گرینگترین ئەشکەوتەکانی باشووری کوردستان

- ڕۆژ قادری

 

کوردستان یەکێک لە مێژووییترین شوێنەکانی جیهانە و لە هەر بوارێکەوە سەیری جوگرافیا و مێژووەکەی بکرێت، ئێمە بابەتگەلێکی ناوازە دەبینین. بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەیکە ئێمەی کورد خاوەن کیانێکی سەربەخۆ نین و خاوەن دامەزراوەی پێشکەوتووی دەوڵەتی نین، لێکۆڵینەوەی وردیان لەسەر نەکراوە. لەلایەکی دیکەوە داگیرکەران نەتەنیا هەوڵی داگیرکردنی جوگرافیاکەمانیان داوە لە هەمان کاتدا هەوڵی چەواشەکردنی مێژووەکەشمانیان داوە.

لەم بابەتەدا بە ناساندنی کورتی گرینگترین ئەشکەوتەکانی باشووری کوردستان دەمەوێت بڵێم کە کوردستان نەتەنیا یەکێک لە مێژووییترین شوێنەکانی جیهانە و شوێنی دروستبوونی یەکەم شارستانییەتەکانە، بەڵکوو  پێکهاتەی زەوییەکەشی بۆ سەردەمانێکی زۆر کۆن دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە لێکۆڵینەوە زەویناسییەکان دەریانخستووە کە زنجیرەچیاکانی زاگرۆس لە سەردەمی "بالیلۆسین" واتە ٦٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دروست کراون.

 

ئەشکەوتی هەزارمێرد

ئەم ئەشکەوتە دەکەوێتە ١٣ کیلۆمەتریی باشووری شاری سلێمانی. پانیی دەمی ئەشکەوتەکە لە دەرەوە ١٢ مەترە و لە ناوەوە ١٥ مەترە و بەرزییەکەشی لە ناوەوە ٥ مەترە، بەڵام قووڵییەکەی بۆ ناوەوە ٣٠ مەترە. یەکەمین شوێنەوارناسیش کاری کۆڵین و پشکنینی تێدا ئەنجام داوە، خاتوو "کاردۆ" بوو کە لەنێوان ساڵانی ١٩٥١- ١٩٦١ی زایینی کاری تێدا کردووە. لە دوای هەوڵەکانیشی چەند کەلوپەلێکی بەردینی تێدا دۆزییەوە کە بۆ ٥٠ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. سەبارەت بە ناوەکەشی بڕوا وایە کە لە گەورەییەوە هاتووە، چونکە شوێنی هەزار پیاوی تێدا بووەتەوە.

ئەشکەوتی هەزارمێرد لە دوای ئەشکەوتی شانەدەر، دووەم گەورەترین ئەشکەوتە لە باشووری کوردستان. ئەم ئەشکەوتە نزیک دێی هەزارمێردە کە دێیەکی زۆر کۆنە و لە زووەوە بەهۆی پەتای تاعوون لە شوێنی خۆیان گواستوویانەتەوە و هاتوونەتە جێگەیەکی خوارتر لە ئەشکەوتەکە.

 

ئەشکەوتی شانەدەر

ئەم ئەشکەوتە دەکەوێتە بەشی باشووری چیای برادۆست لە دۆڵی زێی گەورە و نزیک بە شارەدێی شانەدەر لە باکووری خۆرهەڵاتی شاری هەولێر. بەرزیی ئەشکەوتەکە لە ڕووی دەریاوە ٢١٠٠ پێ و پانیی دەمی ئەشکەوتەکە لە دەرەوە ٢٥ مەتر و لە ناوەوە ٣٥ مەترە. بەڵام بەرزییەکەی لە ناوەوە ٨ مەترە و قووڵیی بۆ ناوەوە ٤٠ مەترە. لەم ئەشکەوتەدا پەیکەری ئێسکی مرۆڤی جۆری "نیاندەرتاڵ" دۆزراوەتەوە کە بۆ نزیکەی ٤٥- ٦٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.  هەروەها  چەند پاشماوەی پەیکەری "مەڕ، بزن و کیسەڵ"یشی تێدا دۆزراوەتەوە.

یەکەم کەسێکی شارەزاش کە لەم ئەشکەوتەدا کاری کۆڵین و پشکنینی کرد، "ڕاڵف سوڵکی" بوو لەنێوان ساڵانی ١٩٥١- ١٩٦١دا. ساڵی ٢٠١٩ش بەهۆی چەند کۆڵین و پشکنینێک لە چینەکانی ناوەوەی ئەشکەوتەکە، چەندین ئێسکەپەیکەر دۆزرانەوە کە مێژووی ژیانیان لە ئەشکەوتەکە بۆ زیاتر لە ١٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر گەڕاندەوە.

 

ئەشکەوتی زرزی

ئەم ئەشکەوتە دەکەوێتە ناوچەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی و لە نزیک هەردوو ئەشکەوتی "قەزقەپان و کوڕوکچ" هەڵکەوتووە کە لەلایەن پسپۆڕێکی ئەمریکی بە ناوی "کاورد" لە ساڵی ١٩٢٧دا لێکۆڵینەوەی تێدا ئەنجام دراوە. هەروەها چەند کەلوپەلێکی بەردینی تێدا دۆزراوەتەوە کە بۆ ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

 

ئەشکەوتی کوڕ و کچ

ئەم ئەشکەوتە ئەشکەوتێکی دەستکردە و دەکەوێتە نزیک ئەشکەوتی قەزقەپان کە دوو گۆڕی تێدا دۆزراوەتەوە و بڕوا وایە یەکێکیان گۆڕی پادشای میدی "فراورتیس" بێت.

ئەشكەوتی كوڕ و كچ، ئەشکەوتێكی شێوە لاکێشەییە و ڕووەو باکوورە، درێژییەکەی ٦.٦٠ مەترە و پانیی لای ڕاستی ٢.٦٠ مەترە هەروەها پانیی لای چەپیشی ٢.٤٠ مەترە كە لە ناوەڕاستی ئەشکەوتەکەدا ژوورێکی بچووک هەیە بەرزییەکەی ١١٥ سانتیمەترە و پانییەکەی ٣٥ سانتیمەترە. لە بەشی ڕاستی ژوورەکەش گۆڕێک لە بەردی شاخەکە هەڵکەنراوە و قووڵیی گۆڕەکەش ٤٠ سانتیمەتر و پانییەكەی یەک مەترە، هەروەها پاشماوەی دوو کۆڵەکە بە سەقفەکەوە ماوە، بەڵام لە بەشی خوارەوەیدا نەماوە و فەوتاوە. ئەم ئەشکەوتە لە شێوەدا لە قەزقەپان دەچێت و لەوانەیە لە هەمان سەردەمدا دروست کرابن.

 

ئەشکەوتی قەزقەپان

ئەم ئەشکەوتە دەکەوێتە چیای "سەرسەد" لە نزیک گوندی سورداش کە تابڵۆیەکی هەڵکەنراو و چەند گۆڕێکی تێدا دۆزراوەتەوە کە بۆ ساڵانی ٥٥٠- ٦٠٠ی پێش زایین دەگەڕێتەوە.

ئەشکەوتەکە بە بەرزاییی ١٠ مەتر لەنێو شاخێکدا ھەڵکەندراوە و کۆمەڵێک نەخشی مادەکان لەسەر دیوارەکانی داتاشراون. لە ناوەندی شاری سلێمانییەوە نزیکی ٥٠ کیلۆمەتر دوورە. ئەشکەوتەکە دەرگایەکی بچووکی ھەیە بۆ چوونەژوورەوە کە لە باڵای مرۆڤ نزمترە. لەنێو ژوورەکەدا، سێ گۆڕی بچووک ھەن بە بەرزیی مەترێک کە کۆمەڵێک ئاسەواری مێژوویییان تێدا دۆزراوەتەوە.

 

KURDŞOP
1416 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!