پێویستیی قوتابخانە و سیستەمی پەروەردە لە نووسینی دکتۆر مستەفا شەوقی قازی زادە دا – بەشی 1

دکتۆر شەوقی دەرکی بە پێویستیی دامەزراندنی قوتابخانە لە سەر شێوەی نوێ لە کورستان کردووە. لە کوردستانێک کە ئەو سەردەم لە ژێر هەیمەنەی ئاغا و شێخ و مەلا دا بووە و هەر کام لەو سێ چینە بە نیاز و ویست و ئارەزووی خۆیان ڕەفتاریان لەگە ڵ ڕەشاییی خەڵک کردووە. جودا لەوەش، تا ئەوکات خوێندن و زانیاری و سەواد، لە پاوانی ئەو سێ چینەدا بووە.

 

لە ماڵپەڕی "ڕوانگە"  دا دوو پەخشانم چاو پێکەوتن لە "دکتۆر مستەفا شوقی قازی زادە". دیارە زەحمەتی وەرگرتن و دابەزاندنی ئەو دەقانە "کاک حەسەنی قازی" کێشاوێتی و لە ڕووی وێنەی نووسراوەی کۆنەوە دایەبەزاندوون و ڕێنووسی ڕێک خستوون. مامۆستا قازی بە کورتی لەسەر ئەو پەخشانانە ئاماژەی بە گرینگبوونی باری زمانی پەخشانەکان کردووە و بۆ مێژووی پەخشانی کوردی بە تایبەت لە موکریان بە گرینگی لە قەڵەم داون. ئەوەش گوتەیەکی دەقیق و ڕاستە. واتە دەکرێ لە لایەنی زمانییەوە ئەو دوو پەخشانە قسەیان لەسەر بکرێ و لە گەڵ کۆمەڵە پەخشانێکی دیکەی هاوکات لە گەڵ خۆی و پاش خۆی بەراورد بکرێن. بە تایبەت کە دکتۆر موستەفا شەوقیی قازی زادە، کەسێکی خوێندەوار و دونیا دیدە و بە گوتەی ئەوڕۆیی ڕووناکبیری زەمانی خۆی بووە، گرینگە لەو ڕێیەوە بزانین زمان و شێوە نووسینی ڕووناک بیرانی ئەوکات و یەک لەوان دکتۆر قازی زادە چۆن بووە.

بەڵام مەبەستی من لە هێنانەوەی ئەو دوو دەقە، باس لەسەر لایەنی زمانی ئەوان نییە، بەڵکوو لە باری ناوەرۆکەوە هەر دوو دەقەکە  بە لای منەوە گرینگ  بوون و لە درێژە دا قسەیان لەسەر دەکەم.

لە دەقی یەکەم دا کە لە ڕۆژنامەی "هەتاوی کورد" ژمارە سێ ساڵی ١٩١٤ بەرانبەر  لەگەڵ ١٣٢٩ی کۆچی مانگی دا، بڵاو بۆتەوە، دکتۆر قازی زادە  بابەتەکەی بە ناوی "مەکتەب چییە؟" نووسیوە.

 

 

مەکتەب چییە

 

لە ڕۆزنامەی ئیقدام دا لە بەحسی تەڕەقی میللەتی ئەرمەنی دا چەند سەترێک نووسرا بوو؛ مولاحەزە و خوێندنەوەی ئەو سەترانە واقیعەن لە بۆ ئێمە بە دەرەجەئێکە کە دڵمان غەرقی خوێن دەکا. لە مەجمووعی ویلایەتێکی کە ئەرمەن تێیدا مەسکوونن و نفووسیشیان لە مەجمووعی ئێران و عوسمانی و ڕووس ئەگەر بگاتە میلیۆنێکی زۆرە، باز بە واسیتەی حەمییەتی خۆیان و بە ئیعانەی ئەهالی هەوتسەد مەکتەبیان پەیدا کردووە و دەنێو ئەو مەکتەبانە دا هەشتا دووهەزار تەلەبەی ئەرمەنی مەوجوودە.

ئەوە حاڵی ئەرمەنییان ئێمەش کە ئەوڕۆکە کوردین و هەشت هێندەی ئەرمەنییان نفووسمان زیادە دەگەڵ تەئەسوفی هەشتا هەزار ساڵەی ئەوانمان تەلەبە نییە... بۆچی چونکە بێ کەسین، مەلاکان و گەوڕەکانمان لە بەر تەمەعی شەخسی خۆیان کەسبی مەعاریف یان پێ حەرامە :

دو طائر متناسب جناح در عالم

یکی بە اوج شهان جا یکی بە نیران داد

ئەی ڕەئیس و ئاغای کوردان مەڕحەمەت فەرموون  گوێو لێ بێ؛ ئەگەر ڕەعییەتی ئێوە جاهیل نەبێ  چ لازمە کە لە بەیانییەوە تا شەوێ لە بەر جووتی ڕابکەن یانێوەکارێکە و یا سێیەک بەرێکە  و ، دە شتێکدا ئەگە مەنفەعەتی خۆیەتی

تەمبەڵی نەکا. ئەڵبەتە دەزانن کە تەمبەڵی ئەو جووتیارە لە بەر نەزانینی مەنفەعەتی خۆیەتی، ئەگەر لە منداڵییەوە کەسێک مەنفەعەت و فائیدەی ئەو کاسبی یەی پێ بڵێ ئەو جووتێرە دەزانێ کە جووتی خۆی بۆ قازانجی خۆی دەکا و دەزانێ کە بۆ ئاغا نییە.

ئەگەر وابوو دەگەڵ شێوەردی خۆی محەبەتێکی دەبێ پوخت دەیکێڵێ. دەو سووڕەتەی دا منداڵی جووتیاری لازمە کە کەمێک بخوێنن، و ئەگەر بێتوو بە زبانی خۆی مەکتەبی ببێ و قوتابخانەی ببێ. لە جێی وەی کە ساڵەکی بخوێنێ و هیچ فێر نەبێ  بە شەش مانگان دە زمانی خۆی دا دەبێتە میرزایەکی تەواو.

لە نێوی نامی مەکتەب کە کوتم سڵ مەبن چونکە مەکتەب دەگەڵ قوتابخانەیێکی کە لە زەمانی قەدیمەوە هەیە تەفاوەتی نییە.

ئەمن دەڵێم مەسەلەن لە شاری سابڵاغێ دوو سەد کوڕی دەوڵەمەندان هەیە کە دەگەڵ ئەوەش سێ ساڵان  لە قوتابخانەی ، کوڕی دەروێشێکی دەخوێنن و فارسی فێر نابێ ئایا ئەنگۆ  ئەی دەوڵەمەندینە پێو خراپە هەر لە قوتابخانەی کوڕە دەروێشێکی دا ساڵانە فارسی و کوردی و ترکی ، حیساب و تەجاڕەت و زەڕاعەت و علوومی دینی و جوغرافیا و تاریخی فێر بێ؟ ئەڵبەتە ئەگەر بڕێک محەبەتی خۆشبەختی کوڕی خۆتان هەبێ لە بۆ ئەو کارەی مەمنوون دەبن. ئەگەر ذەڵێن چۆن دەبێ کە منداڵی ئێمە بۆ سێ ساڵان ئەو هەمووەی فێر ببێ؟ ئەمن دەڵێم لەبۆ حەمییەتی ئێوە هیچ زەحمەت نییە چونکە ئەگەر ئەنگۆ ئەو دوو سەد کەسە هەریەکی ساڵێ دە تومانی بدا ساڵێ دەبێتە دوو هەزار تومان. بەو دوو هەزار تومانەی بە زەریفی مومکین دەبێ  کە خانووێکی خۆش دروست بکرێ و موعەلیمی چاکیش بۆ منداڵی ئێوە پەیدا ببێ .
کوڕی ئێوە لە قوتابخانەیێکی کە پڕە لە بێ تەربییەئی و هەموو خراپییە ساڵێ لە دە تومانی زیادتر پووڵ بۆ مامۆستای دەبا و لێی دەدرێ و عەقڵی مەعیشەت فێر نابێ.

ئەگەر بێتوو ئەنگۆ وەکوو کوتم مەجلیسێکی دە نێو خۆتان دابنێن و ئەو پووڵەی گردبکەنەوە هەم منداڵی خۆتان دەبێتە پیاو و هەم دەبێتە سەدەقە، چونکە چەند منداڵی فەقیرانیش بە خۆڕایی دەو مەکتەبەی یەعنی دەو قوتابخانەی دا دەخوێنن و بۆخۆی دە گەورە بوونی دا عەقڵی کاسبێکیش پەیدا دەکا.

شتێکی دیکەشوو عەرز دەکەم : سبەینێ ئەنجومەنە و لە هەموو شارێکی چەند کەس دەبێ بۆ مەجلیسی ئینتیخاب بکرێ. ئایا ئەنگۆ ئەگەر بێن و تەماشا بکەن کە ئەنجومەن بۆ مەنفەعەتی میلەتییە و بۆ ئەوەی کە بێگانان زوڵممان لێ نەکەن لێو مەعلووم نابێ کە بۆ ئەو مەجلیسە کەسێک دەبێ کە ئاگای لە ئەحواڵی ئەجنەبییان ببێ تا کوو بە گوێرەی وا لە میلەتی خۆی لە وەتەنی خۆت سەعی بکا .
ئینشاڵا بۆ تەربییەی منداڵی خۆتان هیمەتێک دەکەن و دەیانکەنە پیاو کە " همت الرجال تقلع الجبال "


سەرچاوە: گۆواری " هەتاوی کورد"  عەدەد ٣ ،  ٢٩ کانون اول سنە ١٣٢٩ /  ١١ی ژانوییەی ١٩١٤

قازی زادە  

 مستەفا شەوقی

ئەوەی لەو نووسینە دا گرینگە چەند خاڵە:

یەکەم؛ دکتۆر شەوقی دەرکی بە پێویستیی دامەزراندنی قوتابخانە لە سەر شێوەی نوێ لە کورستان کردووە. لە کوردستانێک کە ئەو سەردەم لە ژێر هەیمەنەی ئاغا و شێخ و مەلا دا بووە و هەر کام لەو سێ چینە بە نیاز و ویست و ئارەزووی خۆیان ڕەفتاریان لەگە ڵ ڕەشاییی خەڵک کردووە. جودا لەوەش، تا ئەوکات خوێندن و زانیاری و سەواد، لە پاوانی ئەو سێ چینەدا بووە. لەو ناوە دا مەلا لە خزمەت ئاغا و شێخیش بە شێوەیەک لە پێوەندی لەگەڵ ئەو سیستەمە دەسەڵاتە دابووە. بە هەڵکەوت ڕێک کەوتووە لە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا، بتوانن لە ڕێگای خوێندنەوە ژیانیان بگۆڕن و ببنە سەرچاوەی گۆڕانێک لە کۆمەڵگادا. میرزاکانیش کە هەر لە حوجرە و مەکتەبە کۆنەکان پێدەگەیشتن دواتر هەر دەچوونەوە خزمەت سیستەمی دەسەڵاتێکی نەریتی، کە لە پاوانی ئاغا و شێخ دابووە.

جودا لەوە خوێندنەکانێش زیاتر هەر بە زمانی عەڕەبی و فارسی بووە.

 

درێژەی هەیە...

KURDŞOP
715 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!