ئاروون ئاوا، شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چەندین ناوی جیاواز لە مێژوودا - بەشی 2

 

بەشی یەکەمی ئەم بابەتە +لێرە بخوێنەوە

 

شاباد

"شاباد" (لە زاری خەڵکی ناوچە و شێوازی سواوی شاهـ ئابادە) یان "شاهـ ئاباد" لە ساڵی 1309ی هەتاوی (1930زایینی) لە درێژەی سیاسەتی سڕینەوەی زمان و فەرهەنگە نافارسەکان و نکۆڵیکردن لە بوونی نەتەوەکانی تر و ڕەواییدان بە داگیرکاری و دەسەڵاتدارێتی "دەوڵەتی ئێران" کە خۆی لە مەمالیکی مەحرووسەی پاشایەتیی قەجەڕەکانەوە (ممالک محروسە پادشاهی)، بەرەوە دەوڵەتی مۆدێڕن و لەسەر ئەرزی پاشماوەی ئیمپراتۆریی قەجەڕەکان ساز کرابوو، گۆڕا بۆ "شاهـ ئابادی غەرب"، واتە ئەو شوێنەی شا ئاوەدانی کردووەتەوە و چەسپاندنی وشەی "غەرب" واتە ڕۆژاوا، بە ناوە تازەکەوە بۆ چەسپاندن و ڕەواییدان بە جوگرافیای دەوڵەتی تازە دامەزراوی ڕەزا خان بوو کە ئێستا ئیتر بووەتە ڕەزا شا. نموونەی گۆڕان و بە فارسیکردنی ناو جوگرافییەکان لە کوردستان، ئەحواز، ئازەربایجان، بەلووچستان، کاسپییەن و ... زۆر زۆرە و هەزاران ناوی شار و گوند و کێو و دەشت و ڕووبار و .... گۆڕان و کران بە فارسی. شاباد یەکێک لەو ناوگەلەیە کە بۆ پتەوکردن و چەسپاندن و ڕەواییدان بە دەسەلاتدارێتیی دەوڵەتی تازە دامەزراوی ئێرانی کەڵکی لێ وەرگیرا و گۆڕانی بەسەردا هات.

ئیسلام ئاوا

"ئیسلام ئابادی غەرب" وەکوو ناوی شاهـ ئابادی غەرب، بە هەمان ڕۆڵی گۆڕانی ناوی شار و گوند و شاخ و کێوەکانی کوردستان و نەتەوەکانی تر کە بە فارسی کران، ئەمجارە دەبوایە جارێکی تریش بە ئیسلامی کرابایەن، بۆیە لە ساڵی 1357  هەتاوی (1979 زایینی) بە فەرمانی ئایەتوڵا محەممەد یەزدی لە شابادەوە کرا بە ئیسلام ئاوا و تا ئێستە بە فەرمی ئەم ناوەی لەسەر ماوە.

 

شوێنەواره مێژووییەکان

شاری ئاروون ئاوا لە ناوەندی کۆمەڵێک لە ئاسەواره مێژووییەکاندا هەڵکەوتووە کە تەنیا یەکێک لەم شوێنانە لە لیستەی ئاسەوارە مێژووییە نیشتمانییەکانی  ئێراندا تۆمار کراوە و ئەوەش چیاگاوانەیە.

شاری ئاروون ئاوا لە ناوەندی دوو زنجیرە چیا لە باکوور و باشووری شارەکەدا هەڵکەوتووە کە لە ڕۆژهەڵات بەرەو ڕۆژاوا درێژ دەبنەوە. بەشی باشووری یان لانساری شاخاوی و لێڕەوارە و بەشی باکووری یان خۆرەتاو بە نیسبەت ڕووتتره.

لەم زنجیرە کێوانە و لە هەر دوو بەشی باکوور و باشووریدا، ئاسەواری مێژوویی وەک قەڵای سەردەمی گووتییەکان، گۆڕی سەردارانی مادی، ئەشکانی و ساسانی، دەردەکەوێ. لەوانە قەڵایەک لەسەر چیای "قوتەمای" کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مادەکان و بەسەر ناوچەکەدا دەڕوانێت و شوێنی دەسەڵاتدارێتی بەسەر چیاکانی دەوروبەر و شار و گوندەکانی ئەم دەڤەرە و هەروەها گۆڕی جەوی، مسەفا داوان و … بووە.

شاری ئاروون ئاوا و شارۆچکەکانی سەر بەم شارە بەگشتی ئاسەوار و شوێنەواری مێژوویی وەک قەڵای تەسیاری، تفاق، قەڵای دەسەڵاتدارێتی، شوێنەواری کۆن، گۆڕی گەوری و دەیان بابەتی مێژوویی تێدایە کە هێشتا لێکۆڵینەوەی زانستییان لەسەر نەکراوە.

هەندێک شوێنی پیرۆز کە لە گوندەکان هەڵکەوتوون لە لایەن عەشیرەکانی ئەم دەڤەرەوە ناوی تایبەتییان بۆ دانراوە، بۆ نموونە، شوێنەوارێک کە لای یارسانەکان بە مسەفا داوان بەناوبانگە کە گوایە یەکێک لە یارانی سان سەهاک بووە، یان شوێنەواری قازیوەن کە گوایە یەکێک لە دادوەرانی سەردەمی ئیمام حوسێن بووە و شوێنەواری وەیس و پیرەکانی ناوچە سوننەکان. بە بڕوای مامۆستا ئاکۆ جەلیلیان ئەم شوێنەوارانە گڵکۆی شازادەکانی مادی و ساسانی و ئەشکانین و لەبەر ئەوەی بە تاڵان نەبرێن بەو شێوەیە ناوکانیان گۆڕیون.

لە تۆتۆی لێکۆڵینەوەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەوڵ دراوە شوناسی ئەم بەشەی کوردستان بسڕردێتەوە و شوناسێکی عەرەبیی پێ بدرێت کە بێجگە لە پرسی ئایین هیچ پێوەندییەکی نەتەوەیی، مێژوویی و فەرهەنگیی بە عەرەبەوە نییە.

ئەم هەوڵە لە سەدەی بیست و سەردەمی دامەزرانی دەوڵەتی ئێرانیدا دووپات بووەتەوە و بە شێوەیەکی تۆکمە و بە زەبری هێزی سەخت، هەوڵ درا شوناسی کوردستانیی ناوچەکە داماڵرێت و شوناسێکی ئێرانی-فارسی جێی بگرێتەوە، کە نموونەی لە گۆڕانی هەزاران ناوی جوگرافیایی لە کوردستاندا بە ڕوونی دیارە.

لەوحێکی نووسراو بە خەتی بزماری کە لە چیاگاوانەی ئاروون ئاوا دۆزراوەتەوە

 

چیاگاوانە

باسی شاری ئاروون ئاوا و دەڤەری کەڵهوڕ، بەبێ ئاماژە بە چیاگاوانە ناتەواوە. چیاگاوانە تەپۆڵکەیەکی مێژوویییە لە شێوەی قەڵای هەولێر لە ناوەڕاستی شاری ئاروون ئاوا هەڵکەوتووە، یان بە واتایەکی تر شاری ئاروون ئاوا لە دەوری چیاگاوانە ساز کراوە.

چیاگاوانە تەپۆڵکەیەکە کە زیاتر لە پازدە هەزار مەتر پانتایی هەیە و بیست پێنج مەتر لە سەر زەویی دەوروبەری بەرزترە. بەشێک لەم ئاسەوارە مێژوویییە بەهۆی سازکردنی خانوو لە لایەن خەڵکەوە لەناو چووە و نزیک بە دە هەزار مەتری لێ ماوەتەوە. چیاگاوانە بریتییە لە دوو نهۆم کە مەزندە دەکرێت ماوەی نزیک بە سەد تا سەد و پەنجا ساڵ جیاوازیی لە سازکردنیاندا هەبووبێت. ئەم شوێنەوارە کۆمەڵێک ژوورە کە بەشی ڕۆژهەڵاتییەکەی شوێنی نیشتەجێبوونی حاکم و بەشی ڕۆژاوا بۆ شوێنی ئیداری و پیشەسازی تەرخان کراوە.

لە ساڵی 1936ی زایینی ئێریش فێرێدریش شمیت لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی لەسەری ئەنجام داوە و وێنەی هەواییی لێ هەڵگرتووە و ساڵی 1967 کۆمەڵێک لە لێکۆڵەرانی ناوەندی کەوناراناسی ئێران هەڵیان کۆڵیوە و بەپێی هەڵکۆلینەکانی ئەوان، ئاسەوارگەلی چاخی بەردینی نوێ هەتا چاخی ئاسن و تا سەردەمی ئەشکانییەکانی تێدا دۆزراوەتەوە و مێژوویەکی پێنج هەتا هەشت هەزار ساڵەی بۆ دەخەمڵێندرێت.

 

KURDŞOP
696 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!