شاری سۆران، شارێک لەسەر ڕێگای هامڵتون و لە نێو شاخەکانی کوردستان


 

- سیپان سۆفیزادە

"سۆران" یه‌كێكه‌ له‌ شارەکانی هەرێمی کوردستان و "١١٥" کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگاری هەولێرەوە دوورە. ناوەندی کارگێڕیی هەریەک لە قەزاکانی "چۆمان و مێرگەسۆر و ڕواندزە" و بنەچەی قەزای سۆرانیش دەگەڕێتەوە بۆ ناحیەی دیانا، کە دانیشووانەکەی لە کۆندا مەسیحی بوون و دواتر لەگەڵ هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان ئەوانیش ئایینەکەیان گۆڕیوە و دانیشتوانیشی زیاتر بووە. ساڵی "١٩٨٠" و دوای ڕاگواستنی گوندەکانی دەورووبەری ئەم شارە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ناوچەکە ئاوەدان کرایەوە و هەتاوەکوو کاتی ڕاپەڕین ژمارەی دانیشتوانی کەمتر بوو لە "٥٠٠٠" کەس. بەڵام لە دوای ڕاپەڕین و بە تایبەت بە گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتیانەی لە ساڵانی نێوان هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول تا ڕاپەڕین، پەڕیوەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببوون، ژمارەی دانیشتووانی سۆران بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و ئێستا زیاترە لە "١٩٦" هەزار کەس.

 

ناوی سۆران

ناوی سۆران لە دەوڵەتی میرنشینی "سۆران"ەوە هاتووە، كە لە ساڵەكانی "١٨٣٠" میر محەممەد، وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەو ناوچەیە حوکمی کردووە و پایتەختەکەی ئەوکاتی "ڕواندز" بووە.

شوێنی ئێستای شاری سۆران لە ساڵی 1932

 

جوگرافیای ناوەندی سۆران

شوێنی جوگرافیی سۆران وەک سەنتەری قەزا کە لە تەختایییەکی نزیک ڕواندز و لە نێوان "کێوی کۆڕەک و گۆرەز و حەسەن بەگ و برادۆست و هەندرێن"، هەڵکەوتووە. ئەم شارە دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی هەولێری پایتەخت و "١١٥ بۆ ١٢٠" كلیۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوورە و ساڵانی "١٩٢٨ بۆ ١٩٣٠" کە ڕێگای گشتیی هامڵتۆن لە هەولێرەوە بۆ حاجی ئۆمەران دروست کرا، ئەم ڕێگایە بە ناو شاری سۆراندا تێپەڕ بووە و دەیکات بە دوو کەرت.

چیاکانی ناوچەی سۆران بە بەرزیی زۆریان ناسراون و ناوچەی شاخاوی و سروشتی زۆر دڵڕفێنن و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر بۆ خۆیان ڕادەکێشن.

پێنج ڕووبار لەو ناوچەیەدا هەڵکەوتوون: "باڵەک، باڵەکیان، بێخاڵ، شێخی و برادۆست"، زستانێکی سارد و هاوینێکی گەرمی هەیە و هەریەک لە سەیرانگاکانی "جوندیان و بێخاڵ و گەلی عەلی بەگ" لە خۆی دەگرێت.

شاری سۆران ئاو وهەوایەکی شێداری هەیە و دوو ڕووبار بە سنووری ناوەندی شارەکەدا تێدەپەڕن و دەڕژێنە زێی بچووکەوە کە هەردوو ڕووباری "شێخی و برادۆستن"، یەکەمیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێت و دووەمیان لە باکووری کوردستانەوە. ئەم دوو ڕووبارە لە داهاتوودا سوودێکی زۆر بە بەنداوی بێخمە دەگەیەنن کە لەسەر ڕووباری زێی گەورە دروست دەکرێ.

هەروەها شاری سۆران نزیکەی "٩٠٠" ناوچەی شوێنەواریی هەیە و هەتا ئێستا زۆرێکیش نەدۆزراونەتەوە.

 

ڕووبەری گشتیی شاری سۆران

ڕووبەری قەزاکە "٨٠٩٦١٦" دۆنمە و زیاتر لە "٧٣٧" هەزار دۆنمی بە کەڵکی کشتوکاڵ دێت.

شارەدێییەکان:

"دیانا" ناوچەیەکی شاخاوییە و بەدووری "٢" کم کەوتووەتە باکووری ڕۆژھەڵاتی ناوەندی شارۆچکەی سۆران، لە وەرزی زستاندا ئاووھەواکەی ساردە و لە ھاویندا گەرمە.

"خەلیفان": ناوچەیەکی شاخاوییە و بەدووری "٢١" کم کەوتووەتە باشووری ڕۆژئاوای ناوەندی شارۆچکەی سۆرانەوە. لە وەرزی زستاندا ئاو وھەواکەی ساردە و لە ھاویندا مامناوەندییە.

"سیدەکان": ناوچەیەکی شاخاوییە و بە دووری "٣٣" کم کەوتووەتە باکووری ڕۆژھەڵاتی ناوەندی شارۆچکەی سۆران لە ڕۆژھەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەم شارەدێیە هاوسنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئاووھەوای شارەدێیەکە لە وەرزی زستاندا ساردە و لە ھاویندا تا ڕادەیەک فێنکە.

 

ژینگەی سروشتی

هەریەک لە "قەزوان، بەڕوو، بەڵالوک، كرۆسک، گێوژ، ڕێواس، قارچک" لە بەرهەمە خۆڕسکەکانی ناوچەکەن، چەندین بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵیشی هەیە وەک "دانەوێڵە و دارگوێز و سپیندار و سێو هەرمێ‌ و هەڵوژە و هەنار و هەنجیر و ترێ‌".

خاوەنی هەریەک لە ئاژەڵەکانی "ورچ و گورگ و کەمتیار و سمۆرە و مار و پشیلەی کێوی و سەگی ئاوی و ماسی و بزنی کێوی و بەراز"ە.

کارگێریی شاری سۆران

لە ڕووی كارگێڕییەوە قەزای سۆران هەر سێ‌ ناحیەی "سیدەكان و دیانا و خەلیفانی" هەیە، بە هەموویەوە زیاترە لە "٤٠٠" گوند و "١٧٥٠٠٠" کەسیش لە خۆیان دەگرن، سەنتەری قەزاکە "٣٦" گەڕەکە و زۆرینەیان خاوەنی خزمەتگوزاریی ڕێگاوبان و شەقام و ئاو و کارەبان. ناوچەکە خاوەنی "٦٥" بنکەی حکوومییە و لە "٤٥" بەڕێوبەرایەتیدا کاری هەریەک لە سۆران و مێرگەسۆر و چۆمان و ڕەواندز بەڕێ دەکرێن. هەروەها خاوەنی "١٤" بارەگای حیزبی سیاسییە و "١٠" ڕێکخراوی پێگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنیی تێدایە و خاوەنی "٥" بنکەی تەندروستیی گشتییە.

KURDŞOP
850 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!