شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای ئیلام – بەشی دووەم

- ڕۆژ قادری

 

بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا، چەند شوێنی گەشتیاریی پارێزگای ئیلام، لەوانە "کێوی قڵاقێڕان، ناوچەی دارستانیی شەشدار، دەریاچەی لفانگ سیاگاو، تەنگەی کافرین، دەربەندی ئەرخەوان و تەنگەی ڕازیانە" ناسێندران؛ لەم بەشەشدا، چەند تاڤگەی گەشتیاریی ئەم پارێزگایە دەناسێنین کە بریتین لە تاڤگەکانی "ئاما، دەروەن، ماروەر و گەچان".

تاڤگەی ئاما

تاڤگەی "ئاما" لە نزیک گوندی "ئاما"یە و ئەم گوندە لە ٢٥ کیلۆمەتریی باشووری ئیلام و لە پشت بەنداوی ئیلام هەڵکەوتووە. ڕێگای گەیشتن بەم تاڤگەیەش بۆ خۆی زۆر سەرنجڕاکێشە و دارستانێکی سەرسەوز و چڕوپڕی لێیە.

تاڤگەی "ئاما" لەنێوان دۆڵێکدا هەڵکەوتووە و بەرزاییەکەی ٢٠ مەترە و ئاوەکەی بەرەو بەنداوی ئیلام دەچێت. ئەم تاڤگەیە بۆ خۆی چەندە جوانە، سروشتی دەوروبەرەکەشی هێندەی تر جوانی کردووە. هەروەها دارەکانی "هەنجیری کێوی، ترێ و بەڕوو" دەوروبەری تاڤگەکەی ڕازاندووەتەوە.

ئەو کەسانەی پێیان خۆشە لە شوێنێکدا بن کە تەنیا و تەنیا دەنگی سروشت ببیستن و چێژ لە هاژەی ئاو و دەنگی باڵندەکان وەربگرن، ئەم تاڤگەیە باشترین شوێنە، چونکە لەبەر هەڵکەوتەکەیەوە تەنیا دەنگی سروشتی تێدا دەبیسترێت.

هەروەها گەشتیاران بەر لە گەیشتن بە تاڤگەکە لە تەنیشت بەنداوی ئیلامەوە تێدەپەڕن کە ئەوەش بۆ خۆی بووە بە شوێنی سەیرانکردنی خەڵک. لەم بەنداوەدا ماسیگرتن لە وەرزانی ڕێگەپێدراودا باوە و لێکۆڵەڕانیش بۆ لێکۆڵینەوە زانستییەکانی خۆیان سەردانی دەکەن.

تاڤگەی دەروەن

تاڤگەی "دەروەن" لە ٣٨ کیلۆمەتریی ڕۆژاوای "دەڕەشار" هەڵکەوتووە. ڕێگای لاوەکیی گەیشتن بەم تاڤگەیە لە ڕێگای دەڕەشار- ئیلام و لە نزیک شاری بچووکی بەدرە، جیا دەبێتەوە. ئەم ڕێگا لاوەکییە ٤ کیلۆمەتر دەبێت. لەم ڕێگایەدا و لە داوێنەکانی کێوەکاندا، ئاسەواری مێژوویی و ئاسەواری شارێکی زۆر کۆن و گەورە دیارە.

جیاوازیی پلەی گەرمای ئەم ناوچەیە لەگەڵ شاری بەدرە و دەڕەشار، دەگاتە ١٠ بۆ٢٠ پلە، واتە شوێنێکی زۆر فێنک و خۆشە. ئەم ناوچەیە کە تاڤگەی دەروەنی تێدا هەڵکەوتووە، خاوەن سروشتێکی دەوڵەمەند و ناوازە و ژینگەیەکی سەرنجڕاکێشە کە دەتوانین ئاماژە بە "کەلێنە سەرنجڕاکێشەکان، تەنگەی ڕازیانە، ڕووباری پڕئاوی کەرخە و گاشەبەردەکانی کەبیرکێو و..." بکەین.

تاڤگەی ماروەر

تاڤگەی ماروەر لە ٢٠ کیلۆمەتریی ڕێگای دەڕەشار بەرەو "پۆلدۆختەر" هەڵکەوتووە. ئەم تاڤگەیە بە دارستانێکی چڕوپڕ و سەرسەوز تەنراوە. هەروەها ئەم ناوچەیە بەوە بەناوبانگە کە گیای دەرمانیی زۆرە و خەڵکانێکی زۆر سوودیان لێ وەردەگرن. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تاڤگەی ماروەر ئەوەیە کە لە درێژایی ساڵدا و لە هەموو وەرزەکاندا ئاوی زۆرە. لە دەوروبەری ئەم تاڤگەیە، داری هەنجیر و ترێ و هەروەها قامیشەڵانێکی بەرزیش دەبینرێت کە دیمەنێکی زۆر جوانیان هەیە. لە دیوارەکانی تەنیشت تاڤگەی ماروەر، ئاوێکی زوڵاڵ و ڕوون وەک کانی دەڕژێتە خوارەوە کە دەخورێتەوە.

شارستانی دەڕەشار لە داوێنی کەبیرکێو و لەنێو دارستانی بەڕوو، سەدان ئاسەواری مێژوویی و سروشتیی لە ئامێز گرتووە و خاوەن دەیان گوندی دڵڕفێنە و هەر کامیان دەتوانێت شوێنێکی گەشتیاریی تایبەت بێت.

تاڤگەی گەچان

لەنێوان دەربەندی گەچان، کانییەکی پڕئاو هەڵدەقوڵێت کە تاڤگەی جوانی گەچانی لێ لەدایک بووە. تاڤگەی گەچان لە ١٥ کیلۆمەتریی باکووری شاری ئیلام و لەنێوان تەنگە - کە بۆ خۆی یەکێک لە سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکانی ئیلامە - هەڵکەوتووە. لەم ناوچەیەدا کێوە جوان و مەزنەکانی "مانێشت" و گەچان بەیەک گەیشتوون و دیمەنێکی زۆر جوانیان خوڵقاندووە.

تاڤگەی گەچان لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا و تەنانەت لە زستانیشدا میوانداری لە گەشتیاران و ژینگەدۆستان دەکات. هەروەها ئاوەکەی لەلایەن خەڵکی گوندەکانی دەوروبەرەوە هەم بۆ خواردن بەکار دێت و هەم بۆ کاروباری جووتیاری و باخداری. ئەم ناوچەیە بەهۆی کەش و هەوای تایبەتیەوە پڕە لە داری گوێز.

ڕێگای گەیشتن بە تاڤگەی گەچان پێویستی بە زیاتر لە یەک کاتژمێر ڕێپێوانە چونکە ڕێگای بۆ هاتوچۆی ترۆمبێل نییە. هەڵبەت ڕێگاکەیشی ئاسانە و وەها نییە کە بڵێین تەنیا شاخەوانان دەتوانن سەردانی بکەن، بەڵکوو کەسانی ئاساییش دەتوانن بە ئاسانی سەردانی بکەن. هەروەها ئەو ڕێگایە زۆر تایبەتە و پڕە لە دیمەنی جوانی سروشت.

KURDŞOP
594 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!