ڕێگای خەباتکارانی کورددا هەبووە و ئەویش بە بەشی خۆی زۆر یەک لەو کەند و لەند و مەترسییانەی تێپەڕاندووە.
بەشێکی دیکەی بیرەوەریی سیاسیی نەسرین قاسملوو بۆ چالاکیی سیاسی لە عێراق دەگەڕێتەوە.
هەم ئەو و هەم زۆریەک لە کادر و ئەندامانی حیزبی دێموکڕات لە شارەکانی کوردستانی عێڕاق و بەغدای پایتەخت خەریکی چالاکین. ئەو بەشەش بۆناسینی سیستەمی سیاسیی زاڵ بەسەر عێڕاقدا و مەترسیی کاری سیاسی لەو وڵاتە و کۆڵنەدانی ئازادیخوازنی کورد، زانیاریی بەکەڵکی تێدایە. جودا لەوە ئەو لە چاوی ئەورووپاییەکەوە هاوکاری و دژبەری و ڕقەبەرایەتی هێزە سیاسییەکانی کوردیش بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە دەخاتە بەرباس.
باس لەسەر ئەو کتێبە زۆر زیاتر لەوە هەڵدەگرێ و وەک دوا بەشی گرینگی ئەو یادداشتە لەسەر کتێبەکەی نەسرین قاسملوو ئاماژە بە هەلسەنگاندنی کەسایەتییە سیاسییە کوردەکانی هاوکار و نەیاری دکتۆر قاسملوو دەکەم.
نەسیرین قاسملوو ئەگەرچی هاوسەر و هاوخەباتی دکتۆر قاسملوو بووە و لە تێکڕای نووسینەکەی ڕا بە دەیان جار باسی ئەوە دەکا کە چەند ئەوینداری بووە بەڵام کەسایەتیی ئەوی وەک ئەویندارێک هەڵنەسەنگاندووە. ڕەخنەگرانە تەنانەت لە هاوسەرە ڕێبەرەکەی خۆشی ڕوانیوە و ئاکاری باش و نەباشی ئەوی تۆمار کردووە و لەسەری دواوە. بە هەمان شێوە لە زۆر کەسایەتی سیاسی گرینگی دیکەی کورد و پانتای سیاسەتی کوردستان بە گشتی دواوە. بۆ وێنە باسەکانی نەسرین قاسملوو لەسەر جەلال تاڵەبانی و مەلا مستەفا بارزانی شیاوی سەرنجن. جۆری هاوکاری و هاوبیریی ئەو ڕێبەرانە و دکتۆر قاسملوو و بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش جێی شیکاری و قسەی سیاسیی شیاوە.
لە کەسایەتییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش باسی ژیان و بیر و چالاکیی ئەو کەسایەتییانە لەقەڵەمی نەسرین قاسملوودا دەتوانێ لایەنی تازەی بیر و ڕوانگەی ئەوانمان بۆ وەدەر خا. ئەو باسی ئەحمەد تۆفیق، سەدیق ئەنجیری ئازەر، غەنی بلووریان، سمایل قاسملوو، و زۆر کەسایەتیی دیکە دەکا و لاپەڕەیەکی تازە لە مێژووی سیاسیی کورد زیاد دەکا.