ئاروون ئاوا، شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چەندین ناوی جیاواز لە مێژوودا - بەشی 1

 

کاوە

 

"ئاروون ئاوا" کە ناوە فەرمییەکەی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، "ئیسلام ئاوای ڕۆژاوا"یە، لە پەنجا و پێنج کیلومەتری باشووری ڕۆژاوای شاری "کرماشان" و سی کیلومەتری ڕۆژهەڵاتی شاری "کرند" و چل و پێنج کیلومەتری باکووری ڕۆژهەڵاتی "گیەڵان" هەڵکەوتووە و چ لە بواری پانتایی و چ لە بواری جەماوەرەوە، لە دوای شاری کرماشان دووەمین شاری گەورەی پارێزگای کرماشانە.

زۆرینەی جەماوەری ئەم شارە بە زاراوەی کەڵهوڕی دەدوێن و سەر بە ئایینی شیعەی دوازە ئیمامین و هەروەها جەماوەرێک لە ئایینی یارسانیشی تێدایە. بەگشتی لەسەر بابەتی ئایینییەوە شیعە لە زۆرینەدان و یارسان لە پلەی دووەمن و ئەم دەڤەرە هیچ سوننەیەکی لێ نییە. هەروەها ئەم شارە ڕۆڵی برا گەورەی هەیە بۆ شار و شارۆچکەگەلی وەکوو: کرند، گاوارە، ڕێژاو، هەمەیل و مایەشت کە لە ژێر دەسەڵاتی ئیداریی ئاروون ئاوادان.

ئەم شارە لە بەراورد لەگەڵ شارەکانی تری کرماشان ئاڵوگۆڕی ناوی زیاتری بەسەردا سەپاوە؛ لەوانە: ئاروون ئاوا، مەنەڵڕێ، باوەندپووڕ، شاباد، ئیسلام ئاوا و … هەر کام لەم ناوگەلە لە سەردەمێک و لە پێناوی ڕووداوێکی مێژووییدا بووە.

 

ئاروون ئاوا

بەپێی هەندێک زانیاری کە لەم دواییانە باس کراون، ڕوون بووەتەوە کە ”ئاروون ئاوا“ هیچ پەیوەندییەکی بە "هاروون ئاوا"وە نییە. مێژووی "ئاروون ئاوا" لەگەڵ "هاروون ئاوا" زۆر جیاوازە. ئاروون نازناوی سەردارێکی مادی، بە ناوی "سولوسونوو" یان "ئولوسونوو" بووە کە دەسەڵاتدارێتیی ئەم دەڤەرەی بە دەستەوە بووە و دەستی بە ئاوەدانی و بنیاتنانی شارستانییەت کردووە و ئەم دەڤەرەی ئاوەدان کردووەتەوە. بەم بۆنەیەوە بەم شارەیان گوتووە ئاروون ئاوا، واتە ئەو شوێنەی کە ئاروون ئاوەدانی کردووەتەوە. بابەتێکی وەهایش لەبارەی شاری پاوەیش هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان. هەندێک لە نووسەران دەڵێن هاروون ئاوا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هاروونەڕەشیدی عەباسی و لەو سەردەمەدا بووە کە ئەم شارە ئاوەدان کراوەتەوە و بەم بۆنەوە هاروون ئاوا درووستترە و دەڵێن دەشتی زێوری لە پازدە کیلومەتریی ڕۆژهەڵاتی ئاروون ئاوایە و گوایە خەڵاتی "زۆبەیدە خاتوون"، خێزانی هاروونەڕەشید بووە.

دەشتی زێوری شوێنێکی زۆر سارد و شاخاوییە و هەندێک دەڵێن لە سیبریی ڕووسییەوە وەرگیراوە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم باسە دەبێ بڕۆینە ناو مۆرفۆلۆژیی "زێوری"، ئەوەی کە ئایا موڵکی زۆبەیدە خاتوون بووە یان نا؟

بەداخەوە بەڵگەنامەیەک بۆ وەڵامدانەوەی ئەو بابەتە بەردەستی نووسەر نەکەوتووە. بە باوەڕی نووسەر زێوری لە وشەی "زیرگە"، "زورگە" و "زەوارە"، بە واتای کێو و تەپۆڵکە وەرگیراوە و هۆکاری ساردبوونیشی پەیوەندیی بە کێوەوە هەیە و پەیوەندیی بە زۆبەیدە خاتوونەوە نییە.

 هەروەها بەپێی شوێنەوارە مێژووییەکانی وەکوو "چیاگاوانە" کە هی سەردەمی گووتییەکانە و دەگەڕێتەوە بۆ هەشت هەزار ساڵ لەمەوبەر، بۆچوونی دووهەم کە سەبارەت بە هاروونەڕەشیدی عەباسییە، مێژوویەکی ڕاست نییە.

 

مەنەڵڕێ

ئەم ناوەش لە ناو خەڵکدا زۆر باوە تا ئەم دواییانەش چ بە گەمە و گاڵتە و چ بە ڕاست لەسەر ناوی ئەم شارە بووە. "مەنەڵڕێ"، واتە "مەنەلی ڕێ" یان "ڕێگای مەنەلی". ئەم ناو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی کۆن کە کاروانیان لە شوێنگەلی تایبەت باریان دەخست و دەحەسانەوە. شاری مەنەلی لە باشووری کوردستان، سەردەمێک لەوپەڕی گەشانەوەی خۆیدا بووە و لەم دەڤەرەش گرینگ و بەناوبانگ بووە. ئەوەی ڕاستی بێت ناوی کۆنی ئاروون ئاوا هەر مەنەلی بووە کە لە وشەی (مانالی، مانایی، مادی) وەرگیراوە.

مامۆستا ئاکۆ جەلیلیان لە (دایرە المعارف سرزمین و مردم ایران) دەگێڕێتەوە꞉ ناوی شاباد لە پێشوودا مەنەلی بووە، ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ماد هەتا ساسانییەکان و لە دوای هاتنی ئیسلام، بە بۆنەی سەردارێکی عەرەب کە گوایە ئەم شارەی ئاوەدان کردووەتەوە ناوی هاروون ئاوای لێ نراوە و لە ساڵی 1309هەتاوی (1930زایینی)، بووەتە شاهـ ئابادی ڕۆژاوا.

هەڵبەت مامۆستا جەلیلیان بۆچوونی ناوی هاروون ئاوا ڕەت دەکاتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە و بەڵگانامەکانی تر، مەنەلی بریتی بووە لە جوغرافیایەک کە لە مایەشتەوە دەستی پێ کردووە و هەتا شاری مەنەلی لە باشووری کوردستان.

 

باوەندپوور

ئەم ناوە بە ماوەی دوو ساڵ بەسەر ئاروون ئاوادا سەپاوە کە بۆ خۆی مێژوویەکی هەیە. لە ساڵانی کۆتاییی دەسەڵاتدارێتیی قەجەرەکان کە "ڕەزا خان" کۆتایی بە حوکمی "ئەحمەد شا" هێنا و شاربەدەری کرد، هەندێک لە ژنانی حەرەمسەرای قەجەڕەکان کە لە کوردەکانی ئەردەڵان، جاف و کەڵهوڕ بوون، دەرکران و گەڕانەوە بۆ کوردستان. ئەم کارە سەرۆک عەشیرە و گەورە پیاوانی ئێلی کەڵهوڕی تووڕە کرد و لە کاتی بەڕێکردنی ئەحمەد شا کە ڕەزا خان لە ڕێی قەسری شیرینەوە بۆ بەغدای بەڕێ کرد، سەرانی ئێلی کەڵهوڕ ویستیان ڕەزا خان لەناو ببەن و لە گەڕانەوە و لە ئاروون ئاوادا گەمارۆی بدەن و بیکوژن. کەسێک بە ناوی "ئەزەمی"، ڕاپۆرتی بە ڕەزا خان دا و پیلانەکە ئاشکرا بوو. ڕەزا خان  لە ڕێی سنجاوی و دواتر کرماشانەوە گەڕایەوە بۆ تاران و دەسەڵاتدارێتیی مەڵبەندی کەڵهوڕی بە ئەزەمی بەخشی و ناسناوی باوەندپوووری پێ دا. ڕەزا خان خۆی لە بنەماڵەی "باوەند"ی سەر بە "سەواد کووهـ" و تاڵەقانە و باوەندپوور واتە پووری باوەند یان لە تۆرەمەی باوەند.

KURDŞOP
700 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!