گرینگترین کۆسپەکانی بەردەم گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێمی کوردستان

بە تاوتوێی سەرچاوە کتێبخانەییەکان و سەرچاوە ئینترنێتییەکان و هەروەها بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی، دەرکەوتووە کە گرینگترین کۆسپی بەردەم لکانی کەرکووک بە هەرێمی کوردستانەوە، کێشی ژێئۆپۆلیتیکی و ژێئۆئێکۆنۆمیکیی کەرکووکە.

- ڕۆژ قادری

چارەنووسی پارێزگای کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس لە عێراق،  وەکوو جیددیترین پرسی نێوان دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێتە ئەژمار. لە ڕوانگەی کوردەکانەوە، پارێزگای کەرکووک بەشێکی جیانەکراوە لە ناوچە کوردییەکانی عێراقە و هەموو دانوستانەکانی نێوان دەوڵەتە ناوەندییەکانی عێراق و بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان، بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد، پەیوەندیی بە چارەنووسی کەرکووکەوە هەیە. هەروەها هەموو دانوستانەکانی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە سەردەمی ڕێژیمە پاشایەتییەکان و بەعس لە عێراق، بەهۆی ڕێکنەکەوتن لە پەیوەندی لەگەڵ چارەنووسی کەرکووک، تووشی شکست هاتووە. چارەسەرنەکردنی ئاشتییانەی پرسی کەرکووک دەتوانێت ئارامیی لەرزۆک لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێک بدات و تەنانەت وڵاتانی دراوسێی عێراقیش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بهێنێتە نێو بابەتەکەوە کە هەتا ئێستاش شاهیدی دەستێوەردانە بەردەوامەکانی تورکیا و ئێران بوویین.

بەڵام گرینگترین کۆسپەکانی بەردەم لکانی کەرکووک بە قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە کامانەن؟

یەکەم؛ لە تاوتوێی مێژووییی پرسی کەرکووک و بە سەرنجدان بە ناوەڕۆکی دانوستانەکانی نێوان بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و دەوڵەتەکانی عێراق، گرینگترین هۆکاری ڕێکنەکەوتنی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە لکانی کەرکووک بە کوردستانەوە، کێشی ژێئۆپۆلیتیکی و پێگەی ژێئۆئێکۆنۆمیکیی ئەو ناوچەیە لە عێراق بووە؛ چونکە بوونی بەشێکی گرینگ لە پاشەکەوتە نەوتییەکانی عێراق لە پارێزگای کەرکووک، هەڵکەوتەی پەیوەندیی نێوان ناوەند و باکوور و هەروەها پۆتانسییەلە بەرزەکانی سەرچاوە ژینگەییەکان لە ناوچەکە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی کێشی ژێئۆپۆلیتیکی ئەم ناوچەکە بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تری عێراق. بۆیە لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی سیاسیی بەغداوە، لکانی کەرکووک بە کوردستان، نەتەنیا دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەخاتە قەیرانی ئابوورییەوە، بەڵکوو دۆخێکی لەبار بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەخوڵقێنێت.

دووەم؛ بە تاوتوێی سەرچاوە کتێبخانەییەکان و سەرچاوە ئینترنێتییەکان و هەروەها بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی، دەرکەوتووە کە گرینگترین کۆسپی بەردەم لکانی کەرکووک بە هەرێمی کوردستانەوە، کێشی ژێئۆپۆلیتیکی و ژێئۆئێکۆنۆمیکیی کەرکووکە.

سێیەم؛ پێکهاتەی ئێتنیکی و ئایینیی پارێزگای کەرکووک، بەتایبەتی شاری کەرکووک، یەکێکی تر لە گرینگترین هۆکارەکانە کە حکوومەتی ناوەندیی عێراق لە ڕەوتی دانوستانەکانی نێوان خۆیان و کوردەکان، کەڵکاوەژووی لێ وەردەگرێت تاکوو کەرکووک نەبێتە بەشێک لە هەرێمی کوردستان.

بۆ نموونە تورکمەنەکانی کەرکووک، دەڵێن کە کەرکووک خاوەن ناسنامەیەکی تورکمەنییە و کوردەکان و عەرەبەکان بە مەبەستی کارکردن کۆچیان کردووەتە ئەوێ.

بەشێکی بەرچاو لە تورکمەنەکانی کەرکووک لە دەیەی ٩٠ی زایینی، بە پشتیوانی و هاوکاریی دەوڵەتی تورکیا، خۆیان لە چوارچێوەی بەرەیەک بە ناوی "بەرەی تورکمانیی عێراق" ڕێک خست. ڕێبازی سیاسیی ئەم بەرەیە کە لە تورکیاوە ئاراستە دەکرێت، دژی جیدیی لکانی کەرکووک بە هەرێمی کوردستانە. ئەم بەرەیە لە ڕێگای ڕێبەرانییەوە، هەمیشە لەسەر ئەم خاڵە جەختیان کردووەتەوە کە هێڵی سووری ئەوان، دیاریکردنی چارەنووسی کەرکووک و لکانی بە هەرێمی کوردستانەوەیە.

وێڕای ئەوەیکە لە هەرێمی کوردستاندا، مافی سیاسی و فەرهەنگیی تورکمەنەکانی نیشتەجێی ئەو هەرێمە لەبەرچاو گیراوە و ئەوان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەپێی کێشی حەشیمەتیی خۆیان خاوەن وەزیرن و ژمارەیەک کورسیی پارلەمانی کوردستانیان پێ دراوە، هەروەها لە کاروباری فەرهەنگیی خۆیان (خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی، گەشە و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی خۆیان لە ڕێگای بڵاڤۆکەکانەوە) ئازادیی تەواویان هەیە، بەڵام تورکمەنەکانی کەرکووک بەهۆی پاشخانی مێژوویی و پاڵنەرە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، مەیلێکیان بە لکانی کەرکووک بە هەرێمی کوردستانەوە نییە. ئەوان بەگشتی لە بڕیارە سیاسییەکاندا لەگەڵ عەرەبەکانی کەرکووک هاوڕان.

چوارەم؛ دەوڵەتی تورکیا لە کاتی سەربەخۆییی خۆی لە ساڵه ١٩٢٣ەوە تاکوو ئێستا، بەردەوام یەکێک لە دەوڵەتە زاڵەکان بەسەر کوردستاندا بووە کە لە ڕەوتی ڕووداوەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان، چالاکانە بەشدار بووە و هەمیشە لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا دژی دابینکردنی مافی سیاسیی کوردەکان بووە.

گرینگترین هۆکارەکانی هەستیاریی تورکیا لەهەمبەر پرسی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان، بەتایبەتی باشووری کوردستان، لەژێر کاریگەریی ئەم هۆکارانە بووە:

- کوردەکانی تورکیا، بەشێکی گەورە لە پانتایی و حەشیمەتی ئەو وڵاتە لەخۆ دەگرێت.

- کوردەکانی تورکیا هەر لە کاتی دامەزرانی ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٢٣ەوە تاکوو ئێستا، جگە لە چەند قۆناغێکی تایبەت، بۆ مافەکانی خۆیان خەباتیان کردووە.

- دامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢دا، ترس و نیگەرانیی تورکیا لەهەمبەر پرسی کوردی زۆر زیاتر کرد، بۆیە هەمیشە هەرێمی کوردستانی لەژێر چاوەدێریدایە و بە بیانووی جۆراجۆر هەمیشە ویستوویوتی باشووری کوردستان بخاتە ژێر گوشارەوە.

- لە ڕوانگەی دەوڵەتی تورکیاوە، لکانی کەرکووک بە هەرێمی کوردستانەوە، بەستێنی دروستبوونی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان پێک دێنێت، بۆیە بە بیانووی پشتیوانی لە تورکمەنەکانی کەرکووک، دژی لکانی کەرکووک بە کوردستانە.

پێنجەم خاڵ لە گرینگترین کۆسپەکانی بەردەم لکانی کەرکووک بە قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە هەمیشە دژی قەوارەی ئەم هەرێمە بووە و بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی داوە کە ئەم قەوارەیە نەمێنێت. دروستکردنی گرووپی چەکداری جۆراوجۆر لە عێراق و پشتیوانی لە کۆمەڵێک گرووپی سیاسی و ئایینی لە عێراق لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، نەتەنیا هەوڵگەلێک بوون بۆ بەهێزکردنی پێگەیان لە عێراق و ئامادەبوونیان لە هەموو جومگە سیاسی، فەرهەنگی و ئایینییەکانی ئەم وڵاتە، بەڵکوو هەوڵگەلێکیش بوون بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و گوشارخستنە سەر ئەم حکوومەتە.

کۆماری ئیسلامیش هاوشێوەی تورکیا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لکانی کەرکووک بە هەرێمی کوردستانەوە، بەستێنی دروستبوونی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان پێک دێنێت، بۆیە هەموو هەوڵی ئەوەیە کە کەرکووک هەمیشە لەسەر ئیدارەی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بمێنێتەوە.

KURDŞOP
734 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!