گوندی زەڵم، زێدی گەورەپیاوان و سەیرانگەیەکی گەشتیاریی دڵڕفێن


 

- سیپان سۆفیزادە

 

"زەڵم" گوندێکە کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناحیەی خورماڵ و سەر بە قەزا و پارێزگای هەڵەبجە لە باشووری کوردستانە.

ئەم گوندە لە باکوورەوە لەگەڵ گوندی دزڵی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە باشوورەوە لەگەڵ گوندی ئەحمەدئاوا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی دەرەی مەڕ، وە لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ گوندی ناوباخان هاوسنوورە. ناوچەکە ناوچەیەکی سەخت و شاخاوییە کەتووەتە نێوان دۆڵێکی درێژ و زەوی تەختی کەمە.

گوندی زەڵم ڕاستەوخۆ لە بەشی سەرەوەی دۆڵی زەڵمدایە و لە نزیک شوێنی سەرچاوەی ڕووباری زەڵمە، نهێنی دڵگیری گوندی زەڵم زیاتر لە سەرچاوەی زەڵم و دارگوێزە چڕ و بەژن بڵندەکانییەتی. ناوی گوندەکەش لە زێوە هاتووە یان شوێنێک کە خاوەنی ئاوێکی زۆر بێت، دانیشتوانی گوندەکە زیاتر خەریکی پیشەی بازرگانی و ئاژەڵدارین.

دانیشتوانی گشتیی گوندی زەڵم "٥٤٠" خێزانن کە لە دەرەوەی گوندەکە دەژین، بەڵام ناسنامەیان گوندی زەڵمە و بەپێی ئاماری کانوونی دووەمی "٢٠٢٢" ئێستا ئەم گوندە "١٨" خێزانی تێدایە کە ژمارەیان "٥٨" کەسە، ژمارەی ڕەگەزی نێر "٣٣" یە، وە ژمارەی ڕەگەزی مێ "٢٤" کەسە. گوندەکەش بە گشتی 25 خانووی تێدایە.

لە ڕووی ئایینییەوە دانیشتووانی گوندەکە پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و لە ڕووی زمانەوە نیوەی دانیشتوانەکەی بە هەورامی و بەشێکی دیکەشی بە سۆرانی قسە دەکەن.

لە ساڵی "١٩٩٥" بۆ یەکەم جار قوتابخانە لە گوندی زەڵم و لە لایەن "شێخ سدیق سەرگەتی" بنیات نرا و لەو کاتەشدا نزیکەی "٢٨" قوتابیی هەبووە، پاشان چەند جارێک قوتابخانە داخراوە و هەتا ساڵی "٢٠١٥" قوتابخانەکە لە گوندەکەدا نەما.

 گوندی زەڵم لانکەی دەیان نووسەر و کەسایەتیی مێژوویی و ئایینی و سیاسی و هونەری لەسەر ئاستی کوردستان و جیهانە یەک لەوانیش کەسایەتی و زانای ناوداری جیهانی پڕۆفیسۆر دکتۆر "مستەفا زەڵمی". هەروەها ئەم گوندە لە ئەدەبیاتی کوردی و لاپەڕەکانی مێژووی و سیاسیی کوردستاندا باسی کراوە و گرینگییەکی زۆری پێ دراوە.

بەهۆی سروشتە دڵڕفێنەکەیەوە بە گرنگترین هاوینەهەواری پارێزگای هەڵەبجە دادەنرێت و بە بەرهەمەکانی "هەنار و هەنجیر و ڕووبە هەنار" بەناوبانگە. تاڤگەی زەڵم سیماییەکی جوان و سەرچاوەیەکی گرنگی ئاوی کوردستانە و کە نزیک دەبیتەوە لە گوندی زەڵم، هاژەی بەخوڕی ئاوی زەڵم و گوندە سەر سەوزەکە و ئەو خانووانەی بە دەست و بازووی دانیشتووانەکەی لە بەردی شاخەکان دروستیان کردووە، سیمایەکی هێندە جوانی داوەتە گوندەکە، ئەستەمە لە خەیاڵی مرۆڤدا بسڕێتەوە.

سەرچاوەی زەڵم لە ساڵی "١٩٩٩" بە سیستەمی "تۆرباین" کارەبای سێ گوندی دابین کردووە.

ئەگەر لە ڕووی مێژوویەوە ئاوڕێکی لێ بدەیەوە "قەڵای زەڵمی" لێیە و کە لە لایەن "خان ئەحمەد خان"ەوە کە دەکاتە میری میرنشینی ئەردەڵان، بنیاتنراوە، "گۆپە خڵەیشی" لێیە کە گۆڕی پاشاکانی ماددە.

هاوینە هاواری زەڵم یەکێکە لە هاوینە هەوارە خۆشەکانی کوردستان و ئاو و هەوایەکی خۆش و فێنکی هەیە و بەهۆی جوانی و دڵگیریی شوێنەکە و گونجاویی ئاوهەواکەی ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستانەوە بە مەبەستی گەشت و گوزار سەردانی دەکەن و کاتێکی خۆش بەیەکەوە بەرێدەکەن.

هاوینە هەوارەکەش موڵکی زەڵمە و هەندێک کەس بە هەڵە ناوەکەیان تۆمار کردووە و ناویان ناوە هاوینە هەواری ئەحمەدئاوا، لە کاتێکدا ئەحمەدئاوا دەکەوێتە خوارووی زەڵمەوە و هیچ باخ و سەوزاییەکی ئەوتۆیان نییە و ئاوەکەش هەر هی زەڵمە بەکاری دەهێنن.

چەند گەشتیارێک دەڵێن " ئەگەرچی ڕێگەی گەیشتن بەم گوندە سەختە، بەڵام نەبووەتە ڕێگر بۆ ئاوەدانکردنەوەی، سیمای سەیرانگەی زەڵمیش ئەگەرچی دەستکردی گوندەکە خۆیەتی و کۆنە، بەڵام بووەتە سەرچاوەی خۆبژێویی هەندێک لە خێزانەکانی گوندی زەڵم".

KURDŞOP
877 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!