جوغڕافیای سیاسی و مرۆیی و ئابووریی هەوشار

سیامەند شاسواری

ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دابەشکارییە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێراندا، کە لە سەردەمی "ڕەزا خانی پەهلەوی"یەوە بە شێوەی فەرمی کاری بۆ کرا، بە سەر چەندین پارێزگا و ناوچەی جوگرافیاییدا دابەش کراوە. ئەو دابەشکارییانە بوونە هۆی ئەوەی بەشێک لە ناوچە گرینگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک ناوچەی سەربەخۆ ناویان بسڕدرێتەوە و  پچنە ناو بەشێک لەو پارێزگایانەوە کە ئاویەتەیەک لە نەتەوەکانی دیکەشی تێدایە. بەو شێوەیە نێوی ڕەسەنی ناوچە سەرەکییەکانی کوردستان تا ڕادەیەک لەسەر جۆگرافیای ئێران کاڵ ببێتەوە. یەکێک لەو ناوچانە ناوچەی "هەوشار"ە.

ناوچەی هەوشار لە دابەشکارییەکانی دوای سەردەمی ڕەزاخانەوە، کەوتووەتە خوارووی پارێزگای "ئازەربایجانی ڕۆژاوا" یان "ورمێ"وە. بەشێکیشی کەوتووەتە ناو پارێزگای زەنجانەوە. بەشێکی کەمیشی کەوتووەتە پاڵ پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتەوە. بەڵام هەر ئەو ناوچەیەی ئێستا بە ناوچەی هەوشار دەیناسین و لە خوارووی پارێزگای ورمێوە هەڵکەوتووە، ناوچەیەکی مێژوویی، ئایینی و کەلتووریی دەوڵەمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە کتێبە مێژووییەکان ناوچەی هەوشار بە پێی دابەشکردنی ناوچەی کوردستان دەخەنە پاڵ ناوچەی موکریان. واتە هەوشار دەوامەی ناوچەی موکریانە و کەوتووەتە سنووری دوو شاری تیکاب و  ساینقەڵا و مەڵبەندی فەیزوڵڵابەگیی شاری بۆکان. ئەو ناوچەیە ناوچەیەکی بەربڵاوی لە باری مرۆییەوە دەوڵەمەندە . نزیکەی سێسەد گوند و ئەو دوو شارە لە خۆ دەگرێت و چەند  شارۆچکە و دێهاتی مەزنیشی  هەیە. ناوچەکە لە  نێوان شارەکانی "میاندواو" و "سایەن قەڵا"وە دەست پێدەکات. شارۆچکەی "مەحموود جغ"، "شاری ساینقەڵا" و دێهاتی بەینی ئەو شارانە، شاری "تیکاب" و شاردێیەکانی تەختی سولەیمان و ئەحمەد ئاوا و هەروەها بەشێک لە پارێزگای زەنجان دەگرێتەوە. زۆربەی دانیشتووانی ناوچەی هەوشار کوردن.

بەڵام هەموو کوردەکانی ناوچەی هەوشار بە زاراوەیەک نادوێن. بەشی زۆریان هەر بە زاراوەی سۆرانی دەدوێن کە دانیشتووانی شارەکانی "ساینقەڵا" و  "تیکاب" و  دێهاتی نێوان ئەو شارانە زاراوەکەیان سۆرانییە. بەڵام لە ناوچەی ساینقەڵا دوو بەشی چکۆلە هەن بە نێوی "موسڵان" و  "زاخۆران" کە ئەو دوو بەشە بە زاراوەی موسڵانی و زاخۆرانی دەدوێن. ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەو دوو بەشەش  هەرچەندە بە زاراوەی کوردانی زاخۆ و موسڵ دەدوێن  و لەوێوە  پەڕیونەتە ئەو بەشەی کوردستان، ئایینزای شیعەیان وەرگرتووە.  ئەوانە بە پێی توێژینەوەکان لە سەردەمانی زوودا لە ناوچەی موسڵ و زاخۆوە هاتوون و لەو ناوچەیە نشتەجێ بوون. لە دامودەزگا حکوومییەکانیشدا زۆرتر کەسانێکی دەستڕۆیشتوون بە هۆی ئەوەی پەیڕەوی ئایینزای شیعەن. هەر لە ناوچەی ساینقەڵا شارۆچکەیەکی بچووک بە نێوی "مەحموود جغ" هەیە کە وێڕای چەند ئاواییی دەوروبەری بە زاراوەی چاردۆڵی قسە دەکەن. ئەوانیش لەسەر ئایینزای شیعەن.  بەڵام کوردی ڕەسەنن. خەڵکی "مەحموود جغ" لەو کوردانەن کە لە سەردەمی قاجارەکاندا لە ناوچەی چاردۆڵیی ئیلامەوە بۆ پارێزگای ورمێ و ناوچەی هەوشار دوور خراونەتەوە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە بەشێکی هەرە زۆری کوردە چاردۆڵییەکانیش بەهۆی ئەوەی لەسەر ئایینزای شیعەن، لە دامودەزگا حکوومییەکان و پلە چەکدارییەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا پلەی باڵایان هەیە. هەروەها لە ناوچەی تیکاب و لە شاری تیکاب جودا لە ئەوەی زیاتر لە شەست و نۆ دەرسەدی خەڵکی شار و ئاواییەکان کوردن و بە زمانی کوردی دەدوێن، بەشێکی زۆریشی کوردی "ئەهلی حەق" یا "یارسان" لێیە کە ئەو کوردە ئەهلی حەقانە، هەم لە لایەن کوردە سوننەکانەوە هەم لەلایەن کورد و تورکە شیعەکانەوە دانیان پێدانراوە و ژیانێکی هێمنانە و ئاساییان لەگەڵ خەڵکی دەوروبەری خۆیان هەیە و لە شار و دێهاتی  دەوروبەریدا دەژین.

جوگرافیای ئینسانیی ناوچەی تیکاب و بە گشتی هەوشار فرەڕەنگ و دەوڵەمەندە. لە  باری جوگرافیای ئابووری و جوگرافیای سروشتیشەوە ناوچەیەکی یەکجار دەوڵەمەندە. چەندین چۆمی بەخوڕ لە ناوچەی هەوشاردا هەن کە دەکرێ لەوانە ئاماژە بە چۆمی قەوەر بکەین کە سەرچاوەکەی کوێستانەکانی ناوچەی "ماین بڵاغ"ە. ئەو چۆمە کە لە کوێستانی ماینبڵاغەوە سەرچاوە دەگرێ و بە نێوان گوندەکانی قسقۆپی و تۆماراغاجدا ڕادەبرێ، لە ئاکامدا دەڕژێتە چۆمی گەورەی جەغەتووەوە. چۆمێکی دیکەی ئەو ناوچەیە چۆمی سارۆخە. سەرچاوەی ئەو چۆمە کوێستانەکانی ئاقدەرەو قسقاپانە. چۆمی سارۆخیش دوای ئەوەی ناوچەی هەوشار دەگەڕێ، لە ئاکامدا دەڕژێتە بەنداوی بۆکانەوە کە لەسەر ڕووباری جەغەتوو هەڵبەستراوە. بوونی ئەو چۆمانە و سروشتی باران و بەفرگری  هەوشار بووەتە هۆی ئەوەی ناوچەیەک بێ لە باری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و هەنگدارییەوە یەکجار دەوڵەمەند بێ.

جیا لەوە ناوچەی هەوشار لە باری کانزاییشەوە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی کۆی جوگرافیای ئێران و کوردستانە. کانزاکانی وەکوو زێڕ و زێو و گۆگرد و مس و زەڕنیخ و مەڕمەڕ و گرانیت لە ناوچەی هەوشار یەکجار زۆرن. بەڵام گرینگترین کانزای ناوچەی هەوشار زێرە. بەشێکی زۆر لە زێڕی ئێران لە "کانزای زێڕە شۆران" لە ئاواییەک هەر بەو نێوە کە هەموو دانیشتووانی کوردن و سەر بە شاری تیکابە دەردێنرێ و بەرهەم دێ.  بە داخەوە هەموو ئەو زێڕەی لەو ناوچەیەدا بەرهەم دێ، ڕادەگوێزرێ بۆ پارێزگا ناوەندەکانی ئێران و خەڵکی ناوچە بۆخۆیان لە خێر و بێری ئەو سەرچاوە زێڕ و ئاڵتوونەی کە لە شاخەکانی خۆیان و لە ناوچەی خۆیاندا دەردەهێنرێ بێبەش کراون.

بوارێکی دیکە کە دەکرێ ئاماژەی پێ بکرێ، بواری گەشتیاریی ناوچەی هەوشارە. هەوشار لەبارەی گەشتیارییەوە بەهۆی هەڵکەوتی جوگرافیایی، ناوچەیەکی سەرنجڕاکێشە. هەم کوێستانەکانی نێوان ساینقەڵا و تیکاب پڕ لە جوانی و دیمەنی جوان و سەوزایین، هەم ناوچەی هەوشار و بە تایبەت ناوچەی تیکاب و شارەدێی ئەحمەد ئاوا و تەختی سولەیمان، بەشێک لە مێژوویترین ئاسەوارەکانی کوردستانیان لێ هەڵکەوتووە کە دەتوانین ئاماژە بە خودی ئاسەواری مێژووی تەختی سولەیمان بکەین. ئەو ئاسەوارە مێژووییە پێشینە و مێژینەی دەگەڕێتەوە هەزاران ساڵ لەوە پێش و تا ئیستا بە سەدان و هەزاران گەشتیاری بیانی دیویانە و بابەتیان لەسەر نووسیوە. 

KURDŞOP
420 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!