"بەند" کۆنترین گوندی ورمێ و سەیرانگای خەڵکی نێوخۆ و بیانی

سۆلین ورمێ

 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن سەدان شوێنی سەرنجڕاکێش و گەشتیارییە و هەر ناوچەیەکی ئەم بەشەی کوردستان، شوێنی گەشتیاریی تایبەتی خۆی هەیە. لە شاری ورمێ کە یەکێکە لە شارە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەیان شوێنی گەشتیاری و سەرنجڕاکێش هەیە کە یەکێک لەوانە گوندی "بەند"ە.

گوندی "بەند" سەر بە ناوچەی "بەراندز"ی بەشی ناوەندیی شاری ورمێیە و دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای ورمێ. هەروەها ئەم گوندە دەکەوێتە سەر ڕێگای ڕووباری "شەهرچایی" و لە ٥ کیلۆمەتریی ورمێ هەڵکەوتووە.

گوندی گەشتیاریی بەند کە دیوار بە دیواری شاری ورمێیە، یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەم شارەیە و لەنێوان دوو شاخی بەردیندا لەنێو دۆڵێکدا هەڵکەوتووە. ئەم گوندە ١٤٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. مێژووی گوندی بەند زیاتر لە ٣ هەزار ساڵە و بە یەکێک لە کۆنترین گوندەکانی ورمێ و کوردستان دادەنرێت. داهاتی خەڵکی ئەم گوندە لەسەر کشتوکاڵ، باخداری و ئاژەڵدارییە، هەروەها بەشێکی گرینگی داهاتی خەڵک لە  گەشتیارییەوە دابین دەکرێت.

باخی سێو و ترێ جوانییەکی ناوازەی بەم گوندە بەخشیوە و ئەم باخانە لە بناری چیاکان و بە درێژایی ڕووبارەکەدا بڵاو بوونەتەوە. بوونی شاخی بەرز و دار و ڕەز و هەروەها ڕووباری خرۆشان وای کردووە کە ڕۆژانە دەیان گەشتیار لە کوردستان و هەموو ئێران سەردانی ئەم ناوچەیە بکەن.

لە ڕاستیدا بە ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیارانی نێوخۆیی و بیانی، لە ماوەیەکی کورتدا ئەم گوندە لە گوندێکی وەرزێڕییەوە گۆڕدرا بۆ گوندێکی گەشتیاری. دوای ئەوەی گوندی بەند وەک گوندێکی گەشتیاری ناسرا، وردەوردە کاری زۆرینەی خەڵکی گوندەکە لە باخداری و کشتوکاڵییەوە گۆڕدرا بۆ چێشتخانە و قاوەخانە.

 

شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی گوندی بەند

گوندی بەند کە یەکێک لە سەرەکیترین سەیرانگاکانی شاری ورمێیە، چەندین شوێنی سروشتیی هەیە؛ هەندێک لەو شوێنە سەرنجڕاکێشانە بریتین لە:

- سەیرانگا لە تەنیشت ڕووباری شەهرچایی.

- باخچەکانی دەوروبەری گوند.

- شاخی بەرز و سەیرانگای زستانە (زۆربەی گەشتیاران لە زستاندا سەردانی ئەم گوندە دەکەن).

- دەریاچەی پشت بەنداوی شەهرچایی لەگەڵ خزمەتگوزاریی وەرزشی لەسەر ئاو.

- سەیرانگای دەوروبەری بەنداوی شەهرچایی.

لە سەرەتای گوندی بەند گۆڕەپانێکی گەورە هەیە و هەردوو لای ئەو گۆڕەپانە پڕە لە "قاوەخانە و چێشتخانەی سونەتی و مۆدێڕن" کە شوێنێکی زۆر سەرنجڕاکێشن بۆ گەشتیاران. بەشێک لە قاوەخانەکان لەنێو باخەکان و لە تەنیشت ڕووبارەکە دروست کراون، بۆ ئەوەی جوانییەکی سەرنجڕاکێش بەم گوندە ببەخشن.

گوندی بەند دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوییەوە و لە هەموو لایەکەوە بە شاخی بەرز دەورە دراوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە وەرزی بەهار و هاویندا کەشوهەوایەکی نەرم و خۆشی هەبێت؛ بەڵام پێویستە بزانن لە ناوەڕاستی پاییزەوە هەتا کۆتایی زستان، پلەی گەرمیی هەوای گوندی بەند زۆر دادەبەزێت.

لە وەرزی بەهار و هاویندا، گەشتیاران بەهۆی بوونی سروشتی سەوز و کانیاوی جوان و دەیان نمونەی تر، سەردانی ئەم گوندە دەکەن. لە وەرزی پاییزیشدا گەشتیاران بەهۆی ئەو باخ و دارانەی کە لەنێو گوند و دەوروبەری گوندەکەدان و گەڵاکانیان بە ڕەنگی جۆراوجۆر نەخشێندراون، سەردانی دەکەن.

هەروەها لە وەرزی زستاندا وەک وەرزەکانی تر، گەشتیاران سەردانی ئەم گوندە و شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی دەوروبەری گوندەکە دەکەن و لە دیمەنە سەرنجڕاکێش و جوانەکانی بەفر و ڕووبارەکە چێژ وەردەگرن.

دوایین سەرژمێری لەم گوندەدا لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی کراوە و بەپێی ئەم سەرژمێرییە گوندی "بەند" ٣ هەزار و ٨٨٨ کەس (٨٧٢ بنەماڵە) حەشیمەتی هەیە.

KURDŞOP
1735 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!