ئامەد و ڕیشەی ناوی ئامەد

زەینەلعابدین زنار

بێگومان ئامەد لە مێژووی دونیادا، شارێک بووە لە شارە زۆر کۆنەکان و شوێنی کوردان بووە. پێنج هەزار ساڵە ئامەد وەک شارێکی زیندوو و پێشکەوتوو درێژەی بە ژیانی خۆی داوە. جگە لەوەش ئامەد وەک پایتەختی کوردستانی گەورە هەڵبژێردراوە.

هەرچەندە ڕوون نییە کەی ئامەد دروست کراوە، بەڵام ٣ هەزار ساڵ پێش زایین، کوردانی "هووری" دەسەڵاتداریی خۆیان لە ئامەد ڕاگەیاند. بۆ ماوەیەک ئامەد کەوتە دەستی "ئەکەدییەکان". دوای ماوەیەکی کەم دیسان کوردانی هووری و "میتانی" ناوچەکەیان خستەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. بەڵام لە ڕەوتی مێژوودا هێرشی دەرەکیی زۆر بۆ سەر ئامەد کراوە.

شاری ئامەد دەکەوێتە کەناری ڕووباری دیجلە و ١٠٠ مەتر لە ئاستی ئاوی ڕووبارەکەوە بەرزە. هەروەها دەکەوێتە باکووری مەزری بۆتان و دامێنی چیای قەرەژداخی ئێتوونی.

هەرچەند دەوروبەری ئامەد دەشتێکی پان و ڕاستن، بەڵام لە دەوروبەری ئەو دەشتانەدا چیای بەرز وەک زنجیر ئەو هەرێمەی لەنێو دڵی خۆیدا پاراستووە.

دەوروبەری شاری ئامەد بە دیوارێکی گەورە دەورە دراوە. دیواری ئامەد، لە کوردیی ئەمڕۆدا بە "بەدەنی ئامەد" ناو دەبرێت.

لە دوای دیواری چین، دیواری ئامەد دووەم گەورەترین دیواری جیهانە.

دەگوترێت، ساڵی ٣٤٩ لەلایەن "جۆنستانتنۆس بزانسی" دەست بە دروستکردنی دیواری ئامەد کراوە، بەڵام ئەمە لە ڕاستییەوە دوورە. دیواری ئامەد ٣ هەزار ساڵ پێش زایین لەلایەن کوردانی هوورییەوە دروست کراوە. بەڵام دواتر کاتێک هێزێکی بیانی ئامەدی داگیر کرد، هەندێک دیواریان بە دیوارەکەوە زیاد کرد و هێمای خۆیان لەسەری نەخشاند.

لە هەنووکەدا لەسەر دیواری ئامەد چەندین نەخش و دەق و وێنە دەبینرێن کە شارستانییەتی جیاواز پیشان دەدەن. چونکە ئەو گەلە بیانییانە کاتێک ئامەدیان داگیر کرد، هێمای خۆیان لەسەر دیوارەکەی نەخشاند. ئامەد دەکەوێتە ڕێگای نێوان ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات و وەک پایتەختی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.

بۆ یەکەمجار دەبینین ناوی شارەکە "ئامیدا" بووە. زانراوە کە ئەم ناوە لەلایەن کوردانی هوورییەوە لەسەر ئەو شارە نراوە. بەڵام لە هەندێک سەرچاوەی کۆندا ناوی ئامەد بە "دارابکەرد" هاتووە. لەوانەیە ئەم ناوە لە کوردیی کرمانجکییەوە (زازاکی) هاتبێت.

ئیمپراتۆرییەتی "بوزانس" و "ڕۆما"، ناوی شارەکەیان بە "ئامید" بەکار هێناوە. "سوریانی"یەکانیش وەک "ئامید، ئۆمید و ئەمیت" ناویان بردووە. ئیمپراتۆرییەتی مەدان ناوی خۆی لەسەر ئەو شارە داناوە و وەک ئامەد ناوی لێ ناوە (واتە شاری مەدان). ئەم ناوەی ئیمپراتۆرییەت بۆ چەند شارێکی تری کوردستان بەکار هاتووە، وەک "مەدیاد" و "ئامێدی" و هتد.

هەروەها فارسەکانیش بۆ ناوی شارەکە "دیاری بکر"یان بەکار هێناوە. ئەم ناوەش ناوی ژنێکی کوردە کە پاشای شارەکە بووە. ئەرمەنییەکانیش بۆ ئامەد "تگران"یان بەکار هێناوە.

بەڵام دوای ئەوەی عەرەب بە ناوی ئیسلام، ئامەدیان گرت، هەرچەند ناوی "دیار بەکر"یان بۆی دانا، بەڵام ناوی شارەکە وەک ئامەد لە بەڵگە مێژووییەکانی عەرەبیدا دۆزراوەتەوە.

لە ساڵی ١٥١٤ کاتێک میرە کوردەکان بە سەرۆکایەتیی "مەولانا ئیدریس بەدلیسی" و "سەلیمە تورک" لە شاری ئاماسیا پەیمانی برایەتییان پێک هێنا و فارسەکانیان لە کوردستان دەرکرد، عوسمانییەکان ناوی "دیار بەکر"یان بۆ ناوچەکە و ناوی ئامەدیان بۆ شارەکە بەکار هێنا. لە هەندێک سەرچاوەدا ناوی شارەکە وەک "قەرە ئامید" هاتووە.

کاتێک کۆماری تورکیا دامەزرا، سەرۆککۆماری تورکیا، مستەفا کەماڵ ئاتاتورک، ئەو ناوەی گۆڕی کە عەرەب لەسەری دانابوو و لە ساڵی ١٩٣٧دا ناوی دیاربەکری لەسەر دانا.

من بە ناسنامەی خۆم، لایەنگری زمان و فەرهەنگی کوردیم. بەڵام زۆر جار لە لێکۆڵینەوەکانمدا، کە بەڵگەنامە و بەرهەمە مێژووییەکانم دەست دەکەوێت، تەنیا ئەرشیڤیان دەکەم و بڵاویان ناکەمەوە. بەکورتی ناوی ڕاستەقینەی دیاربەکر، ئامەدە.

ئەو ناوەش لە ئیمپراتۆرییەتی مەد/ مادەوە وەرگیراوە. لە سروشتی کورداندا چەندین ناوی دیکەی لەو جۆرە هەن، وەک: "ئاموود، ئامێدی، مدیاد و میدی (گوندێک لە حەکاریا). ناوی شاری مدیاد لە ماد و یادەوە هاتووە.

لە ئامەد ئەو مزگەوتە گەورەی کە ئێستا بە "ئۆل جامی" ناسراوە، سەرەتا وەک پەرستگەی پێغەمبەر زەردەشت دروست کراوە. دواتر کاتێک پێغەمبەر مووسا و عیسا ئایینەکانیان هێنایە لای کوردان، کوردان ئەو پەرستگەیەیان کرد بە کەنیسە و کڵێسا. کاتێک کورد بوو بە موسڵمان و سەربازانی عەرەب ناوچەکەیان داگیر کرد، ئەو بینایە کرا بە مزگەوت. بەڵام دواتر لەو مزگەوتەدا بەشی شافعی، حەنەفی، مالکی و حەمبەلی لە یەکتر جیا کرانەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کورد بوونە خاوەن شارستانییەتێکی مۆدێڕن و لە ڕووی مافی مرۆڤەوە دەستکەوتی زۆری بەدەست هێناوە. بە هۆکارگەلێک زۆر گەلان لە نژادی "ئاری" چوونە لای کوردان و درێژەیان بە ژیانیان دا. یەکێکیان ئەرمەن بوون.

"فارس"یش وەک پەرس/ پارسەک لە هیندستانەوە هاتنە وڵاتی کوردان. "ئازەری"ش ئارین و لە نژادی کوردانن، بەڵام زمانەکەیان گۆڕیوە. ئێستا، زۆرێک لە سوریان و کلدانەکان بە نژاد کوردن، بەڵام لەبەر ئەوەی بوون بە فلەح، نژادەکەیان گۆڕی.

خودای گەورە ڕەحم بە ئامەد بکات و لە بندەستی ڕزگاری بکات.

KURDŞOP
982 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!