گۆڕخانەی فەقرەقای مهاباد، مەزارێکی 2700 ساڵەی مادەکان

شوێنەوارناسان دەڵێن فەقرەقا باکووریترین گۆڕخانەی مادەکانە. ئەو گۆڕاخانانەی دیکەی سەردەمی مادەکان هەموویان لە باشووری فەقرەقا هەڵکەوتوون و هێندێک جیاوازییان لەگەڵ فەقرەقا هەیە. سەرەکیترین جیاوازییان ئەوەیە ئەوان بەرهەیوانیان هەیە و بە پێچەوانەوە فەقرەقا بەرهەیوانی نییە و بە بێ هەیوان لە ناو دڵی شاخەکەدا هەڵکەندراوە و ئەو چوار ئەستوونەی هەیەتی زیاتر لە دوو هەزار و حەوسەد ساڵە توانیویانە بیناکە لە داڕمان بپارێزن.

 

گۆڕخانەی بەردینی فەقرەقا، شوێنەوارێکی مێژووییی سەردەمی ئیمپراتۆریی مادەکانە کە لە 15  کیلۆمەتریی باکووری شاری مهاباد و لە سەر ڕێگای مهاباد-میاندواو، لە نزیک گوندی ئاگریقاش هەڵکەوتووە. هێندێک لە شوێنەوارناسان پێیان وایە ئەم گۆڕخانەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی فەرەوەرتیش (فراتیس) باوکی دیاکۆ (یەکەم ئیمپراتۆری ماد) لە باشووری دەریاچەی ورمێ کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 700 ساڵ پێش زایین.

ئەم گۆڕخانەیە کە لە ناو دڵی شاخێکدا هەڵکەندراوە و چوار ئەستوونیشی هەر لە ناو بەردەکاندا بۆ داتاشراوە، دوو نهۆمە و سێ گۆڕی لە ناودایە کە گۆڕی لای چەپ لە دوو گۆڕەکەی دیکە گەورەترە. هێندێک لە شوێنەوارناسان پێیان وایە گۆڕە گەورەکە هی فەرەوەرتیشی باوکی دیاکۆە و دوو گۆڕەکەی دیکەش هی دوو فەرماندەی سەربازیی مادەکانن. هەروەها بە سەرنجدان بەوەی گۆڕخانەکە لە نزیک گوندی ئاگریقاش هەڵکەوتووە کە بە مانای ئاگری همیشە داگیرساوە، شیمانەی ئەوەش دەکرێ ئەم شوێنە یەکێک لە ئاگردانە پیرۆزەکانی ئەو سەردەمە بووبێ.

مادەکان لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە خودا یەکەمجار لە شێوەی روخسارێک لە ناو دڵی کێوێکدا خۆی پێشانی مرۆڤ داوە و بەرەکەتی خۆی بەسەر مرۆڤایەتیدا ڕشتووە و ڕووبارەکانی ڕەوان و کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی مەیسەر کردووە و دواتر چووەتەوە ناو کێوەکە. هەر بۆیەش مادەکان پاشاکانی خۆیان لە ناو دڵی کێوەکاندا دەناشت بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە بۆ لای خودا. گۆڕخانەکانی مادەکان هەموو کات بە شێوەیەک دروست دەکران کە لە کاتی نیوەڕۆ و پاش نیوەڕۆدا خۆر لێیان بدا و رووناکی و گەرمیی خوداوەندیان بەسەردا بڕژێ. هەروەها ڕوو لە ڕووبارێک یا چەمێکی ناوچەکە دروست دەکران. ئەم دوو تایبەتمەندییە لە هەموو گۆڕخانەکانی بەجێماو لە سەردەمی مادەکاندا بەدی دەکرێن.

شوێنەوارناسان دەڵێن فەقرەقا باکووریترین گۆڕخانەی مادەکانە. ئەو گۆڕاخانانەی دیکەی سەردەمی مادەکان هەموویان لە باشووری فەقرەقا هەڵکەوتوون و هێندێک جیاوازییان لەگەڵ فەقرەقا هەیە. سەرەکیترین جیاوازییان ئەوەیە ئەوان بەرهەیوانیان هەیە و بە پێچەوانەوە فەقرەقا بەرهەیوانی نییە و بە بێ هەیوان لە ناو دڵی شاخەکەدا هەڵکەندراوە و ئەو چوار ئەستوونەی هەیەتی زیاتر لە دوو هەزار و حەوسەد ساڵە توانیویانە بیناکە لە داڕمان بپارێزن.

هێرۆدۆت، مێژوونووسی بەناوبانگی یۆنانی دەڵێ فرەوەرتیش دووهەم پاشای ماد بووە و لە فەقرەقا نێژراوە. ڕۆمەن گرشمەن، مێژوونووس و شوێنەوارناسی فەڕەنسییش پێی وایە ئەم گۆرخانەیە تایبەتە بە گۆری شازادەیەکی مانایی کە ناوی فەرەوەرتیش بووە. ئێرنێست ئێمیل هێرتسفێڵد، مێژوونووسی بەناوبانگی ئاڵمانییش پێی وایە گۆڕخانەی فەقرەقا هی سەردەمی مادەکانە و قەبری یەکێک لە شازادەکانی شارستانییەتی مانای تێدایە و مێژووی دروستکردنەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ 840 تا 660ی پێش زایین.

گۆڕخانەی فەقرەقا 1331 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و بنی گۆڕخانەکەش لە بنی ئەو بەردەی کە تێیدا تاشراوە پێنج مەتر بەرزترە. لەو چوار ئەستوونەی بۆی دروست کراوە دوانیان لە ناو گۆڕخانەکە و دوانەکەی دیکەش لە دەرەوەن و دوو ئەستوونەکەی دەرەوە ئەستوورترن لەوانەی ناوەوە. شێوازی دروستکردنی ئەستوونەکان هەر ئەو شێوازەیە کە لە پەرستگەی ئاناهیتای کرماشاندا بەکار هاتووە و لە شێوازی تەلارسازیی یۆنانی دەچێ. بەرزیی ئەستوونەکان لە بنەوە تا سەرەوە 220 سانتی مەترە و لە هەردوو سەریش پایە و سەرئەستوونی چوارگۆشەیان هەیە.

KURDŞOP
874 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!