ئەشکەوتی قزقاپان، گۆڕخانەیەکی سەردەمی مادەکان

کۆمار کاروان

 

هەڵکەوتەی ئەشکەوتی قزقاپان

ئەشکەوتی قزقاپان، شوێنەروارێکی مێژووییی سەردەمی دەسەڵاتداریی مادەکانە کە لە ناوچەی چەمی ڕێزانی سەر بە شاری دووکان لە پارێزگای سلێمانی هەڵکەوتووە و 50 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری سلێمانییەوە دوورە.

 ئەم شوێنەوارە ئەگەرچی بە ناوی ئەشکەوت ناسراوە بەڵام لە ڕاستیدا گۆڕخانەیەکی دەستکردی مرۆڤەکانە کە لە ناو گاشەبەردی شاخێکدا هەڵکۆڵراوە و لە دەروازەی چوونە ژوورەوەشی چەند نەخش و نیگارێکی تایبەت بە مێژووی سەردەمی مادەکان نەخشێنراوە.

مادەکان لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە خودا یەکەمجار لە شێوەی ڕوخسارێک لە ناو دڵی کێوێکدا خۆی پێشانی مرۆڤ داوە و بەرەکەتی خۆی بەسەر مرۆڤایەتیدا ڕشتووە و ڕووبارەکانی ڕەوان و کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی مەیسەر کردووە و دواتر چووەتەوە ناو کێوەکە. هەر بۆیەش مادەکان پاشاکانی خۆیان لە ناو دڵی کێوەکاندا دەناشت بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە بۆ لای خودا. گۆڕخانەکانی مادەکان هەموو کات بە شێوەیەک دروست دەکران کە لە کاتی نیوەڕۆ و پاش نیوەڕۆدا خۆر لێیان بدا و ڕووناکی و گەرمیی خوداوەندیان بەسەردا بڕژێ. هەروەها ڕوو لە ڕووبارێک یا چەمێکی ناوچەکە دروست دەکران. ئەم دوو تایبەتمەندییە لە هەموو گۆڕخانەکانی بەجێماو لە سەردەمی مادەکاندا بەدی دەکرێن.

 پێشتر لە ماڵپەڕی کوردشۆپدا باسی گۆڕخانەی فەقرەقای مهابادمان کردبوو. ئەشکەوتی قزقاپانیش هاوشێوەی گۆڕخانەکەی فەقرەقای و زۆر تایبەتمەندیی مێژووییی هاوشێوەیان هەیە.

 

ناوی ئەشکەوتی قزقاپان

بە پێی لێکۆڵینەوەکان ناوی ئەم ئەشکەوت یاخود گۆڕخانەیە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا گۆڕاوە و کراوەتە قزقاپان کە بە زمانی تورکی بە واتای "ڕفاندنی کچ" یا "کچی ڕفێندراو"ە. بەڵام شارەزایانی شوێنەوارناسی پێیان وایە ئەم ناوە ناڕاستە و پەیوەندیی بە ئەم شوێنەوارەوە نییە. ئەم توێژەرانە دەڵێن ئەشکەوتەکە لە ڕاستیدا ناوی "دەخمەی قسن قەپان" بووە کە "قسن" بە مانای "بەرد" و "قەپان"یش بە مانای "تەرازوو یا دادگا"یە. هەر بۆیە "دەخمەی قسن قەپان" بە مانای "دادگەی گۆڕی بەردینە".

 

مێژوو و تایبەتمەندییەکانی ئەشکەوتی قزقاپان

مێژووی ئەشکەوتی قزقاپان دەگەرێتەوە بۆ 550 بۆ 600 ساڵ بەر لە زایین و تایبەتە بە دوایین ساڵەکانی فەرمانڕەواییی مادەکان. بە هۆی ئەوەی ئەشکەوتەکە وەک مەزارگەی پاشاکان کەڵکی لێ وەرگیراوە، وەک هەموو گۆڕخانەکانی دیکەی مادەکان لە ناو شاخێکدا و لە بەرزایی 10 مەتر لە ئاستی ڕووی زەویی ناوچەکە دروست کراوە بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاسانی دەستیان بەم شوێنە ڕانەگات. قزقاپانیش وەک هەموو گۆڕخانەکانی سەردەمی مادەکان (جگە لە گۆڕخانەی فەقرەقا) سەرەتا بەرهەیوانێکی بۆ دروست کراوە و پاشان لە ڕێگای دەرگایەکی بچووکەوە ڕێگا بۆ ناوەوە هەیە کە لە سێ ژوور پێکهاتووە و هەر کام لەم ژوورانە گۆڕێکیان تێدا هەڵکەندراوە.

 دەروازەی چوونە ژوورەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکە یەک مەتر و بیست سانتی مەتر بەرزە. سێ ژوورەکەی ناوەوە هەموویان یەک قەبارەیان هەیە و درێژییەکەیان 310 سانی مەتر، پانییەکەیان 210 سانتی مەترە و بەرزییەکەشیان 170 سانتی مەترە. لە ناو هەرکام لەم سێ ژوورەدا گۆڕێک هەیە کە درێژییەکەی کەمتر لە بالای مرۆڤێکە و پێدەچێ بەهۆی ئەوە بێ کە مردووەکانیان بە شێوەی ڕاکشاو لەم گۆڕانەدا نەناشتووە. پانی و قووڵاییی گۆڕەکانیش نزیک مەترێکن.

دەگوترێ یەکێک لەم گۆڕانە هی کیاکسار(کەیخوسرەو)ی پادشای میدیا بووە و گۆڕی دووهەم هی ئانیتا، پاشای وڵاتی لیدیا بووە و گۆڕی سیهەمیش دیار نییە هی کێ بووە و ئاخۆ کەسی تێدا نێژراوە یا نا.

 

نەخشەکانی ڕووکاری دەرەوەی ئەشکەوتی قزقاپان و ئاشت بوونەوەی کیاکسار و ئانیتا

لە ڕووکاری دەرەوەی ئەشکەوتەکە لە هەردوو لای دەرگا بچووکەکەی چوونە ژوورەوە دوو ئەستوونی لە ناو بەردەکاندا هەڵکۆڵراوە کە هاوشێوەی ئەستوونەکانی گۆرخانەکانی دیکەی سەردەمی میدیاکانن.

لەسەر دەرگای چوونە ژوورەوە، نەخشی دوو پاشا هەڵکۆڵراوە کە بەرانبەر بە یەکتر ڕاوەستاون و بە دەستی چەپ کەوانەکەیان لەسەر زەوی ڕاگرتووە و بە دەستی راست بە نیشانەی ئاشتی سڵاو لە یەکتر دەکەن. لە نێوانیاندا نەخشی سەکۆیەک هەڵکۆڵراوە کە لەسەر سەکۆکەش نیوەگۆیەک دەبینرێ.

شوێنەوارناسان و مێژوونووسان دەڵێن کەسی لای چەپ، کیاکساری پاشای میدیایە و کەسی لای ڕاستیش ئانیتا پاشای لیدییەکانە. لە نێوان ئەم دوو حکوومەتەی ئەوکاتدا، شەڕێک هەڵگیرساوە کە ماوەی حەوت ساڵ بەردەوام بووە. لە حەوتەمین ساڵی شەڕەکەدا خۆرگیرانێک ڕوو دەدا کە لە لایەن هەردوو لاوە وەک تووڕەبوونی خوای خۆرەتاو لێک دەدرێتەوە. هەر بۆیە بڕیار دەدەن کۆتایی بە شەڕەکە بێنن و ئاشتی بەرقەرار بکەن. ئەو دیمەنەی لەسەر دەرکەی ئەشکەوتی قزقاپان نەخشێنراوە دیمەنی ئەو ئاشت بوونەوەیەیە و دەگوترێ ئەو نیوەگۆیەی لەسەر کورسییەکەی نێوانیانە یا هێمای ئاگری پیرۆزە بۆ ڕووناک کردنەوەی شوێنەکە و یاخود هێمای خۆرگیرانەکەیە.

خواوەندی خۆرەتاو

لە ناوەڕاست و تەنیشتەکانی ئەستوونەکان و بەرزتر لە نەخشی پاشاکان، نەخشی سێ خودای ئەو سەردەمە هەڵکۆڵراوە کە دەگوترێ چاوەدێریی ئەو ئاشتییەیان کردووە. لە لای ڕاست خودای خۆرەتاو کە خواوەندی لیدییەکان بووە. لە ناوەڕاستی دوو ئەستوونەکە خوای مانگ نەخشێنراوە کە خواوەندی بابلییەکان بووە و لە لای چەپیش ئەهوورامەزدا، خوای پیرۆزی ئایینی زەردەشتی نەخشێنراوە کە خواوەندی میدیاییەکان بووە.

خواوەندی مانگ

ئەهوورامەزدا

 

جێژنی پەیمانی زەردەشتییەکان لە قزقاپان

بە هۆی بوونی نەخشی ئەهوورامەزدا لە ئەشکەوتی قزقاپان بۆ پەیڕەوانی ئایینی زەردەشت وەک شوێنێکی پیرۆز دەناسرێ و هەموو ساڵێ لە ڕۆژی 21ی خەرماناندا پەیڕەوانی ئایینی زەردەشت دەچنە ئەم شوێنە و ڕێوڕەسمێک بە ڕێوە دەبەن کە بە جێژنی پەیمان ناسراوە و جێژنی نوێکردنەوەی پەیمانی خۆشەویستی و پێکەوە ژیان و جەختکردنەوە لە خەیانەت نەکردن و خەباتکردن لە پێناو خاک و نیشتماندایە.

 

KURDŞOP
788 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!