شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای ئیلام – بەشی یەکەم

- ڕۆژ قادری

 

ئیلام یەکێک لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و شاری ئیلامیش ناوەندی پارێزگاکەیە. ئەم پارێزگایە ٤٢٥ کیلۆمەتر لەگەڵ وڵاتی عێراق سنووری هاوبەشی هەیە، هەروەها لەگەڵ پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان و خووزستان هاوسنوورە. بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٦ی زایینی، ئەم پارێزگایە لەو ساڵەدا ٥٨٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەبووە. پارێزگای ئیلام خاوەن دەیان شوێنی گەشتیاری و مێژووییی تایبەت و ناوازەیە کە لەم گوتارەدا هەوڵ دەدەین چەندین شوێنی گەشتیاریی ئەم پارێزگا جوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانتان پێ بناسێنین.

کێوی "قڵاقێڕان"

گرینگترین کێوی ئیلام، کێوی "قڵاقێڕان"ە کە خاوەن سروشتێکی زۆر جوان و ناوازەیە. ئەم کێوە لە ٣ کیلۆمەتریی باکووری شاری ئیلام هەڵکەوتووە و ٢١٥٢ مەتر بەرزە. ئەم کێوە بە هێمای شاری ئیلام ناوبانگی دەرکردووە و یەکێک لە خۆشترین ناوچە کوێستانییەکانی ئەم شارەیە. تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە شکڵی "گۆڕەپانی ئازادیی تاران" لە کێوی "قڵاقێڕان" وەرگیراوە.

ناوچەی دارستانیی شەشدار

ناوچەی دارستانیی "شەشدار" یەکێکی تر لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای ئیلامە کە لە ٥ کیلۆمەتریی شاری ئیلام و لە نزیک کێوی "قڵاقێڕان" (لە ڕێگای نێوان ئیلام- کرماشان) هەڵکەوتووە. ناوچەی دارستانیی شەشدار کە بە "پارکی دارستانیی شەشدار"یش دەناسرێت، خاوەن سروشتێکی دەستلێنەدراو و سروشتییە و خاوەن دیمەنگەلێکی زۆر جوان و ناوازەیە. ناوی ئەم ناوچەیە بە واتای "دارستانی چڕوپڕە" و بە یەکێک لە گرینگترین سەیرانگاکانی ئیلامیش دەناسرێت.

خۆشترین وەرزەکان بۆ سەردانکردنی ئەم دارستانە، وەرزەکانی بەهار و پاییزە. لە وەرزی بەهاردا جوانییەکانی ئەم ناوچەیە چەند هێندە دەبێتەوە و بەهۆی شکۆفەی دارەکانەوە بۆنێکی زۆر خۆش لە دارستانەکەدا بڵاو دەبێتەوە. لە وەرزی پاییزیشدا و بەهۆی گەڵاڕێزانەوە، ئەم دارستانە دیمەنێکی زۆر جوان و تایبەتی هەیە.

دەریاچەی لفانگ سیاگاو

تەنیا دەریاچەی دووانەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەریاچەی "لفانگ سیاگاو"ە کە لە شاری "ئاودانان"ی پارێزگای ئیلام هەڵکەوتووە. تێپەڕینی ڕووباری "سیاگاو" لەنێوان گاشەبەرد و دۆڵەکان، بووەتە هۆی لەدایکبوونی دوو دەریاچە کە یەکەمیان کەمێک لەوی تریان بەرزترە. ئەم دوو دەریاچە بچووکە لە ڕێگای کاناڵێکی ١٠ مەترییەوە پێکەوە لکاون و نزیکەی ٣ مەتر قووڵن و ئاوێکی زۆر پاک و ڕوونیان هەیە. مێژووی دروستبوونی ئەم دەریاچانە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە.

تەنگەی کافرین (کافری/ کافران)

یەکێک لە ناوچە گرینگە گەشتیارییەکانی پارێزگای ئیلام، تەنگەی کافرینە کە لە شارستانی "بەدرە" هەڵکەوتووە. تەنگەی کافرین خاوەن سروشتێکی زۆر جوان و تایبەت و دڵڕفێنە. ئەم تەنگەیە لە چەندین کانی و کێوە بەرزەکانی "کەبیرکێو" (کبیرکوە) دروست بووە و سەرچاوەی چەند چەمێکە کە دەڕژێنە نێو ڕووباری "سەیمەرە"وە. درێژاییی تەنگەی کافرین ٢ کیلۆمەترە و ٧٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. گۆلاوی "ئاوی زەمزەم" یەکێک لە خاڵە گەشتیارییەکانی دەوروبەری ئەم تەنگەیە. هەروەها گەشتیاران دەتوانن لە تەنگەی کافریندا سواری بەلەم ببن و لە دیمەنە ناوازەکانی ئەم تەنگەیە چێژ وەربگرن و کاتێکی خۆش بەسەر بەرن.

دەربەندی ئەرخەوان

 دەربەندی ئەرخەوان (دەروەنی ئەرخەوان) لە ناوازەترین شوێنە گەشتیارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای ئیلامە کە لە ٣ کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری ئیلام هەڵکەوتووە. دار و دەوەنی جوان و ڕەنگاوڕەنگ و هەروەها بۆنی خۆشی ئەرخەوان، تایبەتمەندیی ئەم دەربەندەیە کە کردوویەتی بە سەیرانگایەکی زۆر دڵڕفێنیش. دەربەندی ئەرخەوان لە وەرزی بەهاردا و بەتایبەتی لە مانگی بانەمەڕدا (مانگی گوڵان) دەبێتە پەمەیی و بەنەوش و هەستێکی خۆش و تایبەت بە گەشتیاران دەبەخشێت.

تەنگەی ڕازیانە

تەنگەی ڕازیانە، لە ٥٠ کیلۆمەتریی ڕێگای ئیلام- بەدرە هەڵکەوتووە. ئەم تەنگەیە لە ناوچەیەکی تەواو سەرسەوزدا هەڵکەوتووە و چەمێکی بچووک لەنێوانیدا تێدەپەڕێت کە دیمەنی جوانی تەنگەکەی چەند هێندە کردووە. ئەم ناوچەیە دارستانێکی چڕوپڕیشی هەیە و سەیرانگایەکی زۆر خۆش و دڵڕفێنیشە.

تەنگەی ڕازیانە خاوەن پێکهاتەیەکی زەویناسیی تایبەتە و ئەمە وای کردووە کە لێکۆڵەران لە بوارەکانی "ژینگە، زەویناسی و هیدرۆلۆژی" لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر بکەن. هەروەها ئەم تەنگەیە لە ساڵی ١٣٨٨دا وەکوو میراتی سروشتی و نیشتمانیی ئێران تۆمار کراوە.

KURDŞOP
600 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!