شاخی قۆشلی یان مەیدان

دیار حەمی

 

شاخی "قۆشلی" یان "مەیدان" لە نزیک ٢٦ کیلۆمەتریی باشووری ڕۆژاوای شاری کۆبانی لە ڕۆژاوای کوردستان هەڵکەوتووە. لەنێوان سێ گونددا درێژ دەبێتەوە کە بریتین لە: "مەیدان، قۆشلی خواروو، قۆشلی سەروو."

مێژوو و شێوازی دروستبوونی ئەم شاخە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر و کەس نازانێت چۆن دروست بووە. بەرزییەکەی نزیکەی ٣٠٠ مەتر دەبێت و ڕووی شاخەکە لە بەردی ڕەشە. دەگوترێت لە سەردەمی کۆندا ئەم شاخە پڕ بووە لە دار و درەخت و هەتا ئەم دواییانە، واتە نزیکەی سەد ساڵ لەمەوبەر، ئەم شاخە شوێنی غەزاڵ و گورگ و چەندین ئاژەڵی جۆراوجۆری دیکە بووە. هەروەها لە کۆندا لە نزیک ئەو شاخەدا دوو کانیی ئاو هەبوون، کە یەکێکیان باوباپیرانمان خۆیان بە ئاوەکەی دەشۆرد. ئەو کانییە ساڵێک جارێک دەتەقا و دەبووە سەرچاوەی ژیان.

دەگوترێت نێو دڵی ئەم شاخە خاڵییە و گۆڕ و ئەشکەوتی شاراوەی کەلوپەلی ئەنتیکە و زێڕی تێدایە کە کەسانێک شەوانە دەهاتن و لەو شاخەدا بەدوای ئەو خەزێنە و گەنجینانەدا دەگەڕان. دەگوترێت بەشێک لەو ئەشکەوت و گۆڕانە بینراونەتەوە و دواتر کوێر کراونەتەوە.

هەروەها لەو شاخەدا زۆر شوێنی جیاواز و جوان و سەرنجڕاکێش هەن، وەک "کێسمە" کە پێشتر خەڵک ئاژەڵەکانیان دەبردە ئەوێ بۆ لەوەڕاندن. هەروەها حەوزێکی ئاو هەیە کە ئاوی زستانی تێدا کۆ دەبێتەوە و ساڵ بۆ ساڵ ئاوەکەی تێدا دەمێنێتەوە. ئەو حەوزە وەک تەختەیەکی گەورەی بەردی مەڕمەڕ وایە و باوباپیرانمان دەڵێن مرۆڤ دروستی کردووە. لە تەنیشت "کێسمە" شوێنێک هەیە بە ناوی شاری "ڕۆڤیان"، وەک زنارێکی گەورەی پڕ کونە کە دەگوترێت شوێنی ڕێوییەکان بووە.

هەروەها لەو "قۆشلی" ئەشکەوتێک هەیە بە ناوی ئەشکەوتی "عوێشێ" کە دەکەوێتە باشووری ئەو شاخە و لە دیوی گوندی مەیدانە. ئەشکەوتێک کە لە سەردەمی کۆندا ڕێبوارەکان تێیدا دەخەوتن و شوانەکان لە زستاندا لەوێ دەمانەوە. هۆکاری ناونانی ئەو ئەشکەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ڕابردوودا خێزانێک لەو ئەشکەوتەدا ژیاون و ناوی ژنی ئەو ماڵە "عوێشێ" بووە، بۆیە بەم ناوە ناسرابوو. هەروەها چیرۆکێکی ئەفسانەیی لەسەر ئەم ئەشکەوتە هەیە؛ داپیرم دەیگوت: "لە سەردەمێکی نە زۆر دووردا، دەگوترا کە سەگێکی بنەماڵەی 'سەفەری ئیبێ'، خەڵکی گوندی قۆشلیی خواروو، بە ناوی 'قەرۆ'، هەموو شەوێک لە ماڵ دەردەکەوت و بەیانیان دەگەڕایەوە و خاوەنەکانی دەیانبینی کە پۆزەی هەمیشە سوور بووە. ڕۆژێک 'سەفەر' بەدوای 'قەرۆ'دا دەڕوات تا دەگاتە ئەشکەوتی 'عوێشێ'، دەبینێت دەیان سەگ ئاهەنگێکیان ساز کردووە و سەما دەکەن و ترشیات دەخۆن. سەفەر دەگەڕێتەوە ماڵ و دەزانێت کە ئەمە گۆڤەندی جنۆکەکانە. بەیانیی ڕۆژی دواتر سەفەر بە سەگەکەی دەڵێت: 'قەرۆ هایا من ژ تە هەیە هاااا!'. دەڵێن کە قەرۆ چوو و ئیتر نەگەڕایەوە."

شاخی قۆشلی یان مەیدان لە سەردەمی ئێستاماندا و بە تایبەتی لە وەرزی بەهاردا، سروشتەکەی زۆر جوان دەبێت و دەبێتە سەیرانگا و شوێنێکی گەشتیاری. هەروەها چەندین گیای بەسوودی لێ شین دەبێت، وەک: "جەهتەری، وەروەرک، هەوشان، پارم، پیڤۆک، کمی و پەلگیزەر و هتد"، کە خەڵک کەڵکیان لێ وەردەگرێت.

شایانی باسە کە هەموو ساڵێک لە شەوی ٢١ی ئایاردا، دۆست و هەڤال، لاو و منداڵ، ئاگری نەورۆز لەسەر ئەو شاخە هەڵ دەکەن و جێژن دەگرن.

KURDŞOP
428 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!