گوندی "خۆشەکۆ" شوێنی خلسکێنەی گەشتیاران

سۆلین ورمێ

 

ناوچەی "تەرگەوەڕ"ی شاری ورمێ یەکێکە لە ناوچە زۆر جوانەکان و خاوەن کەش و هەوایەکی زۆر خۆشە و ساڵانە هەزاران گەشتیارانی بیانی و نێوخۆیی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

یەکێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو ناوچەیە، گوندی "خۆشەکۆ"یە کە گەشتیاران لە زستاناندا بۆ خلسکێنەی سەر بەفر سەردانی دەکەن. گوندی خۆشەکۆ دەکەوێتە ناوچەی تەرگەوەڕی شاری ورمێ و ٣٠ کیلۆمەتر لە شاری ورمێوە دوورە.

گوندی خۆشەکۆ لە باکوورەوە لەگەڵ گوندی "دەربەند"، لە باشوورەوە لەگەڵ گوندی "دەزگر"، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی "هەلەفلە" و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ گوندی "توخلوو"ی باکووری کوردستان، هاوسنوورە. بەپێی دوایین سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٧، ئەم گوندە ٧٩٦ کەس و ١٥٤ بنەماڵەی تێدایە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی میراتی فەرهەنگیی ئێران، گوندی خۆشەکۆ یەکێکە لە ١٠ گوندی گەشتیاریی پارێزگای ورمێ.

لە چیای ئەم گوندەدا شوێنێکی گەشتیاری بۆ وەرزشوانان و گەشتیاران بوونی هەیە کە زۆر سەرنجڕاکێشە. ئەم شوێنە پێی دەگوترێت "خوەشمتاندنا خۆشەکۆ"؛ ئەم شوێنە ١٨٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و درێژییەکەی ١٢٠٠ مەترە. ئەم شوێنە جێیەکە بۆ خلیسکێنەی سەر بەفر.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی کەشوهەوای سارد، بەفرێکی زۆر لەم ناوچەیە دەبارێت و ناوەندی خەلیسکێنەی سەر بەفر لە گوندی خۆشەکۆ دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری بۆ گەشتیارانی سەرتاسەری ئێران و کوردستان. ئەم شوێنە ڕووبەرەکەی ٥٠ هەزار مەتری چوارگۆشەیە و بەهۆی بوونی چیمەنی باش، دەتوانێت لە هاوینیشدا بۆ وەرزشوانان و شاخەوانان گونجاو بێت.

جگە لە دیمەنە سەرنجڕاکێش و جوانەکانی ئەم ناوچەیە، ئەم شوێنە خاوەن ئامرازی وەک "تەلێسییێژ"ە بۆ گواستنەوەی خەڵک. هەروەها لەوێش چەتربازیش هەن کە دیمەنێکی جوانیان دروست کردووە.

لەم شوێنە گەشتیارییەی خۆشەکۆدا، جگە لە خلیسکێنە و وەرزشی سەر بەفر، گەشتیاران دەتوانن لەم سروشتە بۆ کات بەسەربردن سوود وەربگرن و یاری بە بەفر بکەن؛ ڕۆژانە هەزاران کەس لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەوە بۆ بینینی ئەم دیمەنە سەرنجڕاکێشانە سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەن.

ئەم شوێنە لە شاری ورمێ تاکە شوێنی خلیسکێنەی سەر بەفرە و زۆرجار لەسەر ئاستی ئێران و پارێزگاکان بۆ وەرزشی سەر بەفر (اسکی) بەکار دێت. بۆیە خەڵکی ناوچەکە گرینگییەکی تایبەت بەم شوێنە دەدەن و تەنانەت بووەتە شوێنێکی داهات بۆ خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری.

ناساندنی ڕێگەی گەیشتن بەم ناوچەیە

بۆ بینینی ئەم شوێنە گەشتیاری و سەرنجڕاکێشە دوو ڕێگا هەیە؛ یەکەم، لە شاری ورمێ گەر کەوتنە سەر ڕێگای ئەنهەر- تەرگەوەڕ، بەرەو تەرگەوەڕ بڕۆن و کاتێک گەیشتنە تابڵۆی "١٤ شەهید"، بە چەپدا داگەڕێن و بەردەوام بن تاکوو دەگەنە گوندی خۆشەکۆ. دووەم، کاتێک لە شاری ورمێوە دەچنە سەیرانگای "بەند" واتە گوندی بەند، دەگەنە بەنداوی شەهرچایی، لەوێشەوە دەگەنە گوندی ڕاژان و لەلای ڕاستەوە شارۆچکەی "سیلوانا"یە و بەرەو ئەو لایە بچن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێگای گوندی خۆشەکۆ.

 

KURDŞOP
385 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!