تاڵاوی کانی بەرازان، بەهەشتی باڵندەکانی کوردستان

شنۆ ڕەسووڵی

 

لە شاری مهاباد سەر بە پارێزگای ورمێ لە جوانییەکانی سروشت تاڵاوێک هەڵکەوتووە بە ناوی تاڵاوی کانی بەرازان. تاڵاوی کانی بەرازان بە ڕووبەری ٩٠٠ هێکتار لە ٣٠ کیلۆمیتریی باکووری شاری مهاباد و لە نزیک ئاوایییەکانی خوڕخوڕە، قەرەداغ و بەفرەوانی ناوچەی شاروێران هەڵکەوتووە. نێونجیی قوڵایی ئەو تاڵاوە ٦٠ سانتیمیترە. ئاوی ئەو تاڵاوە لە ڕووباری مهاباد و کانیی قەرەداغ دابین دەبێ و دەڕژێتە نێو گۆلی ورمێوە.

تاڵاوی کانی بەرازان، یەکەمین شوێنە لە ئاستی کوردستان و ئێران بۆ باڵندەناسی و یەکێک لە باشترین شوێنەکانە بۆ ناساندنی باڵندە جۆراجۆرەکان. هەتا ئێستا لێکۆڵەران ٧٥ جۆر باڵندەیان لەو شوێنە تۆمار کردووە.

ئەگەر گیانلەبەرەکانی دەورووبەری ئەو تاڵاوە کە هەم ئاوژین هەم وشک ژی، ئەژمار بکەین دەگاتە ١٨٠ جۆر گیانلەبەر. بەشێک لەو باڵندانەی لەو تاڵاوە تۆمار کراون بریتین لە: فلامینگۆ، مراوی، مراویی سەر سپی، کەڵەشێری کلک سپی، پەرەسێلکەی دەریایی، پلیکانی سپی، قاز و چەندین جۆر باڵندەی دیکە. هەروەها هەتا ئێستا ٤٥ جۆر گیاوگۆڵی تایبەت لەو تاڵاوە تۆمار کراوە.

لە کاتی گەرمێن و کوێستانی باڵندەکان تاڵاوی کانیی بەرازان زیاتر لە ٤٠ هەزار باڵندەی تێدا نیشتەجێ دەبێ. لە ئاستی جیهاندا ئەو تاڵاوە گەورەترین تاڵاوە کە شوێنی جوجکە هەڵێنانی مروایی سەر سپییە.

تاڵاوی کانی بەرازان لەبەر ئەوەی باڵندەی جۆراجۆر و ڕەنگاوڕەنگی زۆر جوانی تێدایە بە بەهەشتی باڵندەکان ناسراوە.

ئەو تاڵاوە لە بواری ژینگەوە بۆ باڵندەکان زۆر تایبەتە کە ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خۆراکی باشی بۆ باڵندەکان تێدایە.

ئەو تاڵاوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر جار لەلایەن کەسانێکی دژە ژینگەوە ئاگری تێبەردراوە کە ئەو ئاگرەش بەهۆی دابین نەکردنی کەلوپەلی تایبەتی ئاگرکوژاندنەوە لەلایەن ئۆرگانەکانی دەسەڵاتەوە بووەتە هۆی ئەوەی زیانێکی زۆر بە ژینگەی ئەو تاڵاوە بگات.

کێشەیەکی سەرەکیی ئەم تاڵاوە کەمبوونەوەی ئاوەکەیەتی. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی هەڵکەندنی چاڵاوەکان لە دەورووبەری ئەو تاڵاوە، کانیاوی قەرەداغ کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی ئەو تاڵاوەیە ئاوەکەی زۆر کەم بووە و لە هەندێک لە وەرزەکانی ساڵدا تەنانەت وشک دەبێ.

ئەو تاڵاوە بەهۆی هەندێک هۆکاری دیکەوە وەک ڕاوکردنی لەڕادەبەدەر؛ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات، کەمیی ئاو و مەوادی شیمیایی کشتوکاڵ مەترسیی لەنێوچوونی لەسەره.

ئەگەر ڕێوشوێنی تایبەت بۆ ڕێگری لە وشک بوونی تاڵاوی کانی بەرازان نەگیرێتە بەر، لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا ئەگەری هەیە بە گشتی بەرەو نەمان بچێت. ژینگەی ئەو تاڵاوە لە ناوچەکەدا زۆر گرینگە و پەناگەیەکە بۆ باڵندەکان لە کوردستاندا. هەر ئێستا بەهۆی پشتگوێخرانی ئەو تاڵاوەوە زیاتر لە ١٤ باڵندەی زۆر دەگمەن خەریکە لەنێو دەچن.

ساڵانە خەڵکێکی زۆر لە کوردستان و ئێران بۆ سەردانی ئەو تاڵاوە ڕوو لەو شوێنە دەکەن و وەک شوێنیکی گەشتیاریی لێ هاتووە؛ بەڵام ئیمکاناتێکی خزمەتگوزاریی پێویستی بۆ دابین نەکراوە.

لە مهاباد چەندین تاڵاوی دیکە هەڵکەوتوون کە بریتین لە: ''قۆپیی باباعەلی، حەسەن خان، داشخانە و قەرەشڵاق".

 

 

KURDŞOP
648 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!