عاموودا، شاری هێلانەی دڵان

ئاراس حسۆ

 

عاموودا شاری هێلانەی دڵان، شاری باوکی محەممەد، شاری ڕۆشنبیران و نووسەران. عاموودا شارێکی جوان و ناسک لە شارەکانی ڕۆژاوای کوردستانە. عاموودا یان "ئۆرکێش" بە ناوی "دەشتی مێردین"یش ناسرابوو، عوسمانییەکانیش ناویان نابوو "گرێ کەمالیێ". سەبارەت بە ناونانی شاری عاموودا، بە بڕوای کەسانی بەتەمەن، چیرۆکەکەی بەم شێوەیەیە: "کچی پاشای مێردین کوڕێکی خوێنخۆری هێنایە دونیاوە، بۆیە پاشا فەرمانی دا کە کوڕەکە لەوێ دەربکرێت و بیبەنە نزیک گردی عاموودای ئێستا. بەڵام کاتێک ڕێبوارەکان لەوێ تێدەپەڕین، بینییان منداڵێک بە عاموودێکەوە (کۆڵەکەیەک) بەستراوەتەوە، ئەو ڕێبوارانە ئەم چیرۆکەیان بڵاو کردەوە و ئەو ناوچەیەیان ناو لێ نا عاموودا." دواتر لە بەردەم ئەو گردەدا گوندێک دروست کرا، ناوی گوندەکەش نرا عاموودا. ئێستا لە گوندێکەوە گۆڕدراوە بۆ شارێکی دێرین و مێژوویی. لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە ئێستاش کە مرۆڤ بەلای ئەم شارەدا تێدەپەڕێت، بەرەوڕووی دیمەنێکی دێرین لە شارستانییەتی باوباپیرانیان دەبنەوە. بەو شێوەیە شاری عاموودا یەکێکە لە شارە کۆنەکانی ڕۆژاوای کوردستان.

دیرۆکی شاری عاموودا

بە باوەڕی شارەزایانی مێژوو، مێژووی دروستبوونی شاری عاموودا دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵ پێش زایین. پێشتر عاموودا بەشێک بووە لە مێردین، لە دوای ساڵی ١٩٢٦ و لەگەڵ دانانی سنوورەکان و پارچەپارچەبوونی کوردستان، سەر بە شاری قامیشلۆ بوو و هەتا ساڵی ١٩٤٦، دوای ئەوەی فەرەنسییەکان سووریایان بەجێ هێشت، بوو بە ناوچەیەکی سەر بە شاری حەسەکە.

زۆربەی دانیشتووانی ئەم شارە کوردن و ژمارەیەک مەسیحی لەوێ دەژین. عاموودا لەسەر دەشتێک دروست کراوە و لەسەر سنووری نێوان ڕۆژاوا و باکووری کوردستانە و دەکەوێتە باشووری شاری نسێبین. شاری نسێبینیش لە عامووداوە دیارە. عاموودا نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر لە شاری قامیشلۆ و نزیکەی ٧٥ کیلۆمەتر لە شاری حەسکەوە دوورە. ڕووبەری ئەم ناوچەیە ٩٩٠ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.

لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە

زۆربەی خەڵکی عاموودا سەرقاڵی کشتوکاڵن، هەندێکیشیان سەرقاڵی کاری دەستین. نزیکەی ١٦٠ گوند سەر بە شاری عاموودان. عاموودا لە هاویندا گەرمە و لە زستاندا ساردە، هەروەها لە بواری دارستان و ژینگەشەوە هەژارە. بەرهەمی کشتوکاڵی ناوچەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بریتین لە: گەنم، جۆ، نیسک و نۆک و هتد. کشتوکاڵ ڕۆڵی سەرەکیی لە ئابووریی ئەم ناوچەیەدا هەیە.

لە ڕووی شوێنەوارییەوە

لە عاموودا سێ گردی مێژوویی هەیە: "گردی شەرمۆلا، گردی شاخر بازار و گردی مۆزان." بەداخەوە لەمبارەی مێژووی ئەم گردانەش چەواشەکاریی زۆر کراوە تاکوو مێژووی ڕاستەقینەیان دەرنەکەون. بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە مێژووی ئەم گردانە دەگەڕێتەوە بۆ چەند هەزار ساڵ لەمەوپێش.

چەند ڕووداوی مێژوویی

ساڵی ١٩٣٦ فەرەنسییەکان شاری عاموودایان بە پێنج فڕۆکەی شەڕکەر بۆردومان کرد کە ئەوە دوای ڕاپەڕینی "سەعید ئاغا دەقۆری" بوو. ڕۆژی ١٣ی تەشرینی دووەمی ١٩٦٠ ڕووداوێکی دڵتەزێن بەسەر خەڵکی عاموودادا هات. جارێکی تر ئاگریان لە جەرگی دایکان بەردا، جارێکی تر دوژمن دڕندەییی خۆی دژی گەلی کورد نیشان دا. ئەمجار ئامانج قڕکردنی نەوەیەک لە کوردان بوو. لە کاتی شۆڕشی جەزائیر دژی فەرەنسییەکان کە لە ساڵی ١٩٥٤ دەستی پێ کرد، داوایان لە منداڵانی قوتابخانەکانی عاموودا کرد کە هەریەکەیان ٢٥ قرووشان لەگەڵ خۆیان بهێنن بۆ بینینی فیلمێک لە سینەمای شەهرەزار، بۆ ئەوەی ئەو پارەیە وەک هاوکاری بۆ شۆڕشی جەزائیر بنێرن. ٥٠٠ منداڵ لە سینەمادا  کۆ کرانەوە. فیلمەکە دەستی پێ کرد و دوای ساتێک بێدەنگی سینەماکە گڕی گرت. ٢٨٤ منداڵ بوونە قوربانی. یەکێک لە قوربانییەکان محەممەد سەعید دەقۆری بوو، ئەو کەسەی دەیان منداڵی لە ئاگرەکە ڕزگار کرد. بۆیە دوای ئەو ڕووداوە عاموودا بە باوکی محەممەد ناسراوە.

شاری عاموودا لە دوو ڕووەوە لەگەڵ شارەکانی دیکەی کوردستان جیاوازە؛ یەکێکیان تێکەڵییە گەورەکەی لەگەڵ ئەدەبدایە کە چەندین نووسەر و شاعیری گەورە لەوێوە دەرکەوتوون. ئەوی تر، بە ئایینەکانیان ناسراون. لە عاموودا چەندین ئایینی بەناوبانگ هەن، هەریەکەیان خاوەن چیرۆک و تایبەتمەندیی جیاوازن.

سەرچاوەکان:

- گۆڤاری "پێنووسا زمان"

- وێنە: ماڵپەڕی ڕووداو

KURDŞOP
366 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!