پێویستیی قوتابخانە و سیستەمی پەروەردە لە نووسینی دکتۆر مستەفا شەوقی قازی زادە دا - بەشی 2

 

بەشی یەکەم لێرە بخوێنەوە:

پێویستیی قوتابخانە و سیستەمی پەروەردە لە نووسینی دکتۆر مستەفا شەوقی قازی زادە دا - بەشی 1

 

قازی زادە  لەو نامەیەدا پەردە لەسەر چەند شت هەڵدەداتەوە. سەرەتا بەراوردێکی دوو نەتەوەی کورد و ئەرمەنی دەکا. باس لە جیاوازیی ڕێژەی خەڵکی ئەرمەنی و کورد دەکا و دواجار دۆخی پەروەردە و قوتابخانە لە ناو ئەواندا دەخاتە ڕوو. ئینجا باس لەوە دەکا کە کورد کە چەندین بەرابەری ئەوانی حەشیمەت هەیە، بۆ دەبێ منداڵیان لە بوونی قوتابخانە و خوێندن  بە زمانی خۆیان لە پەنا زمانەکانی دیکەوە بێبەش بن؟ ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە؛ ئەو ویستەی دکتۆر قازی زادە ئێستا و پاش نزیکەی سەد و دە ساڵ، وەدی نەهاتووە و خەڵکی سابڵاغێک کە ئەو هاواری بۆ کردوون و بەگشتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستاش لەو مافە بێبەرین.

ئەوەی قازی زادە جەختی لەسەر کردووە؛ هەوڵ و هیممەتی خودی ئەرمەنییەکانە بۆ ڕێکخستن و ساز کردنی مەکتەب  بە زمانی خۆیان و بە پێی ئاماری ئەو ئەوکات، هەشتا هەزار قوتابیی ئەرمەنی بە زمانی خۆیان خوێندوویانە. دەی بە گوتەی دکتۆر قازی زادە ئەگەر ئەوکات ڕێژەی کورد هەشت بەرانبەری ئەرمەنی بووبێ، دەبوو شەسسەد و چل هەزار قوتابیی کوردیش لە قوتابخانە بە زمانی خۆیان بیانخوێندبایە و ئەگەر ئەو خەونەی ئەو وەدیهاتبایە، ئێستا دۆخی کورد و زمانی کوردی لە جێگایەکی دیکە دەبوو.

هۆکاری وەدینەهاتنی ئەو خەونە، ئەگەر لە لایەک نەیارانی گەلی کورد بوون، لە لایەکی دیکەوە هۆکاری ناوخۆییش هەبووە و دکتۆر شەقی ئەو هۆکارە ناوخۆییە ئاوا دەستنیشان دەکا "... بۆچی چونکە بێ کەسین، مەلاکان و گەورەکانمان لە بەر تەمەعی شەخسی خۆیان کەسبی مەعاریفیان پێ حەرامە" لە لایەک  بێکەسیی کورد لەو جیهانە دا بە هۆکار دەزانێ، واتە هۆکاری دەرەکی و پشتیوانیی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بۆ کورد نییە، وەکی بۆ ئەرمەنییەکان بە هۆی دین و مەزهەبیانەوە هەیە، و لەویش گرینگتر  ئەو لایەنە کوردییانەن کە  بەرژوەندییەکانیان لەگەڵ خوێندن و زانستی نوێ ڕێک ناکەوێ. ئەویش بە قەولی قازی زادە مەلا و گەورەکانمانن.

 مەلا دیارە بە چ هۆکارێک دژایەتیی خوێندنی نوێیان کردووە. ئەوان خۆیان بە خاوەنی گوتارێک زانیوە و ئەو گوتارە بۆ ئەوان  ئەوەندی گوتارێکی مەعریفی-ئایینی بووە، بە شێوەیەک سەرچاوەیەکی ئابوورییش بووە، سەرهەڵدانی هەر ڕەقیبێک دەیتوانێ هەم خەسار بە پێگەی گوتارە مەعریفییەکەیان بگەیەنێ و هەم سەرچاوە دارییەکانیان لاواز بکا، هەر وەها چینی مەلا وەک چینێکی کۆمەڵایەتی، لە چینە دەستڕۆیشتووەکانی کۆمەڵگا بوون و  ئەگەر زانستی نوێ بەرهەمی دابا و زانای خۆی بەرهەم هێنابا، دیارە ئەو پێگەیەشیان پێ لەق دەبوو. بۆیە مەلاکان هەم بیستراوە و هەم بە نووسراو هەیە کە زانستی نوێ و ئەوەی دکتۆر شەوقی پێی دەڵێ مەعاریفیان بە عیلمی شەیتان زانیوە و بەربەستێکی گرینگ بوون لەبەر دەم پەرەستاندنی زانستی نوێ و قوتابخانەکان.

هەڵبەت ئەو دۆخە تەنانەت لە نێو فارسەکانیشدا لە ئێران هەر  بەربەستی خۆی هەبووە و لێرە دا پێویست  نییە ئاماژەی پێ بکرێ .

بەڵام دکتۆر قازی زادە کە باسی گەورەکانمان دەکا، بڵێی مەبەستی کێ  بێ؟ لێرەش دا دەتوانین هەم ئاغاکان کە ئەوکات دەست ڕۆیشتووترین چین و دەسەڵاتداری سیستەمێکی کۆمەڵایەتی بوون مەبەست بێ و هەم وێڕای ئەوان باقیی دەوڵەمەندانی شارنشینیش.

نووسەر لە دواتر دا  مەبەستی ڕوونتر دەردەبڕێ و ڕاشکاوانە  باسی ئەوە دەکا کە مەبەستی ڕەئیس و ئاغای کوردانە! ئەوانەی خاوەن ڕەعیەتن و لە سیستەمی ئەرباب و ڕەعیەتیدا، بەرژەوەندییان پارێزراوە و دەپارێزرێ. ئەو نووسینە حەولی ئەوەیەتی  بڵێ ڕەعیەتی خوێندەوار و ئاشنا بە مەعاریفی تازە  کێشانە و پێوانەکانی ئەوان قەبووڵ ناکا و ئەوە ئەوان باش دەزانن کە ڕەعییەتی جاهیل  و نەزانە هەرچی لە پێناو ئەواندا بێ دەیکەن.

لێرەدا نووسەر باسی ئەوە دێنێتە گۆڕێ کە ئەو تێگەیشتنەی ئاغاکانیش هەڵەیە. ڕەعیەتی خوێندەوار و زانا، باشتر ئاگای لە کشتوکاڵی خۆی دەبێ و هەم بۆخۆی قازانجی زایاتری پێ دەگا و بەرهەمی  باشتری دەبێ و هەم ئەربابەکەی، دیارە بەشێکی زیاتری وەبەر دەکەوێ چون ڕەفتاری ڕەعیەتی خوێندەوار لەگەڵ زەوی و زارەکەی دڵسۆزانەتر و باشترە لە ڕەعیەتی نەخویندەوار.

باسێکی گرینگی دیکە لەو نووسینەدا ئەوەیە کە نووسەر زیاتر دەیهەوێ چینی دەستڕۆیشتوو هان بدا بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو بیرە کۆک بن و پێشوازیی لێ بکەن. بۆیە ئەگەر ڕەخنە دەگرێ ڕێگا چارەش پێشنیار دەکا و لە لایەکیشەوە ترسەکانیشیان دەڕەوێنێتەوە. کاتێک دەڵێ لە نێوی مەکتەب سڵ مەکەن چون قوتابخانە و مەکتەبی پێشوو جیاوازییەکی وایان نییە، ئەگەرچی خۆی دەزانێ لە ڕاستیدا ئەو دوو سیستەمە جیاوازیی بنەڕەتییان هەیە، بەڵام بۆوەی بە ڕاستی ئەو چینە سڵ نەکەن و  بەربەست ساز نەکەن،  مەجبوورە بەو زمانە بیان لاوێنێتەوە.

 ڕێگا چارەش کە پێشنیاری دەکا ئەوەیە کە دەوڵەمەندانی شار، منداڵەکانیان وانەی جیاوازی وەک زمان و حیساب و توجارەت و جوغڕافیا و تاریخ و ... فێربن و بۆ ڕاپەڕاندنی ئەوەش لە باری داراییەوە پشت بە خۆیان ببەستن و هەر دەوڵەمەندەی بە دراوی ئەودەم دە تمەن دانێ و قوتابخانە  بکەوێتە گەڕ و مووچەی مامۆستای لی  بدرێ و ماڵی بۆ قوتابخانە پێ بگیرێ.

هەر ئەو نووسینە خاڵێکی گرینگی دیکەشی تێدایە؛ دکتۆر قازی زادە دەزانێ لە گۆڕانکارییە نوێیەکاندا کاروباری ئیران بەشێکی لە ڕێگای مەجلیسەوە دەچێتە پێش، هەر بۆیە ئەو ڕوو بە گەورە و ئاغایانی ئەوکات دەنووسێ؛ لە ئەنجومەنەکاندا بۆ وتووێژ لە گەڵ بێگانە و بۆوەی ئەو گەلە زوڵمی لێ نەکرێ،  دەبێ کەسانێک نوێنەرایەتیی کورد بکەن. دیارە ئەو کەسانەی نوینەرایەتیی کورد دەکەن دەبێ چاو و گوێ کراوە بن و ئەو  جۆرە کەسانەش لە قوتابخانەوە سەر هە ڵدەدەن نەک لە سیستەمی کۆنی خوێندن. بە گشتی پێشنیار و ڕەخنە و گەڵالەی خوێندن بە سیستەمی نوێ، ناواخنی ئەو پەخشانەی دکتۆر مستەفا شەوقی قازی زادە بوو، کە گرینگییەکی تایبەتی هەیە لە مێژووی پەروەردەی کورد دا .

KURDŞOP
597 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!