"قەرەداغ" لە نێوان دیرۆک و سروشتی دڵرفێندا


 

- سیپان سۆفیزادە

 

قەزا (شارستان)ی "قەرەداغ" لە ساڵی "٢٠٠٧"دا لە کەرت و گوندەکانی ناحیە (شارەدێ)ی قەرەداغی سەر بە شاری سلێمانی درووست کرا. ئەم ناوچەیە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا شار بوو بەڵام دواتر کرایە شارەدێ.

ئەم شارە لە دوو ناوچە پێکھاتووە:

١- ناوەندی قەزای قەرەداغ

٢- ناحیەی سێوسێنان

ناوی ئەم قەزایە لە ناوەندەکەیەوە وەرگیراوە ئەویش شارۆچکەی قەرەداغە. ناوی قەرەداغ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان: "قەرە" واتا ڕەش، "داغ" واتا چیا، واتای کێوی ڕەش دەگەیەنێ. ناوی ئەم ناوچەیە پێشتر ناوی "زەردیاوا" بووە، وەک ھێمایەک بۆ زەردی بەگ کە وەک دەڵێن دەسەڵاتدارێکی "زەردەشت"ی بووە.

قەزای قەرەداغ دەتوانین بڵێین یەکێکە لە قەزاکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی و بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە، هاوسنوورە لەگەڵ شارەکانی سلێمانی، چەمچەماڵ، شارەزوور و دەربەندیخان، هەروەها دەکەوێتە نێوان دوو زنجیرە چیای " گڵەزەردە" و "قۆپییەکانی قەرەداغ"ەوە. ئەم ناوچەیە گرنگییەکی یەکجار زۆری بۆ پارێزگای سلێمانی هەیە.

ڕووبەری گشتیی ئەم قەزایە پێک دێت لە "٧١٧"کم دووجا و "%٣.٥" لە رووبەری کۆی پارێزگای سلێمانی پێکدەهێنێت.

قەزای قەرەداغ مێژوویەکی کۆنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی "١٦٦٣"ی زایینی، واتا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کە بابانەکان فەرمانڕەوایەتییان دەکرد. دواتر لە ڕووی ئیدارییەوە خرایە سەر پارێزگای سلێمانی. لە "٦/٣/٢٠٠٧" کراوە بە قەزا و یەکەمجار "عزیز مینە سۆفی" قائیماقامی قەزاکە بوو بە وەکالەت.

لە ساڵی "٢٠٢٠"دا  ژمارەی دانیشتووانی قەزای قەرەداغ "١٢٧٠٩" کەس بووە. ٢٢ فەرمانگەی حکومی لەم قەزایەدا هەیە. ژمارەی گوندەکانی "٨٤" گوندن، کە "٦٣" گوندیان سەر بە ناوەندی قەزاکەن و "٢١" گوندییان سەر بە ئیدارەی ناحیەی سێوسێنانن.

لە ناوچەی قەرەداغ چەندین ناوچەی جیاوازی گەشتیاری و سەیرانگای بەرچاوی تێدایە کە دیارترینییان "تاڤان، داری زەرد و جافەران"ە کە هەریەکەیان بە "٣-٤"کم لەوەی ترەوە دوورە. چەندین سەرچاوەی ئاوی لەم ناوچەیەدا هەیە و لەگەڵ هەبوونی کابینەی گەشتیاری.

بەتایبەتی لەم ناوچەیەدا 22 شوێنەواری دێرین هەیە، گرینگترینییان قەڵای "باوەکور و خاڵی پەیکۆڵی و قەڵای مەسووران و شوورای نەرمی دۆڵ و نەخشەی پاشای لۆلۆییەکان کە پێشتر بە نەڕامسین ناودەبرا"، هەروەها "قەڵای باوە گردێ" و زنجیرەیەک گۆڕی بەردین و پەرەستگا و چەندەها شوێنی مێژووییی تر لەم ناوچەیەدا بەرچاو دەکەوێت.

لەڕووی سرووشتیەوە سنووری ناوچەکە بریتییە لە درێژە کێشانی زنجیرە چیای "بەرانان" لەبەشی باکووری ڕۆژهەڵات تا دەگاتە بەشی باشووری ڕۆژهەڵات لە ئاوزێڵی "تانجەڕۆی" جیادەکاتەوە. درێژەکێشانی زنجیرە چیای "سەگرمە" لەبەشی باکووری ڕۆژئاوا تا دەگاتە بەشی باشووری ڕۆژئاوا لە ئاوزێلی "چەمچەماڵ" جیای دەکاتەوە. "ڕووباری باسەرە" لەبەشی باکوور لە ئاوەزێلی سەرەکیی "بازیان" جیای دەکاتەوە، بەشی باشووری بریتییە لە درێژە کێشانی ئاوزێلی "دێوانە" بەڵام لەدەرەوەی ناوچەی قەرەداغ.

قەزای قەرەداغ لە ڕووی ئاو و هەواوە زستانێکی ساردی هەیە و هاوینەکەی فێنک و مامناوەندە. لە دوای ساڵی "٢٠٠٠" زۆرێک لەدانیشتوانی گوندەکان بوون بە موچەخۆر و وازیان لەکاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری هێنا و کۆچیان کرد بۆ شارەکان تەنانەت هەندێک گوند بەتەواوی چۆڵ کراون و ژیانی تێدا ناکرێ.

KURDŞOP
884 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!